په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

جل ڕەشەکان پەروەردەى کۆمەڵگەى ئێمەن یان

نەویەکى نامۆن و لە دنیایەکى ترەوە هاتوون.


گەرمیانى حەمەى پوور

 

کۆمەڵێک گەنج لەکەلار، توش بوو بە گرفتى بێکارى و نەبوونى شوێنێکى گونجاوى حەوانەوەو کارکردن تێیدا، دەبێتە هۆى توڕەبوونیان لە کۆمەڵگەو دەسەڵات و، بەو هۆیەشەوە زۆر جاران دەبنە کەسانى سەرکێش و ئاژاوە دەنێنەوەو، پۆشینى جلى ڕەشیش کە نیشانەى بێزارییە دەبێتە ناسنامەى ئەم کۆمەڵە گەنجەو، پێدانى هەرهەواڵێکى شەڕکردنیشیان لە لایەن پۆلیسیەوە بۆ عەرز کردنى تواناکانیان بە چەند ڕاگەیاندنکارێکى بێویژدان و، بڵاوبوونەوەى هەواڵەکانیان لە میدیاکاندا ئەم گەنجانەى بە مافیاو، کەلاریشیان بە تەکساس بە دنیا ناساندووە.


لە بڵاو بوونەوەى یەکەم هەواڵەوە لەسەر ئەم گروپە تاوەکو ئەم کاتە بەرچاوم نەکەوت کە ڕۆژنامەنووسێک بەویژدانەوە قسەیەک لە سەر هۆکارى کارە ناشیرینەکانى ئەم گەنجانە بکات.


پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم گەنجانە هەر ئەوگەنجانەن کە کۆمەڵگەى ئێمە بەرهەمى هێناون یان تەواو نامۆن و لە کەونێکى ترەوە دابەزیوونەتە سەر ئەم زەوینە؟


ئایا ئەو گەنجانە ژیانێکى خۆش و کارکردنى باش و ناوبانگى باش هیواو ئارەزوویانە یان دانە پاڵى ووشەى جل ڕەشەکان و ئاژاوە گێڕو سەگ خۆڕ؟
ئایا خێزان و کۆمەڵگەو هەتا دەسەڵات تاچەند لەم گەنجانەو ڕەفتارەکانیان بەر پرسن؟


بەدڵنیاییەوە ئەوانە هەر ئەو گەنجانەن کە پەروەردەى خێزانەکانى ئێمەن و لەدایک بووى ئەم ووڵاتەن، بەڵام ناعەدالەتى و نەبوونى کارو نەبوونى پەروەردەیەکى باش و خراپى ژیان و گوزەران بە شێوەیەک وەرسى کردوون کە بۆ وون کردنى خۆیان و لە بیربردنى ئەو هەموو شتەى کە لە دڵیان گرتووە پەنا بۆ هەموو شتێک بەرن.


ئەوان کە هەر لە قۆناغەکانى سەرەتاى خوێندنەوە دارەکانى دەستى مامۆستاو چاو سورکردنەوەو، پاشانیش هەڕەشەو گوڕەشەى دایک و باوک و پەرەوەردەکردنى سەقەتى خێزان و کۆمەڵگە لە بەر خوێندنى دەرپەڕاندوون و، دواتریش نەبوونى کارو سوڕانەوە بە بَیکارو پارەو خراپى ژیان و گوزەران لە قۆناغى هەرزەکاریدا کۆی کردوونەتەوەو، واى لێکردوون کە بۆ باس کردنى غەمەکانیان لەگەڵ یەکتر کۆببنەوەو ببنە جێگاى گۆڕینەوەى ڕازونیازى یەکترو، بینینى کوڕى بەرپرسانى ووڵات بە خۆشترین ژیان لە جوانترین خانوو و نوێ ترین مۆدیڵى ئۆتۆمبێلداو، بینینەوەى خۆیان بە موفلیسی لە بەرامبەریاندا واى لێ کردوون کە بۆ بیرچوونەوەى خۆیان دەست بۆ هەر کارێکى ناشیاو بەرن.


بە دڵنیاییەوە ئەوکارانەى ئەوان دەیکەن ڕەنگدانەوەى ئارەزووەکانى خۆیان نییەو ئەگەر بۆ تەنها جارێک خێزان و کۆمەڵگەو دەسەڵات لێی پرسی بانایەتەوە و بۆ جارێک هاوڕێتیان بکردبان و لە کێشەکانیان گەشتبان هەرگیز ئەوانە وانەدەبوون، بەڵا م پۆلیس بۆ پیشاندانى چالاکى خۆى و میدیاکانیش بۆ پڕکردنەوەى ڕووپەڕى ڕۆژنامەو گۆڤارو هەروا ڕادیۆو تەلەفزیۆنەکانیان، بێویژدانانە ئەم گەنجانەیان بە شێوەیەک نیشاندا کە هەرگەنجێک جلى ڕەشى لەبەردابێت هەمووکەس لێی هەڵبێت.

 

 

garmyan@live.com