١٤\١\٢٠١١
دادگا وەک
سەرچاوەى داهات؟!

ئاکۆ خەلیل
دادگا وەک دامەزراوەیەکى جێبەجێکارى یاسا و
سیستەمى دادوەرى،ئەرکى سەرەکى بەدەستهێنانەوەى مافى مادى و مەعنەوى
بەشخوراوانە لەلایەک،وە سەپاندنى سزایە بەسەر سەرپێچکاراندا بە ئامانجى
چاکسازى بەسەر مرۆڤە لادەرەکان و تاوانکارەکاندا لەلایەکى ترەوە،تا
بەهۆى جۆرى سزاکەوە دەرفەتى دوبارە برەخسێنێت بۆ گەراندنەوەى خراپەکارو
سەرپێَچکەران بۆ نێو گۆمەڵگا بۆ ئەوەى ئەوانیش مافى ژیان و
بەشداریکردنیان هەبێت وە بەشداربن لە رەوتى بەرەوپێشچونى کۆمەڵگا و
مومارەسەکردنى ژیاندا.
بەڵام وەختێک کۆى سیستەمى دادوەرى هەر لە داواکارى گشتیەوە تا دادگاى
باڵا و تەواوى لق و پۆپەکانى ئەوسیستەمە ئەکەونە ژێر رکێف و مەیل و
فشار و خواستى دەسەڵاتێکى ستەمکار یان خێڵەکیەوە ،کە تەنها مەبەستیان
لە دامەزراندن و کارکردن و شەرعیەتدان بە دادگا و جێبەجێکردنى یاسا
تەنها تاوانبارکردنى ئەوانیترە وە بەرگرى کردن و شەرعیەتدانە بە ستەم و
تاوانەکانى خۆیان. لێرەوە کارەساتێک دەست پێ ئەکات کە ئەشێت بیچوێنین
بە حکومى تاعونیەت (despotism)کە ترسناکترین و بەرزترین و قێزەونترین
جۆرى ستەمکاریە.
پەنابردنى دەسەڵاتى ستەمکار بۆ دادگا بۆ دەمکوتکردن و خنکاندنى ئازادى
بیرورا،بەبیانوى سەروەرى یاسا ،بەیاسایى کردنەوەى تیرۆر و ترساندن و
خنکاندنى ئازادیى بیرە.
تۆمارکردنى سکاڵا شەرمهێن و بێناوەرۆکەکانى دەسەڵات لەسەر رەخنەى
نوسەران و رۆژنامەنوسان کە پرن لە حەقیقەت و ئاشکراکارى گەندەڵى و
بەهەدەردانى پارە و سەروەت و سامانى وڵات جگە نابوتکردنى یاسا
بێحورمەتیکردنە بە دەسەڵاتى جێبەجێکردن و ناشرینکردنى یاسایە لەبەر
چاوى نەوەکانى داهاتوو.دادگایکردنى کەسانێک لەسەر راڤەکردنى سەفەرەکانى
سەرۆک و وتارە بێماناکانى سەلمێنەرى ئەوراستییەکە کە ئەوان قاتیلى
ئازادین ، نەوەک بەرگرى کار لە ماف و ئازادیەکانى خەڵک،هەوڵدانى حیزب
بۆ دەمکوتکردنى رەخنەگران تەنها ترس نیە لە فراوانکردنى ئازاى، بەڵکو
ترسە لە ئاشکراکردنى باس وخواس و دانیشتنەنهێنیەکانی سەرۆک و
دارودەستەکەى لەگەڵ سەرانى وڵاتان بۆ دانانى پلانى جەنگ و سات وسەوداى
بازرگانى رەش و سەفەقاتى ژێربەژێر بە چارەنوس و سەروەتى خەڵکى ئەم
هەرێمەوە.گەیاندن و وروژاندنى مەترسیەکانى دەسەڵات لەمەر تێرۆر و
تۆقاندنى رۆژنامەنوسان و دەنگە ئازادیخواز و رەخنەگرەکان بە رێکخراوە و
مێدیاو ناوەندە نێودەوڵەتیەکان بەجۆرێک کاریگەربووە کە دەسەڵاتى
شەرمەزارو نابوتکردوە. دەرئەنجامى ئەم کارەگرنگ و پیرۆزانەش دەسەڵات
تەنها رێگا چارەیەک کە تواناى بەکارهێنانى هەبێت پەنا بردنە بۆ دادگا و
یاسا کۆنەپەرستەکانى بەعس و بەس،حیزب بەبۆچونى خۆى ئەتوانێت لەرێگاى
سکاڵاى یاسایى و راپێچکردنى نوسەرو رۆژنامەنوسان بۆ بەردەم پیاوانى
خۆفرۆشى دادگا، ئەتوانێت ئاسان سەرکوت و پەلوپۆى ئەودەنگانە بکات.
دەستێوەردانى حیزب لە پرۆسەى دادوەریکردنى نوسەرو رۆژنامەنوساندا و
دەرچواندنى یاسا و لەکارخستن و بەکارخستنى یاسا بە مەیل و قازانجى
دەسەڵات خۆى وکەڵک وەرگرتنى دەسەڵات لە دادگا وەک سەرچاوەیەکى داهات
بەجۆرێک کە داهاتى مانگانەى ئەودامەزراوە یاساییە لەبەرامبەر سکاڵاکانى
حیزب لەسەر جەنگاوەرانى ئازادى بیرورا ، سەد هێندە زیاربێت لە داهاتى
فرۆشى نەوتى خاوى کوردستان جگە لە شەرمەزاریەکى گەورە بۆدەسەڵات،
لەکەدارکردنى خودى سیستەمى دادوەریە بۆ سەدان ساڵى ئایندە،وە
تۆمارکردنى پەڵەیەکى رەشە بەنێوچەوانى پارێزەر و دادوەرانى نەفس نزم و
کۆیلەى حیزب لە دۆسیە زەردەکاندا.
ماڵپهڕی ئاکۆ خهلیل
|