په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١١\٢٠١٣

چه‌رده‌یه‌ک له‌ باره‌ى فێمینیزم و جۆره‌کانى.


و: ھەتاو عەبدوڵاھی


وشەی فێمێنیزم بۆ یەکەمجار لەلایەن "چارلز فوریە"، کەسایەتی سۆسیالیستی سەدەی نۆزدە بۆ بەرگری لەمافی ژنان بەکارهێنرا. لەسەرەتای سەدەی بیستەمی زایینی و لە سەروبەندی شەپۆلی یەکەمی فێمێنیزم ‌و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان، کۆمەڵێکی بەرچاو لە ژنان خۆیان وەک فێمێنیسم پێناسە کرد.

وشەکە بەدەستپێکی دەیەکانی ٦٠‌ و ٧٠ی زایینی و پەرەگرتنی شەپۆلی دووهەم، جێگەی خۆی لە نێو ئەدەبیات، سیاسەت، هونەر، مێژوو، ئابووری و ماف‌و مرۆڤناسی و کۆمەڵناسی کردەوه ‌‌و بەمشێوە فێمێنیسم لەهەوڵی رەخنەگرتن لەهەموو بیرۆکەکاندا بوو.

له ‌وەڵام بەپرسیارێک سەبارەت بەچۆنیەتی فێمێنیسم، وەڵامێکی گشتی نەدراوەتەوە. گروپێک ئەم چەمکە بەبزوتنەوەیەکی رێکخراو بۆ بەدەستهێنانی مافی ژنان پێناسە دەکەن ‌و گروپێکی دیکەش ئەمە به ‌رێکارێک دەزانن بۆ دەربازبوون لەژێردەستەیی، ستەم، نابەرابەری و بێعەدالەتی دژی ژنان‌و گروپێکیش بەئایدۆلۆژیەکی دەبینن، کە مەبەستی نەک تەنیا بەرابەری ژن‌ و پیاو، بەڵکو تێکشکانی سەرجەم سیستمی کۆمەڵایەتییە.

سەرەڕای ئەم خوێندنەوە جۆراوجۆرانە، فێمێنیستەکان هەموویان لەسەر ئەو باوەڕەن، کە ژنان بەهۆی رەگەزبوونیانەوە دەچەوسێنەوە. ئەو پێناسانەی کە فێمێنیستەکان بۆ ئەم رێبازە دایانڕشتووە، لەژێر کاریگەری راهێنان، ئایدۆلۆژی یان چینەکان دامەزراوە.

فێمێنیستە لیبراڵەکان تەئکید لەسەر پێویستی یەکسانی لەئاستی گشتی دەکەنەوە، فێمێنیستە مارکسیستەکان سیستمی سەرمایەداری بەهۆکاری سەرەکی هەڵاواردنی رەگەزی دەزانن.

فێمێنیستە رادیکاڵەکان، خەڵکسالاری لەئاستی گشتی و تایبەتی دەخەنە ژێر پرسیار‌و کەڵک لەڕوانگەی دەروونناسانە بۆ لێکۆڵینەوە لەبابەت نابەرابەرییەکان وەردەگرن‌ و هەر بەم هۆیەوە فێمێنیستە سۆسیالیستەکان خەڵکسالاری و سەرمایەداری دەدەنە بەر رەخنە‌و هاوکاتیش رێکارەکان پێشنیاز دەکەن.

فێمێنیستی لیبڕاڵ.


فێمێنستی لیبڕاڵ یەکێک لەناسراوترین بۆچوونەکانی ئەندێشەی فێمێنیستیه،‌ کە روخسارێکی هێمنانە‌و فەرمی لەفێمێنیسم نیشاندەدات‌ و پێداگری لەسەر پێگەی ژنان بەگوێرەی:
١. مافی یەکسانی.
٢. ئاستەنگەکانی بەردەم بەشداری ژنان لەئاستی گشتی، کە لەسەرەوەی بنەماڵە‌و ماڵدارییە، دەکات.

زۆربەی نووسینەکان لەمەڕ کاری ژنان، یەکسانی ژن‌و پیاو لەئاستی بنەماڵە‌و پێویستی راهێنان بەبێ جیاوازی بۆ منداڵان بەشێوەیەکە بتوانن لەگەورە ساڵیدا رۆڵێکی شیاو بەپێی رەگەزی خۆیان بنوێنن، رازی دەبن.

بەبڕوای فێمێنیستە لیبراڵەکان، سیستمی لیبڕالیستی بەکەڵک وەرگرتن لەناوەندەکان‌ و مافی دیاریکراوی یاسایی، زیاتر لەهەر کۆمەڵگەیەکی دیکە ئیزنی ئازادی و بەرابەری تاکەکەس دەدات، بەڵام تەنانەت لێرەشدا بواری یەکسانی، لەگەڵ رەگەزپەر‌ستی و هەڵاواردنی جنسی خەوشدار دەبێت.

هەڵاواردنی جنسی لەوانە رەگەزپەر‌ستی مرۆڤەکان لەچوارچێوەی کەسایەتیەکی هێمن، بەندیکراوو کۆمەڵگە لەپێشکەوتنەکان بێبەش دەکات، لەبەرئەوەی، کە ژنان بەکەم چاو لێدەکرێن، پێش بەگەورەترین گەشەکردنە کولتووریەکان دەگیردرێت.

لیبراڵەکان لەسەر ئەو باوەڕەن، کە زۆربەی ئینسانەکان شیاوی راهێنان‌و پەروەردەن بۆئەوەی تێگەیشتنێکی قووڵیان لەپەیوەندییە هەڵاواردنەکانی کۆمەڵگە ببێت.

بەرنامەی فێمێنیستە لیبراڵەکان بۆ نەهێشتنی نا یەکسانی جنسی بریتین لە:
١. کۆکردنەوەی هەموو ئەو ئیمکاناتە سیاسی و یاساییەی، کە بۆ گۆڕانی ئەم دۆخە لەبەر دەستدایە.
٢. دابینکردنی بواری یەکسانی ئابووریی.
٣. چاکسازی ناوەندەکانی، بنەماڵە، قوتابخانە، راگەیاندنە گشتیەکان ‌و بەگشتی راوەستانی فێمێنیستی لیبراڵ لەسەر چاکسازی لەکۆمەڵگە، نەک ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە.

فێمێنیسمی مارکسیستی.


روانگە‌و چوارچێوەی بیری فێمێنیسمی مارکسیستی هەڵقوڵاوی بۆچوونەکانی مارکس‌ و ئینگڵسە. کتێبی سەرچاوەی بنەماڵە، خاوەندارێتی تایبەت‌و دەوڵەت ئینگڵس، سەرچاوەی کلاسیکی فێمێنیستە مارکسیستەکانە.

بەشێک لەداهێنانەکانی چەمکی مرۆڤناسانەی ئەم مەسەلە بەپێی بۆچوونەکانی "مۆرگان" داڕێژراوە. کەسانێک وەک "ئاگۆست ببل"، "کلارا زدکین"، "ئەلکساندر کۆلنتای"، "ئیولین رید‌" و "لیز واگل" بەخاوەنانی سەرەکی فێمێنیسمی مارکسیستی دێنە ئەژمار.

ئەم روانگە لەئەندێشەی فێمێنیستی بە گوێرەی نموونەی‌ لێکدانەوەی مارکسیستی دەپرژێتە سەر دۆخ ‌و ستەمەکانی سەر ژنان‌ و پاش ئەوە روونی دەکاتەوه،‌ کە بۆ گۆڕانی ئەم دۆخە بە چ شێوەیەک دەبێ خەبات بکرێت.

ئەوانەی بڕوایان بەفێمێنیستی مارکسیستی هەیە لەسەر ئەوە کۆکن کە بنەمای ئەو ستەمەی، کە بەسەر ژنانەوەیە، بەرهەمی خاوەندارێتی تایبەتی و دابەشکردنی کاری جینسیەتی و لەکۆتاییشدا سیستمی بنەماڵەی پیاوسالارە.

لەلایەکی دیکەوە، سیستمی سەرمایەداری بەهۆکاری سەرەکی دووبارەبوونەوەی ئەم نایەکسانییە دەزانێت. بەجۆرێکی دیکە، دوژمنی سەرەکی فێمێنیستە مارکسیستەکان بۆ ئاڵوگۆڕی دۆخی ئێستا‌ و کۆتاییهێنان به نایەکسانی رەگەزی، هەوڵدان بۆ بەئەنجام گەیشتنی شۆڕشی سۆسیالیستی و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستیە، کە تێیدا بارودۆخی ژنان‌ و پیاوان بەرابەر دەبێت.

بەمشێوە بزوتنەوەی فێمێنیستی دەبێت تەئکید لەسەر ژنانی کرێکار بکاتەوە‌و خەباتی سەرەکی خۆی بەخەباتی چینایەتیەوە گرێ بدات. ئاستی کردەوەی فێمێنیستە مارکسیستەکان شوێنە گشتیەکانە ‌و زۆرتر بایەخ بەمەسەلەی چینە بندەستەکانی کۆمەڵگە دەدات.

فێمێنیستە مارکسیستەکان لەهەوڵی ئەوەدان بۆئەوەی ژنانی کرێکار بهێننە ریزی خەباتکارانی شۆڕشی سۆسیالیستی.

فێمێنیسمی رادیکاڵ.


یەکێک لەسەرەکیترین جیاوازییەکانی فێمێنیسمی رادیکاڵ لەگەڵ بۆچوونەکانی دیکەی ئەم چەمکە ئەوەیه،‌ کە پەیڕەوی هیچ دەزگایەکی دیکەی ئەندێشە ناکات، ئەو سیستمانەی کە فێمێنیستە رادیکاڵەکان بەپیاوانە ناوی لێدەبەن.

فێمێنیسمی رادیکاڵ بایەخێکی ئەرێنی بەژنان دەبەخشێت ‌و وەک چینێکی بندەست لەبەرابەر پیاوان پێناسەی دەکات. لەوانەیە بتوانین بڵێین گرینگترین مانا لەڕەوتی فێمێنیستی، ستەمی جنسیەتی، وەک یەکێک لەکۆنترین‌و توندترین شێوەی نابەرابەریەکانە، ستەمێک کە ژنان تەنیا بەهۆی ژن بوونیایەوە تووشی دەبن.

ئەگەرچی فێمێنیستە رادیکاڵەکان تەنیا به ‌رەخنە لەو ستەمەی، کە لەسەر ژنان هەیە رازیی نابن، بەڵکو لەم ئاستەش بەرەوپێشتر دەڕۆن‌و هەموو شێوەکانی چەوسانەوەو سەرکوت کە هەڵقوڵاوی بیری پیاوانەیە، دەدەنە بەر رەخنە.

فێمێنیسمی رادیکال سەرەڕای وێکچوونی لەگەڵ رەوتە سۆسیالیستی-مارکسیستیەکان، یەکێک لەڕەخنەگرانی جدی ئەوانیش دێتە ئەژمار. ئەوان بەجێگەی مەسەلەی کارو بەرهەم، جەخت لەسەر هەستە جینسیەکان‌و ملدانی ژنان بەکۆمەڵگە دەکەن‌ و رایدەگەیەنن،‌ هەر ژنێک، جیاواز لەچینەکەی، رەگەز، گروپی تەمەنی و... بەرژەوەندی هاوبەشی لەگەڵ ژنانی دیکە هەیە.

رادیکاڵەکان دەسەڵاتی پیاوسالارانە نەک بەواقعێکی دەروونی، بەڵکو بە بەرهەمی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دەزانن، بەڵام بەهۆی ئەوەی، کە ستەمی جنسی بەواقعی ئەمڕۆیی دەبینن، بەرگری لەڕەوشتی شۆڕشگێڕانە بۆ ئاڵ‌وگۆڕ لەنێو کۆمەڵگە دەکەن.

فێمێنیسمی دەروونناسانە.


وشەی دەروونناسی لەڕوانگەی فرۆید لەسێ نووسراوە سەبارەت بەبۆچوونی جنسی کەڵکی لێوەرگیراوە. ئەو رەخنانەی، فێمێنیستەکان بەتایبەت رەخنەگرانی سەر بەشەپۆلی دووهەم لەفرۆید دەگرن‌ و هەڵوێستەی دەروونناسانەی بەئاراستە بوونی جنسیەتی هەڵدەسەنگێنن، روانگەیەکی دەروونناسانەی نوێ سەری هەڵداوە، کە بەبۆچوونی جنسیەتی ناوەزد کراوە.

فێمێنستەکان لە راوبۆچوونی دەروونناسانەی فرۆید بۆ شیکردنەوەی ئەم مەسەلە کەڵکیان لێوەرگرتووە، کە چۆن راهێنانەکانی سەردەمی منداڵی سەر دەروونی مرۆڤ کاریگەری دادەەنێت‌ و لەسەردەمی گەورەساڵیدا خۆی نیشان دەدات.

نانسی چۆدۆرۆف، کارول گیلیکان، کیت میلت‌و ژولیت میچڵ بەڕێبەری فێمێنیستە دەروونناسەکان ناسراون.

بۆ وێنە "چۆدۆرۆف" ئاماژە بەڕۆڵی دایک لەبابەت لەباوشکردنی منداڵ‌ و شوناسی جنسیەتی لەڕێگەی دایکەوە دەکات‌ و باس لەوە دەکات، کە بۆچی کوڕان خێراتر دەگەنە سەربەخۆیی و کچانیش حەزیان لەپەیوەندی خۆشەویستانەیە.


"ژاک لاکان" یەکێک لەتوێژەرانی شێوەکاری فرۆید‌ و لەکارتێکەرانی فێمێنیزمی دەروونناسانەیە، کە نەبوونی دەزگای زاوزێ بەهێمای کولتووری دەزانێت‌ و لەلێکدانەوەکانی ژینگەناسی فرۆید دوور دەکەوێتەوە.

ناوبراو لەهەمانکاتدا تەئکید لەسەر پەیوەندی گەڕان بەدوای شوناس‌و فێربوونی زمان دەکاتەوە. "ئیریگاری" یەکێک لەقوتابیەکان ‌و رەخنەگرانی "لاکان" ‌و هاوشان لەگەڵ "هێلێن سیکسۆ" لە رەچەشکێنەرانی قوتابخانەی نووسینی ژنانە دێتە ئەژمار. ئەو قوتابخانەی کە باس لەمەسەلەی جەستەی ژنان دەکات‌ و پەرەپێدەری نووسینی ژنانەیە.

فێمێنیستی سۆسیالیستی.


ئاکامی ململانێی نێوان فێمێنیستەکانی رادیکاڵ‌ و مارکسیست، لەمەڕ هۆکاری ژێردەستەیی ژنان ‌و چۆنیەتی ئاڵوگۆڕی دۆخ لەدەیەی 1970ی زایینی جێگەی باسێکی هەمیشەیی بووە، روانگە نوێکان لەدایک بوون کە دواتر بەناوی فێمێنیستی رادیکاڵ ناوزەد کران. "ژوولیت میشل"، "هایدی هارتمەن"‌و "ئالیسۆن جیگر" لەڕیزی خاوەنانی بیرۆکەی سەرەکی ئەم رەوتە فیکریە بوون.

نووسراوەی، زەواجی ناسەرکەوتووی فێمێنیسم ‌و مارکسیسم، بەرهەمی "هایدی هارتمەن" لەڕیزی بەرهەمە کلاسیکەکانی ئەم رەوتە فیکریەیە.

مەسەلەی سەرەکی فێمێنیستە سۆسیالیستەکان، وەڵامدانەوەی چۆنیەتی تێکەڵبوونی سیستمی سەرمایەداری و سیستمی پیاوسالارییە. بەجۆرێکی دیکە، ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن، بۆ لێکدانەوەی دۆخی ژێر دەستەیی ژنان، هەروەها داڕشتنی ستراتیژی خەباتکارانە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەم دۆخە نابێت تەنیا لێکدانەوەیەکی یەک جەمسەری بێت، بەڵکو دەبێت کۆمەڵێک مەسەلە‌و هۆکاری پێکهێنانی دۆخی ژێردەستەیی ژنان بدەینە بەر باس‌و لێکۆڵینەوە.

لەم رووەوە، فێمێنیستە سۆسیالیستەکان لەسەر ئەو باوەڕەن،‌ بۆ ئاڵوگۆڕی دۆخی ئێستا بۆ گەیشتن بەکۆمەڵگەیەکی یەکسان، دەبێت خەباتێکی هاوکات لەدژی سیستمی پیاوسالاری و سەرمایەداری لەئارادا بێت.

بەمشێوە کەشی کردەوە‌و ناوەندی خەبات لەڕوانگەی فێمێنیستە سۆسیالیستەکان تەنیا بەکارخانەکان نابەسرێتەوە، بەڵکو سەرجەمی ناوەندە گشتی و تایبەتیەکان، کە ژنان تێیدا بەرەوڕووی هەڵاواردن دەبن، شوێنێکە بۆ خەبات‌و تێکۆشان. لەڕاستیدا شێوە کردەوەی فێمێنیستە سۆسیالیستەکان شێوەیەکی چەند لایەنەیە.

فێمێنیستی رەش.


ستارتی مەسەلەی خستنە ژێر پرسیاری چەمکی ژن لەفێمێنیسم لەخەباتی ژنانی رەش پێست، لەمەڕ لابردنی ستەم لەسەر کەسایەتی ژن لێدرا. رەوتی فێمێنیسمی رەش لەدرێژەی خەباتی دەیەکانی 50‌و 60ی رەش پێستەکانی ئەمریکا ‌و لەنزیک شەپۆلی دووهەمی خەباتەکانی دژی ئاپارتاید تیۆریزە کرا، کە لەکەسایەتیە گەورەکانی ئەم بۆچوونە دەتوانین ئاماژە بە "بێل هۆکس" بکەین.

لەڕاستیدا فێمێنیستە رەشەکان مەسەلەی ئەوەی کە هەموو ژنان بەهۆی ژن بوونیان لەبەرەیەکدان رەتدەکاتەوە‌و دەیخاتە ژێر پرسیارەوە.

بەرهەمی کارەساتباری خەباتی فێمێنیستەکانی پێشوو (کە زۆربەیان سپی پێست‌و بۆرژوا بوون)‌و ناتەبایەکانی ئێستا لەڕاستیدا توێژینەوەیەکی بەهێزە بۆ پێویستی پێداچوونەوە.

بۆ وێنە بنەماڵه،‌ کە یەکێک لەناوەندەکانی جێ رەخنەی فێمێنیستەکان بەتایبەت فێمێنیستە رادیکاڵەکان بوو، بۆ ژنانی رەش پێست ناوەندێک بوو کە لەناویدا لەبەرابەر شێوەکانی دیکەی سەرکوت بەرگری دەکرد‌و هەوڵی فێمێنیستەکانی ئەو سەردەم، بۆ لاوازکردنی ئەوان، دەیتوانی بەرابەری دووبارە چەوسانەوەی ژنانی رەش پێس بێت.

لە راستیدا فێمێنیستە رەشەکان لەسەر ئەو بڕوایە بوون، کە ئەم روانگە دەبێت لەنێو فێمێنیستەکان تیۆریزە بکرێت‌و دواتر لەبنەڕەتدا ئەم بۆچوونەش بدەنە بەر رەخنە.

بیرۆکەی ئەم رەوتەی فێمێنیستە رەشانە لەنێو دڵی خوێندنەوەی فێمێنیستە رادیکاڵەکانەوە هەڵدەقوڵا کە خۆی بڕوای بەناوەرۆکی دوو لایەنەی سەرکوتی چینایەتی - جنسیەتی بوو، ئەویش فێمێنیستە رەشەکان بەتەئکیدکردنێکی زۆر جنسیەتیان وەک یەکێک لەگەورەترین هێماکانی سەرکوت پێناسە دەکرد.

پەسا فێمێنیسم.


باشتر وایە ئاماژەیەک بە پەسا فێمێنیستەکان بکەین. پەسا فێمێنیستەکان وەکوو فێمێنیستەکان پۆست مۆدێرن پەنجە لەسەر مانای گشتی ژن دادەنێن، تەنیا بەو جیاوازییەی، کە باسەکانی ئەوان تەنیا رەخنە نییە بەڵکوو ئەم تەئکیدکردنە ئاماژە بەمانای گشتی ژن، نەک تەنیا هەڵە بەڵکو کارەساتبار دەزانن‌و لەسەر ئەو باوەڕەن کە بەپێناسەکردنی فێمێنیسم، خۆی بنەمای یەکەمی ستەم لەسەر بەشێک لەکۆمەڵگە کە ئیددعای بەرگریکردنیان دەکەین دانراوە.

واتە جیاکردنەوەی مانای ژن‌و پیاو. بە گوێرەی ئەم لێکدانەوە پەسا فێمێنیستەکان خۆیان بەشێوەی ئاشکرا پێداگری لەسەر دژایەتیکردنی فێمێنیسم دەکەن.

لەکۆتاییدا جێگەی خۆیەتی ئاماژەیەک بەڕوانگەی "کوئیر" بکەین کە ئیددعای توێژبوونی جنسیەت دەکات.

ئەم روانگە لەسەر جۆرەکانی لەش‌و دەروون وەک، لەشی ژنانە‌و دەروونی پیاوانە، یان لەشی پیاوانە‌و دەروونی ژنانە دەدوێت‌و تەئکید لەسەر ئەوە دەکات هاوکات دەکرێت بڵێین، تێکەڵێکە لەفێمێنیستی دەروونناسانە‌ و گوتاری پەسا فێمێنیسم.

لەم بەکارهێنانە پەسا فێمێنیسم کۆمەڵگەیەک وێنا دەکات،‌ بەئاستی بەرابەری جینسیەتی گەیشتووە‌و کۆمەڵێکی دیکە ئیددعای ئەوە دەکەن کە ئەوان لانیکەم لەنێو کۆمەڵگە بەمجۆرەن‌و خۆیان وا دەبیننەوە.

________________________
ژێدەر: گۆڕین بۆ یەکسانی.

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک