په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٧\٢٠١٤

جیابوونەوەی کوردستان، سیاسەتێکی کۆمۆنیستیی!


سامان کەریم       


ریفراندۆم ، جیابوونەوەی کوردستان، "دەوڵەتی کوردی"، پێکهێنانی دەوڵەت لە کوردستانی عێراق.... لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابوردودا زٶری لەسەر نوسراوەو وتراوە، چ لە نێو بزوتنەوەی "کۆمۆنیزمی کڕیکاری" وە چ لە نێو بزوتنەوەی ناسیونالیستی لە هەردوو بزوتنەوەکەشدا لایەنگران وە موخالیفانی هەیە، وە بزوتنەوەی ناسیونالیزمی لەتکردوە بە مانای سیاسی و عەمەلیەکەی . لەوە زیاتر ئەمرٶ مەراکزی بزنسی جیهانی لە ڕێگای نوێنەرە سیاسییەکانیانەوە هاتونەتە سەر خەت و لەمبارەوە بە پێی بەرژوەندییە ئابورییەکانیان سیاسەت دەڵێن... بەهەرحاڵ باسەکە باسێکی داخە.


سیاسەت لە کوێوە دەردەکێشین؟! سیاسەتێک کە پڕاو پڕ ڕەنگدانەوەی قۆناغێک بێت، ئەوەی کە پێی دەلێین خەت تەکتیکی- سیاسی، ماناکەی چییە؟! من نامەوێت ژمارەیەک لە ئێول و پرینسبە کۆمۆنیستیەکان لەمبارەوە واتە ئەوەندەی پەیوەندی هەیە بەمەسەلەی ریفراندۆم و جیابونەوەوە، جاڕێکی دیکە بنوسمەوە، لەمبارەوە هەم سەرچاوە زۆرە هەم بەدەوری خۆم لە م ماوەیەدا چەند جارێک ئاماژەم پێکردونەتەوە.


دوو بیرکردنەوە لە نیو بزوتنەوەی " کۆمۆنیزمی کرێکاریدا" یان دوو جۆر لە باسکردن لەم ماوەیەدا سەرنجی ڕاکێشام لە پەیوەند بە باسی ریفراندۆم و جیابونەوەوە.... کە پێم وایە بەشیکی زۆری نارۆشنیەکان وە دواجار دەرهاویشتە سیاسیەکانی لێرەوە سەرچاوە دەگرێت:


یەکەم: باسی جیابونەوەی کوردستان و ریفراندۆم دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی خوێناوی لە ناوچەکەدا و مانای دابەشکردنی عێراقە بەسەر سوننە و شیعەو کورددا. ئەم ڕوداوانە زۆر لەباسی جیابونەوە گەورەترن و پەیوەندی هەیە بە دوبارە دارشتنەوەی خەریتەی سیاسی ناوچەکەوە.... دەبێتە هۆی لغاو بەربونی ڕەوتە کۆنەپەرستە قەومیو ئیسلامیەکان ....هتد.


دووەم: من جیابونەوەم ناوێت بە مەرج نەبێت... ئەمەش تیڕوانێەیکی دیکەیە واتە جیابونەوەی کوردستان کاتێک جیگای قبولە کە دەولەتێک بێتە کایەوە کە سکولار، موتەمەدن، مافەکانی کڕیکار و ژنان پپارێزیت و دەوڵەتی " هاووڵاتی" بێت یان "دەوڵەتی کوردی " نەبێت......یان ئەمە سیاسەتی ناسیونالیستەکان و پارتییە!


