په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١\٢٠١٥

داعش، دەوڵەتێکی شەیتانی و بزنسی لەشفرۆشیی ژنان!
- لە پەراوێزێ بڵاوبونەوەی مانفێستی "سەبی و رەقابی" داعشدا -

سامان کەریم     


داعش ، لەسەر پایەی ئەحکامی ئیسلامی و بەتایبەت لەسەر پایەی ئایەتەکانی قورئان، بیروراو تیڕوانینی خۆی و بەم پێیە دەر‌کێشانی یاسای پێویستی دەوڵەتەکەی سەبارەت بە ژن ومنداڵانی دیل لە جەنگدا، لە نامیلکەیەکدا بە شیوەیەکی زۆر ڕٶشن و پێ پەردە خستۆتە ڕوو. نامیلکەکە بە ناوی " سەبی و رەقاب" وە و کە تیایدا وەڵامی ٣٢ پرسیاری داوەتەوە کە وەک یاسا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا کاری پێدەکات.


داعش نە ئیسلامی سەردەمی محەمەدە، وە نە ئیسلامی سەردەمی چەرخەکانی ناوەراستە. داعش هێزێکی ئیسلامی سیاسی هاوچەرخەو لەو پەڕی گەشەی تەکنۆلۆژیاو نانۆتەکنۆلۆژیا، گەشەو شۆرشی گەورەی زانستی فەلەک و فیزیاو زانستی گواستنەوەو پەیوەندیگرتندا، سەرهەڵدەدات و بەهێز دەبێت و نفوزی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەچێتە سەرەوەو ناوچەیەکی فراوانی عێراق و سوریا دەگرێتە دەست و دەیخاتە ژێر قەلەمڕەوی دەسەڵاتداری "خەلافەتەکەی" خۆیەوە. جەنگی داعش، جەنگێکی سیاسی یە و ڕاستەوخۆ بۆ یەکلایکردنەوەی دەوڵەت و پێکهێنانی ئیمپراتۆریەتێکی ئیسلامی پانوپۆرە.


داعش ئەمڕۆ ئەگەر چی لە سایەی ئایدۆلۆژیەتێکی کۆنی پێش چەرخەکانی ناوەراستدا فەرهەنگ و دابو نەریتەکانی دادەرێژێتەوەو یاساکانی بڕیار دەدات، بەڵام هێزێکی بورژوایی ئەم سەردەمەیە و پێدوایستییەکی قۆناغی گوزەری سەرمایەیە لە ئاستی جیهانیدا. داعش ، ‌‌هێزو بزوتنەوەیەکی بورژواییە، لە قۆناغی قەیرانێکی قوڵی ئابوری و سیاسی و ئەخلاقی و ئایدۆلۆژی بورژواییدا وەک چینێکی زاڵی جیهانی. داعش دومەڵێ دەرکراوی سەر لەشی بورژواییە وەکو چینێک، داعش دومەڵی هەلتۆقیوی سەرمایەیە. ئەوەی کە ئیسلامی سیاسی وەک بیروڕایەکی بەهێز سەرهەڵدەداتەوە هیچ ئاماژەیەک نی یە بۆ بەهێزبونی بیروباوەری ئیسلام و هێزە ئیسلامیەکان بەڵکو بە پێچەوانەوە، دواکەوتوی دارزیوی و دواکەوتویی ئەم هێزو بیرو ڕایەیە کە وادەکات سەرمایە وەک پێداویستییەکی فکری و روحی هەمیشە دەمەزەردی بکاتەوە و بیخاتە خزمەت کەڵەکردنی قازانجی سەرمایەو، مانەوەی دەسەڵاتەکەیەوە.


ڕۆژنامەنوسی ئینگلیزی ستیفان بارلی لە پەرتوکەکەیدا بە ناوی "Bondage"ەوە بە ووڵاتی سایپرس دەڵێت "قوتابخانەیەکی سەرەتاییە بۆ کۆیلایەتی سێکس"، ئەوکات تازە نیکۆسیا پایتەختی سایپرس بوبوو بە قیبلەی بازرگانی سێکس، ئەوکات نیوەی دووەمی ساڵانی هەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو بوو. ئەوکات لوبنان پێ دەنێتە شەڕی ناوخۆوەو ئەو سەنتەرە سێکسی یەی جیهانی عەرەب بنکەو بارەگایان دەگوێزنەوە بۆ نیکۆسیا.(بە سود وەرگرتن لە پەرتوکی: بازرگانی ژن لە ئەوروپا/کریس دی ستووب/زمانی عەرەبی-وەرگێڕانی "ربی ئەلنحاس"/١٩٩٧/ئەلئەهالی بۆ چاپ و بلاوکردنەوە/دمشق).ئەگەر سایبرس کە ماوەیەکی زۆر بە " قیبلەی خۆشەویستی" ناسرابوو بەهۆی ئەوەی کە شوێنی کڕینی "سێکس" بوو، وە سەرمایەدارانی ئەوروپی سەرمایەکەیان لە بازاڕی ئەم کاڵایەدا وەبەرهێنا بوو، بۆ ئەوەی قازانجی زۆر بکەن ناچار بوون کە کرێکارە لەشفرۆشەکانیان واتە ژنەکان کە زۆربەیان بە زۆر خراونەتە ژیر ئەم کارە، بە کۆیلایەتی وەسف بکرێت وە لەباری واقعی یەوە کۆیلایەتییە، وەکو ستیفان بارلی پێی دەلی "قوتابخانەیەکی سەرەتاییە بۆ کۆیلایەتی سیکس" ئەوا ، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە موسڵەوە تا ڕقەی سوریا ... قوتابخانەی سەرەتای تێپەردەکات و دەبێتە زانکۆیەکی پرۆفیشنال و پسپۆر نەک تەنها لە کۆیلایەتی کردنی مرۆڤ دا بەڵکو لە شێوە جیاوازەکانی ریکلام بۆ کۆیلایەتی کردن وفرۆشتنی ژن و سێکس و شیوەی مەمەلەکردنی گەوادەکانی سێکس لەگەڵ کریاران و بازرگانانی سێکسدا.


بۆ ئەوەی بچینە نێو باسەکەوەو بگەینە نێو ناوەرۆکی مەنەفێستە لەشفرۆشیەکەی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی 'داعش" ، چەند دەقێکی قورئان دەهێنینەوە بۆ ئەوەی باسەکە لە ڕوانگەی ئیسلامەوە بە ڕۆشنی بخەینە بە ردەم خوێنەران، بە جیا لەوەی کە هێزێکی ئیسلامی خۆی بە موعتەدڵ یا فەندەمێنتاڵ یان دیموکراتی دەزانێت یان نا. دەقە قورئانیەکان، واتە سورەتەکان دەکرێت لێکدانەوەی جیا جیای بۆ بکرێت هەروەک بۆی کراوە لە هەلومەرجی دیاریکراوی مێژوویدا، بەڵام بەگشتی هەموو هێزە ئیسلامیەکان کۆکن لەسەر ئەوەی قورئان دەقێکی خوداییەو پەیڕەویکردنی ئەرکە. لەخوارەوە دەقی کوردی چەند ئایەتێک لە سورەتەکانی قورئان دەهێنینەوە تەنها بۆ ئەوەی کە تابلۆیەکی ڕۆشنتر لە سەر مانفێستەکەی داعش بخەینە بەر چاوی خوێنەران. پاشان کورتەیەک لەسەر ناوەڕٶکی ئەو ئایەتانە دەخەینە بەردەم خوێنەران ولەدوایدا مانفێستەکەی داعش و ناوەرۆکەکەی لێک دەدەینەوە.


سورەتی ئەلنیسا پێمان دەڵێت: (هه‌روه‌ها حه‌رامه‌) لێتان ئه‌و ئافره‌تانه‌ی که مێردیان هه‌یه جگه له که‌نیزه‌کتان ، خوا بڕیاریداوه له‌سه‌رتان، جگه له‌وانه‌ی که باسکران، حه‌ڵاڵه بۆتان به‌هۆی ماڵ و دارایتانه‌وه هاوسه‌ر بگرن (تا چوار ئافره‌ت) تا پاک داوێن بن و له سنووری ڕه‌وشتی به‌رز ده‌رنه‌چن، جا له‌گه‌ڵ هه‌ر ئافره‌تێکدا هاوسه‌ریتان گرت ئه‌وه فه‌رزه که ماره‌ییه‌که‌یان بده‌نێ و هیچ گوناهیش نیه له سه‌رتان له که‌م کردنه‌وه‌ی ئه‌و ماره‌ییه‌ی له‌سه‌ری ڕێککه‌وتبوون له دوای دیاریکردنی، به‌ڕاستی خوا هه‌میشه‌و به‌رده‌وام زاناو دانایه‌. ئه‌وه‌ش که نه‌یتوانی له ئێوه له‌به‌ر ده‌ست کورتی، ئافره‌تانی سه‌ربه‌ستی باوه‌ڕدا ماره بکات، ئه‌وه با له کچه‌که‌نیزه‌که ئیمانداره‌کانتان بخوازێت، خوایش زانایه که ڕاده‌ی ئیمانتان چه‌نده و چۆنه‌، ئێوه هه‌ندێکتان له هه‌ندێکتانن (هه‌مووتان له ئاده‌م و حه‌وان و ئه‌م جیاوازیه چینایه‌تیه شتێکی کاتی یه‌)، له‌به‌رئه‌وه ئه‌و که‌نیزه‌کانه ماره بکه‌ن له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندی که‌س و کارو خاوه‌نه‌کانیان و ماره‌ییان به‌چاکی پێ بده‌ن، له‌کاتێکدا ئه‌و که‌نیزه‌کانه‌ش پێویسته پاک داوێن بن و دووربن له داوێن پیسی و دۆست گرتنه‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر شوویان کردو له‌وه‌ودوا داوێن پیسیه‌کانیان ئه‌نجامدا ئه‌وه نیوه‌ی سزای ئافره‌تانی سه‌ربه‌ست ده‌درێن(چونکه ئازادیی ته‌واویان نه‌بووه له‌و سه‌رده‌مه‌دا)، له‌به‌ر ئه‌وه ماره‌کردنیان بۆ ئه‌وانه‌تانه که ده‌ترسێت تووشی هه‌ڵه‌و گوناهـ ببێت، خۆڕاگریتان (تا خوا ده‌رووتان لێده‌کاته‌وه‌) چاکتره بۆتان، خوایش لێخۆشبوو و میهره‌بانه‌"٢٥".

(http://www.nza.me/quran/translate-4-30.html) - قورئان بەکوردی).


ئه‌وانه‌ش که پارێزه‌رى داوێنى خۆیانن...جگه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ران و که‌نیزه‌که‌کانیاندا نه‌بێت، که ئه‌وه جێگه‌ى لۆمه‌و سه‌ر زه‌نشت نیه‌، جا ئه‌وه‌ى جگه له‌و سنووره دیارى کراوه‌، ڕێگه‌و ڕێبازى تر بگرێته‌به‌ر، ئه‌و جۆره که‌سانه به یاخى و له سنوور ده‌رچوو ده‌ژمێردرێن٦. (سورەتی ئەلموئمنون/ هەمان سەرچاوە)

) ئه‌م فه‌رمانه‌ بۆ کاتی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌ له‌گۆره‌پانی جه‌نگدا) جا کاتێک گه‌یشتن به‌وانه‌ی بێ باوه‌ڕ بوون، بێنه ده‌ست لێیان و له‌گه‌ردنیان بده‌ن (ئه‌گینا ئه‌وان ئێوه ده‌کوژن)، تا کاتێک کوشتاری زۆریان لێ ده‌که‌ن، ئینجا که‌هێزیان نه‌ما، به‌دیل بیانگرن به‌توندی باڵبه‌ستیان بکه‌ن، ئه‌وسا یه‌کێک له‌م دوو کاره‌یان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام بده‌ن: یان به‌پیاوه‌تی و منه‌ت، یاخود به‌گۆڕینه‌وه‌و فیدیه ئازادیان بکه‌ن، تا شه‌ر کۆتایی دێت و ئاسه‌واری نامێنێت و دوژمنان چه‌ک داده‌نێن، بڕیاره‌که ئاوهایه‌، ئه‌گه‌ر خوا بیویستایه خۆی تۆڵه‌ی لێ ده‌سه‌ندن، به‌ڵام ده‌یه‌وێت به‌یه‌کتر تاقیان بکاته‌وه‌، ئه‌وانه‌ش له‌پێناوی خوادا شه‌هید بوون، هه‌رگیز پاداشتی هه‌وڵ و کۆششیان به‌زایه نادات.٤(سورەتی موحەمەد)

ئه‌ی محمد(ێلى الله علیه وسلم) یادی ئه‌وه بکه‌ره‌وه کاتێک په‌روه‌ردگارت وه‌حی و نیگای ده‌کرد بۆ فریشته‌کان که‌: به‌ڕاستی من یارو یاوه‌رتانم، که‌وابوو ئێوه‌ش دڵی ئیمانداران پابه‌ندو دامه‌زراو بکه‌ن، له‌مه‌ودوا منیش ترس و بیم ده‌خه‌مه دڵی ئه‌وانه‌ی که بێ باوه‌ڕ بوون، ده ئێوه‌ش له سه‌رووی گه‌ردنی ناپاکان بده‌ن و ده‌ست بوه‌شێنن له هه‌موو سه‌رپه‌نجه‌کانیان (تا کافره‌کان شمشێریان پێ نه‌گیرێت).١٢

ئەو سورەت و ئایەتانەی سەرەوە کە ئاماژەیان پێکراوە بەشێکن لە سورەت و ئایەتەکانی قورئان، لە هەمانکاتدا بەشیکی کەمن لە سورەت وئایەتەکانی تۆقاندن و تیرۆر کە بەئاشکرا دەکرێت لە دەقە قورئانیەکاندا ببینرێن و لە ئێستادا ‌هێزو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک: داعش، ئەلقاعیدە، بەرەی نەسرە، بەیت ئەلمەقدەس .... بۆ کارەکانیان پشتی پێدەبەستن و فتواچیە تیرۆریستەکانی وەک مەقدەسی و عەرعورو قەرزاوی و عورەیفی..... جەخت دەکەنەوە سەری و ریکلامی بۆ دەکەن. ئەو دەقانەی سەرەوە بەشێوەیەکی ڕۆشن ئاماژە بە مامەڵەکردنی دیل دەکات بە تایبەتی دیلی ژن کە پێی دەوترێت " سەبی" و یان بە پێی دەقی قورئانی " ماملکت ایمانهم" .یان "کەنیزەک"... ناوی جۆراوجۆر چەمکی جۆراوجۆر بەکارهێنراوە بۆیان کە لە ڕوانگەی منەوە لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کە ئیسلام لە سەردەمی سەرهەڵدانی دا زۆربەی زۆری داب ونەریتەکانی پێش خۆی واتە سەردەمی جاهیلیەتی کەنداوی عەرەبی لەگەڵ خۆیدا پاراستوەو لە قورئاندا جێگای گرتۆتەوە، بەم پێیەش کاریگەری داب ونەریتی قەبیلە جیاوازەکانی بەسەرەوە بوەو لە قورئاندا ڕەنگی داوەتەوە. ئەمە بەجیا لەوەی کە دەقە مەکی و مەدینەییەکان جیاوازیان هەیە و لەوەش واوەتر، لە ڕوانگەی منەوە سەبارەت بە `ژن و چەوساندنەوەی ژنان لە قورئاندا دەتوانین دوو قۆناغ جیابکەینەوە، قۆناغی پێش مردنی خەدیجە و قۆناغی دوای مردنی خەدیجە کە هاوسەری موحەمەد بوە، بۆ نمونە تا مردنی خەدیجە ئایەتە قورئانیەکان نابینین کە باس لە حیجابی ژنان بکات، ئەمەش کاریگەری گەورەی خەدیجەو سەنگی ئەو کەسایەتییە نیشان دەدات بەسەر موحەمەدەوە، بەتایبەت کە پێشتر موحەمەد لای ئەو ئیشیکردوە. بەکورتی ئەو سەردەمەی کە قورئان لە دایک دەبێت و ئیسلام بە ڕابەری موحەمەد دەبێتە ئایدۆلۆژیای بزوتنەوەیەکی سیاسی بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی ئیسلامی لە نیوان دوو ئیمپراتۆری گەورەی فارسی و رۆمانی دا، قورئان دەبێتە پەرتوک وبەرنامەی سەرەکی ئەم بزوتنەوەیە، بزوتنەوەو هیوایەک کە لە قوێەی کوری کیلابەوە، باپیرە گەورەی موحەمەدەوە دەست پێدەکات و موحەمەد بە ئەنجامی دەگەیەنیت. ئەمرٶ پاش زیاتر لە ١٤ سەدە داعش دەیەوێت هەمان ئامانج "پێکهێنانی دەوڵەت" ێکی ئیسلامی و دواتر ئیمپراتۆریەتێکی ئیسلامی دوبارە بکاتەوە کە هێزەکانی دیکە ئەو کارەیان پێنەکرا هیزەکانی وەکو " ئیخوان و ئەلقاعیدە"، دیارە لە هەلومەرجێکی سیاسی جیاواز و قۆناغێکی مێژوویی جیاوازدا. لەباری یاساییەوە بە یاساکانی دیلی ژن و مندال دەست پێدەکات کە ناوی ناوە " سەبی و رەقاب". ئیسلامی سیاسی ئەوکات ئیسلامی فیودالیزم و کۆیلەداری بوو، ئیسلامی ئەمڕۆ ئیسلامی سەرمایەو کۆیلەدارییە.

ئەتوانین بە شیوەیەکی ڕۆشن بابەتی " جیهاد" ی ئیسلامی و کوشت و بڕەکەی لە پەرتوکی " مەعالمی تەریق" ی سەید قوتبدا ببینین وبەتایبەت لە بەشی" جیهاد لەپێناو خودا دا"، هەروەها لە پەرتوکی " رسالە الجهاد" ی حسن به نای ڕابەڕی ئیخوانیەکان و لە فتواچیە تازەکاندا بە هەمان شێوە. بەڵام باسی ئێمە لێرەدا تایبەتە بە مەسەلەی ژن و ئیسلام و کۆیلایەتی و بێ مافی ژن لە ئیسلامدا و بە دیاریکراویش لێرەدا باسی داعش ومانێفێستەکەیەتی. مانیفێستەکەی داعش کە بەشێکی لە خوارەوە دێت... تەنها باسی کۆیلەتی ژنان نیە ، ئەگەر چی کۆیلایەتی مٶدێلیکی ئەمڕۆی سەرمایەیە لە جیهاندا، کڕێکارانی نیپالی و سریلانکی و پاکستانی و هندستانی و فلیبینی لە کەنداوی عەرەبی لە قەتەر لە ئیمارات و سعودیە ، نمونەی کۆیلایەتی کڕیکارانە لە سایەی سیستەمێکی سیاسی سەرمایەی کەنداو دا، کۆیلایەتیەک کە ئەمرٶ بۆتە دەنگوباسی نێو دەزگا نێونەتەوەییەکان، یان کرێکارانی ژنانی خزمەتکار لە کەنداو لوبنان نمونەیەکی تری کۆیلایەتیکردنی کرێکارە لە سایەی سەرمایەو سەرمایەداریدا. بەڵکو مانفێستی داعش ژن لە کۆیلەش دەردەکێشیت و دەیکاتەوە بە کاڵا یەکی بێ روح و گیان.

 

کۆیلە وەک مرۆڤێک کە بێ مافەو خاوەنی هەیە مامەڵەی لەگەل دەکرێت، لە مانفێستی داعشدا، ژن لەوە کەمترە کە کۆیلە بێت. پیاوی دیل لای داعش کۆیلەیە و بەم پێ یە ئەمرۆ کاڵایەکی زیندوە دەکرێت بگۆردرێتەوە یان بکوژرێت یان ئەگەر هیچ سودێکی نەبوو فڕێ بدرێت" ئازاد بکرێت". بەڵام بۆ ژن وا نیە!!. ژن لێرە هەم کۆیلە دەکرێت و دەفرۆشرێت و دەگۆردرێتەوە و دەتوانی بیخەیتە بواری وەبەرهێنانەوە لە ڕێگای فرۆشتنی سێکسەوە هەم بەجیا لەوانە دەتوانی وەکو دۆلار یان هەر دراوێکی تر یان هەر کالایەکی تر لە بازاردا لە بۆرسدا سەهمەکانیان بەرزو نزم بکریت بەلام لە بازاری " نەخاسە"دا بازاری فرۆشتنی دیلە ژنەکان یان مندالەکاندا... مامەڵەی پێوە بکرێت، دەتوانی نزخی لەسەر دابنێێت و بەپێی تەمەنیان یان تەنانەت بەپێی جوانی یان، وە لە هەندێ باری تایبەت تردا بەکاردەهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی نەوەی تازە. بەهەرحاڵ لەم ڕوانگەیەوە ژن هەموو لەشی "زێڕە" بەڵام بێ دەنگە بێ هەستە بێ مافە، وەک زێر..... مرۆڤ نی یە و ناتوانێت لەڕوانگەی ئیسلام و مانفێستی داعشەوە تەنانەت مرۆڤێکی کۆیلەش بێت وەکو پیاوان.

