په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

بۆ مێژوو: گەردەنم زۆر ئازادە !


روونکردەوەیەک لەبارەی کتێبەکەی مەحمود قەرەداغی.

سه‌لام عه‌بدوڵا     


ئەو رۆژە لەگەل مێوانەکانم لە مەکتەبەکەی ناو باخەکەی سەید تالیب کۆبووینەوەو خاڵم(مەحەمەد ساڵح-دوو جار زیندانی رژێمی فاشیست)، کەمال مەحەمەد ئەمین(کوڕی پورم- زیندانی رژێمی بەعس)، مامۆستاو گۆرانیبێژی بەناوبانگ(خەلیل وەندی)و ئەبو فەلاح کۆبووینەوە. هەموویان دەستیان بە خواردنەوە و گۆرانی و چەپڵەلێدان کردو تەنها من لەپشت مێزی مەکتەبەکەی سەید دانیشتم و خەریکی چا خواردنەوەکەی خۆم بووم.


لەگەل گوێگرتن لە دەنگی گۆرانی و عودەکەی کاک خەلیل و قسەخۆشەکانی برادەران، چاوم کەوتە کتێبی(لەودیو سنوورەکانی مەرگەوە، لە نووسینی مەحمود قەرەداغی، لە ساڵی2006لە سلیمانی بڵاوکراوەتەوە). ناوبراو راوێژکاری سەرۆکی حکومەت بووە بۆ کاروباری شارەوانییەکان لە ئیدارەی سلیمانی و تا 18ی مایسی 2005جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێکخستنی سلیمانی بووە و کۆلیژی یاسای لە زانکۆی سلیمانی تەواوکردووە وەک لە کتێبەکەی نووسراوەو ئێستا نازانم چی دەکات.


من لێرە نامەوێ ئەم کتێبە هەڵسەنگێنم وتەنها باسی ئەو لاپەڕانە دەکەم کە پەیوەندیان بە منەوە هەیە.


لە لاپەڕەی(133-144) باسی من دەکا بەشێوەیەک کە بەڕاستی بەقەت بەرگرییەکەی لە دژی دەسەڵاتی فاشییەت، تاوانی ئەنجام داوەو بە پێویستم زانی لێرەدا بەڕاشکاوی ئەم روونکردەوەیە بدەم:


1- من نەمگوتووە((ئاگاداری زۆربەی کارە نهێنی و پەیوەندییەکانی مەلا بەختیار بوومە لەناو شارەکان))، چونکە وا نییە و نەبووەو تەنها جارێکیان لەماوەی دوو رۆژدا لە بەغدا لەلای هاوڕێیەکی بەرگدوور بینیم و بۆ ئێوارەکەی لە سەعدون پێکەوە پیاسەمان کردو سەڵاوی هاوڕێ(لینین)ی کرد کە وێنەکەی لە بنکەی رۆشنبیری سۆڤێت دانرابوو. بەدەم رێگاوە سروودی(رێی خەباتمان چەندە سەخت و دوور بێ...با چواردەورمان کڵپەی ئاگر بێ)دەگوت و پاشان لە نزیک کتێبخانەکانی سەعدوون لێکجیابووینەوەو بۆ ئێوارەکەی من و هاوڕێی خۆشەویست(سەلام عەبدولرەزاق)وچەند هاوڕێیەکی تر کە ئێستا ناویانم بەبیرم نایەتەوە لە کازینۆی غەدیر لە ئەبو نوئاس یەکمان گردەوەو وردەکارییەکانی ئەو دانیشتنەم بەبیر نایەتەوە، تەنها ئەوە نەبێت کە پێمگوت"هەڵەیە بەم شێوە ئاشکرایە دەربکەوی". هەروا جارێکی تر تەنها بەرێککەوت لە ماڵی کەسوکارێکم لە سلیمانی بینیم)).


