بۆ وون بوون ........ ئاماژەیەک .
کهژاڵ ئیبراهیم خدر 1 کە رۆیشتی من بیرمچوو بە ئەستێرەکان بڵێم ، پاسەوانت بن ئێستا شەوان وەکوو منداڵ هێور، هێور فرمێسک دەبارێنم و لێیان دەپاڕێمەوە لەو بەرزایەوە تۆم بۆ بدۆزنەوە
2 بەماچێک ماڵئاواییم لێکردی نەمزانی شار هەمووی ماچ بارانی رێگەکەت دەکا نەمزانی باڵندەکان بەدەم نەغمەیەکی تاساوەوە هەموویان دوای تۆ سەفەر دەکەن
3 منیش دەمەوێ وەکوو گەڵایەک لەژێر سێبەری درەختی قژەکەتدا بمرم دەمەوێ لەدوا ئاڵوگۆڕی هەناسەماندا هەناسەم بەتۆ بسپێرم دەمەوێ رووەو قیبلەگای تۆ سەر بەرزبکەمەوەو نوێژەکانی عەشقت بکەم
4 نازانم قیبلەگات کوێیە تۆ هەموو شەوێک هەواڵی منت پێدەگا چونکە پەپولەی رۆحم ئۆقرە ناگرێ و دەگاتە لات
5 چاوەڕێم بێیتە خەونمەوە تابڕژێمە دەریای چاوەکانتەوە من ئێستا خەو بەلاشەی مردووەکانەوە دەبینم شەوانە ئەو گۆرانیە غەریبە دەڵێمەوە کە فێرت کردووم
6 ئەی هاوڕێکەم لەم ووڵاتەدا گازینۆکان گۆڕستانی پیاوەکانەو پیاوانیش زیندانی ژنانن
7 من زەمەنێکم خۆش دەوێت ئاسمان و خۆر و دەریا و مرۆڤی وەکو تۆبن تۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە نیت
8 وەرە باتێر بۆنت بکەم من لەهەموو بۆنێک بێزارم تەنها لەبۆنی قژی تۆ نەبێت
9 دوێنێ بەهەموو خونچە گوڵە مێخەکەکانم ووت کوا هاوڕێکەم؟ دڕکەکانی دەوربەری پەنجەیان گەستم
10 کە رۆیشتی وانەیەکی نوێت فێر کردم، چۆن هەست بەلێدانی بەپەلەی دڵم بکەم چۆن لەگەڵ مەرگدا بجەنگم .
|