* ئەگەر شیوعی و سۆسیالیستەکان بەرپرسیارییەتی خۆیان لە ئەستۆ نەگرن،لە دواییدا لە ئەڵمانیا فاشیستەکان و لە کوردستان ئیسلامییەکان سوودمەند دەبن .
* سەرۆک وەزیرانی بایرن (شتۆیبەر) لە وتەکەیدا بە شانوباڵی پێکەوەکارکردنی ئابووری ئەلمانی و عێراقی لەساڵانی رابردوو هات و وەک ناردنی بەرهەم باسی ناردنی بەرهەمی کیمیاوی کرد . بەشداربووە کوردەکانی کۆنفرانسەکە(بەرپرسانی یەکێتی و پارتی)و نوێنەری حکومەت کردیان بە چەپڵەڕێزان، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێکیان بڵێ((بەو بەرهەمی کیمیاوییە لە هەڵەبجە کۆمەڵکوژی کرا)،
گفتوگۆ لەگەڵ بیرگیتە کیشلە (پارێزەر و نووسەر و رۆژنامەنووس ) و د.نیکۆلاوس بڕاونس(رۆژنامەنووس،مێژوونووس و هاوکار لە نوسینگەی ئولا یاڵپکە-ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانی).
سازدانی گفتوگۆ : سهلام عهبدوڵا
پرسیار : بە گشتی بارودۆخی کوردستانی باشوور چۆن دەبینن ؟
نیکۆلاوس: بارودۆخی پاش هاتنی ئەمریکییەکان ئەوەیە، بەرنامەی نیولیبڕلیزم پەیڕەودەکەن و کاتێ لە گەل خەڵک گفتوگۆ دەکەم، هەست بەوە دەکەم کە ناڕازین و هەموویان هاوریان لێ هەڵدەستێت لەبارەی گەندەڵی، کێشەی کارەبا و ئاو و بازاڕ. کاتێ لەنێو شارەکان سەفەر دەکەم، دەبینم ئەم کۆمەڵگایە بۆ دوو چین دابەشکراون. ئەم مەسەلەیە لە ئەڵمانیاش هەیە: لەلایەک کەسانی زۆر دەوڵهمەند و خاوەن ڤیلاو تەلاری زۆر گران، لەولاوە خەڵکی زۆر هەژار دەبینرێن پەنابەر و هەژارێکی زۆر. لە ئەڵمانیان هەژاری بە روونی نابینرێن. لە زۆر کەس گوێمان لێ بوو دەیانگوت: ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێ، ئەوا تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی روودەدات. ئەم بارودۆخی کۆمەڵایەتییە، بانگەوازی چارەسەری کۆمەڵایەتی دەکات، بەڵام من دەبنیم کە چەپەکان هێزی ئەوتۆیان نییە، بتوانن خەڵکی ناڕازی بۆ لای خۆیان راکێشن و ببن بە حزبێکی جەماوەری. بەگوێرەی زانیاریم، حیزبی شیوعی کوردستانی دەتوانی ببێ بە حزبێکی جەماوەری و بینیم لە هەموو شارو شارۆچکەکان ئاڵای سوور بە داس و چەکوش بەرزکراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەم پێدەچێت بە ئەرکەکانی خۆی هەڵنەساوە- نە لەناو پەرلەمان و نه لە دەرەوەی پەرلەمان-. حزب خۆیی بە زنجیر بەستووە، و لە حکومەتێک بەشدار بووە، کە سەرتاپای گەندەڵییە. سەرئەنجامی پێکەوە کارکردنی ئەم حزبە لەگەل حزبە بۆرژواکان ئەوەیە کە حزبە ئیسلامییەکان خۆیان وەک ئۆپۆویتسیونی راستەقینە پیشاندەدەن. لێرەدا دەبێ بڵێم کە من نامەوێت ئەو هەستانە هەبێت کە من لە ئەڵمانیاوە هاتووم و پێشنیاریان بۆ دەکەم، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە ئەزموونەکەمان لە ئەڵمانیا پیشانبدەم. ئەزموونی ئەو حزبە کە بۆی کاردەکەم(پی. دی. ئێس) یان(حزبی چەپەکان)، بەدرێژایی چەندین ساڵ لەگەل سۆسیال دیموکراتەکان هاوپەیمانن، و لە دژی بەرنامەکەی خۆیان، سیاسەتێکی نیولیبڕاڵ پەیڕەو دەکات، تەنانەت لە ئاستی پریڤاتکردنی خانووە کۆمەڵایەتییەکان((خانووەکان بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی بفرۆشن و بەشێکیان هەر فرۆشتووە)).