من پەیوەندیم بە هاوڕێ(سەلام عەبدولرەزاق)بوو وبەرێگای ئەمیشەوە لەگەل چەندین هاوڕێی تر کاری رێکخراوەییمان دەکرد.... جارێکیان بۆ ماوەی کاتژمێرێک من وهاوڕێ جوامیرو عەلی شامار یەکترمان بینی و جارێکیش مامۆستا جەعفەر. هەر بەرێگای هاوڕێ(سەلام)یشەوە پەیوەندی رێکخراوەیی بە چەندین هاوڕێی کەرکوک دامەزرا کە تا ئێستاش برایەتیمان ماوەتەوە. لێرەش بە پێویستی نازانم ناوەکان بنووسم و هەروا لە رێکخستنی هەولێریش کارم کردو چەندین هاوڕێی تر ناسی و لەوانە(هاوڕێ سەڵاح مەحەمەد ئەمین، شەهید مەحەمەد یاوەر، مەلا مارکس، عەبدوڵڵا رەش) و چەندین هاوڕێی تر. ئەوە ماوەی 27ساڵە لە ئاستی نووسین ئاماژەم بە پەیوەندیم بە کۆمەڵەوە نەکردووەو نیازم نەبووە رۆژێک لە رۆژان باسی ئەو رابردووە بکەم، کە رۆژ لەدوای رۆژ بێجگە لەو هاوڕێ خۆشەویستانە کە گیانیان بەختکرد، بەهاکانی خۆی لەدەستدا، بەڵام بەداخەوە نووسینە زەردەکەی کاک مەحمود ئەوەندە ئازاری دام، وای لێکردم بەو چەند دێڕەی سەرەوە باسی ئەو پەیوەندییە ببڕمەوەو هەرگیز نە خۆم بە"پاڵەوان" دەزانم و نە بڕوام بە"پاڵەوانێتی"هەیە و نە لە بیرۆکەی"پاڵەوانێتى"نزیکدەبمەوە.
من نەمگوتووە ((بەشداریم کردووە لە چالاکییەکانی ملازم جوامیر))و ئاگام لە چالاکییەکانی نەبووە.


2- من نەمگوتووە(ئەگەر بمەوێ هەموو رێکخستنەکانی کۆمەڵە لە سلیمانی تێکوپێک دەدەم، چونکە بەهۆی نزیکی و تێکەڵاویم لەگەل مەلا بەختیارو سەردانی هاوڕێیانی رێکخستنەوە، زۆربەی ماڵەکان شارەزابووم و خەڵکانیش دەناسم). من ئێستاش سلیمانی بە باشی ناناسم و تەنها یەک ماڵم ناسی و ئەویش کەسوکاری خۆمن!
3- کاک مەحمود راستی نەپاراستوە لەوەی کە گوایە من وتوومە(وەکو بۆیان گێڕاومەتەوە ئەشکەنجە و ئازاردانی قورس لە هەیئەدا نییە و ئەگەر هەشبێ تەنها وشەیەکم لێنابیستن...)


لەراستیدا من باش دەمزانی ئەشکەنجەدانی هەیئە چەند قورسە، چونکە هاوڕێ عەبدوڵڵا رەش لە هەولێرو زۆر هاوڕێی تر باسی ئەشکەنجەدانی(هەیئە خاسە)یان دەگێڕایەوەو پێموابێت رێکخستنی هەولێر چەند لاپەرەیەکیان لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە.


4- مامۆستا مەحمود شۆخی بەخۆی دەکات کاتێ دەنووسێ: (...کە مامۆستا سەلام بە ئاسانی و لەژێر زەبرێکی ئاسایی کەمدا دادەڕوخێ و خۆی دەدۆڕێنێ و هەرچی لە هەکبەکەیدا بێ بۆیان هەڵدەڕێژێ....ئێمەش بۆمان دەرکەوت کەوا گرەوی سیاسی ژیانی سیاسی خۆی دۆڕاند و روخا و بۆ هەتا هەتایی لێبووەوە دوای ماوەیەکی چاوەڕوانی هێنایانەوە بۆ لامان و گڵۆپێکی شەستی لەگەل خۆیدا بۆ هێناین و ژوورەکەی بۆ رووناک کردینەوە بەڵام چارەنووسی خۆی شێواند و کردی بە تاریکستان و شەوەزەنگ)


ئێستا بەدرێژایی 27ساڵ پاش ژیانی زیندانی ئەمەی بە روونی دەرخستووەو دەبێ مامۆستا مەحمود شەرم دایگرێ بۆ ئەو بۆچوونانە. بۆ من یەک شت گرنگ بوو، ئەوەش ئەمەیە: نەبمە هۆی زیندانکردنی هیچ کەسێک.


لەراستیدا ئەو گڵۆپە کە بەو شێوەیە مامۆستاکەمان باسی دەکات، بە هۆی تکاو رەجام لە پاسەوانەکان، دەستمان کەوت و ئەمە رووداوێکی تری هێنایە بیرم: کاتێ لە ژوورێکی تر بووین، چەندین زیندانی زۆر تینوویان بوو و منیش وتم هەوڵدەدەم ئاومان دەست بکەوێت، بەڵام ئەوان وتیان(برا هەوڵ مەدە... گوێمان لێ ناگرن...بەڵام کاتێ تەقەی پێی پاسەوانەکە لە ژوورەکەمان نزیک بووەوە، بەدەنگێکی بەرز وتم: بۆ خاتری ئیمام حوسین، تینومانە، نەختێک ئاومان بدەرێ). کابرای پاسەوان بەدەنگمەوە هات و پێی وتین: بۆ خاتری ئیمام حوسین ئاو بخۆن!

5- مامۆستا بەبێ ئەوەی ویژدانی بهێنێتە بەرچاوی خۆی وتۆزقاڵێ لە قەڵەم و بڕوانامە یاساییەکەی، بترسێ، نووسیویەتی: (سەلام خۆی پێنەگیراو کەوتە پیاهەڵدانی شان و باهوی ئامری هەیئە و بەخەڵکی باش و رووناکبیر پێناسەی کرد...لەهەمان کاتدا خەتای دایە پاڵ ئەوانەی هاوکاری هەیئە ناکەن و درۆیان لەگەڵدا دەکەن و زانیاری راستیان پێناڵێن، ئەمانیش ناچار دەبن ئەشکەنجە و ئازاری زۆریان بدەن)
لەم بارەیەوە هەر ئەوەندە دەڵێم: رووی حەفتا باوکی ئەو کەسە رەش بێت کە لەهیچ و خۆڕایی وێنەی کەسانی تر دەشێوێنن.


6- باوکی ئەو کچە کە خۆشمویست کرێکارێکی ئاسایی بوو و کچە دەوڵەمەند نەبوو وەک کاک مەحمود نووسیویەتی و نەیشم توانی داوای بکەم....جا بەچی داوای بکەم!


هەموو زانیارییە خوارو خێچ وبوختانەکانی"مامۆستا" لەبەر ئەوەیە کە گوایە من بە جەلادەکانم وتووە>مەحمود هانی داوم ئیعتراف نەکەم<بۆیە دووبارە ئەشکەنجەیان داوە.


من بەقەت گەورەیی ئەم گەردوونە بێ سنوورە ویژدانم ئاسوودەیە لەوەی کە من خۆم بە پرسیار نازانم لەبارەی ئەشکەنجەدانی ئەم برادەرەو زەڕەیەکیش پێویستیم بەوە نییە، نە مەحمود قەرەداغی و نە هیچ کەسێکی تر پێم بڵێ(گەردنت ئازاد بێ).


