به‌ناوی کوردستانی گه‌وره
چه‌ند وشه‌یه‌ک ، پێشکه‌ش به مێدیا کوردیه‌کان :
ح.س.سۆران
کورد کوته‌نی ، پێشکه‌ش کردنی ئه‌م نووسراوه‌یه به به‌رپرسان و ده‌ست وپێوه‌دنی بیرمه‌ند ( بیر+مه‌ند) و زانای میدیا کوردیه کان ، وه‌ک ئه‌مه وایه ترێ ره‌شه به دیاری به‌رم بۆ ناوچه‌ی ئالانی سه‌رده‌شت ، مازو بۆ ده‌ڤه‌ری بانه یا به‌رو بۆ باژێڕی ئیلام . به‌ڵام هه‌رچۆن بێ ، تکا ده‌که‌م سووکه سه‌رنجێکی بده‌نێ و ئه‌گه‌ر به خشلی په‌سه‌ندیان رازاوه ، له‌مه‌و دوا له بابه‌ته‌کاندا له‌به‌ر چاوی بگرن ، ئه‌گه‌ر نا ، خۆێ لێ ببوێرن و بیخه‌نه لاوه : 1- له جێگه‌ی وشه‌ی " دێکومێنت " ، وشه‌ی "به‌ڵگه "به کار به‌رین ،که وشه‌یه‌کی ره‌سه‌نی کوردیه . Document وشه‌یه‌کی ئینگلیسیه و به‌م چه‌شنه‌ش ده‌رده‌بڕرێ " دۆکیومێنت " . 2- له باتی " چه‌ند رۆژ پێش " ، "چه‌ند رۆژی داهاتو" به‌کار به‌رین . چون" پێش "به مانای "پێشتره " نه‌ک " دواتر" . چه‌ند رۆژ پێش واته چه‌ند رۆژی رابوردو . 3- له باتی وشه‌ی " ئایه‌نده " ، وشه‌ی " داهاتو " به‌کار به‌رین . 4- بۆوێنه له باتی ئه‌وه‌ی بڵێین " پردێک له سه‌ر سیروان دروست ده‌کرێ " ؛ بڵێین " پردێک له سه‌ر سیروان دروست کرا " . چون ئه‌و کاره ته‌واو بوه ، ئه‌گه‌ر بڵێین دروست ده‌کرێ ، واته له داهاتو دا دروست ده‌کرێ . 5- له باتی ئه‌وه‌ی بڵێین " داوای لێبووردنی کرد " ، بڵێین " داوای چاوپۆشی کرد " . 6- ئه‌گه‌ر شتێک به پیتی لاتین ، له خوار شاشه‌ی تێلێڤیزۆنه‌که‌وه ده‌نووسین ، به پێی یاسای رێنووسی لاتینی زمانی کوردی بینووسین ، نه‌ک به ره‌مه‌کی و به ویستی خۆمان . 7- له باتی " سه‌نته‌ر " بلێین " نێوه‌ند " . سه‌نته‌ر وشه‌یه‌کی فه‌رنگی عاره‌بێندراوه . 8- نه‌ڵێین زمانی کرمانجی ، سۆرانی ، گۆرانی و ... . ئه‌وانه زاره‌وه‌ی سه‌ره‌کی زمانی کوردین . به‌ڵام بۆ وێنه بڵێین " زاراوه‌ی کرمانجی زمانی کوردی " و هتد . 9- بۆ هه‌ر شتێک ، وشه‌یه‌کی ره‌سه‌نی کوردیمان به‌هه‌ر زاراوه‌یه‌ک هه‌بێ ، له به‌کار بردنی وشه‌ی عاره‌بی ، تورکی ، فارسی ، فه‌ڕه‌نگی و ... خۆ بپارێزین . تا بتوانین زمانی کوردی ، قاڵ و بژار بکه‌ین . 10- له باتی " کولتور " بڵێین " فه‌رهه‌نگ " ، کولتور وشه‌یه‌کی فه‌ڕه‌نگیه . 11- ڵه باتی " دۆسیه " ، بڵێین " په‌ڕوه‌نده " ، دۆسیه وشه‌یه‌کی فه‌ڕه‌نگیه . 12- بۆ وێنه نه‌ڵێین " گۆرانیه‌کمان پێشکه‌ش بکه " ، بڵێین "گۆرانیه‌کمان بۆ بڵێ " . پێشکه‌ش کردن واته ( ته‌قدیم کردن ) ، که جوان نیه مرۆڤ بڵێ فڵانه شتم پێشکه‌ش بکه، وه‌ک ئه‌وه وایه بڵێی " قسه‌یه‌کم عه‌رز بکه ) .
به هیوام ئه‌م پێشنیارانه ، وه‌ک خزمه‌تێکی بچووک له پێناو پیتاندنی ( غه‌نی سازی) زمانی کوردی دا ،له خزمه‌تگوزاری چکۆله‌ی خۆتان وه‌ر بگرن .
تێبینی: ئه‌م پێشنیارانه‌م له سه‌ر بڕێک له‌و بابه‌تانه نووسیوه ، که هێندێک جار ، که‌وتوڕه‌وتو به ده‌گمه‌ن له هێندێک مێدیا دا ، دیومن . پێشنیارێکی گشتیه و مه‌به‌ستم له هیچ مێدیایه‌کی تایبه‌ت نیه . ماندوونه‌بینی له هه‌مووشیان ده‌که‌م .
تاران 11/11/ 2708 soransa@hotmail.com
|