چەند خونچەشعرێکی بێناونیشان .
کهژاڵ ئیبراهیم خدر 1 تۆ چەند خۆت دووردەخەیتەوە زیاتر هەست دەکەم نزیکیت پەنجەکانم هەمووی پڕن لەبۆنی تۆ روومەتەکانم لە رەنگت چاوەکانم پڕ لە نیگات قژم لەبۆنی سەر سنگت
2 تۆ هەندێ جار پایزیت و هەندێ جاریش وەرزی بەهار کەوون دەبی خەزان لە باڵام دادەکاو کە ئەتبینم ژیانم پڕ دەبێ لەگوڵزار
3 کاتێک لە عشقمدا دەتوێیتەوە لە پیاوێکی سەرخۆش دەچی سەرخۆشی عەشق نەوەکوو مەی
4 بەدەست من بێت هەرچی جوانی دنیا هەیە لە نێو باڵای تۆدا کۆی دەکەمەوە تا ئەو وێنەیە بنەخشێنم کە پێم ووتی لە تێڕوانیننی چاوی مندا لەهەموو جوانیەکان جوانتری
5 ووتت شۆڕێ بەو بەرگە شلوشۆڕەوە کتومت لەتاوس دەچی منیش دوێنێ لەباخچەی ئاژەڵاندا تاوسێکی جوانکیلەم دی لەسەر قسەی تۆ باڵەکانیم وەکوو خۆم هاتە بەرچاوم گەردنە بەرزو شینەکەش وەک گەردنی تۆ ؟
6 گەر نەمتوانی وەک عاشقێک پێناسەت بکەم لێم ببورە، من بەرلەوەی تۆ بناسم لە ئەهلی ئەو ژنە فریشتانە بووم وانەی عەشقیان نەخوێند بوو
7 تۆ زۆر لە گوڵی نێرگز دەچی لە هەموو گوڵەکان جوانترو لە هەمووشیان بۆن خۆشتری
8 ئەگەر ویستت خوازبێنم کەیت بەدایکم بڵێ بیانووی پشتێنت پێ نەگرێ من هەردوو قۆڵی تۆم بەسە بۆکەمەرم
9 کە چاوەکانم لە تێڕوانینی چاوانتا دەتوێتەوە لێوەکانم نوقڵانەی خۆشەویستی دەبەخشنە هەموو دڵدارانی جیهان
10 دوو کڵۆ خەڵوز بێنەو بەدەستوری کوردەواری لەسەر سەرم بیکوژێنەوە با ترسی خۆشەویستی تۆم لەدڵ دەرچێ و بتگرمە ئامێزمەوە .
|