بۆ یادى
شەهیدکردنى هونەرمەند (کاروان عوسمان):
نوێنەر ئەحمەد
لە تەک ئەودا کاکە کاروانى ئازیز ، چەن خۆشحاڵ بوم کە چاوم پێت کەوت ، بە راستى زۆر تامەزرۆ بووم کە بتبینم ، پێش ئەوەى بتناسم هەستم بە بۆشاییەک دەکرد لە هونەرەکەدا ، بەڵام دواتر کە گوێم لە گۆرانیە دڵپڕەکانت گرت ، تێگەشتم کە ئەگەر زوڵم و ستەم و تەعریبى سیاسی و نەتەوایەتیمان نەبا ، ئێستا هونەرى کوردى زۆر لە پێش بوو ، بەڵام لەوکاتەوەى دەسەڵاتێک لە ژێر ناوى یاساو دادپەروەرى ( وەحدە ، حوریە ، ئیشتراکیە ) ئاوەکەى رشت نەک هونەرى کوردى بەڵکو ( جینى ) نەتەوایەتى کوردى دەسکارى کرد ، ئازیزم تۆ لێرە نیت تا بزانی چى دەگوزەرێت ، گەر لێرەباى ئەو شۆرشگێرانەت دەبینى کە خەون و ئەندێشەى میلەتێک بوون ، ئیتر میلەتێکى تەوەلا ئاگاى لەوە نەبوە شۆرشگێرەکەى کێیە و لە چ توانایەکى فکریەوە هەڵهاتوە و هەڵگرى مەشخەڵى ئازادى بوە ، ئێستا هێڵەکان بەرەو رەشبونەوە دەچن ، ئەوە بۆ چارەکە سەدەیەکە شاخ هاتوەتە بان جادەو ، بێ ئاگایانە بێ لاکردنەوە بۆ دواوە هەر درێژە پێدەرى ئەو رێبازەى پێشون ، هەر خەریکى سەرو وێزەى یەکترین ، تۆ لێرە نیت تا ببینى ئەم جادەیە ئێوارەى لێ دێ دەیان مناڵى روت و هەژار باوەش بە کەوشەکانتا دەکەن بۆ کەرتە نانێ ، هەر لەگەڵ تۆزێک تاریک دادێ لە سەر مێزە سورو سپیەکانى رێستۆرانتەکەى سەرکەوت ، پڕ دەبێت لە گەنج بۆ باس کردنى خەمەکانیان ، ئارام خەمباریش خۆیی و جانتاکەى شانى دێتو دەس دەکات بە نمایشى شانۆیەکى بێ کۆتایی ، وەک سەربازێکى ونبوو باسى خەمى ئەم نیشتیمانە دەکات ئیتر خەڵک بە دیاریەوە گەش گەش گوێ لە رازوو رەخنەکانى ئەو دەگرن ، هەر ئەوە باسى تۆ دەکاو لە باتى کاروانێ هەزار کاروان لە دەمى دەکەوێتە خوارێ ، هەندێکیش هەن لەگەڵ ئارام پەیدا دەبێت ، وەکو گورگى ترسنۆکى لەگەل بەجێماو ، کۆرسیەکان بە جێ دێڵن ، هەموو رۆژێ هەر لە سبەینان کە رۆژ هەڵدێ دەیان و سەدان پیاوى پیرو پەک کەوتە بە خۆیان و عارەبانەیەکى سەنگین ، لە گەڵ مەرگدا دەجەنگن و کار دەکەن و سواڵ دەکەن و گارەیان دێ ، کەسیش نیە پێیان بڵێ هۆ لالۆ ، ئێوە کەى وەختى کارکردنتان ماوە ئەى ئێوە نەبون نانتان بۆ شۆرش گێڕان دەبرد تا لە برسا نەمرن ، ئەى بۆ ئێستا وان لە سەر جادەو لە برسانا لارەى ملتان دێ ، بە حەفتاو هەشتا ساڵیش هەر کار دەکەن هەر سواڵ دەکەن ، شار شڵەژاو پڕ لە ژاوەژاو ، حەبەشى ، بەنگلادشى ، ئێرانى ، تورک ، عەرەب ، زۆر خۆشتر لەوان و مناڵەکانى ئەوان دەژین ، ئەدى من چیبکەم لەو رۆژەوە ئاسۆى کوردایەتى روناکى تێکەوت و ، هەر لەو رۆژەوە جەلادەکانى بەعس لە بەغدادە شومەکەى پایتەختى عێراق ، فویان لە گڕى چراکەى دڵى تۆش کرد ، بەڵام نەیانتوانى یەک گۆرانى تۆ خامۆش بکەن ، نەیانتوانى پەتى سێدارە بۆ گۆرانی و گیتارەکەت هەڵبواسن نەینتوانى و قەتیش ناتوانن ...
کەس نازانێ هێڵى رەشو سپى کامەیە ، خیانەت پڕۆژەیە ، یەکسانى پەژارەیە ، جاسوسى نیشتیمان پەروەرییە ، گەر یەکسان خواز بیت تا دەمریت برسیو دەربەدەر دەبیت ، ئیتر نازانم کەى ئەم شۆرشە لە گیانماندا بە راستى دێتە دەرەوەو بەرو لوتکەى چیا هەڵدێو ، دەبێتە سەربازى بازى بەرزەفڕى بەندى قەفەس شکێن ، تۆ لێرە نیتو نازانى چى دەگوزەرێ ، هەرچى هونەرمەندە ئەیکەن بە موچە خۆرو سەربەستى تەواوى دەبەسنەوە بە موچەکەیەوەو هەرکە فزەى هات ئەو تیکە نانەى دەبڕنو وەسیلەى سەرەتایی ترین ژیانى لێ دەسەننەوە ، ئیدى هەر چاوەرێیە موچەکەى سانتیمێک یان دوان زیادکاو تۆزێ سیماى گەش بێتەوە ، جار جارێکیش کۆمەلێکیان دەنێرن بۆ دەرەوەى وڵات ، جا کە دێنەوە لاى هاوڕێکانیان باسى باڕو هونەرى خواردنەوەو رابواردن دەکەن ، وە سەیرى چەن شوێنێکى کۆن و مێژویی دەکەن و ئاو بێنەو دەست بشۆ ، دى هونەرى چی و نوێێ کارى چی هەمووى لە بەیتێکا چەقیوەو دەڵێن ، کورە من حەقم چیە دەس بگرە بە کڵاوەکەى خۆتەوە ئیتر دە کەس کڵاوى هەیەو هەزار نیەتى.
پیاوى واش هەیە تەڕتەڕ نەباشى لە هەموو شوێنێک و لە هەموو ساتێک بونى هەیە ، فول مواسەفاتە بە قەد بیست مۆزەفیش موچەى هەیە ، ئەوهندهى من بە ئاگام ئەم مۆسەفاتانەى تیایە ، ئەکتەرە ، گۆرانى بێژە ، مدفهعى دروست ئەکا ، دەمانچە ئەفرۆشێ ، سەفیرى گۆرانى کوردیە ، کە گۆرانیبێژى بیانى دێت ئەو پێشوازى لێ دەکات ، فۆتۆگرافەرە ، بێژەرە ، شۆرشگێڕە ، هەزەلییە ، پارە بە ناوى هەژاران و نەخۆش و دەس کورتەوە کۆ دەکاتەوەو حەپە لوشى دەکات ، مودیرە سکرتێر و سکرتێرەى هەیە ، بە کورتى جۆکەرێکى هەمە چەشنەیە دایمە گاڵتە بە خەڵکیش دەکات ، وە کولفى کولیشە ، لە هەردوو فەنتەڵسەکە خاوەندارێتى هەموو شتێکى هەیە ، لاى هەرکامیان بێت هەر تاقانەیە ، وە زۆر دیوى ترى هەیە کە ئێمە نایبینین ، لەم شارەدا لەم هەرێمە چوار ملیۆن کەسیەدا ، بۆ بۆنە نیشتیمانیەکان دەرۆن لە دەرەوەى وڵات هونەرمەند دێنن بۆ ئەوەى گۆرانى بە باڵایاندا هەڵبدات ، ئتر کەسە بە ناو هونەرمەندەکەش وەک ئەو مەوادە بە سەرچوانە وایە کە لە سینو بەرازیلەوە دەیهێننو دەرخواردى ئەم میلەتەى دەدەن ، ئێ خۆ چار چیە گۆرانى بەشێکە لە پەروەردەو خۆراکى رۆحیشە ، ئیتر مناڵى سەر بێشکەش گۆرانى بە سەر بێوەژن و ناشیرین کردنى نامەى کەسایەتى مێیینە لە سەر زمانیەتى ، ناشزانێ ماناکەى چیە ئەو لە سەر ئەو گۆرانیە ئقاعیە بێ مانایە پەروەردە بوە لە رێگاى گوێچکەیەوە ، کە من لە فێرگەکەى خۆمدا یەکەم کۆرس تەنها باس لەوە دەکەم کە چۆن گوێچکەى خۆت پەروەردە دەکەیت ، بۆ نمونە ئەو کەسانەى کە بە داییمى گوێ لەو گۆرانیە بازاریانە دەگرن ، کاردانەوەیەکى خراپ لە سەر چۆنێتى دەربڕین و هەڵسوکەوتیان لە سەر شانۆى رێرەوى ژیانیان دروست دەکات بە شێوەیەک کەسەکە بێ ئاگایە لێى ، ئەگەر پێى بلێیت گوێ لە مۆسیقاى سەمفۆنى ، یان کلاسیک یان هەر گۆرانی و مۆسیقایەکى باڵا بگرە ، بە شێوەیەکى نامۆو توڕە هەڵەشاخێ پیاتا ، جگە لەوەى هونەرەکانى ترى وەک شانۆ ، سەماى بالێ ، تەشکیلى و ، تاد ،،، هەموى رەفزە بەلایەوە ، لە کاتێکدا ئەو بێ هۆشە لەوەى کە رۆحى خۆى توشى پەژارە کردوە ، چونکە مۆسیقاو گۆرانى ئەو راستیەیە ، کە بەردەوام خۆشەویستى و بەها ئینسانیەکان دەبەخشێتەوە بە رۆحى خود ، وەک ئەو گۆرانیە بە نرخانەى بەرێزت کاکە کاروان کە قەت ماڵ ئاواییمان لێ ناکاو هەمیشە لە ناوەماندا کار لە سەر جوانیو نیشتیمان پەروەریمان دەکات.
ئەوەش بزانە حوکمەتى هەرێم راوێژکارە هونەریەکەى بە ملیۆن دۆلارى لە بەردەسدایە ناتوانێت کارێکى وا بکات یان بە شێوەیەکى یەکسان هاوکارى هونەرمەندان بێت ، چەن بەهرەمەندێکى کۆ کردوەتەوە بە مەیلى خۆى لە لوبنانو تورکیاو ئەو وڵاتە عەرەبیانە رادەبوێرێ ، سوکایەتى بە هەموو کورد دەکات وا دەزانێت ئەم قسانەى ئێمە دەیکەین قسەى بێ شوێنو بێ جێیە ئەمەش شۆرشى کوردى ، ئێمە لە سەرەتاوە واماندەزانى کێشە هونەریەکانمان ئەم راوێژکارە بەرێزە بە جدى کارى بۆ دەکات بەڵام نەمانزانى سوکایەتى بە میلەتەکەشمان دەکات ، رەنگە بڵێت ئەو کچانەم لە ئەوروپاوە هێناوە ئەمانە تەمسیلى کچى هەولێرو کورد دەکەن ، داخەکەم کە هەولێر خۆى بە هۆلاکۆ بەزێن دەزانێ کەچى دەسەمۆى راوێژکارێکى حوکمەتە ، ئینجا کاکە کاروانى ئازیز .. پارتەکەیشى بە تەمایە بەو ئەفکارانە خەڵک دەنگى بۆ بدات ، هاوڕێى خۆشەویست تۆ لێرە نیت ، تا ببینیت چۆن بە هێمنی کاول بووین ، ئێمە وا لە ناخو سەرماندا نیشتیمانى خەونەکانمان دەسڕنەوە ، خۆزگەم بە خۆت کە لێرە نیت ، خۆزگەم بە خۆت لە ناو دڵى ئەم خاکەدا بەو ئەندێشە پیرۆزە نیشتیمانیەوە راکشاویت ، خۆ من زۆر کات دایکم پێم دەڵێ رۆڵە کە تۆ شەوان درەنگ دێیتەوە دڵم لە مشتمایە ، بۆ دەنوسیت تۆ چیت داوە لەمانە هەزارى وەک منیان جەرگ سوتاو کرد ، منیش دەڵێم دایە نوسینەکانى من زمانى پەپولەیان هەیە ، کەس هەقى منى نیە ، من خۆم خۆم ئەدەم لە گڕى مۆمەکە ، منیش حەز دەکەم شان بەمە ژێر باڵى ئەم وڵاتە بریندارە ، بەڵکو هەموو هەست بکەین بە زامى ، ئاخر خودایە کە من دایکم بۆ فیرارى باوکم دڵى لە مشتیا بوبێو ، بۆ شمشاڵو کاروانى شەهیدانەکەى ئەوساى کاکم هەر دڵى لە مشتیا بوبێو ، ئەمرۆى کوردو کودایەتى بۆ منیش هەر دڵى لە مشتیا بێ ، ئیدى بۆ دایەى منیش وەک دایەى تۆ کاکە کاروان هەر چاوەڕێ هەر چاوەرێ لە ئۆمێدى گەڕانەوەى مندا نەبێت ؟
________________________________________
|