پۆینتی لێوە هەستانی هەردوو بوچونەکە، لەباری تێڕوانینی سیاسیەوە هەلەیە. دیاریکردنی سیاسەتی ڕۆژ، خەتی تاکتیکی مەسەلەیەکە و هاوسەنگی هێزی چینایەتی مەسەلەیەکی دیکەیە. هەردووکیان پێکەوە پەیوەندییەکی کاراو توندیان هەیە لەڕوانگەی دیاریکردنی سیاسەتی کۆمۆنیستی یەوە، بەلام هەرگیز یەک شت وە یەک چەمک نین وە کاراکتەرە بابەتیەکانیان جیاوازی هەیە. تەنانەت ئەم باسە بۆ ئیستراتیژی کۆمۆنیستی دروستە. دەتوانی ٣ نەفەری کۆمۆنیست بیت و ئیستراتیژ بنوسیت و تەواو دروست بێت لە باری میتۆدو ئێولی سیاسیەوە...بەلام ئەمە بۆ ئەوەی ببێت بە سیاسەت پێویستی بە ئیستراتیژی عەمەلی هەیەو هونەری سیاسەت لێرەوە دەست پێدەکات. واتە ئەم ٣ نەفەرە کۆمۆنیستە هەنگاوی یەکەم و دووەمەکەیان چی یە بۆ ئەوەی بگەن بە شۆرشی کڕیکاری وسەرکەوتنی مسۆگەر بکەن؟! قۆناغ بەندییەکانی گەشەو بەرەو پێشچوونی ئیستراتیژەکە کامانەن؟! کە گەیشتیتە سەر هەنگاوی سیاسی واتە کارکردنی پراتیکی لەنێو کڕیکاران و لەنێو کۆمەڵدا لێرەوە ئیتر هاوسەنگی هێز گرینگەو توانایی بزوتنەوەی کڕێکاری و حزب و نفوزی کۆمۆنیزم گرنگە و ناتوانیت بە حسابیان نەهێنیت، ئەگەر بتەوێت سیاسیانە مامەڵە بکەیت لەگەڵ واقعدا.


هەردوو بوچونەکەی سەرەوە، ئەنجامەکانی ئەمرۆ وەک هۆ سەیر دەکەی، ئەوەی ئەمرٶ لە هاوسەنگی هێزو لە باڵا دەستبوونی کۆنەپەرسترین لایەن و حزب وڕوەتی سیاسی ئیسلامی و تیرۆریستی و قەومی و عەشیرەتی دەردەکەوێت وەک هۆ سەرنج دەدرێت نەک وەک ئەنجامێک کە دواتر بەدەوری خۆی لە قۆناغیکی داهاتووی مێژویدا ئەم قۆناغەش دەبێتە هۆکارو هۆ بۆ ئەنجامە سیاسییەکانی ئایندە... بەهەر حاڵ ئەم ئەنجامە بابەتیەی ئێستا واتە: لاوازی بزوتنەوەی چینایەتی کڕیکارو بەدوایدا کۆمۆنیزم و حزبەکانی، بەدویدا ڕەوتی پێشکەوتنخوازو مۆدێرن و موتەمەدن و عەلمانی و تەنانەت ڕیفۆرمستی.... هۆکارەکەی مێژووین و بابەتین و هەروەها بەشێکیان هوکاری سیاسی ئەم ٢٠ ساڵەی دواییە.... بەلام ئەوە ئەنجامێکەو ئیستا لەگەڵی بەرەو ڕووین.


کەواتە ئەوە ڕۆشنە کە ئەم ‌هیزە کۆنەپەرستانە هەن، نەک بەهۆی ڕوداوو هێرشەکانی ئەم دواییەی موسڵەوە بەڵکو زۆر پیش ئەوە بونیان هەیە و خودی ئەم ڕوداوانە ئەنجامن واتە ئەنجامی بەهێزبونی ئەم ڕوەت وئەم شیوەیە لە سیاسەتکردنی بورژواییەو پیم وایە دەبێت ئاشنا بین پێی!! پێشوتر پیش ١٠سال بزوتنەوەکەی ئیمە کۆنگرەی ئازادی عێراقی تەرحکرد بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەلومەرجێکی لەم چەشنە بوو.... بۆیە ئیتر باسەکانی ئەوەی کە پارتی دیموکرات یان حکومەتی هەرێم یش بەرپرسن لەم هەلومەرجەی ئێستا سەرەرای دروست بونی ئەم باسە ، هیچ شتێک ڕۆشن ناکاتەوە لە پەیوەند بەم باسەی ئێستای ئێمەوە. ئەوەی کە عێراق دابەش دەکرێت وە دەبێتە ٣ بەشەوە .. نەک هەر تازە نییە بەلکو زۆر کۆنەو لەباری سیاسیەوە عێراق ئەوە ١١ سالە وا دەچەرخێت.. تۆبلێی هاوڕییانی ئێمە خەمی ئەوەیان بێت کە تائێستا وەک بڕیاری حکومەتی بەغدا بڕیاری لەسەر نەدراوەو لەمەو دوا بڕیاری لەسەر دەدرێت....ئەوە بەرهەمێکی سیاسی ڕۆشنی داگیرکاری ئەمریکاو سیاسەت و ئیستراتیژو دەستورەکەیەتی... کە فریانەکەویت بەر بە داگیرکاری و ئەنجامە سیاسیەکانی بگریت کە فریا نەکەوێت وەک هێزێکی مقاوم و مارکسیست و شۆرڕشگێر لە بەرانبەر ئەمریکا دا دەربکەویت، ڕٶشنە ئیتر کارەساتەکە بەخیرایی قوڵتر دەبیتەوە و فراوانترو دامینگیر تر دەبیتەوە... ئەنجامە سیاسی و عەمەلێەکانی ئەم قۆناغە هەر چی بێت من پیـم وایە ئەو مەسەلەیە بڕواەتەوە کە ئیتر ئێمە لە عێراقێکی ٣ بەشی سوننە و شیعەو کورددا دەژین ئەمە تەواو بوە وە ئەنجامە، پیش روداوەکان ئەم مەسەلەیە تەواو بوو بوو لەباری سیاسیەوە ....واتە دابڕنی نێوان "شیعە" و "سوننە" لە لایەن بورژوایی جیهانی و ناوخۆییەوە بڕابوەوە، ئەوەی مابوو ئیمزاکردن بوو ....واقعیەتێکی هیجگار تاڵە بەلام واقعیەتێکە و ئەمڕۆ خەڵکی عێراق و ناوچەکە رۆژانە باجەکەی دەدەن. ئێمە ڕازین بەمە ؟! ڕۆشنە کە نا وە ئیدانەی دەکەین ! بەڵآم ئەوە کافییە؟ دیسان نا ... هەوڵ و خەباتی ئێمە دیسان بۆ پێکەوە `ژیانی ئینسانەکان و بەهێز کردنی هاوپشتیانە بە پێی شوناسی چینایەتی، ئەمە ئەرکی هەمیشەیی ئیمەیە.


ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سالێ ١٩٦٠ هێشتا لە ڕوانگەی منەوە ناتوانین باسی قەزییەی " کوردی" بکەین وەک قەزییەک لە عیراقدا و تەنانەت بزوتنەوەی کوردایەتیش ئیدعایەکی وای نەبوە کە بەرنامەی بزوتنەوەکەی هەلکێشیت بۆ سەرەوە بەلام دوای چەند ساڵیک و دەستپێکردنی شەڕو .. سال بە ساڵ زیاتر ئەم برینە قوڵ دەبوەوە، ناچاربوین وەک قەزییەیەک سەرنجی بدەین وە دواتر وەک واقعیەتێک مامەڵەی بکەین و تەرحی خۆمان هەبێت بۆی.. ئەوەی ئەمرۆ لە عێراقدا دەگوزەری ئەوەیە... دابەش بوون لە سەر پایەی تائیفەگەری بۆتە واقعیەتی ناوچەکە نەک تەنها عێراق. لە لوبنان دەمێکە مٶدێلە، لە سوریا تائیستا هەولی سعودیەو تورکیاو ئەمەریکاو گشت میدیای غەربی هە رئەوەیە....ئەمڕو کۆسوڤۆ دەوڵەتە، باشوری سودان دەوڵەتە، قرم بۆتە بەشیک لە روسیا ... زۆربەمان لەوانەیە هەر یادمان نەبیت چی کۆسۆڤۆی کردە دەوڵەت ئەی باشوری سودان پایەی دەوڵەتەکەی چی یە؟!!


جیهانی ئەمڕۆی ئێمە ، قۆناغیکی خەتەرناک تێپەڕ دەکات، بەسادەیی لەبەرئەوەی بورژوایی بەتەنهایە لەمەیداندا. هەرگیز لە مێژوویی سەرهەڵدانی سیستەمی سەرمایەداری یەوە وەک سیستەمێکی کۆمەلایەتی، لەماوەی دوو سێ سەدەی ڕابوردوەوە تا ئێستا بورژوایی وا بێ بەرانبەر نەبوە، ئەوەئ هەیە و شەر دەکات لەسەر دەسەڵات و لەمەیداندایە بۆ فراونکردنەوەی دامێنی نفوزو هێز، هەر بورژواییە بە شێوەو ڕەنگە جیاوازەکانیەوە. هیچ کاتێک خاوەندارێتی تایبەتی بورژوایی هێندە بێ منەت نەبوە لە بەرانبەر کرێکار... ئەوە ئەنجامی ٩٠ساڵ کاری بورژواییە لە جیهاندا. ئەمە لەوانەیە جێگای بۆچونی جیاواز بێت. لە نێو ئەم جەنجالێ شەرو پێکدادانەی نێوان ‌دەوڵەتو هێزە بورژواییەکاندا، ئایا کۆمۆنیزم شانسی هەیە وەک هێزێکی سیاسی بێتە دەرەوە؟! وەڵامی من بەڵێ یە. بەلام "بەڵێ" مەرجی خۆی هەیە، مەرجیک کە کرۆک و ناوەرۆکی گشت کۆسپو تەگەرەکانی بەردەم بزوتنەوەی کۆمۆنیستی پێک دەهێنیت. کۆمۆنیزم لە کوێ و لەنیو کام چینەدا ‌‌هێزە و تواناییەکی هەیە با کەمیش بێت بەلام هێزێکی مەلموسە لە باری کۆمەلایەتیەوە؟! لەوە لەخوارتر حزبە کۆمۆنیستیە کرێکارییەکان خەریکی چین؟! مەشغەڵەیی سیاسیان چییە؟!


باسی ئەسڵی من ئەوەیە ئەگەر لە نێو کڕێکاراندا هەیت جا با لاوازبیت ئەوە دەتوانیت بەپیی ئەو تواناو هێزەی هەتە وە بەپێی ئەو فرسەتەی کە لەوانەیە رۆژێک لە رۆژان بێتە پێشەوە دەتوانیت ببی بە هێز‌ ئەگەر وەک هێزێکی سیاسی مامەڵە بکەیت، بەلام ئەگەر لە نیو کڕێکاراندا نیت وەک نوێنەری سیاسی چینی کرێکار نیت، ئیتر ئەوە لە ڕێگای تەکتیکەوە کارەکە مەیسەر نابێت وە تاکتیک لێرەدا مانای چینایەتی خۆی لە دەست دەدات، وەک بەشیک لە گەشەو هەڵدانی کاری ڕۆتینی کۆمۆنیستی نایەتە پێشەوە بەڵکو هەمیشە وەک شتێک کە لە "ناکاو" وەک ڕەشەبایەک دێت مەجبورت دەکات هەلوێست وەرگریت نەک وەک هێزێک کە لایەنی کەمی ئامادەیی تێدایە و بەپیی کارە ڕۆتینیەکانی کە ڕۆژانە دەرگیرە لەگەڵیدا پێگەی چینایەتی خۆی پەیدا کردوە. کاری ڕۆتین ناوەرۆکی کاری کۆمۆنیستی یە کە لە نێو بزوتنەوەکەی ئێمەدا کەمترین بایەخی پێدراوە ، بەبێ ئەوەش کۆمۆنیزم مانای نییە. ئەمە بەجیالەوەی کە لە باری واقعیشەوە سەر ناگڕیت و لەمبارەوە کۆڵیک نمونەمان هەیە، کە ئیتر تیۆر هەرچی بیت کە واقع رەتی کردەوە مانای نامێنیت... بۆنمونە حزب لاوازە دەمانەوێت لە رێگای تەکتیکەوە کاڕیک بکەین ڕیکخراوێک دروست بکەین یان کەمپینیکی بۆ نمونە ریفراندۆم.. بەلام بەناوی حزبەوە نیە... بەلام دەبێت حزب لەپشتی بێت؟! ئەم هاوکیشەیە سەیر نییە !! کۆنگرەی ئازادی عێراق وابوو، مەسەلەی جیابونەوەی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٥ کە تەرحکرا لەلایەن نادرەوە وای لێهات... بناغەی ئەم هیچ نەکردنە نەبوونی پایەی چینایەتییە، ڕەخنەکانی دیکە دواتر دێن. بەبێ ئەمە بۆ ‌هیزێکی کۆمۆنیست لە هەلومەرجی ئەمرۆی دونیا، بە هەموو تایبەتمەندییەکانیەوە، کاڕیکی سیاسی ناکرێت کە بە قازانجی چینی کڕیکار تەواو بێت.... باسی من ئەوەیە بەم لاوازییەوە کە هەمانە چی بکەین؟!


دانیشین : ئەوەش مەسەلەیەکە بڵێین ئەم دەورەیە کاتی کاری کۆمۆنیستی نییە. بەلام من پێم وایە کۆمۆنیزم هەموو دەورەیەک کاتیەتی. دیسان پێم وایە هەموو ئەو تەرحانەی کە باسی شەری داعش دەکەن لە نیو مەیدانی جەنگی بورژوزیدا واتە هەر ئێستا ناردنی خەلک بۆ بەرەکانی شەر دژ بە بەعسیەکان و داعش... لەباری عەمەلیەوە دانیشتنە چونکە ناکرێت و کارێکی کردەنی نییە ، بانگەواز کردنی خەلک هەمیشە لە مەیداندا مانای هەیە، واتە پیشتر خۆت دەبیت لەمەیداندا بیت ئەو کات وەلامێک وەردەگریت بەپێی پێگەی سیاسی خۆت. ئەمە بە جیا لەوەی کە مەیدانی شەری ئیستا بەرانبەر بە بەعسیەکان و داعش گیراوە، بورژوایی گرتویەتی و بە ئاسانی تەسلیمی ناکات و هەرکارێک لە مەیدانی ئەم جەنگەدا دەچێتە گیرفانی ئەوانەوە، بەم پێیە سیاسەتێکی کۆمۆنیستی نیە.


پێم وابیت دەبیت لە لاوازییەکانی خۆمانەوە دەست پیبکەین هەم بۆ ئەوەی پڕی بکەینەوە ، هەم ئەگەر کارێک مومکینە کە مومکینە بکرێت ئەوا لە پێگەی چینایەتی خۆماندا دەست بەکاربین و هێزێک بگرین.ئەوەندی بگەرێتەوە بۆ بەغداو شارەکانی دەوروبەری بەبروای من گەرەک جێگای ئەمکارەیە، لەمبارەوە نوسیومەو دوبارەی ناکەمەوە. ئەوەندەی بگەرێتەوە بۆ کوردستان بە بروای من دیسان جیابونەوەیە.... بەلام پێش ئەوە با بریک لە سەر بوچونی دووەم قسەیەک بکەین.


باسی دەوڵەت و ناوەرۆکی دەوڵەت باسی ریفراندۆم نییە، من پیویستە جارێکی دیکە ئاماژە بەوە بکەمەوە کە باسی بارزانی لە مبارەوە سیاسەتێک نییە بۆ ئێستا و کارکردن پێی، سیاسەتیکە لەگەڵ وەستانی جێبەجێکردنی لە ئیستادا، ئەوە شمشێری هەڕەشەیە بۆ دانوسان ، ئەوە هێنانەوەی ئابروە بۆ پارتی پاش ئەوەی کە بەعسیەکان وتیرۆریستەکانی ‌هێنایەوە..... لەمبارەوە باسمان کردوە دیسان پێویست نییە دوبارەی بکەمەوە. ئەوەندە نەبیت کە پیم وابیت ئەم سەفەرەی ئێستای کە لە تورکیایە تاڕادەیەکی زۆر کۆتایی بەم هەرایەی بارزانی دەهێنیت لە ئێستادا.


