بۆنى هەناسە .
ههردی شهفیق بۆم مەگەڕێ ئەى ئاشناى مەینەتیەکانه بۆم مەگەڕێ... دڵى من بۆم مەگەڕێ ڕۆحى من بۆم مەگەڕێ بۆ یەکەمجار مەینۆشەکان بەختیاریان لەتاڵى مەیدا دۆزیەوە منیش لەتاڵى ژیان بەدواى ساڕێژى زامەکانى خەیاڵ و ساڕێژى برینى ئەو هەموو سەفەرەى دڵشکان بەتەنیاى ڕۆحدا... لە مێژە من ڕۆحێکى مردووم و بەڕۆحێکى بریندار و دڵشکاوەوە دەچمەوە حزورى خودا بۆم مەگەڕێ ئەى سەفیرى یاخی ترین سەراب بۆم مەگەڕێ... نامبینى لە هاتوچۆى گەردەکانى ژورێک لە خۆڵ لە ڕۆشنایى بەر پەنجەرەکانى هەتاودا لەنیگاى مەحرومیەت و تێک شکاوى شکۆفەیەکدا پردێک نەماوەتەوە پیایدا بێینە ماڵى یەکتر ئەم سەرچاوە هەزار سەرە مێکوتە مەلەى تیا ئەکات بۆیە لێتاو و لێڵاو ئەگاتە لامان لەو مەیخانەدا پیرەکانى زەمانە سەریان کز کردبوو هەمیشە سوڵتانێکى خوێنخۆرمان لا ئەبردوو قاتیلێکى ترمان ئەکرد بە سوڵتان بۆم مەگەڕێ ئەى مود مینى وێنەکانى مەغریب ئەى موعتادى وێ َنە تێک شکاوەکانى ژیانبۆم مەگەڕێ.. من وەک ونبووى دەستى جادویەک لەم خیابانەدا ئەو ساتە سەیرى تەلارە بەرزەکانم ئەکرد و خەیاڵم ئەیوت تۆخاوەنى بستێک زەوى نیت لەمشارەدا ڕاوچیەکان بە خوێنى کۆترەکان قۆناغەکانیان ڕەنگ ئەکرد و دێوانەیەک وەک ئەوەى بۆ نهێنى یەکانى ڕۆحى خۆى بگەڕێت و گوناه و چاکەکانى پێوانە بکات ئولفەتى بە عەزاب ویژدانییەوە گرتبوو مە لیکێ ئەو ڕوخسارە گوڵ ڕەنگیەى نیشانى مرۆڤ ئەدا دڕندەکەى ناخ و باروتى ڕۆح سەوزاییان لێ بڕیبوو ئەو شاعیرەى هەموو سەروەتەکەى تەنها پەپولەیەکى سپى بوو ئەیوت ئیشى من چیە جگە لە گەورە بوون لە ئازاردا؟ جگە لەوەى ڕۆحى ونبوومان لە جەستەى شەڕانگێزماندا بدۆزمەوە؟ جگە لەتوانەوە لەڕۆحدا جگە لە منداڵ بوونەوە لە ئیحساسدا منداڵ بوونەوەیەک بەرگەى ئازارى مەرگى مێرویەک نەگرێ ئیشى من چیە جگە لەوەى... خونچەکان فێرى ڕوت بونەوەى بەر باران بکەم عاشقێک بە تب َپەڕینى خێراى وەرزەکانلە حزورى عشقدا پێ ئەکەنى سوار و پیادەیەک لەسەر ئەوە بەشەڕ دەهاتن ئەمیان دەیوت ژیان دڵڕفێنترە لە مەرگ ئەویان دەى گوت مەرگ دڵڕفێنترە لە ژیان لە تەنکى کراسى کچۆڵەیەکەوە جوتێ چاو لەدەست و پەنجەى بزێوى پیاوێکیان ئەڕ ِوانىبێ هیوایەک لە هەوڵدانێکى بێهودەدا لە گۆڕێکى بێ ناونیشان ئەپاڕایەوە ئومێدێکى بداتێ سەفیرێک جانتاکەى پڕبوو لە گەڵاى زەردى ئەو درەختانەى تەنهاى گەڵا پۆشى کردبوون لە بەهەدەردانى عومرێکى مایە پوچدا ئەندازیارێک ئەیوست میلى کاتژمێرە گەورەکانى شار بوەستێنێت سۆفیەک زیکرى بۆ ئەو موریدانە ئەکرد ڕۆحیان لە