١٩\٣\٢٠١٥
داعش چییە و
چۆن پەیدابوو؟!

هیوا ئەحمەد
ئیسلامی سیاسی کە پێکهاتووە لە چەندەها گروپ
و دەستەو تاقم و حکومەتە جیاوازەکان بە گشتی بزووتنەوەیەکی سیاسی
بۆرژوازی کۆنەپەرستانە و دڕندانەی ناوچەکە و جیهانە کە ئاینی ئیسلام و
دەقە دینییە کۆنەپەرست و دژە مرۆییەکانی کردۆتە پەرچەمی ئایدیۆلۆژی
خۆیی. لە ڕوی سیاسیشەوە لەسەر ستەمی مێژویی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا و زوڵم
و زۆر و تیرۆریزمێکی فەرمی و دەوڵەتی کە لە بەرامبەر خەڵکی فەلەستیندا
ئەنجامدەدرێت، هەروەها قڵشتێکی ئابوری و کەلتوری و فەرهەنگی گەورەی
نێوان ڕۆژئاوا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین و شکستی ناسیونالیزمی
بەدەسەڵات گەیشتوو لەناوچەکەدا لە پەیوەستکردن و هەڵپێکانی سەرمایەی
ناوخۆیی ئەم وڵاتانە لەگەڵ سەرمایەی جیهانی و ڕۆژئاوادا و ڕاکێشانی
سەرمایەی رۆژئاوا بۆ سەرمایەگوزاریکردن لە ناوچەکدا و ئەنجامدان و
تەواوکردنی پرۆسەی بە مەدەنی کردن و لیبرالیزەکردنی ئەم کۆمەڵگایانە
بەهۆی ناجێگیری سیاسی لە ناوچەکەدا و بێزاری خەڵکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
لە ئیسڕائیل و وڵاتە رۆژئاواییە هاوپەیمانەکانی سەرمایەگوزاری سیاسی
دەکات و هەژمونی کۆمەڵایەتی پەرەپێدەدات.
بەڵام کاتێک ڕەوتی ئیسلامی سیاسی وەک بزووتنەوەیەکی تاوانکارانە
دەرفەتی ئەوە پەیدا دەکات کە ئەم ناڕەزایەتییە بقۆزێتەوە و بیکاتە
سەرمایەی دەستی خۆی و لە پەراوێزی ئەم کۆمەڵگایانەوە پێبنێتە ناوجەرگەی
ململانێ لەسەر دەسەڵاتی سیاسی لەم ئاستە فراوانەدا، ئەمە خۆی بەرهەمی
خودی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایە. ئەم درندەیە خۆیان دروستیان کردو
بە کۆمەکە ئابوری و دارایی و سەربازیەکانی خۆیان و سعودییە بەهیزیان
کردو بەریان دایە گیانی خەڵکی ناوچەکە و ئەمڕۆش خەڵکی سەراسەری جیهان و
تەنانەت خەڵکی وڵاتەکانی خۆشیان. ئیسلامی سیاسی ئامڕازی دەستی رۆژئاوا
بوو لە جەنگی ساردا لە دژی سۆڤییەت و ئامڕازی تێکشکاندنی بزووتنەوە و
شۆڕشە چەپ و کرێکارییەکان بوو لە هەموو وڵاتانی ناوچەکەدا. ئەمە
ئامڕازێک بوو کە دوای بنبەستی حکومەتە ناسیونالیستیەکان لە خۆرهەڵاتی
ناوەڕاستدا بۆ بەرگرتن بە بەهێزبونی بزووتنەوەی چەپ هێنایانە مەیدان و
ئێستاش هیچ کات مەبەستیان لەناوبردن و بنبڕکردنی نەبووە و نییە، بەڵکو
تا ئەو ئاستە کێشەیان لە گەڵی هەیە کەخەریکە سنورێک کە بۆیان
دیاریکردوە دەبەزینێت و بەرژەوەندیە سیاسی وئابورییەکانی وڵاتانی
ڕۆژئاوا دەخاتە مەترسییەوە.
