چەند کورتە
پێشبینییەک لەسەر
ئەنجامەکانی
هەڵبژاردنی کوردستان و چارەنووسی ینک.
عەلی مەحموود محەمەد
بە پێی بۆچونی زۆربەی چاودێران هەڵبژاردنی ئەمجارەی کوردستان ،
هەڵبژاردنێکی گەرم و گوڕ و بانگەشەیەکی دەست نەپارێز دەبێت ، نەخشەیەکی
سیاسی نوێ لە کوردستان دەهێنێتە پێشەوە ، پارسەنگی هێزەکان دەگۆڕین و
پارلەمانی دوای 25-7 ، پەرلەمانەکەی ئێستا نابێت ، لیستی جیاجیا بە
دەنگی خۆیان نەک بە سواری هاوپەیمانیەتی کوردستانی دەچنە پارلەمانەوە ،
بە دوایدا ژیانی سیاسی لە کوردستانیش دەگۆڕێت ، بزاڤی سیاسی لە قۆناغی
مت بوون دەردەهێنێت ، بە دوای ئەو مێژوەوە بۆ هەمووان دەردەکەوێت ئەوەی
لە کوردستان تا ئێستا بووە دیموکراسیەتییەکی درۆینە بووە .
هەندێک پێیان وایە گۆڕانکارییەکان ڕیشەیی دەبێت ، بڕێکیش پێیان وایە
کەم دەبێت ، زۆربەش لەگەڵ ئەوە تەبان کە لیستی کوردستانی جارێکی دیکەش
بۆ 4 ساڵی داهاتوو سەری حکوومەتی کوردستانیان بە دەستەوە دەبێت ، وەلێ
کۆنترۆڵی کۆمەڵگا و دوورینەوەی دەمەکانی بۆ هەتا هەتایە لە دەست دەدات.
گۆڕان بە چ ئەندازەیەک.
مەبەست لە گۆڕان لای من گۆڕان لە نەخشەی سیاسییە ، نەک گۆڕان بە مانا
کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگییەکەی ،چونکە پێشبینی ئەوە ناکرێت لە
ماوەی نزیکی ئایندە گۆڕانی ڕیشەیی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی
بەدی بێت ، سەبارەت بەگۆڕانی سیاسیش مەبەست لە هاوکێشە سیاسیییەکانە
ئەوا گۆڕانێکی ڕێژەیی دەبێت لە دوو لاوە خۆی دەبینێتەوە :
- هێزەکانی ناو پارلەمان
لە بری دوو لیست وەک لە هەڵبژاردنی پێشوو ڕویدا ، ئەمجارە چەند لیست
ئامادە دەبن ، پێشبینییەکان بەم شێوەیە دەبن :
- لیستی گۆڕان کە پێشتریش لە پارلەمان هەبوون هەر لە ژێر چەتری لیستی
هاوپەیمانییەتی کوردستانی بە پێی وتەکان 13 کورسیان هەبووە ، ئەمجارە
ئەو ژمارەیە یان هەندێک زیاترەوە دەهێننەوە وەک لیستێکی سەربەخۆ
کاردەکەن ، ئەم لیستە بە حوکمی ئەوەی پێیەکیان لەناو دەسەڵاتدا ماوە و
متمانەیان بە خۆیان هەیە وەک لیستێکی بزێو مامەڵە دەکەن ، دەست لە هیچ
ناپارێزن ، بە ناچاری دەسەڵات وا لێدەکەن خۆیان بگۆڕن.
- چوار حیزبەکە کە پێشتر 17 کورسییان هەبوو ، ڕۆڵی سیاسییان کارا تر
دەبێت ، وەلێ بە کۆمەڵێک هۆوە ژمارەیەک کەمتر کورسی دەهێننەوە
گرنگترینیان بریتین لە :
- جاری پێشوو یەکیان لەناو هاوپەیمانیەتی کوردستانی دەنگەکەی مسۆگەر
بوو ، ئەوەی دیکەش لە دەرەوە زۆرێک لە ئەندامانی لایەنەکەی ناو
هاوپەیمانییەتی دەنگیان پێیدا ، بەمەش ژمارەی خۆیان زیاتر دەنگیان بە
دەست هێنا .
- بوونی بزووتنەوەی ئیسلامی وەک لیستی ئیسلامی ژمارەیەک لە دەنگدەرانی
دوولایەنە ئیسلامییەکە کە بۆ خۆیان ڕادەکێشێت ، بزووتنەوەی ئیسلامی بە
براوەیی دەردەچێتە دەرەوە ، ژمارەیەک کورسی بە دەست دەهێنێت ، بوونی
کاکە حەمە و کاک قادر عەزیز لە ناو ئەو هاوپەیمانییەتیە ژمارەیەک لە
ئیسلامی مولتەزم دوور دەخاتەوە لە دەنگدان بۆ ئەو لیستە .
- هاوکات لەناو لایەنگرانی سۆسیالست و زەحمەتکێشانیش هەمان سیناریۆ
دووبارە دەبێتەوە .
- ئیسلامییەکان ئەم باجە بە چەند هۆیەکەوە دەدەن ،گرنگترینیان بریتین
لە :
- خۆیان لە ژێر جامانەکەی کاکە حەمە بشارنەوە ، بۆ ئەوەی لە لایەن
دەسەڵاتداران و ئامەریکاوە پەلامار نەدرێن ، لە 10 کورسی یەکەم سێیان
بۆ سۆسیالست وزەحمەتکێشانە .
- ڕۆڵی ئێران لە نزیککردنەوەیان ، لای ئێران کاکە حەمەیەکی نا ئیسلامی
لە پێشترە لە ئیسلامییەکی سیاسی سوونی .
- وەفادارییەک بۆ هاوپەیمانییەتی چوار قۆڵی ، بەمەش ئیسلامییەکان
سەلماندیان وەفادارن لە هاوپەیمانییەتی .
- چەپەکان "ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی " کە پێشتر 4 کورسیان لە
پارلەمان هەبوو ، ئەمجارە بۆ (2 - 3 ) دادەبەزێت .
- ینک و پدک وەک پارتی گەورە دەمێننەوە ، حکومەت لەگەڵ
هاوپەیمانەکانیان لە دەرەوەی خۆیان پێک دەهێنن ،بەهۆی بوونی لیستی
جۆراو جۆر و 11 کورسی کەمە نەتەوایەتییەکان ، کە ئەو کوورسیانە بەشێکی
زۆریان گرنتی ئەوانن ، بێکێشە و بە زۆرینەی ڕەهاوە حکوومەت پێک
دەهێننەوە ، بەڵام :
- گۆڕان لە هەژانی دەسەڵاتیانەوە دەستی پێکرد ، لەم هەڵبژاردنەیا بۆیان
دەرکەوت چارەنووسیان نادیارە ، بۆیە دوای هەڵبژاردن هەموو هەوڵەکانیان
دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی مسباقییەت بگەڕێننەوە،ئەگەری ئەوەش بەهێزە لەسەر
دانانی بەرهەم ساڵەح ڕێک بکەون ، بە قازانجی مانەوەیان گۆڕان بکەن .
- ئەو کێشانەی مایەی چارەسەرن وەک شەفافییەت و کۆنتراکت و دابەشکردنی
دەسەڵات و بودجەی پارتەکان و ... هەوڵی چارەسەرکدنی دەدەن ، ئەوانەشی
وەک چارەنووسی بێسەروشوێنان و قوربانیانی شەڕی ناوخۆیی و تاوانکاران و
..... وەک خاڵی ئیحراجی هەر دەمێنێتەوە .
- پێش هەڵبژاردن هەردوو پارت وا نیشان دەدەن کە ڕێککەوتنامەکەیان
هاوتایە وەک دوو لایەنی بەرامبەر ، وەلێ دوای هەڵبژاردن بە پێی ژمارەی
کورسییەکانی لیستی گۆڕان باڵی تاڵەبانی حیسابی کەمتری بۆ دەکرێت لە
هاوپەیمانییەتیەکە ، چەندە باڵی گۆڕان کورسی زیاتر بهێنێتەوە ئەوەندە
لاکەی دیکەی ینک کێشی لە هاوکێشە سیاسیەکان دێتە خوارەوە، هەرچەندە ینک
"باڵی تاڵەبانی " و پدک لێرە بەولاوە تا مەودایەکی زۆر چارەنووس و
بەرژەوەندییەکانیان پێکەوە گرێدراوە ، پارتیش بەهۆی ئەوەی تاڵەبانی
باجی تەنازولات بۆ ئەو دەدات ، لە بەشی خۆی زیاتری دەداتێ .
- بردنەوەی باڵی گۆڕان لە پارێزگایەک وەک سلێمانی ، دیسانەوە
بومەلەرزەیەک سیاسی دێنێتە ئاراوە ، لە یادمان نەچێت ئیسلامییەکان
ئەگەر ژمارەی دەنگی زیاتریش بهێننەوە ، بەڵام لەبەر ئەوەی ناتوانن
زۆرینە لە پارێزگایەک بە دەست بهێنن ، وەک هێزێکی ناوچەیی دەردەکەون و
هێزەکانیان پەرتە " ئەگەر بە هەمووەوە لە پوازی هەڵەبجە ، سەید سادق ،
عەرەبەت ، خورماڵ ، سیروان ببنە هێزی یەکەم ئەوە شتێکی یکەیە "، وەک
لیستی گۆڕان مەترسییان نابێت بۆ سەر دەسەڵات ، بردنەوەی لیستی گۆڕان لە
پارێزگایەکی وەک سلێمانی تەواوی هەرێم دەکەوێتە ژێر ڕەحمەتیانەوە ،
هاوکات بە ئیدارەی سەربەخۆ دەتوانن نموونەیەکی دەسەڵاتدارییەتی جیا
پێشکەش بکەن " ئەمەش بەهۆی بوونی قەزاو ناحییەکان زەحمەتە ، هاوکات
ئیسلامییەکانیش لە کۆتاییدا بۆ لای دەسەڵات با دەدەنەوە "، هەرچەندە
بەرەی گۆڕان لەگەڵ باڵی تاڵەبانی دەموچاوەکان زۆربەیان کۆپی یەکترن و
شەریکە بەشی ناشرینییەکان دەسەڵاتن ، هەرچی بۆ لیستی گۆڕانە ئەگەر
خەڵکانی دیکەش بن لە دەرەوەی خۆیان ، ئەوا تاڵەبانیش هانای بۆ زۆر لە
دەموچاوی دەرەوەی پارتەکەی بردووە و کەسانێکی هێناوە لەبەرچاو جەماوەر
ناشرین نین.
ینک چی بەسەر دێت.
هەڵبژاردن دووا شەڕی هەردوو بەرەیە ، باڵی تاڵەبانی ناتوانن لیستی
کوردستانی بکەنە سەنگەری شاردنەوەی هێزیان ، هێزی ئەوان تەنها لەبێهێزی
ڕەقیبەکەیانەوە دەردەکەوێت کە لیستی گۆڕانە ، چەندە لیستی گۆڕان ژمارەی
کورسی زیاتر بهێنێتەوە ئەوەندە کێرڤی باڵەکەی دیکە لە هاوکێشە
سیاسیەکان دێتە خوارەوە ، دوای هەڵبژاردن هەق و حیسابەکەی لەگەڵدا
دەکرێت .
هەڵگرتنی هەق و حیساب بۆ دوای هەڵبژاردن لە لایەن پارتییەوە ،
تەسەڕوفاتێکی زیرەکانەیە ، ئەوان لەوە گەیشتوونە تازە ینک ناتوانێت
منافسی ئەوان بێت ، بە هەڵگرتنی هەق و حیساب بۆ دوای هەڵبژاردن
پشتیوانی باڵی تاڵەبانی دەکەن لە ململانێ لە گەڵ باڵی نەوشیروان .
لە ئێستاوە هەنگاوەکانی ئینشقاق دەستی پێکردووە ، هەنگاوی یەکەم بە
پاکسازی سەرانی لایەنەکەی دیکە ، بڕینی موچە و لێسەندنەوەی ئیمتیازات
......، بەستنی پلۆنۆم کۆتایی بە یەکێتی ناو یەکێتی دێنێت ، لەو کاتەوە
ئیتر پەیوەندی تەنزیمی ئەو دوو لایەنە دەقرتێت و کۆتایی پێدێت .
کە هەردوولا وەک دوولایەن دەردەکەون ، ئیتر وەک هەر پارتێکی سیاسی هەر
لایەک گیرۆدە دەبێتەوە بە کێشمەکێشی نوێوە ، بە تایبەت باڵەکەی
نەوشیروان کە توێژی خوێنەواران و یاخی و سەرکێشەکانن ، زووتر گیرۆدەی
کێشەی ناوخۆیی و ململانێ دەبنەوە ، ئەگەر هانا بەرنەوە بۆ ناوی کۆمەڵە
و ڕەمزە چەپگەرەکانی وەک ئارام و خاڵە شهاب ، ئەوا لە داهاتوو فراکسۆنی
فکری جیاجیاش لە ڕیزەکانی سەر هەڵەداتەوە .
بەڵام ئایا چارەنووسی ئەم باڵەش بە چارەنووسی ئاڵای شۆڕش ناگات ؟، ئەمە
ئەو پرسیارەیە نەخشە و پلانی ئەم بەرەیە لە داهاتوو دیاریدەکات لە
ئێستاوە زووە وەڵام بدرێتەوە ، تاڵەبانیش ئەوەندە تەمەنی نەماوە بەڕەکە
لە ژێر پێی ئەمانیش وەک بزووتنەوەی سۆسیالست و ئاش دەربێنێتەوە،
بەهەمان شێوەش باڵەکەی دیکەش بە زویی کۆمەڵێک کەسایەتی دیار بەرهەم
نەهێنێت کاک نەوشیروانیش زۆری پێ نەماوەو تەمەن لە قازانجی نییە .
لەم کێشمە کێشە یەکێتی زیاتر وەک دووباڵ خۆی نیشان دا ، کۆسرەت ڕەسوڵ
هەرچەندە درووستکەرەوەی ینکە لە دوای 31ی ئاب ، بەڵام نەیتوانی
سەربەخۆیی باڵەکەی بپارێزێت و مانۆڕی گونجاو لە ناو کێشمە کێشەکان بکات
، داخوازەکانی ئەو زیاتر خزمەتگوزاری و ئیمتیازاتن نەک سیاسی ، هاوکات
سیاسەت و پراتیک و جەماوەری ئەو لەگەڵ باڵەکەی تاڵەبانی یەکدەگرێتەوە ،
بۆیە زیزبوونەکانی کاتی دەبێت هەر دەبێت لەگەڵ مامی خۆی سیاسەت دەست
پێبکاتەوە .
تاڵەبانی ئەزموونێکی گەورەی لەم تەنگژەیەی ئەمجارە کە تەواوی ژیانی
سیاسی خستە ژێر پرسیارەوە وەرگرت ، بۆیە ئەوەی لەم میحنەتەیا لەگەڵیا
مانەوە هەموو شتێکیان بۆ دەکات ، بەدوای دەرچونێکی سەربەرزانەدا
دەگەڕێت ، لێ دوای تاڵەبانییش کێشمەکێشەکان لەناو ینک بەردەوام دەبێت ،
ئەوانەی ماون جگە لە تاڵەبانی کەسیان بەرگەی باڵەکەی دی ناگرن .
|