لەسەر بنەمای ئەم سیاسەتە، حزبەکەمان لە بەرلین و بەگشتی لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات، پشتیوانی کەم بووەتەوە. لە زۆرێکی ئەو شارانە، نازییەکان وەک تاقە ئۆپۆزیتسیون خۆیان نیشاندەدەن. ئەگەر شیوعییەکان و سۆسیالیستەکان بەرپرسیارییەتی خۆیان لە ئەستۆ نەگرن، لە دواییدا لە ئەڵمانیا فاشیستەکان و لە کوردستان ئیسلامییەکان سوودمەند دەبن. گەرچی بەباشی بارودۆخی ئێرە شارەزا نیم، بەڵام پێشنیار دەکەم شیوعییەکان بزوتنەوەیەک لە دەرەوەی پەرلەمان درووست بکەن، بۆ نمموونە( کۆمیتەی دژ بە هەژاری)یان(کۆمیتەی دژ بە گەندەڵی)درووست بکەن. بەم شێوەیە شیوعییەکان دەبێ لە دژی نیولیبڕالیزم و پریڤاتکردنی دامودەزگاکان و لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی بودجەی ساڵانەی حکومەت خەبات بکەن و هەروا دەبێ داخوازی کۆمونیستانە هەبێت بۆ ئەوەی حکومەتی کوردستان پلانێکی هەبێت بۆ گەشەسەندنی وڵاتەکە، بۆ نموونە گەشەپێدان بە کەرتی کشتوکاڵی، چونکە نابێ کوردستان بکرێت بە دەستکەوتی دەڵاڵە دەرەکییەکان .
کوردان لە سەدەکانی رابردوو، وەک تۆپی یاری بە دەستی زلهێزەکانەوە یاریان پێکراوە. من وا تێدەگەم که کوردان بە روخاندنی سەدام لەلایەن ئەمریکێکانەوە، خۆشحاڵن، بەڵام هیوادارم مێژووەکەیان لەبیر نەکەن و بەبیری خۆیان بهێننەوە، چۆن لەلاین زلهێزە ئۆروپی و ئەمریکییەکانەوە تا ئێستا خیانەتیان لێ کراوەو دەکرێ، بەتایبەتی کوردان دەبێ وتەکەی سەرکردەی کورد(مەلا موستەفای بارزانی) لەبیرنەکەن کە لەکاتی هەڵهاتن لەبەردەم لەشکری ئیران و عیراق لە ساڵی 1974دا وتی: گەوەترین هەڵەی ژیانم ئەوە بوو کە پشتم بە ئەمریکییەکان بەست .
بیرگیتە: واقعی ئیمرۆی کوردستان کەمتر لەگەل خەونی زۆربەی کوردستانیان دێتەوە، بۆ ئەوانەی کە چەندین ساڵە لەپێناو کوردستانێکی ئازادو فیدڕاڵ خەباتیان کرد. من دەتوانم بڵێم کە خەڵکی کوردستان لەژێر باری ئابووری و کۆمەڵایەتی قورس دەناڵێنن. کێشەیەکی زۆر کەڵەکەیان کردووەو بۆ چارەسەرکردنیان، وەڵامی حازرو ئاسانم پێ نییە .
کێشەی یەکەم ئەوەیە کە بارودۆخی ئێستا بە هۆی داگیرکەرە ئەمریکییەکان هاتووەتەپێش. داگیرکردنی عیراق لەلایەن سەرمایەدارەکانەوە، مانای رزگارکردنی کوردستان نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە عیراق لە سەر هەموو ئاستەکان لە خزمەت و لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکییەکان بێت .
خاڵی دووهەم: هەموو دەسەڵاتەکانی ناوچەکە بەرژەوەندیان لەگەل کوردستانێکی ئازاد نایەتەوە، بۆیە بە بڕوای من بزووتنەوەی چەپ و شۆڕشگێر لە ئاستێکی نوێ دابنێن، چونکە تاقە چارەسەرێکی پێشکەوتوو و شۆڕشگێر بۆ کێشەی کوردستان، لەبەرستدا نییە، بۆیە تەنها بە رێگای چارەسەرێک بۆ هەموو ناوچەکە، چارەسەر دەکرێت. کێشە گرنگەکە بریتی نییە لە کێشەی ئەتنی و ناسیونالیستی، بەڵکو لە چارەسەرێکی کۆمەڵایەتی بۆ هەموو کرێکاران و جووتیارانی هەموو ناوچەکە. مەبەستم ئەوەیە، لەسەر ئاستی جەماوەر، مرۆڤەکان رێکبخرێن و پێکەوە تەسەوری پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی هەمووان گەشەی پێبکرێت و جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان لەناو ببرێن. ئەمە بە دوو رۆژ چارەسەر ناکرێت، بەڵام ئەم کارە، داوا لە هێزە کۆمونیستەکان دەکات بە روونی بڵێن کە ئێمە پرۆتێستی جەماوەری رێکدەخەین و گەشەی پێدەدەین.
واتە: بۆ نموونە لەسەر ئاستی ئابووری، گەشە بە کاری هەرەوەزی بدەن و سەرلەنوێ دابەشکردنی دارایی حکومەت بۆ پڕکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی دانیشتوان و لە دژی پریڤاتکردن، هەڵویست وەربگرن، بە تایبەتیش دەبێ کاری سەندیکایی و بزووتنەوەی کرێکاری بەهێزبکەن. من هیوام وا بوو، لە راگەیاندنەکانی دەرەوە، نەختێک لەسەر ئەم ئاستە،، بڵاوبکەمەوە، بەڵام ئەوەی دەیبینم، ئازایەتیم بەرچاوناکەوێت بۆ گەشەپێدانی ئەم وڵاتە، بۆیە دەبینین لاوان لەم پرۆسەیەو بە هۆی نەبوونی پێشبینی بەرنامەڕێژی، دووردەکەونەوە. تەنانەت ئەگەر چەپەکان لاوازیش بن، دەبێ ئەم داخوازییانە وەک هێرش بردن بەکاربهێنن و لەلانی کەمەوە لە هەندێ لایەن بە دانیشتوان ئەڵتەرناتیڤێک پیشان بدەن .
پرسیار : بارودۆخی ژنان لە ئەلمانیا چۆنە؟
بیرگیتە: لە ئەلمانیا وەک لە وڵاتانی ئۆروپا، بە گوێرەی یاسا، ژنان یەکسانن لەگەل مافی پیاوان. هەروا هەمان مافیان هەیە بۆ فێربوون و پیشە و دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان هاتووچوو بکەن، بەڵام ئەمە مانای ئەوەی نییە کە بە راستی مافی یەکسانیان وەرگرتووەو ناتوانین لە بارەی ئازادبوونیان هیچ بڵێین. ژنان لە هەمان پیشە، 30% کەمتر لە پیاوان موچە وەردەگرن. زۆر لە ژنان پیشەیان هەیە، بەڵام لە سەر بنەمای نیو رۆژکار یان دوو کاتژمێر کار لە رۆژێکدا کاردەکەن. پەروەردەی منداڵ، سەرباری هەبوونی زۆر بنکەی پەروەدەکرن، هێشتا وەک کاری ژنان ماوەتەوە. زیانەکان لە تۆری بیمەی کۆمەڵایەتی، زیاتر رووبەڕووی ژنان دەبێتەوە. هەروا توندوتیژی جۆراوجۆر رووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، بۆ نموونە(لەناو خێزان)و لەناو ژیانی رۆژانەو وەک کاڵایەک لە پیشەسازی پۆرنۆگرافی بەکاردەهێنرێن. ئەو ژنانە کە خۆیان بە فێمینستی سۆسیالیست دەزانن، دوو بنەمای سەرەکیان هەیە بۆ کارکردن، ئێمە خەبات ناکەین بۆ یەکسانی لە نایەکسانیداو لەو بڕوایەین کە ئازادی راستەقینە بۆ ژنان، بەبێ گۆڕانگاری ریشەیی لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەدی نایەت، بەڵام گۆڕانی ریشەییش بە بێ ئازادی راستەقینەی ژنان بەدی نایەت، لێرەدا، بۆ ئەوەی بە تۆکمەیی وەڵامی پرسیارەکە بدرێتەوە، چەند خاڵێک هەیە لەبارەی کێشەی ژنان، بۆ نموونە دەبێ کایەی ژنان لە بەرنامەی حزبەکان ببینین.
باری ژنان لە کوردستان لە زۆر لایەنەوە، زۆر سەختترە لە ژنانی ئەلمانیا. رۆلی ژنان لێرە کۆنزەرفاتیڤە و تەنها بە تێڕوانین بۆ ئۆروپا و تەسەوریان لەبارەی ئەوەی ژنان لە ئۆروپا ئازادن، وەهم درووست دەکات و لەم بارەیەوە، دەبێ بزووتنەوەی ئازادی ژنان لە کوردستان، ئۆروپا وەک نموونە تەماشا نەکەن.
پرسیار : ئێوە وەک چەپ چی دەکەن لە دژی شەرکەتە کیمیاوییە ئەلمانییەکان کە یارمەتی سەددامیان دا. چۆن ئەوانە بۆ بەردەم دادگا راپێچ بکرێن؟ چۆن هەڵویستی حکومەتی کوردستان هەڵدەسەنگێنن؟
نیکۆلاوس: لە ساڵی داهاتوو یادی 20ساڵی تاوانی هەڵەبجەیە، بەڵام هەڵەبجە، نە لە کوردستان و نە لە ئەڵمانیا وەک تاوانێکی کۆمەڵکوژی لە دژی مرۆڤایەتی، بە فەرمی رۆڵێکی سیاسی نابینێت. حکومەتی کوردستان خۆی وەک نوێنەری بەرژەوەدی قوربانیانی هەڵەبجە دانانا، بەڵام بە گوێرهی تێروانینی من، پارتی و یەکێتی خەمی دادپەروەری و قەرەبووکردنی قوربانیانیان بەلاوە گرنگ نییە و کار بۆ دادگاییکردنی ئەو شەرکەتانە ناکەن کە سەددام بە چەکی ژەهراوی چەکدارکرد. لە یولی/2005 لە موینشن کۆنفرانسێک رێکخرا لەسەر داوای مەکتەبی پیشەسازی و بازرگانی و تێدا 250 بازرگان و سیاسەتمەداری ئەلمانی و 300 بازرگان و سیاسەتمەداری کورد بەشداریان کرد. سەرۆک وەزیرانی بایرن(شتۆیبەر) لە وتەکەیدا بە شانوباڵی پێکەوەکارکردنی ئابووری ئەلمانی و عیراقی لە ساڵانی رابردوو هات و وەک ناردنی بەرهەم باسی ناردنی بەرهەمی کیمیاوی کرد. بەشداربووە کوردەکانی کۆنفرانسەکە(بەرپرسانی یەکێتی و پارتی) و نوێنەری حکومەت کردیان بە چەپڵەڕێزان، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێکیان بڵێ((بەو بەرهەمی کیمیاوییە لە هەڵەبجە کۆمەڵکوژی کرا)، لە بری ئەوە، نوێنەری حکومەتی کوردستان پێشنیاری خۆی بەو مانایە ئاراستەی سەرمایەی ئەلمانی کرد کە دەستی کار لە کوردستان هەرزانە و شەرکەتە ئەلمانییەکان ئازادن لە باجدان، لە هەمان کات خەڵکی هەڵەبجە لە ژێر کارتێکردنەکانی ئەو تاوانە و هێشتا هەر لە ئاستی هەژاری دەژێن و سەرمایەدارە کوردەکانیش دووبارە لەگەل پیاوکوژەکانی دوێنێ بازرگانی دەکەن .
ئێمە دەبێ لە یادی 20ساڵی تاوانی هەڵەبجە لە ئۆروپا پێکەوە یادی قوربانیان بکەین و تاوانبارەکان و پیاوە شاراوەکانیان(شەرکەتە ئەلمانەکان) بناسین و داوای قەرەبووکردنی زیانەکانیان لێ بکەین. ئەگەر ئەمە روونەدا، حکومەتی کوردستان ئەو مافەی نییە، ناوی قوربانییەکانی هەڵەبجە بهێنن .
تێبینی: لەبەر نەبوونی کات، ئەوەندە بوار هەبوو، تەنها ئەم سێ پرسیارە وەڵام بدەنەوە .
|