په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١\٢٠٢٣

جیهان بەرەو قەیرانێکی گشتیی داخراو، کوێرانە بەڕێوەیە!

 


جەمال کۆشش      

لەو دیو سنوورەکانی کوردستان و عێراقەوە.


ڕاپۆرتی مەترسیەکانی داهاتو لەم یەک دوو ڕۆژەدا وەک پێشەکی ئەجیندای کۆبونەوەی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابوری جیهانی لە کە رۆژانی (١٦-٢٠) دەبەسترێت، بڵاوکرایەوە. لوتکەکە نزیکەی ٢٧٠٠ کەس (هەرە دەوڵەمەندەکان و دەسەڵاتداران) لە سەرۆکی وڵاتان و دپلۆماتکاران وتیمە وەزارییەکان و خاوەن کۆمپیانیاکان و ژورنالیستەکان لە گوندی داڤۆسی (بەرزترین گوندی ئەوروپا) کۆدەبنەوە. یەکێک لە کۆربەندە گرنگە جیهانیەکانی چینی بۆرژوازییە بۆ خۆڕێکخستن و پلانگێریی و بۆ ڕاوی کاپیتالیستی.


بە دڵنییاییەوە بۆ سویسراش و بەتایبەت پیشەسازی گەشتیاری ئەو ناوچەیە دڵ و دەمارە. نرخی یەک ژوور وبۆ یەک شەوی هۆتێل بۆ ٢٥ هەزار دۆلار بەرزدەبێتەوە و تەکسی هیلکۆپتەر و چێشتخانەو سەیرانگاکان و بازاڕ لۆکسۆسی دەوڵەمەندەکانی جیهان گەرم دەکاتەوە. بەپێی لێکدانەوەکان تێچووەکەی تا ٩ ملێۆن و دەستکەوتەکەی تا ١٠٠ ملیۆنە ، جگە لەوەی پێگەی سویسرا لە ڕێکخستنی کۆنگرەو لوتکە نێونەتەوەییەکان بەهێز دەکات و نەخش ونیگاری سروشتەکەی تا ئەو پەڕی دونیا لە میدیاوە دەگوازرێتەوە.


(هیچ کات وەکو ئێستا دونیا دەرگیری ئەم هەموو قەیرانە پێکەوە نەبووە)، سەرەتای ڕاپۆرتەکە یە، فلیب پلیکەر لە ئەلگماینە فراکفۆرت بە پشتبەستن بە و کێشانە دەنوسێت (جیهان ڕووبەڕووی قەیرانی بوون ومانەوەیە).


قەیرانی هەڵائاوسان و گرانبونی پێداویستیەکانی ژیان ، قەیرانی وزەو گاز، قەیرانی قەرزاری دەوڵەتەکان و رکودو پاشەکشەی گەشەکردن، قەیرانی ژینگە و تێکچوونی و شکبوون وبێئاویی ، قەیرانی شەڕی ئۆکرانیا و روسیا وهەڕەشەی چەکی ئەتۆمی، قەیرانی جیۆپۆلیتکی جیهانی فرە جەمسەرەکان، شەڕی ئابوری وبازرگانی وجیۆئیکۆنۆمی، قاتوقڕی وهەژاری وکۆچ بەهۆی تێکچونی ژینگەی گوزەران، هێرشی ئەلکترۆنی و تاوانەسیبریەکانی دیجیتاڵ. ئەم ئەزمانە لە چەند ساڵی داهاتوودا جیهان ڕادەکێشنە نێو جەنگ و ڕاپەڕینەکان. نائارامی و پشێوی کۆمەڵایەتی دەخوڵقێنێت. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بۆچوونی زیاتر لە ١٢٠٠ پسپۆڕەکان وسیاسیەکان و بەڕێوەبەرەکان لەسەرتاسەری جیهان دا هەڵێنجراوە.


دەولەتەکان پشتیوانی لە سەرمایەدارەکان دەکەن و دەیانەوێت نرخی گرانبونی پێداویستیەکان بەسەر دانیشتواناندا بشکێننەوە، قەڵەشتی نێوان دەوڵەمەندەکان و هەژارەکان فراوان دەبێت. جەمسەرە ئابوورییە بەهێزەکان مۆنۆپۆلی کەرەستە خاوەکان و بازاڕەکان دەکەن. لێرەوە دەبنە هۆکاری شەڕی ئابووری و بازرگانی و لەزۆرێک لە وڵاتەکاندا دەبێتە هۆی شۆڕش وراپەڕینەکان.


سەدا ٥٠ دانیشتوانی گۆی زەوی شارنشینن، تا ٢٠٥٠ ئەم ڕێژەیە دەگاتە سەدا ٧٠، چۆن بتوانین ژینگە و شار پێکەوە بگونجێنین. تا ٢٠٥٠ بە هۆی ئاڵوگۆڕی ناتەندروستی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ٢٠٠ ملیۆن کەس ناچار بە کۆچکردن دەبن بە هۆکاری بێکەڵک بوونی ژینگە.


ڕێک ٨٣٠ ملێۆن کەس لە گەڵ دوودڵی لە دابینکردنی پیداویستیەکانی خواردن ڕووبەڕوون. وە ٣ ملیارد کەس توانای دابینکردنی خواردنی تەندروست یان نییە. نرخەکانی دابینکردنی ژیانێکی شایستە دەفڕن.


ئەو بەڕێزانە بەحساب بۆ ئەوەی ئەم کێشانەی لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە چارەسەر بکەن کۆبونەتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمان خۆیان هۆکاری ئەم قەیرانانەنە و قوڵکردنەوەیانن.


٥٠ ساڵە ئەم ئۆرگانە پێکهاتووە و قەیرانکانی قوڵترکردۆتەوە. ئەمساڵ رۆشناییەکەی زۆر لە کزی داوە و پۆلە گرنگەکانی بە کەسایەتیە یەکەمەکان بەشدارنین (نە ئەمەریکا و نە چین و نە لەندەن ونە فەرەنسا).


ئیلۆن میسک لە تویتەر نوسیویەتی بۆیە نەهاتم ئەوان دەیانەوێت دەست بەسەر جیهاندا بگرن ودانیشتوانەکەی بچەوسێننەوە. گوێم لە (کلاوس شفاوب - دامەزرێنەری کۆڕبەندەکە) لەهەندێک لەباسەکانی لەئینتەرنیت بوو، دڵنیا نەبووم و پێناچێت ڕۆڵی پاڵەوانی ڕۆمانی فلمەکە بگێڕێت.


"داڤۆسێکی تر" ناوی زنجیرە کۆروسمینارێکی ترە کە لە لایەن (بزووتنەوەی سۆشیالیستی لەسویسرا) لە شاری زوریخ بۆ هەلسوڕاوە سۆشیالیستەکانی جیهان سازدەدرێت. لەوێ بەشدار دەبم و ڕاپۆرتێکتان بۆ دەنووسم. بە هیوای ئەوەی ئەوان پاڵەوانەکە بن.


١٢\١\٢٠٢٣
ماڵپه‌ڕی جه‌‌مال کۆشش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک