په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٦\٢٠١٤

جینۆسایدی کورد و بە کەسییکردنی مێژوو.


کازیوە ساڵح        

- بەشی یەکەم -

بە کەسییکردنی مێژوو چییە؟


بە کەسییکردنی مێژوو واتە کورتکردنەوەی تاوانی بەکۆمەڵ بۆ تاک. سەپاندنی تاوانە مێژوویەکانان؛ تاوانێکی کۆمەڵیک یان دەستەجەمیی بە سەر شانی یەک کەسدا بە شێوەیەکی کەسی . هەڵواسینی بە بتی باڵا یەک کارەکتەری سیاسی و مێژوویدا و هەڵاواردن و دەربازکردنی یەکە ئیداری ، سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتوریەکانی دی. نەخوێندنەوەی کلتوری و ڕابردوو و هەنوکەی کۆمەڵگەی بکەری تاوان. بە تایبەت مامەڵەکردنیان سیاسیان لە گەڵ قوربانیان و نماینەکردنی تاوانەکانی جینۆساید و کۆمەڵکوژیدا لە پاش کارەساتەکە.

 
سەرجەم مێژووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتوری، وێژەیی و هونەری کورد بە کەسی کراوە. فۆرمی بە کەسی کردنی هەر لەو کایە ناو هاتوانەش جیاوازە لەوی دی و جیاوازە لە بە کەسییکردنی تاوانی جینۆساید. هەر یەکەشییان کاریگەری ئەرێی جیاوازی هەیە. ڕاستکردنەوەی ئەم هاوکیشەیەش کاری کەسانی مێژووناس و پرۆفیشناڵن. ئەوەی من ئەتوانم لێرەدا ڕوناکی بخەمە سەر مێژووی کارەساتەکانی کوردە وەکو جینۆسایدەکانی ئەنفال، هەڵەبجە و بارزانیەکان.


مارک توێن پێی وایە ئەو مەرەکەبەی کە مێژووی پێ ئەنووسرێتەوە، تەنها شلەمەنی ڕکی کوێرانە و بڕیاری لە پێشینەیە (توێن، ١٨٩٧). ئەو مێژووەی بە مەرەکەبی ئەندامی گروپی بکەری کارەساتەکە ئەنووسرێتەوە ، تەنانەت ئەگەر مێژوویەکی دروستیش بێت ، هێشتا دوور نیە لە بڕیاری لە پێشینەو ڕک ، ئەم مێژووە ، بە مێژووی 'بەخشراو' هەژمارد ئەکرێت. مێژووی بەخشراویش مێژوویەکی ئەبستراکتە و جێگیر نیە ،جگە لەوەی ئالودەی ساختەکاری و ستێگمایە، لە هەر ساتێکیشدا لێ سەندنەوەی ئەکرێت بە ئامانج. ئەوەشی بەم ڕیتمەی بکەر ئەنووسێتەوە یان ئەیکات بە سەرچاوە لە بەخشراوەو ئەیگۆیزێتەوە بۆ 'سەلمێنراو' واتە لە گەڵیدا ڕەوایەتی ئەدات بە ڕابردوو ڕێگەی لە بەرهەمهێنانی ئایندەی دوور و نزیکی مێژوو ئەگرێت. هەر وەکو ئەوەی بە زمانی ئنگلیزی ئەکرێت بەو زمانەکانی دیش نووسرا بن) دەیان کتێب خراونەتە سەر ڕەفەی پەرتوکخانەکان و کە لە لایەن عەرەب و تورک و فارسەوە نووسراونەتەوە، باشترین و ئەکادیمیترینیان لە سەر بنەمای بڕیاری لە پێشینە و ڕک نوسراوە ، جگە لە لەکدارکردنی کورد ناتوانیت شتێکی لێ هەڵبهێنجیت. ئەمەش دیسان جۆرێکە لە بە کەسیکرنی مێژوو، واتە لە سەر بنەمای خودی یان ' کەس' ی نووسەر بەرهەم هاتووە نەک پرەنسیپی زانستی. ئەم جۆرە بە کەسی کردنەیان تەنها لەوێدا کۆتایی نایەت کە مێژووی چەواشە دژی کورد ئەگۆێزێتەوە بۆ بێگانە ، بەڵکو بوون بە سەرچاوەی لێکۆڵینەوەکانی خوێندنی باڵا لە زانکۆکاندا و بە دەیان کەسی ئەکادیمیسیت بوچونیان سەبارەت بە کورد لە سەر بنەمای ئەو پەرتۆکانە بونیاد ناوە. جگە لەوەی زۆر جار تەنانەت خوێندکاری کوردیش ناچار ئەکرێت بە کاریانهێنێت بە هۆی نە بوونی سەرچاوەی ئنگلیزی لە سەر کورد. ئەم هاوکێشەیە ڕەوایەتی بە هەردوو پرۆسەی بەخشراو و سەلمێنراویئەدات.


ئەو مێژووەی بیگانە یان بکەری جینۆساید بە 'کەسی' ئەکات ، کەم زیانترە لەو مێژووەی خودی قوربانی بە کەسی ئەکات. چوون ئەوەی بکەر بە ستراتیجی و خوێندنەوە و کارەلەسەرکردنی دروستی قوربانی ئەسڕێتەوە. ئەوەی قوربانی ڕەوایەتی ئەداتێ، جگە لەوە تەنها زیانی بۆ سەرخۆی نیە ، تەنها شەرعیەت بە دووبارەکردنەوەی کارەساتەکە نادات ، بەڵکو زیانی بۆ سەر بکەری تاوانیش بە جۆرێکی دی هەیە . لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی هیتلەر ، دەیڤد وۆڵچ ڕوونی ئەکاتەوە کە هیتلەر بە شێوەیەکی کارا هانی دروست بوونی وردە هیتلەر' یان هیتلەری بچکۆولەی داوە ، بە مەرجێک سنووری دەسەڵاتەکانی خۆی . ئەم هاندانەش بە هۆی بە پشتگیری گەلی ئەڵمانەوە و ئەواەنی کاریان بۆ کردوەو و ئەوانەش تەماشاکرن و بێ دەنگیان هەڵبژارد بوو ( ٶڵچ، ١٩٨٨، لا ٩٦).

 
سەددام حوسێن بە هەمان شێوە کارایانە هانی دروستبوونی وردە سەدامی ئەدا، بە مەرجێک ئەو بتە بچوکانە سنوری دەسەڵاتەکانی ئەویان نەبەزاندایە، بە بەزاندنی ئەو سنورانە کۆتایی بە خۆیان ئەهات ئەگەر ئەندامی خێزانەکەی خۆشی بوونایە.بوونی ئەم وردە سەرکردە دیکتاتۆرانە تەنها لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی سەرۆک و ئایدۆلۆژیاکەی نیە هەتا لە ژیاندایە ، بەڵکو بە زیندوو هێشتنەوەی ڕێبازەکەشیەتی پاش مەرگی. چوون لە ڕووی کلتووری و سایکۆلۆژییەوە بە شێوەیەک ڕاهێنراون ڕەوایەتی ناڕەوایەکان لای ئەوانە. باردۆخی ئەمڕۆی عێراق ئەو ڕاستیە ئەسەلمێنن کە بە مردنی سەدام و دەیان وردە سەدام سەریان هێنایە دەرێ بۆ پاراستنی ڕیبازەکەی و بگرە لە خۆی دڕندانەتر عێراق خاپور ئەکەن. بەڵام ئەمە تاوانی ئێمە قوربانیشی تێدایە کە مێژووەکەمان هێندە کەسی کردوو هیچ گلەیی و مافێکمان لای عەرەب و سیستمی ئەمڕۆ نیە، ئەمەش هێڵی سووری ئایندەیەکی ڕەشمان نیشان ئەدات گەرچی لە ناو عێراقەوە دەستی پێکردبێت.


وەکو چۆن دروستبوونی دیکتاتۆرە گەورەکە بە پاڵپشتی تەواوی خەڵکی ناوچەکە و تا ڕادەیەکیش هێزی بێودەوڵەتی بوو، بە هەمان شێوە کارابوون و هێزی وردە سەدامەکانیش خەڵک و فاکتەرە جیاوازەکانی ی هاوپشتی کردوون و لە نێو ئەو فاکتەرانەدا ترسناکترینیان بە 'کەسی' کردنی تاوانێکی دەستەجەمییە کورترکرنەوەیەتی بۆ تاوان و ئەرکی یەک تاکە کەس. سڕین ەوەی تاوانەرکە لە کۆمەڵەوە بۆ تاک یەکەم هۆکاری بەرهەم هێنانەوەی هەمان تاوان وتۆڵە؛ توندوتیژی و ڕەوت؛ نەخوێندنەوە و لە یادکردنی تاوانی ڕابردوو ئەگەیەنێت.

___________________________
ژێدەرەکان:

Twain, Mark ( 1897) Following the Equator, Fiction, Travel literature, Published by American Publishing Company, Hartford
Welch, David (1998) Hitler, University of Kent at Canterbury UCL Press

 

ماڵپه‌ڕی کازیوه‌ ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک