چاوەڕوانی و خەیاڵە هەنارییەکانی عەشق .
ناڵە حەسەن
_ 1 _
گوڵە گیان :
من ئەمشەو
لە نێو خەونەکانم دا
لە چاوەڕوانیت دا دەبم
تۆش بە ئەسپایی وەرە
بێئەوەی پەڕەسێلکەکانی مانگ و پەپوولەکانی با
بەخەبەر بهێنی
خۆت لە نێو ،
هاواری قوڵینگەکان و نیگاکانی درەخت
حەشاربدە
بەنێو :
تخوبەکانی مەرگ و
ڕۆحە سپیەکانی خاک و
شەپۆڵە خەوتووەکانی
نێو دڵی ڕەشەبا دا ڕەتبە .
ئەی گوڵە گیان : من هەمیشە لە چاوەڕوانیت دا دەبم .
سبەی شەویش
لە نێو خەونەکانم دا
لەگەڵ زەردەخەنەکانی پاییز و
سەرمەستبوونەکانی شیعر ....
لە چاوەڕوانیت دا دەبم .
بۆخۆم بە بێدەنگی
دەچمە نێو دۆزەخەکانی هەور و
دەچمە نێو سەدەفە نەرمەکانی گیا و
هەر لە چاوەڕوانیت دا دەبم .
تۆش وەرە و
بە تەنیشت گۆڕستانەکانی دەریا و
بە نێو خەیاڵە هەنارییەکانی عەشق دا ڕِِەتبە
بۆ چەند چرکەیەک
گوێ لە کاتژمێرە ڕەنگ هەڵبزرکاوەکانی هەناسەم ڕابگرە .
ئەی گوڵە گیان :
من بۆ هەتا هەتایە هەر لە چاوەڕەانیت دا دەبم .
دووسبەی شەویش
لە نێو خەونەکانم دا
یاری لەگەڵ پەپوولەکانی خوا دەکەم و
وەکو باران دەڕژێمە نێو کۆلانەکانی سەوزایی و
گوێ لە چیرۆکەکانی کچە عەتر فرۆشەکانی بەهەشت ڕادەگرم و
هەر لە چاوەڕوانیت دا دەبم .
بۆ دڵدانەوەی شەو
یادگارییەکانی خۆم دەسووتێنم و
هەر لە چاوەڕِوانیت دا دەبم .
تۆش بە ئەسپایی ،
بە نێو کەرنەڤاڵەکانی خۆرەتاو و
بە تەنیشت ماڵە بێدەنگەکانی بەفر دا ڕەتبە
بە بێدەنگی خۆت بکە بە ژووردا و
بۆ چەند چرکەیەک
گوێ لە سەمفۆنیا ئاگراوییە بریناوییەکانی دڵم ڕابگرە .
گوڵە گیان :
ساڵێکی تریش وەکو ئەمشەو
وەرزێکی تریش وەکو ئەمشەو
سەدەیەکی تریش وەکو ئەمشەو
لە نێو خەونەکانم دا
شەڕ لەگەڵ ئەو جەللادانە دەکەم
کە دەیانەوێ نەغمە و سەمای تریفەی مانگ بشێوێنن .
بە گژ ئەو برووسکانە دا دەچم
کە بەبێ خوێندنەوەی ،
ئایەتەکانی نێو مەمکۆڵەکانی گەڵا
ئاگر لە کتێبەکانی عەشق بەردەدەن و
هەر لە چاوەڕوانیت دا دەبم .
تۆش نەرم نەرم ...
بە نێو قەدەرەکانی تۆفان و
بە نێو سێبەرەکانی ئاو دا ڕەتبە .
بە مەستی ،
خۆت بکە بە نێو ژوورە ئاوریشمیەکەی دڵم
بۆ چەند چرکەیەک
لە ڕووتبوونەوەی ئەستێرە سپیەکانی نێو هەناسەم بڕوانە
گوێ لە سروودە سەوداسەریەکانی مردنم ڕابگرە .
_ 2 _
گوڵە گیان :
من ئەمشەو
لە نێو خەونەکانی مردنم دا
لە چاوەڕوانیت دا دەبم
سبەی شەویش لە نێو خەونەکانی مردنم دا
هەر لە چاوەڕوانیت دا دەبم
دووسبەی شەویش لە نێو خەونەکانی مردنم دا
هەر لە چاوەڕوانیت دا دەبم ...
ساڵێکی تریش وەکو ئەمشەو
وەرزێکی تریش وەکو ئەمشەو
سەدەیەکی تریش وەکو ئەمشەو
لە نێو خەونەکانی مردنم دا
هەر لە چاوەڕوانیت دا دەبم .
گوڵە گیان :
تا پێڵووی چاوەکانم و
یەکەیەکەی پەراسووەکانم وەقسە دێن
تا کوکوختیەکانی هەناسە و
یەکە یەکەی دەمارەکانی عاتیفەم وەقسە دێن
تا غەریزە چەپێندراوەکانی ڕۆحم و
یەکە یەکەی دەنکە تەزبێحەکانی یادگاریم وەقسەدێن
من هەر لە چاوەڕوانیت دا دەبم .
گوڵە گیان :
تا نافورە ڕەنگاوڕەنگەکانی عەشق
لە زیکر و سووتانەکانیان هێور دەبنەوە
تا هەوێردە ڕەنگ پاییزیەکانی مانگ
لە فڕین و وونبوونەکانیان هێور دەبنەوە
تا شەونمی سەر پەنجەرەی بەیانیەکانی ڕەشەبا
لە مەستبوون و سەماکانیان هێور دەبنەوە
من هەر لە چاوەڕوانیت دا دەبم .
من هەر لە چاوەڕوانیت دا دەبم
تا لە نێو :
ئاوێنەکانی ئاو دا
باڵا سنەوبەرییەکەی تۆ دەبینم
تا لە نێو :
ئاوێنەکانی با دا
مەمکە خرپنەکان و ڕۆحی ڕووت و زەردوخەنە و
جوانیەکانی نێو خەیاڵت دەبینم
تا لە نێو :
ئاوێنەکانی گیا دا
کەروێشکە زەردەکانی نێو غەریزە و
نێو هەوەسە گەرمە سەرشێتیەکانت
لە لەیلاخە فێنکەکانی نێو ڕۆحتەوە بەرەو ڕووم دێن .
منیش بۆخۆم بە بێدەنگی :
ئایەتەکانی عەشق دەخوێنمەوە و لە چاوەڕوانیت دا دەبم
منیش بۆخۆم بە بێدەنگی :
بخورە خۆڵەمێشیەکانی نێو حەزەکانم هەڵدەکەم و
لە چاوەڕوانیت دا دەبم .
گوڵە گیان : من هەمیشە لە چاوەڕوانیت دا دەبم
وەک کەمانجەیەکی خەنەیی
کە لە چاوەڕوانی دەست و پەنجەی کەمانجەژەنێکی دڵ بەبرین و عاشق دایە
وەک شمشاڵێکی قەمیشی
کە لە چاوەڕوانی لێوە لەرزیوەکانی پیرەمێردێکی دڵ بەخەمی ئەشقیا دایە .
تۆش نەرم نەرم
خۆت بکە بە نێو شەوگارە ڕووناکەکانی دڵم
تەنها بزەیەک و تەنها نیگایەک و هیچی تر
تەنها و تەنها و تەنها
بۆ چەند چرکەیەک
ئاوێزانی
خەونەکان و مردنەکان و ئایەتەکانم بە
بۆ هەتا هەتایەش
بۆ نێو خەرەندە تاریکە ڕەوشەنیەکانی تەنیایی و
بۆ نێو
ڕۆژهەڵاتە تەماوییە ئەڤینیەکانی وونبوونم شۆڕبەرەوە ... !
کەنەدا
سیپتەمبەری
2007
|