ئیسلامی سیاسی وەک پێویستیەک و ئامڕازێکی دروستکراوی وڵاتانی رۆژئاوا
لە ماوەی جەنگی ساردا، لە دوای هەرەسی بلۆکی ڕۆژهەڵاتەوە لە سەرەتای
دەیەی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردودا، وەکو بزووتنەوەیەکی سیاسی و
کۆمەڵایەتی کۆنەپەرستانەی بۆرژوازی خوازیاری دەسەڵات و بەشی زیاتر بووە
لە جیهانی سەرمایەداریدا. بەتایبەتیش لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەراست و
لە مەڵبەندە ئیسلامییەکانی خودی کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکاندا. ڕەوتی
ئیسلامی سیاسی و گروپ و دەستەو تاقم و حکومەتەکانی لە پێناو مانەوە و
پاراستنی جێوشوێنی ڕوولەنشیوی خۆیان و سەرەئەنجام بۆ قایمکردنی شوێنپێی
خۆیان لە پەیکەرەی دەسەڵاتی بۆرژوازی و ململانێکانیدا بە دڕندانەترین
شێوە لە هەوڵدایە.
تیرۆریزم وسەرکوت ودڕندەیی کوێرانە کۆڵەکەیەکی سەرەکی ستراتیژی ئیسلامی
سیاسیی و گروپە تیرۆریستیەکانیەتی بەوانەوە کە لە دەسەڵاتدان و
بەوانەشەوە کە هێشتا نەگەیشتونەتە دەسەڵات. تیرۆریزم ئامڕازی سەرەکی
ئەم ڕەوتە ئیسلامیەیە بۆ قوڵکردنەوەی قەڵشتە میللی و نەتەوەیی و دینی و
مەزهەبییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها بۆ زیندوهێشتنەوەی ئەم
کێشمەکێشمە وەکو سەرمایەیەکی سیاسی و سەرچاوەی هێزگرتنی خۆی چاوی
لێدەکات.
بەڵام پەرەگرتن وبڵاوبونەوەی زیاتر و دڕندەتربونی تیرۆریزمی ئیسلامی لە
ناوچەکە وجیهاندا هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ هێرش و داگیرکردنی
ئەفغانستان لە لایەن ئەمریکا و ولاتانی رۆژئاوا و پەرەگرتنی
میلیتاریزمی ئەمریکا، پاشان هێرش بۆسەر عێراق و وجودی ڕاستەوخۆی
سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان و پەرەگرتنی دەسەڵات و شەر وململانێی
تایفی و دینی ومەزهەبی و قەومی و سینارێۆیەکی ڕەش لە عێراق و سەرئەنجام
شکستی سیاسی و ستراتیژی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، هەرچی زیاتر تیرۆریزمی
ئیسلامی لە ناوچەکەدا پەرە پێدا و دەیەها گروپ و دەستەو تاقمی تری
تیرۆریستی ئیسلامی سەریان دەرهێنا و ئەم هەلومەرجە سیاسی و کاولکارییەی
عێراق و ناچەکە بوو بە ژینگەیەکی باش بۆ گەشەکردنی ئەم تیرۆریزمە کوێر
و تاوانکارانەیە.
گروپی تیرۆریستی داعشیش یاخود بە ناو دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە
عیراق و شام ئاکامی هەمان ڕەوەند و هەلومەرجی سیاسی و سەربازیە و
دریژکراوە و پێکهاتەی ئەو گروپ و ڕیکخراو و دەستەو تاقمە تیرۆریستانەیە
کە سەر بەهەمان ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و هەمان ستراتیژییەت و کارنامەی
ڕەشی سیاسین لەناو دنیای پڕ ململانێ و پڕ لە قەیران وبنەبستی سیاسی و
ئابوری سیستمی سەرمایەداری ئەمڕۆدا وەک بەشێک لەو سیستمە.
داعش ڕاستەوخۆ لە ئاکامی شکستی شۆرشی جەماوەری ئازادیخوازی سوریا دژ بە
ڕژێمە دیکتاتۆریەکەی سوریا و هەروەها بنەست و شکستی هەوڵ و هەنگاوە
سیاسی و سەربازیەکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا و ناوچەکە لە
دروستکردنی ئۆپۆزیسێۆنیکی دڵخوازی خۆیان و یەکگرتوو بۆ ڕوخاندن
وجێگرتنەوەی ڕژێمەکەی ئەسەد و ململانێی جیهانی جەمسەرەکانی سەرمایەداری
لە ناوچەکەدا و هەروەها ململانێی ناو خودی گروپە تیرۆریستییە
ئیسلامییەکان لەسەر دەسەڵات و پاوانخوازی لەبەرامبەر یەکتردا،
دروستبوو. درێژەکێشانی شەڕی نێوان هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێمەکەی ئەسەد
و گروپ و هێزە ئۆپۆزیسێۆن و ئیسلامییەکان و کاولکردنی شارو شارۆچکەکانی
ئەو وڵاتە و کوژران و ئاوارەبونی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی شارەکانی
سوریا و دەستێوەردانی دەوڵاتانی ناوچەکە و جیهان، هەرچی زیاتر ئاسۆی
ژیانی خەڵکی لەم وڵاتەدا تاریکتر کرد. لە ناو ئەم هەلومەرج و زەلکاوە
سیاسی وجەنگییەدا بوو کە داعش بە ئاڵای ڕەشی خەلافەتی ئیسلامییەوە لە
ساڵی ٢٠١٣ دا خۆی ڕاگەیاند و بەمەبەستی تۆقاندنی خەڵک دەستیدایە
ئەنجامدانی تاوانی گەورە وقێزەون و بەکارهێنان و داهێنانی دڕندەترین
شێوازی تیرۆر هەر لەملپەڕاندن و سوتاندن و دەستبڕین لەبەرامبەر خەڵکی
ئاسایی و ژنان و نەیارانی خۆی و ئەوانەی وەک خۆی بیرناکەنەوە
وهەڵسوکەوت ناکەن. بەمەش لەماوەیەکی کەمدا بە کۆمەکی هەندێ لە وڵاتانی
ناوچەکە لە نمونەی تورکیا و عەرەبستانی سعودی دەستی گرت بەسەر
ناوچەیەکی بەرفراوان لە سوریا و شاری ڕەقەی کردە پایتەخت. پاشان بەرەو
عێراق کە مۆڵگەی گەشەکردن و بڵاوبونەوەی پێشتریان بوو کشا و شاری موسڵ
و چەند شار وشارۆچکەی تری خستە ژیر ڕکیفی خۆیەوە پاشان بەمەبەستی
پاراستنی شوینپێی خۆی لەوناوچانەدا شەڕی لەگەڵ هەرێمی کوردستانیشدا
دەستپێکرد. لە ناوچەکانی قەڵەمرەوی دەسەڵاتی ئەم گروپە تیرۆریستیەی
ئیسلامی سیاسی سەدەها تاوان و تیرۆری کوێرانە و بێنمونەی لە درندەیدا
ئەنجامداوە بە جۆرێک کە گروپیکی درندە وتیرۆریستی وەک قاعدە نکۆڵیان
لێبکات و هیچ لایەن و حکومەتێکیش تەنانەت ئەوانەشی کە کۆمەکی دەکەن
نەتوانن لایەنگری لێبکەن. کوشتن و قەتڵ وعامی بە کۆمەڵی یەزیدیەکان بە
تاڵانبردنی ژنان و کچانی یەزیدی و فرۆشتنیان وەک کۆیلەی سێکس، سەربرینی
رۆژنامەنوسان، سوتاندنی دیللەکان و نەیارانی خۆیان، تەقاندنەوەی
شوێنەوارە کۆنەکان، نەهێشتنی هیچ سیمایەکی مەدەنی و خۆشی خەڵک و کوشتن
و بەردەبارانکردنی ژنان و سەدەها نمونەی تر کە ئەمانە مشتێکن لە
دەریایەک تاوان و تیرۆری پڕ لە درندەیی ئەم گروپە دژی مرۆڤایەتییە. ئەم
کارنامە ڕەشەی ئیسلامی سیاسی و ئەم گروپە تیرۆریستییەی بووە مایەی
بیزاری و رق و ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی قوڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە
ئاستی جیهان و ناوچەکەشدا دژ بەم گروپە و ئیسلامی سیاسی بە گشتی. ئەم
ڕەوتە دژە مرۆییە لە ئاستێکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتیدا کەوتۆتە بەر
نەفرەتی خەڵک و هەوڵدان بۆ کۆتایهێنان بەم مافیایە بە شێوازی سەربازی و
سیاسی و کۆمەڵایەتی، کە بەرگری جەماوەری خەڵک لە کۆبانێ و سەرکەوتنیان
بەسەر ئەم هێزە رەشەدا و پاشەکشەپێکردنی لەوناوچانە و زۆر ناوچەی تر
سەرەتای پێچانەوە و کۆتایهێنان بەدەسەڵات و تیرۆریزمی ئەم گروپە
دڕندەیەی ئیسلامی سیاسییە.
١١\٣\٢٠١٥
ماڵپهڕی هیوا ئهحمهد
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|