چاوشارکێ.
سه‌ردار عه‌بدوڵا - پێشکه‌شه به فیراره‌کانی جه‌نگی عێراق و ئێران که ملیان به جه‌نگ نه‌دا -
عه‌لى، مێردمناڵێکى ڕه‌قه‌ڵه و که‌مده‌موو بوو، دایکییشى که‌س نه‌یده‌زانى له که‌یه‌وه بێوه‌ژنکۆشى ده‌کات، به بیرى هیچ یه‌ک له مێردمناڵه‌کانى گه‌ڕه‌کدا نه‌ده‌هات که عه‌لى باوکێکى هه‌بووبێت.
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى عه‌لى له مناڵه‌کانى هاوه‌ڵى ته‌مه‌نى گه‌وره‌تر بوو، به‌ڵام به‌هۆى که‌مدووییه‌که‌یه‌وه ببووه بنێشته‌خۆشه‌ى ژێر دانى مناڵه هار و زۆربڵێکان. ده‌یان ناووناتۆره‌یان له چه‌شنى: عه‌له ترخه، عه‌له مشکه و سه‌عه ئێسقان دواده‌خست. ئه‌و حه‌زى به شه‌ڕکردن و هاروهاجى نه‌بوو، به‌ڵام که مناڵان زۆریان بۆ ده‌هێنا به جنێودان به دایک، خوشک و ته‌نانه‌ت به چۆله‌که‌ى سه‌ردارى ماڵه‌کانیشیاندا ده‌هاته‌خوارێ؛ به تایبه‌ت ئه‌و کاتانه‌ی که تانه‌ی ئه‌وه‌یان لێده‌دا؛ که ئه‌و ئه‌وه‌نده به ته‌مه‌نه که ره‌سمی مله‌وه‌نی نییه! هاوینان، کاتێک ئێواران داده‌هات و کۆڵان و شه‌قامه‌کان تاریک داده‌هاتن، مناڵان وا ڕاهاتبوون که له دواى شێوکردن دووباره بێنه‌وه کۆڵان بۆ چاوشارکێ. له‌م یارییه‌دا که‌س نه‌بوو بۆڕى عه‌لى بدات و شان بدات له شانى، هه‌ر بۆیه هاوڕێکانى شه‌وان به‌ره‌و ئه‌و بایانده‌دایه‌وه، عه‌له ترخه و سه‌عه ئێسقانیشیان ده‌کرد به کاک عه‌لى و عه‌لى گیان؛ تاکو رازی بێت پێیان و ئه‌وانیش به ئاسانى بچنه پاڵ ده‌سته‌که‌ى عه‌لى. ئه‌و، ته‌نیا له‌و شه‌وه تاریکانه‌دا هه‌ستى به بوونى خۆى ده‌کرد. پێیوابوو که شتێکى له‌ده‌ستدێت، ئه‌وانى تر به ئاسانى ناتوانن ئه‌نجامی بده‌ن؛ هه‌ربۆیه ئه‌و شه‌وان خۆشبه‌خت و ره‌ها بوو، به پێچه‌وانه‌ى ڕۆژى روناکه‌وه که تیایدا گۆشه‌گیر و بێده‌سته‌ڵات بوو. ده‌سته‌که‌ى عه‌لى، هه‌میشه به‌هۆى لێهاتووى ئه‌وه‌وه سه‌رکه‌وتنى به‌ده‌ستده‌هێنا. کاتێک ئه‌و خۆی ده‌شارده‌وه به تووله و تانجیش نه‌ده‌دۆزرایه‌وه. ئه‌و تاکتیکه‌ى ئه‌م شه‌و به‌کاریده‌هێنا، بۆ شه‌وى داهاتوو ده‌یگۆڕی. ئه‌و به پێچه‌وانه‌ى هاوڕێکانییه‌وه، هیچ ترسێکى له تاریکى کون و که‌له‌به‌رى که‌لاوه داڕووخاوه‌کان نه‌بوو بۆ خۆشاردنه‌وه. به‌م بۆیه‌ش عه‌لى ببووه پاڵه‌وانى چاوشارکێى شه‌وه تاریک و ئه‌نگوسته‌چاوه‌کان. یه‌کێک له شه‌وه‌کانى چاوشارکێ، هاوڕێکانى عه‌لى هه‌موو گڕ کرابوون ته‌نیا عه‌لى مابوو که بدۆزرێته‌وه، سه‌ربان و بنبان نه‌ما که نه‌گه‌ڕێن، ته‌نانه‌ت دارستانى سنۆبه‌ری پشت گه‌ڕه‌کیشیان ته‌یکرد که، ته‌نیا کونه‌په‌پوو ڕووى تێ ده‌کرد، به‌ڵام بێهوده بوو. کاتێ وه‌ختى خه‌و نزیک بویه‌وه، له بێهه‌واڵى عه‌لى ترسیان لێ نیشت، هه‌ندێکیان ویستیان بچن دایک و براگه‌وره‌که‌ى عه‌لى ئاگادار بکه‌نه‌وه، به‌ڵام دواتر هه‌موو بڕیاریاندا که پێکه‌وه بچنه سوراغى و هیچ شوێنێک نه‌هێڵنه‌وه. هه‌موو کون و که‌لاوه‌کانى گه‌ڕه‌ک گه‌ڕان. ته‌نیا جێگه‌یه‌ک که‌مابوو نه‌گه‌ڕێن؛ مزگه‌وتى گه‌ڕه‌ک بوو. که‌س ئه‌و جێگه‌یه‌ى بۆ خۆحه‌شاردان هه‌ڵنه‌ده‌بژارد، چونکه ئه‌وه‌یان بیستبوو له‌ده‌می مجێوره‌که‌وه که شه‌وانه خێوه‌کان به‌بێ ترس خۆیان له ئاوی حه‌وزه‌که‌ی هه‌ڵده‌کێشن، هه‌ربۆیه ئه‌و شوێنه له شه‌ودا گه‌لێک سامناک بوو، مناڵان نه‌یانده‌وێرا ڕوویتێبکه‌ن، به‌ڵام هه‌ر چۆنێک بێت، پێیان له جه‌رگى خۆیان نا و بڕیاریاندا ئه‌وێش تاقی بکه‌نه‌وه! منداڵه‌کان، جگه له ترسیان له تاریکى نێو مزگه‌وته‌که، ترسیان له به‌خه‌به‌ربوونه‌وه‌ى مجێوره توڕه‌که‌ش هه‌بوو، چونکه ئه‌و هه‌میشه گۆچان و دارلاسیکێکى لاى خۆیه‌وه دانابوو بۆ ڕاونان و ته‌مبێکردنى مناڵان. ئه‌وان، به ترس و له‌رزه‌وه مزگه‌وته‌که ده‌گه‌ڕان، ته‌نیا شوێنیک که مابوو ئاوده‌سته ته‌سک و بێ بنمیچه‌کان بوو، که له‌سه‌ر ڕاڕه‌وێکى تاریکى بێ رووناکى شانیان له‌یه‌ک جووت کردبوو. ئه‌م شوێنه ترسناکترین شوێنى مزگه‌وته‌که بوو، شوێنى مردووشتنیش که‌وتبووه کۆتاى ڕاڕه‌وه‌که. چه‌ند داره‌مه‌یتێکی درێژى ته‌خته‌ش له سه‌ر دیوارى نێوان ئاوده‌سته‌کان له قوڵایى تاریکیدا نقووم ببوون. کاتێک، ویستیان ده‌رگاى ژه‌نگاوى یه‌که‌م ئاوده‌ست بخه‌نه سه‌رپشت؛ خشه‌یه‌ک له نێو داره‌مه‌یته‌که‌وه هات و شتێک ده‌ستیکرد به جووڵه جوڵ. کاتێک بینییان که‌سێک که له کفنێکى سپیه‌وه ئاڵاوه و خه‌ریکه له نێو تابوته‌که‌ى خۆیدا به‌رزده‌بێته‌وه و هه‌ڵدێت به‌ره‌و تابووته‌کانى تر. یه‌کێکیان، که چۆقه‌چۆقى ددانه‌کانى به ئاسانى ده‌بیسترا، وتى: - دیاره یه‌کێک له مردووه‌کان له گۆڕ ڕایکردووه و له‌وێدا خۆى حه‌شارداوه! یه‌کێکى تریان، له ژێر کاریگه‌رى چیرۆک و ئه‌فسانه‌کانى نه‌نکى هاته گۆ: - نه‌خێر، من ده‌زانم، ئه‌وه ته‌نیا له جنۆکه‌کان ده‌وه‌شێته‌وه! به‌خوا ئه‌وه خێوه‌کانه و ده‌چن وسڵ ده‌رکه‌ن له حه‌وزه‌که‌دا! مناڵه‌کان، دۆزینه‌وه‌ى عه‌لییان له بیر نه‌مابوو، بیریان چووبۆوه که بۆ کارێکى وا ڕوویان له‌م شوێنه کردووه. له ترس و له‌رزى خێو و مردووی هه‌ڵاتوو، نه‌یان ده‌زانى چۆن چۆنى رێگه‌ى گه‌ڕانه‌وه بدۆزنه‌وه! مردووه‌که، یاخود خێوه‌که! له‌وه ده‌چوو له زیندووه‌کان بترسێ و نه‌یه‌وێت که‌س بیبینێت، ویستى هه‌ڵبێت؛ به‌ڵام کفنه سپییه‌که‌ى له داره‌مه‌یته‌که گیربوو و هه‌ر به‌وێوه به‌جێما، له‌و کاته‌دا لاقه باریکه‌کانى عه‌لى ده‌رکه‌وتن و به سه‌ردا بۆ ناو یه‌کێک له ئاوده‌سته‌کان له‌په‌وڕوو هێژیا. هه‌موویان زانییان ئه‌و که‌سه‌ى نێو داره‌مه‌یته‌که نه جن و نه مردووى هه‌ڵاتووى سه‌رقه‌برانه، به‌ڵکوو هاوڕێ زرت و زیندووه‌که‌ى خۆیانه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش له ترساندا هه‌ریه‌که و به‌ره‌و لایه‌ک هه‌ڵهاتن. * * * * * * ساڵانێک تێپه‌ڕی، مناڵان بوونه هه‌رزه‌کار، به‌ڵام بیره‌وه‌ری و یادگارى شه‌وه‌کانى چاوشارکێیان له بیر و هۆشدا مابوو. له کاتى کۆبوونه‌وه و میواندارییه‌کانى یه‌کتردا، ڕووداوه خۆشه‌کانى ئه‌و شه‌وانه‌یان به گه‌رمى ده‌هێنایه‌وه یادی یه‌کترى. هه‌موو لۆمه‌ى ڕیش و سمێڵى خۆیان ده‌کرد و له دڵه‌وه خۆزگه‌یان ده‌خواست که، مناڵ بوونایه؛ تاکوو خۆشی و شادی ئه‌و شه‌وانه‌ش وه‌ک خۆى درێژه‌ى هه‌بووایه! جه‌نگ، هه‌ڵگیرساو سه‌راپاى وڵات بۆنى بارووتى گرت. سه‌ربازگیرى زۆره‌ملێ گه‌نجه‌کانى سه‌رگه‌ردان کرد. تیمه تایبه‌ته‌کان به‌شوێن سه‌ربازه‌هه‌ڵاتووه‌کاندا له هه‌موو لایه‌ک بڵاوده‌بوونه‌وه و هه‌موو کون و قوژبنێکی شاریان ده‌پشکنى. له‌و کاته به‌دواوه چاوشارکێ ده‌ستیپێکردوه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له نێوان دوو تیپى دۆستدا نه‌بوو، به‌ڵکوو لاى به‌رامبه‌ر دوژمنێکى ترسناک بوو. گڕبوون له لایه‌ن تیمه تایبه‌ته‌کانه‌وه، زیندانى و تێهه‌ڵدان، پاشان گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌یدانه‌کانى جه‌نگى به‌شوێنه‌وه‌بوو! ئه‌و کوڕه کوڕ بوو تا کۆتایى یاریییکه گڕ نه‌کرێت و باشترین جێگه بۆ خۆقوتارکردن و شاردنه‌وه بدۆزێته‌وه! حسێنى دوکاندار، هه‌میشه دوکانه‌که‌ى ببووه شوێنى کۆبوونه‌وه و وێستگه‌ى گه‌نجانى گه‌ڕه‌ک. ئه‌و، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى که زۆرجار له‌سه‌ر قه‌رزوقۆڵه ده‌یکرده ده‌مه‌قاڵێ له‌گه‌ڵیان، به‌ڵام له دڵه‌وه هه‌موویانى خۆشده‌ویست، چونکه ئه‌و گه‌نجانه هه‌موو به به‌رچاوى ئه‌وه‌وه گه‌وره‌بوون و قوناغه‌کانى منداڵى هه‌موویانى بینیبوو. ئه‌و هه‌میشه به گه‌نجه‌کانى ده‌ووت: - کوڕینه، په‌ند له ئه‌زموونه‌کانى سه‌رده‌مى مناڵیتان وه‌ربگرن، چاوشارکێ هه‌ر چاوشارکێیه! گه‌ر ئیوه ئازا بن ئه‌وان ئێوه‌یان بۆ گڕ ناکرێت! عه‌لى گیان ده‌رسێکیان دابده، خۆ تۆ پاڵه‌وانى چاوشارکێ بووى! له درێژبوونه‌وه‌ى ڕۆژگاره‌کانى شه‌ڕدا، دڵه‌ڕاوکێ و گۆمانکردن له‌یه‌کترى له گه‌ڕه‌کدا بڵاوبووه‌وه، ئه‌مجار هاوڕیێانى تیپى چاوشارکێ هه‌ر یه‌ک به ته‌نیا ده‌ستیدایه چاوشارکێیه‌کى ڕاسته‌قینه له به‌رانبه‌ر هاوڕیکانیان و تیمه تایبه‌ته‌کاندا. هه‌موو له‌یه‌کتر خۆیان ده‌شارده‌وه، که‌س نه‌یده‌ویست ئه‌وى تر بزانێت بۆ کوێ ده‌چێت و له کوێ خۆى قوتار ده‌کات! ئیتر وه‌ک پیشوو نه‌بوو! هه‌موو ماندوو و شه‌که‌تى چاوشارکێ بوون. هه‌موو خۆزگه‌ى ئه‌و ڕۆژه‌یان ده‌خواست که یارییه‌که به کۆتایى خۆى بگات، به‌ڵام خۆزگه هیچ سه‌وز ناکات و ڕۆژ به ڕۆژ یارییه‌که گه‌رمتر ده‌بوو. حسێنى دوکانداریش، وه‌ک جاران نه‌ما، له ئامۆژگاریکردنى یاریکه‌ره‌کان که‌وت، ته‌نیا ژێربه‌ژێر چاودێرى ده‌کردن، ئه‌ویش ده‌سڵه‌مێته‌وه و له ترسى سیخوور و پیاوخراپان له دوکانه‌که‌یدا ده‌ستى به کڵاوه لاره‌که‌ى خۆیه‌وه گرتووه که با نه‌یبات، به‌ڵام ڕۆژانه به چاوى خۆى دیبینى که چۆن یاریکه‌ره‌کان له لایه‌ن تیمه تایبه‌ته‌کانه‌وه گڕ ده‌کرێن و له کونجى زیندان قایم ده‌کرێن و دواتریش به‌ره‌و مه‌یدانه‌کانى جه‌نگ ڕه‌وانه ده‌کرێنه‌وه. ئه‌و له دڵه‌وه خه‌فه‌تی ده‌خوارد و مووى سه‌رى رۆژ به رۆژ سپی‌تر ده‌چووه‌وه. له هه‌مووى سه‌یر و سه‌مه‌ره‌تر به‌لاى حسێنى دوکانداره‌وه؛ عه‌لى کۆنه پاڵه‌وان بوو، چوونکه به بێ ئه‌وه‌ى تیمه تایبه‌ته‌کان گڕیان کردبێت، بۆ خۆى ده‌ستى له سه‌رى خۆى دا‌و خۆى گڕ کرد. ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ى عه‌لى لاى هه‌مووان به کارێکى ترسنۆکانه ده‌درایه قه‌ڵه‌م، هیچ نه‌بێت وه‌ک زۆر که‌س ده‌یتوانى خۆى بگه‌یه‌نێته لادێیه‌کى دووره‌ده‌ستى تیمه تایبه‌ته‌کان، گه‌ر له گه‌وڕه‌کان له گه‌ڵ مانگا‌و وڵاخیشدا بژیایه هێشتا له‌و حاڵه‌ته سه‌رشۆڕیه‌ى باشتر بوو. ته‌واوى خه‌ڵکى گه‌ڕه‌ک سه‌ریان له‌م فسفسپاڵه‌وانییه‌ى عه‌لى سووڕمابوو! عه‌لیش، گوێى به قسه و قسه‌ڵوکى که‌س نه‌ده‌دا! بێده‌نگى و که‌ناره‌گیرییه‌که‌ى منداڵى هه‌روه‌ک خۆى مابوو، هیچى لێ که‌م نه‌بووبۆوه. کاتێک پلارێکیان سه‌باره‌ت به گڕبوونه‌که‌ى تێ ده‌گرت ئه‌م له وه‌ڵامدا دیالۆگى ته‌مسیلییه‌کى کوردى به‌کارده‌هێنا و به پێکه‌نینه‌وه پێی ده‌وتن: - قه‌یدى نییه، دنیا گۆڕایه، خه‌ڵکى زۆرزان بینه، زۆرزان! سه‌ربازه گڕکراوه‌کان، دواى ده‌مچه‌ورکردنى ئه‌فسه‌ره‌کانیان، مانگى جارێک مۆڵه‌تیان وه‌رده‌گرت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى سه‌رى خه‌ڵکى گه‌ڕه‌کى ئاوساندبوو، ده‌رچوونى عه‌لى بوو له‌و ڕۆتینیاته! ئه‌و، له دوانیوه‌ڕۆى هه‌موو پێنج شه‌ممه‌یه‌کدا به جلى سه‌ربازییه‌وه خۆی ده‌کرده‌وه به گه‌ڕه‌کدا، پێش ئه‌وه‌ى بچێته ماڵه‌وه، سه‌ره‌تا لاى حسێنى دوکاندار لایده‌دا و ده‌ستی ده‌کرد به بسکیت و کۆلا خواردن، هه‌ر له‌وێشدا ده‌مایه‌وه و گێژه گێژی ده‌کرد، تاکو زۆربه‌ى خه‌ڵکى گه‌ڕه‌کى ده‌بینى. کاتێک، پرسیارى چۆنیه‌تى ئه‌و هه‌موو مۆڵه‌تانه‌یان لێ ده‌کرد، له‌وه‌ڵامدا ده‌یووت: - ئامرى وه‌حده‌که‌مان، هاوڕێى سه‌رده‌مى قوتابى کاکم ده‌رچوو، هه‌ر زوو زوو با‌نگم ده‌کات و وه‌ره‌قه‌یه‌کى مۆڵه‌تى جومعه و پێنج شه‌ممه‌م ده‌خاته گیرفانه‌وه، به جۆرێک خه‌جاڵه‌تى کردووم، بڕواتان بێت خۆمى لێ ده‌شارمه‌وه له تاو ئه‌و هه‌موو مۆڵه‌تانه‌ى که ده‌مداتێ! پاشى چه‌ند مانگێک سه‌ربازى، عه‌لى ئیواره‌ى پێنج شه‌ممه‌یه‌ک خۆى کرده‌وه به گه‌ڕه‌کدا و هه‌ر وه‌ک جاران لاى حسێنى دوکاندار لایدایه‌وه بۆ کۆلا و بسکیت خواردن. خه‌ڵکه‌که بینییان، ئه‌مجاره‌یان عه‌لى خه‌تێکیشى وه‌رگرتبوو، هه‌موو به جارێک سه‌ریان سووڕما له به‌رزبوونه‌وه‌ى پله و پایه‌ى سه‌ربازى عه‌لى! کاتێک پرسیاریان لێ ده‌کرد سه‌باره‌ت به خه‌ته‌که‌ى، ده‌یووت: - ئامره‌که‌م دایمێ، بڕواتان بێت ده‌یویست دوو خه‌تم به‌سه‌ریه‌که‌وه بداتێ، که‌چى من خۆم نه‌مویست و به‌زۆر دانه‌یه‌کیانم لێ وه‌رگرت، چونکه وه‌ک عه‌ره‌ب ده‌ڵێت:" گه‌ر هاوڕێکه‌ت شیرین بوو، نابێت هه‌مووى بخۆیت."، وا بزانم دڵیشى لێم زوێربوو، گه‌ر کار وا بڕوات و له شوێنى خۆم بمێنم، دوورنییه تاکوو کۆتایى ساڵ ئه‌ستێره‌یه‌کى سه‌رشانیش وه‌ربگرم! له‌و ڕۆژه‌وه، عه‌لى نازناوى عه‌ریفى بۆ زیادبوو و هه‌موو به عه‌ریف عه‌لى بانگیان ده‌کرد. ڕوخسارى عه‌ریف عه‌لى، له دواى هه‌ر مۆڵه‌تێک سپى و سۆڵتر دیاربوو؛ به پێچه‌وانه‌ى هاوڕێکانى تریه‌وه که خۆره‌تاو کردبوونى به قه‌ترانى ڕه‌ش. خه‌ڵکى، ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر گومانیان له عه‌ریف عه‌لى په‌یدا ده‌کرد، چونکه قسه، هه‌ڵسووکه‌وته‌کانى و ڕوخساره سپییه‌که‌ى له‌گه‌ڵ بارودۆخى ئه‌و ڕۆژانه‌دا ناته‌با دیاربوو! پێش ئه‌وه‌ى په‌تى هه‌موو گومانه‌کان بڕه‌ونه‌وه، نهێنییه‌کانى عه‌لى وه‌ک ته‌په‌تۆر سه‌ر ئاو بکه‌ون، له یه‌که‌م ڕۆژى شکستى حکومه‌تى تیمه تایبه‌ته‌کان له به‌ره‌کانى جه‌نگدا، عه‌لى هاته به‌ر دوکانى حسێن و به هاوڕێکان و ده‌رودراوسێى ڕاگه‌یاند که، ئه‌وه‌ى له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌و کردوویه‌تى ته‌نیا به شێک بوو له تاکتیکی یارى چاوشارکێکه! ئه‌و، به درێژایى جه‌نگ نه‌چووبووه سه‌ربازى، ڕۆژانى پێنج شه‌ممان له ماڵى کاکییه‌وه که له قه‌راخ شار بوو، به جلى سه‌ربازى و به مۆڵه‌تێکى ته‌زویره‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ گه‌ڕه‌کى خۆیان، تاکو ڕۆژى شه‌ممه له ماڵ ده‌مایه‌وه، پاشان ده‌گه‌ڕایه‌وه ماڵى کاکى و ڕۆژه‌کانى تر‌ى هه‌فته‌ى له کونى ژووره‌وه له‌وێ به سه‌رده‌برد، هه‌ربۆیه تا ده‌هات ره‌نگ و ڕوخسارى له نه‌بوونى خۆردا سپی ده‌بووه‌وه. دواى دۆڕاندنى تیمه تایبه‌ته‌کان و سه‌رکه‌وتنى عه‌ریف عه‌لى له چاوشارکێکه‌دا بۆ یه‌که‌مین که‌ڕه‌ت، حسێنى دوکاندار پاره‌ى کۆلا و پسکیته‌که‌ى له موشته‌رییه براوه‌که‌ی خۆی نه‌ستاند!
|