باسی دەولەت و ناوەرۆکی دەوڵەت باسێکە وە کارێکە لەدەرەوەی ریفراندۆم و پەیوەندی هەیە بە هاوسەنگی هێز لە پێش و دوای ڕیفراندۆم. ئەوەی کە دەوڵەت لە کوردستان دەوڵەتێکی کوردی یان کوردی کۆنەپەرستە ، یان دەوڵەتێکی موتەمەدن و عەلمانی و دەوڵەتی هاوولاتییە واتە دەوڵەتی هەموو ئەوکەسانەیە کە لە کوردستان دەژین و دەستورەکەی دەستورێکە کە کە لە جیاتی نەتەوە ناوی زمانەکان دەبات و هەموو زمانەکان بەرەسمی دەناسێت و دین جیایە لە دەوڵەت.... یان دوای ریفراندۆم ڕاستەوخۆ تەنانەت پێش ئەوەی ناوەرۆکی هیچ دەولەتێک دیاری دەکرێت شۆرشی کریکاری دەکرێت، یان نا دەولەتێکی ئیسلامی پێک دێت.... هەموو ئەمانە پەیوەندی بە هاوسەنگی هێزەوە هەیە. هاوسەنگی هێزی چینایەتی نێوان چینی کرێکارو چینی بورژوایی، دواتر هاوسەنگی هیز لە نێوان هیزە بورژواییەکان خۆیاندا، هەروەها لە ئاستی ناوچەیدا.... ریفراندۆم مەرجی لەگەڵدا نییەو کیشانی باسی ریفراندۆم بۆ ماهیەتی دەوڵەت هەلەیەکی سیاسی یە و پەیوەندی نییە بە میکانیزمێکەوە بۆ چارەسەری کێشەکە. لەم باسەدا دیسان لاوازی خۆمان دەبیتە خالێک بۆ هەلویستی سیاسی لە ئاستی کۆمەلایەتیدا و ئەمە هەلەیەکی گەورەیە... باسی ناوەرۆکی دەوڵەت یان دانانی کاریگەری لەسەر دەولەتیک کە پیکدێت.... بۆ نمونە " دەولەتی کوردی" ئەگەر کۆمۆنیزم هیز بێت و توانای ئەوەی هەبیت کە ئالوگۆر پێک بهێنێت وکاریگەری هەبێت لەسەر هەلومەرجی سیاسی بە ئاستێکی دیاریکراو ... بەو ئەندازەیە کاریگەری دەبیت لەسەر کارکردو دەستوری دەولەتە کوردییەکە لەسەر یاساکانی کرێکاران وباری کەسێتی و مافە سیاسی ومەدەنییەکان...یان کاریگەرییەکی گەورەتر دەبێت یان کەم تر. بە هەر حال ئەم باسە وەکو چوارچیوەی گشتی ڕۆشنە.


باسەکە ئەوەیە گریمان لە چەند مانگی ئایندەدا بورژوایی کورد ریفراندۆم دەکاتە واقعێک کە من بەدوری دەزانم... لە دوا لیکدانەوەدا هەلوێستی کۆمۆنیستی چییە لەسەری؟!مەبەستم ئەوەیە پاش ئەوەی کە ماوەیەک لە ململانێ و خەباتی سیاسی تێپەر دەبیت لەسەر ریفراندۆم رەخنەگرتن لە کەموکورییەکان.. دوای ئەوە چی؟! یان بەڵێ و بەشداریکردنە بەو سەرنج ورەخنانەی کە بوتە پێشتر یان " نا " و رەتکردنەوەی ریفراندۆمە...و موقاتەعەکردنیەتی... لەوە تێناپەرێت. لە حالەتی بەشداریکردندا دیسان بەلێ و نایە ... بۆ جیابونەوە یان بۆ مانەوە لە چوارچیوەی عیراقدا... لە هەموو ئەم بەلێ و نایانەدا باسی ناوەرۆکی دەولەت نییە.... باسی پەیدا بون یان نەبوونی ووڵاتێکی تازەیە. لە مانگی سێبتمبەردا لە ئیسکۆتلەندا ریفراندۆم دەکریت کەسیک باسی ئەوەی نییە کە ناوەرۆکی دەولەتێک کە مومکنە پیک بێت چی یە!!باسی جیابونەوە یان مانەوەیە لەگەڵ بەریتانیا.


باسەکە دەبیتە ئەوەی کۆمۆنیستەکان سیاسەتیان چی بێت ئەگەر ریفراندٶمیک بکرێت و گریمان لە ٦ مانگی داهاتودا؟ دیارە ئەوە گریمانەیە. سیاسەت مانەوە بیت لە چوارچیوەی عێراقی ئێستادا؟ یان جیابونەوە بیت؟ هەموو باسەک ئەوەیە. کامیان بە قازانجی کرێکارە وەکو چێنێک؟! رزگار بونی بەشیک لە چینی کریکار لە ئاگری تیرۆر کاڕیکی خراپە، ئەگەر نەتوانی هەمووی رزگار بکەیت؟! کۆتایی هێنان بە هەراوشەرو توندکردنەوەی نەتەوەپەرستی کارێکی خراپە؟


من پێم وابیت نابێت کۆمۆنیزم چاوەڕێی ئەوە بیت کە ناسیونالستەکان جاڕی ریفراندۆم بدەن، دەبێت وە هەر ئێستا کار بکرێت بۆسەر خستنی پرۆسەی ریفراندۆم و کردنی ئەم پرسە بە پرسی ڕاستەوخۆی خەڵک و دەرکێشانی لە دەست ناسیونالستەکان، بە " بەڵی" یەکی گەورەوە بۆ جیابونەوەی کوردستان و پێکهێنانی دەوڵەت تیایدا. بەتایبەت کۆمۆنیستەکان پێس نزیکەی ٢٠ساڵ ئەم پێشنیارەیان بوەو لەسەر ئەمە دادگایی کراون و دەرگیری شەر بوون.


بەلام ئەمکارە ئیتر کەمپینسازی نییە، سیمینارو کۆربەستن نییە، نوسینو جاوپیکەوتن نییە، پەیوەندی دیبلوماسی و دانیشتن لە گەڵ ئەحزاب نییە( هەموشیان پێویستن لە چوارچیوەی نەخشەیەکدا) بەڵکو ناوەرٶکی سەرەکی ئەمکارە بۆ کۆمۆنیستەکان تێکهەلکێشانی ئەم هەنگاو و سیاسەتەیە بە شۆرشی کۆمەلایەتی کرێکارەوە، خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە کرێکارو خەڵکی ئازادیخوازی کۆمەڵگا ئەوەی بۆ ڕۆشن بێت کە جیابونەوەی کوردستان وپێکهێنانی دەوڵەت تیایدا خۆی لە خۆی دا کۆسپی سەرەکی و ئاستەنگییە سەرەکیەکانی بەردەمیان چارەسەر ناکات، مەسەلەی سەرەکی رزگار بونە لە سەرمایەو سەرمایەداری و جیابونەوەی کوردستان لەم پێناوەدا سەکۆیەکە. ئەمکارە و مەیدانی جێبەجێکردنی گەرەک و کارگەو دامەزراوەکانە... کۆکردنەوەی خەڵکە لەو جێگایانە ، بەکۆمۆنیست کردنی خەڵکە لەو شوێنانە، ڕەخنەگرتنی مارکسستییە لە ناسیونالیزم و ئیسلامی سیاسی و فکرو سیاسەتو ئیدارەو دەسەلاتیان وهەروەها بێ ئیرادەیان بەرانبەر بە وولاتانی ناوچەکە...وە جێخستنی هێزە لەو شوێنانە...


لە کۆتاییدا چەند دێرێک لەسەر ئەوەی کە جیابونەوە و ریفراندۆم سیاسەتی ناسیونالیستەکانە یان پارتییە!!مومکنە وابێت من تا ئێستا وای نابینم ، پارتی خەریکی پێکهێنانی حکومەتە لە بەغداو لە ١٥ی مانگەوە ‌‌‌هیزە ئیسلامی و قەومیەکان ڕێککەوتون لەسەر پێکهێنانی حکومەتی بەغدا . بەڵام گریمان وایە. ئەوکات یەکەمجار نابێت لە مێژوودا کە سیاسەتی کۆمۆنیستی و سیاسەتی بورژوایی لە پۆینتێکدا یەکبگرن. لەکۆتایی سالی ١٩٩١ بۆ یەکەمجار بەیانێکمان بلاوکردەوە دژ بە ئابلوقەی ئابوری بۆ سەر عێراق... بەلام ئەوکات دەمیک بوو حزبی بەعس کە دەسەڵاتداری بەغدا بوو دەستی پێکردبوو، ئایا سیاسەتەکەمان هەلەبوو ئەو کات؟ پێم وابێت سیاسەتێکی لە ڕادەبەر کۆمۆنیستی وە دروست بوو.. وە بۆ یەکەمجار ئێمەی بردە دەرەوەی عێراق. لەمبارەوە کێوێک نمونە هەن لە ئاستی جیهانی و ناوچەیدا.... باسەکە ئەوەیە پارتی ئەم سیاسەتەی بۆ چییە، وە تۆ وەک کۆمۆنیستێک بۆ چیتە؟! ئەو بەکام شیوازە لە کار سیاسەتەکەی دەباتە پیشەوە تۆ بەکام شیواز؟ هەموو باسەکە ئەوەیە ئایا ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان توانیومانە ئیرادە بگەرێنینەوە بۆ خەڵک ... ئاستی ئەو ئیرادەیەو دامینی فراوانییەکەی چەندە؟! بە هەمان ئاست کۆمۆنیزم وە چینی کرێکار سودمەند دەبیت، بە پێجەوانەشەوە، حەتمەن زەرەرمەند دەبێت.

 

١٦\٧\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی سامان کەریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک