په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

جیابوونەوەى کوردستان و پیکهێنانى دەوڵه‌تى سەربەخۆ

زامنى ئاسایشى یەکجارەکیە بۆ خەڵکى کوردستان.


کاروان نه‌جمه‌دین


هەرجارە بەبیانویەک دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانى ناوچەکە ژیان لە بەشێک لەخەڵکى بێ گوناهو مەدەنى کوردستان دەکەنە مەیدانى شەڕ و تۆپباران و دوچارى ئاوارەیى و مەرگ و ژیانى کارەسات باریان دەکەن ، ڕۆژێک جمهورى ئیسلامى ئیران تۆپبارانى خەڵکى دانیشتوى نزیک سنورەکان دەکات و ڕۆژێک حکومەتى تورکیا و هەریەکەیان بۆ بەدەستهێنانى بەردەوەندى سیاسى خۆیان گیان و ژیان و سامانى خەڵکى ستەمدیدەى کوردستان دەکەنە ئامانجى تۆپ و موشەکە کانیان ، ئەمە ترس و دڵەڕاوکێى خەڵکى لەسەربێت لەبەرانبەر سوپا و ناسیونالزمى دەسەڵاتدار لە بەغداد کە بۆ یکلاکلادنەوەى کێشە لەسەر ( ناوچەکێشەدارەکان ) زرێپۆش و سوپا دەخەنە کار ، تا ترس و دڵەڕاوکێى خەڵک لە سوپاى عیراقى کەمێک دادەمرکێتەوە تۆپخانەکانى جمهورى ئیسلامى ئیران لەلایەکى دیکەوە دەکەونەوەکار و بەدوائەودا کۆپتەرو جەندرمە و موشەکى تورکیا ژیان لە خەڵکى نزیک سنورەکان دەکەنە دۆزخ ، دەسەڵات داران چى لە بەغدا و چى لە کوردستان نەک تواناى بەرگرتن بەم هێرشانەیان نیە بەڵکو هەمیشە بێدەنگیان هەڵبژاردوە و تەنانەت خەریکن بەبیانوى شەڕى پەکەکەوە شەرعیەت دەدەن بە کوشتار و ئاوارەیى خەڵک لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە ، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵۆزى وەزعى عیراق و لەم نێوەشدا دەوڵتە کۆنەپەرستەکانى ناوچەکە کوردستان وەک بەشێک لەعیراق لەپێناو مەرامە ڕەشەکانیاندا بەکار دەهێنن وە زەرەر مەندى سەرەکیش خەڵکى زەحمەتکێش و بێ گوناهى کوردستانن ، سەرەڕاى ئەمانە بەلەبرچاوگرتنى پێکهاتە و عەقڵیەتى ناسیۆنالستى و عەشایرى حکومەتى عیراقى خەڵکى کوردستان لەچاوەڕوانى بێمافى و نائەمنیەکى دیکەدا ڕاگیراوە کە تەجرەبەى ئەم چەند مانگەى ڕابردوو ئێستاشى لەسەربێت ناسیۆنالزمى عەرەب هەتا ئەو بەشەش بۆ هاوپەیمانە ناسۆنالستە کوردەکانیان لە کوردستان بەکەم دەزانن و ئەمەش شکستى ترحى فیدرالزمى بەڕۆشنى ڕاگەیاندوە .


تەنها ڕێگەیەک کە لەبەردم خەڵکى کوردستاندایە بۆئەوەى چى لە هەڕەشە و هێرشەکانى دەوڵەتەکانى ناوچەکە ڕزگایان ببێت و جارێکى دیکەش نەبنە سوتەمەنى ناسیۆنالزمى دەسەڵاتدار لەعیراق جیابونەوەى کوردستان و پێکهێنانى دەوڵتى سەربەخۆیە ، لە ڕێگەى ڕیفراندمێکى گشتیەوە .


ئەوکات ئەمنیەت و ئاسایشى خەڵکى کوردستانیش لەئەستۆى لایەنە نێودەوڵەتیەکاندایە و ئەمەش زامنى ئاسایشى یەکجارەکیە بۆ خەڵکى کوردستان لەبەرانبەر پەلامارى ملهوڕانەى دەوڵەتەکانى ناوچەکەدا .


سەرەڕاى ئەوەى کە سەربەخۆیى ڕێگاچارەیەکى واقعى و لەهەهەمانکاتدا خواستى زۆرینەى خەڵکى کوردستانە ، لە لایەکى دیکەوە موخالفینى ئەم خواستە ئەمڕ لە هەمووکات زیاتر شکستى تەرحەکانیان دیارى داوە ، هەرچى ئەو قەوانە سواوانەشە کە هەمیشە بۆ پاساوهێنانەوەى دژایەتیان لەگەڵ خواستى سەربەخۆیى "ترسى دەوڵەتەکانى ناوچەکەو هەلومەرجى سیاسى دنیا" لێدەدەنەوە لە هاتنە مەیدانى جەماوەرى فراوانى کوردستان لەکار دەکەون ، چونکە تەنها ڕێگە بۆ بەدەستهێنانى سەربەخۆیى و ئاسایشى یەکجارەکى هاتنە مەیدانى خودى خەڵکى کوردستانە ، تەنها ئیرادەى ئەوانیش دەتوانێت بەربگرێت هەڕەشەى دەوڵتە کۆنەپەرستەکانى ناوچەکە و ، قانع کردنى کومەڵگاى نێودەوڵەتى بەخواستێک کە هەر ئەمڕۆ ئیمکانى هەیە بەڵام هەتنە مەیدان و ئیرادەى پێویستە .
 

karwanmj@yahoo.com