١١\١١\٢٠١٣
چه‌مکی خێزان.

ئا:
تاڤگە سابیر
- بەشی یەکەم -
وه‌ک ئاشکرایه خێزان به‌شێکی بچووکی کۆمه‌ڵایه‌تییه و شانۆی کارلێک و
په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایتییه‌کانه و تێیدا تاکه که‌س له‌دایک ده‌بێ و
گه‌شه ده‌کا و پێده‌گا و ده‌بێته ئه‌ندامێکی سه‌ربه‌خۆی پشت به‌خۆ به‌ستوو
به هۆی خێزانه‌وه، تاکه که‌س رۆڵه کۆمه‌ڵایه‌تییە‌کان له ده‌ره‌وه‌ی
خێزان وه‌رده‌گرێ و فێریان ده‌بێ و به هۆیه‌وه رۆڵ و پله و پایه‌ی
لە کۆمه‌ڵگه‌دا بۆ ده‌ستنیشان ده‌کرێ.
به هۆی جیاوازیی دید و بۆچوونه‌کانی ئه‌و توێژه‌رانه‌ی له خێزانیان
کۆڵیوه‌ته‌وه تاکو ئێستا نه‌تواندراوە بە یەک جۆر پێناسەی خێزان بکرێ
بەڵکە بە چەندین چەمکی جۆراوجۆرەوە لێیدەڕوانن، لێره‌دا هه‌ندێکیان ده‌خه‌مه‌ڕوو:
١- چه‌مکی سێکسیی.
به پێی ئه‌م تێڕوانینه چه‌مکی خێزان بریتییه له په‌یوه‌ندییە
سێکسییەکانی نێوان ژن و پیاو، که ئه‌رکی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش نه‌وه‌خستنه‌وه
و گرنگییدانه به منداڵ.
٢- چه‌مکی هه‌ڵسوکه‌وت.
لەم گۆشه‌نیگایه‌وه خێزان به‌و چه‌شنە هەڵسوکەوتانەوە به‌ستراوه‌ته‌وه
که له پرۆسه‌ی هاوسەریی و په‌یوه‌ندییه‌کانی و هه‌ڵبژادنی هاوسه‌ر و
یاساکانی هاوسەریی و شوێنی ژن و گۆڕانکارییه‌کان.. به‌سه‌ر هاوسه‌ریی و
جیابوونه‌وه‌دا دێن، پێیان وایه ئەو چەشنە هەڵسوکەوتانە کاریگه‌ریی
راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر یەکەی خێزان هه‌یه.
٣- چه‌مکی کۆمه‌ڵایه‌تی.
له‌م روانگه‌یه‌وه خێزان بریتییه له یەکەیەکی کۆمه‌ڵایه‌تیی رێکخراو
و وابه‌سته به داب و نه‌ریت و یاساوه.. به‌و په‌یوه‌ندییه تایبه‌تییانه‌ش
جوداده‌کرێته‌وه که له نێوان به‌شدا بووان و پێکهێنه‌رانی ئه‌و یه‌که‌یه‌دایه
کە ژن و پیاو و منداڵ له خۆی ده‌گرێ، ئه‌گه‌ر خێزانه‌که‌ش گه‌وره بێ
ئەوە په‌یوه‌ندییه‌که خزمه‌کانیش ده‌گرێته‌وه.
٤- چه‌مکی پەیوەندیی.
ئەم چەمکە بریتییه له‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان ژن و پیاو که ره‌نگه
کورتخایەن بێ یان درێژه بکێشێ جا منداڵیان هه‌بێ یان نه‌یانبێ، خێزان
جودایە له هاوسەریی چونکه هاوسه‌ریی ئاڵۆزتزه له خێزان و په‌یوەستە
به داب و نه‌ریته‌کانی نێو کۆمه‌ڵه‌وه.. بەو پێیه هاوسه‌ریی واته
ئه‌و ره‌فتاره‌ی که په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و په‌یوه‌ستبوون
و وابه‌سته‌یی هه‌مبه‌ریی داده‌مه‌زرێنێ کە پێویسته له رووی شوێنەوە
دروست و شیاو بێ .
په‌ره‌سه‌ندنی مێژوویی خێزان:
بۆ ئەوه‌ی تێگەیشتنێکی پوخت و تەواومان هەبێ بۆ خێزان له کۆمه‌ڵی
هاوچه‌رخدا پێویسته بە کورتیی ئاماژه‌یه‌ک بە قۆناغ و په‌ره‌سه‌ندنه
مێژووییەکانی خێزان له کۆمه‌ڵگه‌ی یۆنانیی و رۆمانیی کۆندا بکەین:
١- خێزان له لای یۆنانییه کۆنه‌کان:
لەو کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا خێزان بە شێوه‌ی باوکسالاریی ده‌ناسرێته‌وه..
پیاو خاوه‌نی هێز و ده‌سه‌ڵات بووه و به‌سه‌ر ژن و رۆڵه‌کانیدا باڵاده‌ست
بووه، پیاو توانیویه‌تی رۆڵه‌کانی خۆی به تایبه‌تیی کیژەکانی له
هه‌موو شتێک بێبه‌ریی بکا.. بنه‌ماڵه و ره‌چه‌ڵه‌کێش تەنیا بۆ پیاو
بووه.
خێزان کوڕان و کیژانی له‌سه‌ر ئاکار و دین و په‌روه‌رده و فێرکردنی ئه‌رک
و مافه‌کان مه‌شق پێ کردووه و یه‌کسانیی له نێوان کیژان و کوڕاندا
تەنیا تا ته‌مه‌نی هەفت ساڵیی بووە.. له پاش ئه‌و ته‌مه‌نه کوڕان ده‌نێردرانه
به‌ر خوێندن بۆ فێربوونی زانست و هونه‌ر و سیاسه‌ت و بازرگانیی و مه‌شقی
سه‌ربازیی.. کیژانیش رێگەیان پێ نه‌ده‌درا له ماڵ بێنە ده‌ره‌وه و له
رووی په‌روه‌رده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌شق و راهێنانی مێشکه‌وه هیچ
گرنگییه‌کیان پێ نه‌ده‌درا.. تەنیا لە نێو ماڵەکانیاندا فێری هونه‌ره‌کانی
ماڵداریی ده‌کران، به‌و پێیه یه‌کسانیی و دادپه‌روه‌ریی له نێوان
کوڕان و کیژان به هیچ جۆرێک بوونی نه‌بووه و پیاده نه‌کراوه، له
کۆمه‌ڵی یۆنانییدا په‌یوه‌ندیی پیاو به که‌نیسه و ده‌وڵه‌ته‌وه به‌هێز
بووه و توانیویه‌تی ناڕه‌زایی له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی هاوسەرەکەی ده‌رببڕێ و
ماره‌ییه‌که‌ی وه‌ربگرێته‌وه.. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێژه‌ی
جودابوونه‌وه که‌م بووه.
ده‌کرێ بڵێین په‌ره‌گرتنی خێزان بەو شێوه‌یه له کۆمه‌ڵی یۆنانیی
کۆندا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هێزی بازووی پیاوان و لاوازیی ژنان له‌رووی
بایۆلۆژییه‌وه له به‌رامبه‌ر پیاواندا بۆیه ژن پله‌ی دووه‌م بووە له
دوای پیاو.
٢- خێزانی رۆمانیی کۆن:
خێزانی باوکسالاریی له رۆما له‌وپه‌ڕی گه‌شه و مه‌زنییدا بووه و
باوک خاوه‌نی هێزێکی گه‌وره بووه و مافی ئه‌وه‌ی هه‌بووه بڕیار له‌سه‌ر
چاره‌نووسی رۆڵه‌کانی بدا بە به‌خێوکردن یان به رزگابوون لێیان .
کیژان تا له ماڵی باوکیاندا بوونە له ژێر کۆنترۆڵی ته‌واوی باوکیاندا
بوونە.. پاشان که چوونه‌ته ماڵی مێردی خۆیان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته
گواستراوه‌ته‌وه بۆ مێرده‌کانیان، باوک له خێزانی رۆمانیی کۆندا پێشه‌وای
په‌روه‌رده‌یی و ئابووریی و دینیی بووه.. ئه‌و رێوشوێن و سرووت و رێز
و به‌پیرۆز راگرتنانه‌ی له نێوان ماڵدا پیاده‌ده‌کران باوک راسته‌وخۆ
سه‌رپه‌رشتیی ده‌کردن و منداڵه‌کانی له‌سه‌ر راده‌هێنان.
پێکهێنانی هاوسەریی له خێزانی رۆمانیی کۆندا بریتیی بووه له په‌یمانبه‌ستنی
کەسیی و به ره‌زامه‌ندیی باوکی هه‌ردوو لایه‌ن ئەنجام دراوە، به‌ڵام
کوڕ بۆی هه‌بووه ئه‌و هاوسه‌رییە هه‌ڵبۆه‌شێنێته‌وه (ئه‌گه‌ر به زه‌بری
هێزیش بووبێ هەر کردوویه‌تی) له‌کاتێکدا کە ئاره‌زووی له کیژێک نه‌بووه
که باوکی ویستویه‌تی بۆی بخوازێ، گه‌رچی خێزان پێکهێنان له‌سه‌ر بنه‌مای
هاوتایی و یه‌کسانیی کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌ردوو لایه‌ن بووه و ده‌بووایه
هه‌ردووکیان له یه‌ک ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تیدا بوونایه به‌ڵام پیاو هه‌ر
زوو ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر ژن‌دا دەسەپاند و پارێزگاریی ده‌سه‌ڵاتەکە‌ی
ده‌کرد.. تەنیا له‌و کاتانه‌دا ژن جێگای مێردی ده‌گرته‌وه و به ئه‌رکه‌کانی
پیاو هه‌ڵده‌ستا کە پیاو بۆ خزمەتی سەربازیی ماڵی جێدەهێشت، ئه‌گه‌ر له
نێوان که‌سوکاری ژن و مێردا - کوڕ و کیژ - یه‌کسانیی له رووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه
نه‌بووایه ئه‌وە منداڵه‌کانی ئه‌و جۆره خێزانانه مافی هاوڵاتیی و
میراتیان لێده‌سه‌ندرایه‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی هاوسه‌رییبوونه‌که‌شیان
یاسایی بووایه. خێزانی رۆمانیی رێگەی دابوو به جودابوونه‌وه‌ی ژن و
مێرد ئه‌گه‌ر هاوسه‌رییبوونه‌که‌یان ناحکومیی بووایه.. به‌ڵام پرۆسه‌ی
جودابوونەوە به شێوه‌یه‌کی گشتیی که‌متر رووی ده‌دا چونکه پێویستی
به‌وه ده‌کرد له ئاهه‌نگێکدا بە فەرمیی ئه‌نجام بدرایه که تێچوونه‌که‌ی
که‌متر نه‌بوو له ئاهه‌نگی هاوسه‌ریی.
له سه‌ده‌ی سێیه‌م و دووه‌می پێش زایندا گۆڕانکاریی به‌سه‌ر خێزانی
رۆمانییدا هاتووه به تایبه‌تیی له لای چینه باڵایەکان کە تێیدا
ژنان له هه‌ندێک کۆتوبه‌ند و وابە‌سته‌بوون رزگاریان بووه و هه‌ندێک
رۆڵیان وه‌رگرتووه.. که جاران تەنیا بۆ پیاوان بووه وەک خزمه‌تی سه‌ربازیی
و مافی بڕیاردەرکردن.. ئەم گۆڕانکارییانه‌ش بوونه هۆی باڵاده‌ستیی
ژنان به‌سه‌ر پیاواندا، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی کۆماری رۆمانیا گۆڕرا بۆ
ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانیا ئه‌م ره‌وشه‌ی خێزان وه‌ک خۆی نه‌مایه‌وه و
گۆڕانی به‌سه‌ردا هات.
کێشه‌ی جودابوونەوە له قۆناغه‌کانی ته‌مه‌نی رۆمانیادا بووە یه‌کێک
له دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان.. جودابوونەوە‌ی ژن و مێرد ببووە
کارێکی ئاسایی و ئاسان و به ئاره‌زووی هەر یه‌کێکیان جێبه‌جێ ده‌کرا
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر لایەکه‌ی به‌رامبه‌ر ئاره‌زووی دریژەدانی بە
هاوسەرییش هەبووایە.. بۆیه ژیانی هاوسەریی له نێوه‌ندی چینه
باڵایەکاندا شڵۆق بوو و داڕما.
خێزان له دید و بۆچوونی چه‌ند بیریارێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا:
هه‌ر له سه‌رده‌مە کۆنه‌کانه‌وه نووسه‌ر و بیریاران بایه‌خیان به
توێژینه‌وه‌ی خێزان و چاککردنی کاروباری خێزان داوە له رووی پێکهاتن
و ئه‌رک و ئه‌و کێشانه‌ی کە رووبه‌ڕووی دەبنەوە چونکه خێزان بچووکترین
و وردترین کۆئه‌ندامی کۆمه‌ڵە و ژیان و دروستیی کۆمه‌ڵ به‌نده به
ژیان و دروستیی خێزانه‌وه، به‌ڵام ئه‌و توێژینه‌وانه ئه‌زموونگه‌ریی
و شیکاریی نه‌بوون و زیاتر فه‌لسه‌فیی و کەسیی بوون و دوور بوون له
سۆسیۆلوژیای خێزانه‌وه، بۆ روونکردنه‌وه‌و ئاشنابوون به هزر و بیرۆکه‌کانیان
ئاماژه بە رای چه‌ند بیریارێک ده‌که‌ین:
ئه‌فلاتوون.
دید و بۆچوونه‌کانی ئه‌فلاتوون سه‌باره‌ت به خێزان زۆر توندڕه‌و و
رادیکالیی بووه و له پەرتووکی کۆماره‌که‌یدا هه‌ندێک را و بۆچوونی سه‌باره‌ت
به هاوسەریی و خێزان له کۆمه‌ڵە تۆتالیتارییه‌کان ده‌ربڕیووه و ده‌ڵێ:
بۆ باشکردنی وه‌چه‌خستنه‌وه پێویست ده‌کا ده‌سته‌یه‌ک له پیاوان و
ژنان هه‌ڵبژێرین تا ئاماده‌یان بکه‌ین بۆ گرتنه‌ده‌ستی فه‌رمانڕه‌وایی
یان ئه‌وه‌ی ناوی ناون چینی پاسه‌وان و ده‌بێ هاوسەرگیرییشیان له
رێگەی تیروپشک بێ و له رۆژه‌کانی پشوودا ئه‌نجام بدرێ، منداڵی ئه‌م
خێزانانه‌ش ده‌بێ له دایک و باوکیان جودا بکرێنه‌وه و بدرێن به
ده‌وڵه‌ت تا سه‌رپه‌رشتییان بکا و نابێ دایکان و باوکان منداڵه‌کانی
خۆیان بناسنه‌وه و منداڵه‌کانیش ئەوان بناسنه‌وه.
سه‌باره‌ت به چینی کرێکار ئه‌وانه‌ی منداڵی ناته‌واو و کەمئەندامیان ده‌بێ
پێویسته بخرێنه ئه‌ودیو ژیانی گشتییه‌وه و رێگەیان نه‌درێ زاوزێ بکه‌ن.
ئه‌فلاتون پێی وایه باشترین ته‌مه‌ن بۆ زاوزێی ژنان ده‌که‌وێتە نێوان
ساڵانی (٢٠ - ٤٠)ەوە بۆ پیاویش ده‌که‌وێته نێوان ساڵانی (٢٥ - ٥٥)ەوە..
له دوای ئه‌و دوو ماوەیەدا رێگە بە هەردوو لایان نه‌درێ چالاکیی
سێکسییان هه‌بێ چونکه به‌رهه‌مه‌کانی پیریی له رووی چاکیی و که‌ڵکه‌وه
ناگا به قۆناغی لاویی، شایانی باسه ئەم را و بۆچوونانه هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی
زانستی‌یان له پشته‌وه نییه تەنیا به‌رئه‌نجامی تێبینیی و ئه‌زموونی
تاکه که‌سیی ئه‌م فه‌یله‌سوفه‌یه و نابێ گشتاندنی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵی
مرۆڤایه‌تیدا بۆ بکرێ.
ئه‌رستۆ.
ئه‌رستۆ ره‌خنه‌ی له دید و بۆچوونەکانی ئەفلاتوون سه‌باره‌ت به خێزان
و هاوسه‌ریی گرتووه و پێی وایه ده‌وڵه‌ت به‌رپرسه له ڕێکخستنی ژیان
خێزانیی و پێویسته یاساناسان و دانه‌رانی یاسا ئه‌و سیستەمه رێکوپێک
بکه‌ن و ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ش ده‌ستنیشان بکه‌ن که ئه‌ندامه‌کانی
خێزان پێکەوە ده‌به‌ستێته‌وه سه‌ره‌ڕای په‌روه‌رده‌کردنی رۆڵه‌کانیان،
به لای ئه‌رستۆوه خێزان له منداڵ و کۆیله‌کان پێکدێ و سروشت خۆی ئه‌م
نێوەند و پله کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی دیاری کردووه و هه‌ندێکیانی به‌سه‌ر
هه‌ندێکی تردا باڵاده‌ست کردووه و هه‌ندێکی تریشی ملکه‌چ کردووه و
توانای مێشک و عه‌قڵیی بە هەندێکیان داوە و هێزی بازووشی بە هەندێکیان
به‌خشیوە بۆیه ده‌سته‌ی یه‌که‌م ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتدار و بڕیارده‌ر بن و
ده‌سته‌ی دووه‌میش ملکه‌چ بن.
به لای ئه‌رستۆوه باشترین ته‌مه‌نی گونجاو بۆ هاوسه‌ریی ژن ١٨ ساڵییە
و بۆ پیاویش ٣٧ ساڵییە چونکه له‌م ته‌مه‌نه‌دا هه‌ردوو لایان له
لووتکه‌ی چالاکیی مێشکیی و عەقڵیی دان، سه‌باره‌ت به وەچەخستەنەوەش ئه‌رستۆ
هانی ئه‌م دیارده‌یەی داوه به مه‌رجێک به سه‌رپه‌رشتیی ده‌وڵه‌ت بکرێ
و به پێی به‌رژه‌وه‌ندیی و ئامانجی ده‌وڵه‌ت ئه‌نجام بدرێ.
پێویسته باوک له لووتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا بێ و ژن و منداڵه‌کانیشی به
فرمانی ئه‌و بن چونکه ژن به‌راودکردن له‌گه‌ڵ پیاودا له زۆر لایه‌نه‌وه
ناته‌واوه و نابێ ئازادیی پێ بدرێ چونکه ئه‌رستۆ ده‌ڵێ له کۆمه‌ڵی
ئه‌سپارته‌دا ژن له راده‌ی خۆی زیاتر ئازادیی پێ درابوو ئه‌وه بوو ئه‌م
خاڵه بووه فاکته‌رێکی گرنگ بۆ داڕمانی کۆمه‌ڵایه‌تی لە کۆمەڵدا.
ئۆگست کانت.
پێویسته بگوترێ یه‌که‌م فه‌یله‌سوف بانگه‌شه‌ی جوداکردنه‌وه‌ی
سۆسیۆلوژیای له فه‌لسه‌فه کردووه.. سه‌باره‌ت به خێزان پێی وایه
یه‌که‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی راسته‌قینه‌یه بۆ راڤه‌کردنی ره‌فتاری تاکه
که‌س و به لایه‌وه عه‌قڵ تەنیا له باری کۆمه‌ڵایه‌تیبووندا گه‌شه
ده‌کا.. هەروا ده‌ڵێ هاوسه‌ریی یه‌کێتییه‌کی ئۆتۆماتیکیی نێوان هه‌ردوو
ره‌گه‌زه‌که‌یه و به‌رئه‌نجامی کارلێکی غه‌ریزه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاره‌زووه
سروشتییه‌دا که بوونه‌وه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی به‌هرەمه‌نده پێی. هاوسه‌ریی
ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای تاکیی ژن و پیاو پێکبێ چونکه هاوجووته له‌گه‌ڵ
سروشتی مرۆڤایه‌تیی ئاده‌میزاددا تاکو بونیاتی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز و
پته‌و بێ و دوابه‌دوای ئه‌ویش کۆمەڵگه به‌هێز و پته‌و بێ، بەو پێیە
ئه‌و زانایه به ته‌واویی دیارده‌ی جودابوونەوە ره‌ت ده‌کاته‌وه
چونکه به فاکته‌رێکی کاریگه‌ری داده‌نێ بۆ هه‌ڵۆه‌شاندن و له‌بار یه‌ک
ترازانی کۆمەڵ.
له په‌یوه‌ندیی نێوان ژن و پیاودا کانت
پێیوایه ده‌بێ ژن ملکه‌چی پیاو بێ، بەڵام ئه‌م ملکه‌چ بوونه نابێ
لایه‌نی هەست و سۆز بگرێته‌وه چونکه ژنان له رووی هاوبه‌شیی
ویژدانیی و هەست و سۆزەوە له پیاوان ناسکترن. کانت پێیوایه ئه‌رکه‌کانی
خێزان ئه‌رکێکی ئاکارییه چونکه یه‌کگرتنه‌که‌ی پیاو و ژن سروشتێکی
ئاکاریی هه‌یه بۆیه جه‌خت له‌سه‌ر هۆگریی و په‌یوه‌ندیی گیانیی نێوان
ئه‌ندامه‌کانی خێزان ده‌کاته‌وە.. ئه‌رکه‌که‌ش په‌روه‌رده‌ییه، که خۆی
له‌خۆیدا ئه‌رکێکی ئاکارییه و چاودێریی بکا و فێری زمان و ئاخاوتنی
بکا و ئاکاری جوانیی تێدا بچێنێ و به بنه‌ماکانی دین گۆشی بکا، ئه‌م
ئه‌رکانه به لای کانته‌وه لە ئه‌ستۆی دایک دان چونکه دایک نێوەندی
سۆز و ویژدانه و به‌رپرسه له گەشەپێکردنی منداڵ و پەروەردەکردنی له
رووی دینییەوه.
خێڵ و خێزان.
خێڵ له چه‌ند گرووپێک له خزم پێکدێ که ژماره‌ی ئه‌ندامه‌کانیان
دیاریکراوە و په‌یوه‌ندیی خوێن له نێوانیاندا هەیە کە به گه‌ڕانه‌وه
بۆ رابردوو دەستنیشان دەکرێ و پشت به‌و لق و پۆپه ره‌چه‌ڵه‌کییه
دەبەستێ که به بنه‌ماڵه‌یه‌کی هاوبه‌شه‌وه دەبەسترێنەوە. خێڵ
گرووپێک له خه‌ڵک له خۆده‌گرێ که له یه‌ک ره‌گه‌زه‌وه هاتوون و لە
رێگەی رەچەڵەکەوە به یه‌که‌وه په‌یوه‌ستن.
توێژه‌رێکی وه‌ک (مردۆک) ره‌چه‌ڵه‌ک به‌سه‌ر دوو پۆلی سه‌ره‌کییدا دابه‌ش
ده‌کا که بریتیین له:
١- گرووپی خزمان به هۆی شوێنی نیشته‌جێبوونیانەوە: ئه‌م گرووپه چه‌ند
خێزانێکی بچووکی شێوه جیاواز له‌خۆ ده‌گرێ سه‌ره‌ڕای خێزانی فره‌ژنیی
و خێزانی درێژکراوە.
٢- گرووپی خزمایه‌تی له رێی خوێنەوه: ئه‌م گرووپه‌ش ئه‌و خزمانه ده‌گرێته‌وه
که په‌یوه‌ندیی خۆێن پێکەوەیان دەبەستێتەوە.. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش ده‌گەڕێته‌وه
بۆ چه‌ند شێوه‌یه‌ک ره‌چه‌ڵه‌کی باوکایه‌تی و ره‌چه‌ڵه‌کی دایکایه‌تی
یان هه‌ردووکیان پێکەوە که پێیده‌گوترێ دووانه‌ی ره‌چه‌ڵه‌ک.
خێڵ له‌گه‌ڵ هۆزدا له‌و رووه‌وه جیاوازن که خێڵ چه‌ند گرووپێک له
خۆده‌گرێ و هه‌ر ئه‌ندامێکی ئه‌و گروو‌پانه له رووی مێژووییه‌وه
کاریگه‌ریی خۆی هەیە به ئه‌ندامێکی تره‌وه و ئه‌وه‌ش ده‌زانن که هه‌موویان
ده‌چنه‌وه سه‌ر یه‌ک باپیره‌ی هاوبه‌ش و زانراو له لای هه‌موویان، به‌ڵام
له هۆزدا به هۆی فراوانیی و گه‌وره‌ییه‌وه ئه‌سته‌مە له هه‌ندێک
باردا باپیره‌یان ده‌ستنیشان بکرێ.
هۆز.
هۆز له کۆمه‌ڵێک مرۆڤ پێکدێ که ره‌چه‌ڵه‌کێکی هاوبه‌ش (ره‌چە‌ڵه‌کی
دایکایه‌تی و ره‌چه‌ڵه‌کی باوکایه‌تی) پێکەوەیان گرێ دەدا.. هه‌ر ئه‌ندامێک
پێیوایە سه‌ر به‌و ره‌چه‌ڵه‌که‌یه واتە ئه‌ندامێتییان پشت به به‌ڵگه‌ی
سه‌لمێنه‌ر نابه‌ستێ بەڵکو زیاتر وابه‌سته‌بوونه به بڕوای خۆیانه‌وه
به‌وه‌ی که سه‌ر به‌و هۆزه‌ن ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی
هۆز.
سه‌رهه‌ڵدان و په‌یدابوونی هۆز به‌رئه‌نجامی ژیان بەسەربردن له ناوچه‌یه‌کی
جوگرافیی دیاریکراو و ملکەچبوونی خێزانە بۆ بنه‌مای یەکێتیی نیشته‌جێبوون
(دایکایه‌تی بێ یان باوکایه‌تی).. بوونی ره‌چه‌ڵه‌کی باوکایه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ بنه‌مای نیشته‌جێبوونی باوکایه‌تی، بەڵام ره‌چه‌ڵه‌کی دایکایه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ بنه‌مای نیشته‌جێبوونی کیژان له دوای شووکردنیان له‌گه‌ڵ گرووپه‌که‌ی
خۆیاندا و هاتنی کوڕان بۆ نێو گرووپه ده‌ره‌کییه‌کان و نیشته‌جێبوونیان
له‌گه‌ڵ که‌سوکاری ژنه‌کایاندا، بەم هۆیەوە ئه‌م نیشته‌جێبوون و
هاوسەرییە ده‌ره‌کییه هۆز و چه‌ندین خزمی تێدا تواوه‌ته‌وه که به
هاوبه‌شیی له‌گه‌ڵیاندا ژیاون گه‌رچی له بنه‌ڕه‌تدا له رووی ره‌چه‌ڵه‌که‌وه
ئه‌ندامی ئه‌و خێڵه نه‌بوون.
لە پێکهێنانی هۆزدا چه‌ند مه‌رجێک هه‌یه.
١- پراکتیزه‌کردنی رەچەڵەکیی (دایکایه‌تی یان باوکایه‌تی).
٢- نیشته‌جێبوونی ئه‌ندامه‌کان به شێوه‌یه‌کی هاوبه‌ش له رووی
جوگرافییه‌وه.
٣- بوونی هاوکاریی کۆمه‌ڵایه‌تی له نێوان خێزاندا.
ئه‌م فاکته‌رانه یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ پارێزگارییکردن له‌سەر
توندوتۆڵیی هۆز و په‌یوه‌ستبوونی تاکه‌کان به یه‌کتر و
لپێرسراوبوونیان به‌رامبه‌ر بە یه‌کتر، ئه‌م شێوازانه‌ی سیستەمی
خزمایه‌تی که باسکران وه‌ک خێڵ و هۆز له کۆمه‌ڵە سه‌ره‌تاییه‌کاندا
به تایبه‌تیی له گونده‌کاندا گرنگیی خۆیان هه‌یه و ته‌وه‌ری
رێکخستنی سیاسیی ئه‌و رێکخراوانه‌ن و جگه له‌وه‌ی هێمای تۆکمه‌یی و
هاوکاریی کۆمه‌ڵایه‌تین بۆ تاکه‌کانی ئه‌و دامه‌زراوانه به تایبه‌تیی
له به‌رامبه‌ر هێرشه ده‌ره‌کییه‌کان یان بۆ هه‌ره‌وه‌زی نێوان ئه‌ندامانی
خێڵ و هۆزه‌کان.
ماڵپەڕی تاڤگە سابیر
|