ئەوە سیاسەتی جەلادەکان بوو کە هەوڵیاندەدا متمانەیی لە نێو زیندانییەکان نەهێڵن و بەکژیەکتریان بدەن و ئەم مامۆستا بەڕێزە پێی هەڵخەڵتاوەو ئەو هەموو قسە ناماقووڵانەی ریزکردووە.


لە گشتی خۆشتر ئەوەیە، ئەم مامۆستایە کە بەوپەڕی بێویژدانییەوە ئەو هەموو درۆیە بۆ من هەڵواسیوە، بەخۆی نووسیویەتی: (...بەڵام لەهەمان کاتدا توانی خۆی راگرێ و ئیعتراف لەسەر خەڵکی تر نەکات و لەخۆی بەولاوە کەسی تر بەگرت نەدا و تەنها زیانی بە شەخسی خۆی گەیاند بۆیە لای منەوە گەردنی ئازاد بێ لەو ژەمە قورسە ئەشکەنجەو ئازاردانەی بەهۆی ئەوەوە دەرخواردیاندام لەکاتی ئەو نەخۆشییە بێئامانەدا.


من نازانم بە چ پێوەرێک وێراویەتی ئەو هەموو بوختانە بەرامبەر بە من بکا؟! بە چ حەقێک دەیەوێ ناوی من لەکەدار بکات؟ ئایا ئەم برادەرە کە دەرچووەی کۆلیژ یاسایە، ئەزانی بە پێی ئەو یاسایە کە خوێندوویەتی، دەتوانم بیدەم بە دادگا؟ بەڵام چونکە دەمێکە بە(قەڵەم لەبەرامبەر قەڵەم)هەیەو بۆچوونەکەی ئەوەندە نزمە، نامەوێ بڕۆمە ئاستی و ئامادەنیم بەهۆی بواری نووسین، لە دەرگای هیچ دادگایەک بدەم و تەنها پشت بە قەڵەمەکەم دەبەستم! ئاخر ئەم برادەرە بەڵگەیەکی بەدەستوەیە لەسەر ئەو هەموو سەخافاتانە؟ ئایا باشتر نییە، بەخۆی گاڵتە بە بڕوانامەکەی بکا؟ ئاخر وەک دادگا خوێناوییەکەی هەیئە خاسە، ماف و دەرفەتی ئەوەشی پێنەداوم تا بتوانم وەڵامی پرسیارەکەی بدەمەوە: تۆ ئەم کارەت کردووە؟ بەڕاستی ئەگەر"مامۆستا" یاساناسە با بەخۆی تەماشای ئەو بڕگانە بکات کە لەبارەی من نووسیویەتی و هەر بەخۆیشی بۆ ئەو پەرەگرافانە بگەڕێ کە لەسەر هەر یەکێکیان، سزای توند دەدرێ!


ئەی یاساناس: چۆن لەسەر گومانی بێ بەڵگە، بڕیار دەدەی و سوکایەتی دەکەی؟


من نازانم چی پاڵی بەم برادەرە داوە ئەو هەموو سوکایەتیانە بە من بکا، بۆیە گومانم هەیەو پرسیار دەکەم: ئایا کەسێکی تر قەناعەتی بە مامۆستا نەکردووە تا گومانە بێ بنەماکەی بکرێ بە بۆنە بۆ ئەم هێرشە سووک و رسوایە؟


من ئێستاش درێژە بەو گوتەیەم دەدەم: تا لەژیاندا مابم دژ بە جەور و ستەم دەوەستم وهەموو رۆژێکم شایەتی ئەم بۆچوونەمەو هێشتا لەم پێناوەدا باجێکی زۆر قورس دەدەم و لە ئاسانترین مافی رەوای خۆم بێبەش کراوم و جەنابی کاک مەحمود شانبەشانی  هەرچی جەلادو جاش و موستەشارو بەعسی و جەردەو گەندەڵکار هەیە، نان و رەنجی خەڵکی بەشخوراو دەخۆن...


 
07701929872    
dwaroj@yahoo.de