په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 چارەسەرێکى کەمالیستیانەى مەسەلەى کورد.


هۆشیار ئه‌وڕه‌حمان


تەنها دیموکراتى کلیلى ڕاستە قینەى چارەسەرى کێشەى کوردە ، لە تورکیاشدا پاشا کەمالیستەکان ( گوێک ژەنڕاڵەکان ) دوژمنى سەر سەختى دیموکراتین ، کەواتە تا ڕژێمى پاشایەتى لە تورکیادا دەسەڵاتداربێت چارەسەرى کێشەى کورد هەر بە تفەنــــــــــــــــــــگ دەکرێت ، چونکە ئەوە ڕێچکەى هەموو سیستەمە توتالیتێرەکانە .


دەوڵەتى عوسمانى هەرگیز نەیتوانیوە دەسەڵاتى تەواوى بەسەر کوردستاندا هەبێت ( سەبارەت بە شوێنەکانى ترى ژێردەسەڵاتى هەر وابووە، کورد بە درێژایى تەمەنى ئیپراتوریەتى عوسمانى نیمچە سەربەخۆ و دەسەڵاتدارى ناوچەکانى خۆیان بوون هەر بۆیە بەر سیاسەتى ئینتیگراسیون ، ئیسمیلاسیونى تورکانە نەکەوتوون لەبەرئەوەى پێش هاتنى تورک (کورد لەسەر ئەو خاکەى ئێستاى بووە) هەر کاتى شەڕ هاوپەیمانى ئیمپراتۆریەتەکە بوونە یارمەتیان داوە گەر شەڕەکە دژی کورد خۆشى بوبێ، ئەم دۆخى نە سەر بە خۆ و نە ژێر دەستەى تەواو پاش داتەپینى دەسەڵاتى عوسمانیەکان کوردستانى ڕوبەڕوى یانزە هێرشى ئەنفال ئاسا کردەوەوە لەسەر دەستى پاشا کەمالیستەکان کە لە ساڵى 1918 دەستى پێکرد و تائەمڕۆ درێژەى هەیە تاکە چارەسەرى کێشەى کورد لاى ژەنڕاڵەکان تەنها لەناو بردن و کوشتن و ئۆپراتسیۆنە ئەمڕۆ 84 ساڵە ئۆپراتسیۆنەکان بەردەوامن بێ ئەوەى بگە نە هیچ ئاکامێک جگە لە خوێن ڕشتن و قوڵکردنەوەى ناکۆکى نێوان کورد و تورک هەر بۆیە زۆر ئەستەمە تورکیا بەو سیستەم و یاسایانەى ئێستایەوە لە ئاستى ئەوەدابێ بتوانێ بچوکترین ڕیفۆرم ئەنجام بدات بەم پێیە مەسەلەى کورد دەبێ بیرى لێ نەکرێتەوە . لەبەر ئەوەى ڕژێمێکى قەیراناوى هەرگیز چارەسەرى قەیرانێکى دى پێناکرێ. ئەم ڕژێمە لەبەر شەڕ هەیە ودبێ شەر بەرهەم بێنێ بۆ نمونە لە مانگى 6 ى 2006 وە ووڵاتەکەى سەرقاڵى ئەم ئۆپەراتسیۆنە سەرسوڕهێنەرە کردووە کە دەیان جار دەسکارى سیناریۆکەى کراوە بە هۆى باڵادەستى ئەمریکاو دامەزراوەى عەسکەرى تورکى و بێدەسەڵاتى حکومەتە سەفیلە سڤیلەکەى ئەردۆغانەوە کە ئاکامەکەى بە دڵى هەموو لایەک بوو،ئەوەى جێگەى سرنجلێدانە ئەوەیە ئێوارێ سەرۆک وەزیران وسەرۆکى فەرماندەى سوپا لەسەر مانەوەى هێزەکانى تورک لەو دیو سنور ڕێکەوتن کەچى پاش چەند کاتژمێرێک سوپا پاشەکشەى پێکرا بێ ئەوەى سەرۆک وەزیران پرسی پێبکرێ، جا لێرەدا ئەم پرسیارە خۆى دەسەپێنێ کێ ئەم هێرشەی سوپاى ڕاگرت وبۆ ڕاگیرا؟

 

ئەوەى شارەزاى مێژووى ئەم ڕژێمە بێ ئەوە دەزانێ کە هەمیشە دوو بەرەى شەڕی کردۆتەوە یەکێکیان دژى کوردو ئەویتریان دژى هەندێ ڕواڵەتى ئیسلامیانەى کۆمەڵگاى تورکى وەکو دیاردەى لەچک وباڵاپۆشی کە مەرگى خۆى لە باڵادەستى ئەو دو لایەنەدا دەبیتێتەوە.هەر بۆیە هەر جارەى زەمینەى شەڕى لایەکیان خۆشدەکات.لە ماوەى هاتنەسەرکارى پارتى یەکسانى وگەشەپێدان ئەردۆغان چەند جارێ بۆ مەبەستى بەدەستى هێنانى دەنگ بۆ سەرکەوتنى پارتەکەى ختۆکەى هەست وسۆزى کوردى داوە بەوەى ئەگەر پارتەکەیان دەنگى زۆرینە بەدەست بهێنێ دەتوانى دەسکارى یاساى سەرەکى کۆمارى تورکیا بکات کێشەى کورد چارەسەردەکات، بەڵام ئەم بەڵێنانەى ئەردۆغان هەر تا چەند ڕۆژێ دواى هەڵبژاردنەکان برىِ کرد دەسەڵاتەکەشى ئەوەى تیانابێ کە خۆى لەقەرەى کێشەى کورد بدات.

هێزى بڕیادەر تەنها جەنرالەکانن کڵێشەى چارەسەرەکەشیان بۆ مەسەلەى کورد بەم شێوەیەى خوارەوەیە: ئەگەرچى ووڵاتەیەکگرتووەکانى ئەمریکاو بازاڕى ئەوروپاى هاوبەشیش فشاریان خستۆتەسەریان بۆ ئەوەى چارەسەرى سیاسیانەى مەسەلەى کورد بکەن بەڵام ئەمان دەڵێن لە ووڵاتەکەماندا مەسەلەیەک نیە بە ناوى مەسەلەى کورد گەر هەشبێ تەنها خۆى لە کێشەى ئابوریدا دەبینێتەوە.


1-هەموو هاونیشتیمانیەکى تورک ڕەگەزنامەى ئاشکراو سەرەکى ڕەگەزنامەى تورکیە، هیچ تایبەتمەندیەکى ئەتنیکى تر هەڵناگرێ، بەڵام ئەگەر یەکێ ژێر بەژێر دەتوانێ بڵێ من کوردم بەڵام هاونیشتیمانى تورکیام.
2-لە تورکیادا زمانى ئاشکراو ناسراو تورکیە، ئەوانەى بیانەوێ بە زمانى دایکیان بدوێن دەتوانن، بەڵام ناتوانن و ناکرێ بڵێن ئەمە زمانى دووەمە لەم ووڵاتەدا.
3-ڕادیۆ وتەلەفیزیۆنە خۆجێیەکان دەتوانن بە زمانى کوردى پەخش بکەن و ببنە بەشێک لە(TRT) بەمەرجێ لە پەیڕەوى (RTUK)لانەدەن
4-پەروەردەو خوێندن هەر دەبێ بە زمانى تورکى بێت بەڵام دەکرێ زمان و خوێندنى کوردیش بکرێتە پاشکۆ و لە ژێرچاوەدێریدا بێت نەوەکو قوتابی زۆر رووى تێ بکەن کە ئەویش مەترسی گەورەى لێدەکەوێتەوە.
5-لە زانکۆکاندا پەیمانگاى تایبەت بە کوردۆلۆژى بکرێتەوە لەوانەیە سودبەخش بێت.
6-لێبووردن لەوانەى دەستیان بەخوێن سوور نەبووە کارى تیرۆیستیان ئەنجام نەداوە.
7- لە باشورى ڕۆژهەڵاتى ووڵات پڕۆژەى ئابوورى گەورە دابمەزرێنرێ بۆ بوژاندنەوەى داهاتى ناوچەکە چارەسەرى بێکارى.
8-هەرگیز ڕێگەنەدرێ زمانى کوردی ببێتە زمانى رەسمى دووەم.
9-نابێ دەستکارى یاساى سەرەکى ووڵات بکرێ و هەموار بکرێ سەبارەت بە زمانى کوردى چونکە لە تورکیا ڕێگە بە دوو پێناسەیی نادرێ هەموو تورکین.
10-هەرگیز نابێ ئاپۆ ئازاد بکرێ، نابێ هیچ جۆرە لێبوردنێک بیگرێتەوە.
11- هەرگیز سیستەمى هەرێمەکان ڕێگەى پێنادرێ.
12-ناوچەى سەربەخۆ وفدراسیۆن ڕێگەى پێنادرێ و بەڵکو پەیڕەوى ئەم دروشمانە دەکرێ: یەک ئاڵا -یەک میللەت- یەک دەوڵەت – یەک زمان – یەک نیشتیمان.

_____________________________
گوێک : ڕەنگى شین مەبەست لەپیرۆزى ئاسمانى شینى ئایینى کۆنى تورک.
ئەسمیلاسیۆن: وەک خۆ لێکردن لە رێگەى زەبروزەنگەوە.
ئینتیگراتسیۆن: وەک یەک لێهاتن لە ڕێگەى وەرگرتنى کەلتورێکى هاوبەشەوە چەند نەتەوەیەکى جیاوازو یەک کەلتور.