دڵدا و دڵیان لە ڕۆحدا زیندان کردبوو فۆتۆگرافەرێکى بە ئەزموون وێنەى سواڵکەرێکى ئەگرت لەبەردەم لافیتەى مردوویەکدا دەستى ڕاخستبوو! بۆم مەگەڕێ ئەى عەوداڵى وێنە جوانەکانى ژیان ئەى ئەو ڕێبوارەى لە تێکەڵکردنى ئاوێنەکاندا سیماى خۆت ون ئەکەى بۆم مەگەڕێ... بەدەم سەماى ڕەنگە جوانەکانى نازنازەوە پێ ناکەنم کە ئاسمانى چارەنووس تژیە لەگوڵى ڕەش و ئاسمانى بەخت لێوان لێوە لە خەیاڵى ئەفسانەیى ئەى ئەو پەپولەى ترپەى باڵەکانت پیاسەى گوڵە سوورەکانى خەیاڵم تێک ئەدەیت کە ئاسمانى حەقیقەت پر َبێ لەگوڵەڕەشەکانى نا ئومێدىئیدى بۆ چ ئاسمانێ خەیاڵ بەجێ بێڵم و لەسەر زەمینى حەقیقەتدا نیشتەجێ بم؟! وەرزى غوربەتە وەرزى جوانییەکانى ژیان وەرزى خەڵوەتە وەرزى پاک بوونەوە خەیاڵى خاوە لەگەڵ مۆسیقاى ئەو بارانەدا سەماى ڕوت بوونەوە بکەیت و دان بۆ ئەو پاساریانە ڕۆبکەیت مەرگ دەستە و دامێنى تۆى کردون تۆیەک کەناتوانى میوانێک داوەتى سەر سفرەیە بکەى خوێنى تیا نەبێت ئەو کانیاوە بە خوێن لیڵ ئەکەى پاش تێراو بوون پیسى تێ ئەکەى! بۆم مەگەڕێ ئەى عاشقى وێنە جوانەکانى ژیان لە سپێدەى بەیانییەکدا لەدایک نەبووم بە نێو چاوى مەغریبێکەوە لەخاچ دراوم بۆم مەگەڕێ... لە بەسەرهاتى بوون بەهەڵمى شەونمێک و چیرۆکى پشکوتنى گوڵێک ڕازەکانم بۆ ئەو نازنازانە مەگێرەوە مەرگ خاڵیان ئەکاتەوە لە ڕەنگ خەونە ڕەنگاڵیەکانم بە ئاسمانى هیواکانەوە مەژمێرە کەمن لە کەنارى خەونەکانیدا گەشتوومەتە حەقیقەت و نێر و مێ یەک لە ژێریدا ژیان ڕەنگ ئەکەن و چەترێکى عاشقانەم هەڵنەداوە دوو عاشقى نامۆ لە ژێریدا پیاسەیەک بەسەمەرەکانى بووندا بکەن کاتژمێرى ئەو وەرزانەى مەرگى گەڵا و گوڵى ژاکاو ئەژمێرن سەهۆڵ بەندانى ئەو ماڵانەى گڕى مرۆڤەکان گەرمى ئەکەنەوە بانگم دەکەن ئەرێ کابرا... نازانى... ژیان ئەو عاشقە نییە هەموو ڕۆژێ ڕۆحى ئەشوا. ژیان ئەو کچۆڵە نییە هەموو ڕۆژێ ئارایشت ئەکا. ئەو خونچە نییە هەموو ڕۆژێ ئەپشکوێ ئەو مەرگەیە گشت سپێدەیەک هەڵدێ ئەو ئازارەیە هەموو بەیانییەک دووبارە ئەبێتەوە ئەو مەغریبەیە گشت ئێوارەیەک دێتەوە بانگم دەکەن ئەرێ کابرا... تاکەى ئەو دەستە سڕە خۆڵە مێشیانە فڕێ نادەى سەرچۆپى مەرگى پێ ئەگرى ؟ تاکەى ڕازەکانت بۆ ئەو درەختانە ئەگێڕیتەوە لەدامێنى پایزەوە چاو بۆ جوانییەکانى بەهار ئەگێڕن؟ تاکەى دۆزە دۆزەى ئەم شەقام و کۆڵانانەى سەراب ئەکەیت و هیچ نادۆزیتەوە؟ ... بانگم ئەکەن ئەرێ کابرا تۆ کام ڕێگاى دژوار و غوبارى وەهم لەم شارى تابووت و خوێنەدا کۆڵانەکانى منداڵى بیر بردیتەوە؟!
13/7/2006
|