ئێمە ئەمرٶ لە قۆناغێکدا دەژین کە سەرمایە و دەسەڵاتەکی بۆتە دومەڵێکی شیرپەنجە بەسەر کۆمەلگای بەشەرییەوە، یان دەبێت ئەم دومەڵە ببردرێت و کۆنترۆل بکرێت لە ڕێگای جارەسەری شۆرشگێرانەوە یان دەبێت کۆمەلگای بەشەری خەریکی لە دایک بوونی بێچوە داعشی تر و زلە داعشی تر بێت. لەخوارەوە بە شێک لە مانیفێستەکەی داعش دەهێنینەوە کە لە سایتی چاودێر نیوزەوە وەرمگرتوە، مانیفێستێک کە نەک شەرمەزارییە بۆ داعش و ئیسلامی سیاسی بەڵکو بۆ سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەی کە لەهەناوی خۆیدا هێزی لەم چەشنە بەرهەم دەهێنێت، بەڕاستی شەرم هێنەرە هێزێک لە سەدەی ٢١ دا ئەم بڕیارە پۆخلەوات و دواکەوتوو کۆنەپەرست و تورەهاتانە بکاتە یاسا و جەسارەتی ئەوەی هەبێت بڵاوی بکاتەوە. فەرموون لەگەڵ ئەم مانفێستە ئابڕوچوەی داعش:

١-
پرسیار: "سەبی" چیە؟
وەڵام: "سەبی"، ئەو ژنانەی پیاوە ناموسوڵمانە جەنگاوەکانە، کە موسوڵمانان دەیانبەن.


٢-
پرسیار: هۆکاری حەڵاڵ‌بونی ئەو ژنانە چیە؟
وەڵام: هۆکاری حەڵاڵبونیان ناموسوڵمانێتی "کفر" ە، ئیتر ئەو ژنە ناموسوڵمانانە بۆمان حەڵاڵ دەبن، بەوەی کە "ئیمام" ی موسوڵمانان دابەشیان دەکات، دوای ئەوەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت و دەهێنرێن بۆ ناو دەوڵەتی ئیسلام "دار اڵاسلام".


٣-
پرسیار: ئایا سەبی‌کردنی هەمو ژنێکی ناموسوڵمان دروستە؟
وەڵام: هیچ ناکۆکییەک لەنێوان زانایانی ئیسلامدا نیە لەوەدا کە سەبی‌کردنی هەمو ئەو ژنانه دروستە کە هەر لە بنەڕەتەوە ناموسوڵمان "کافر"ن، وەکو ئەوانەی لە ئەهلی کیتابن (وەکو مەسیحی و یەهودی) و ئەوانەی بتپەرستن. بەڵام دەربارەی سەبی‌کردنی ئەو ژنانەی پێشتر موسوڵمان بون و دوایی هەڵ‌گەڕاونەتەوە؛ زانایانی ئیسلام ناکۆک بون: زۆرینە "جمهور" پێیان وا بوە کە دروست نیە، و هەندێکیان پێیان وابوە کە سەبی‌کردنی ئەوانەش دروستە. و ئەوەی بەلای ئێمەوە بەهێزترە؛ قسەی زۆرینەیە کە وتویانە دروست نیە.


٤-
پرسیار: سواربوون "وطء"(٢) ی ژنی سەبی‌کراو دروستە؟
وەڵام: بەڵێ دروستە، ئەوەتا خوا دەفەرموێت:
(والذين هم لفروجهم حافظون، إلا على أزواجهم أو ما ملكت أيمانهم فإنهم غير ملومين، فمن ابتغى وراء ذلك فأولئك هم العادون) (المۆمنون: ٥- ٧)، (المعارج: ٢٩-٣١). ئیتر "ما ملکت ڕیمانکم" هەر بەشێکن لە ژنە سەبی‌کراوەکان "السبایا".


٥- پرسیار: ئایا ژنی سەبی‌کراو ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی دەبێتە موڵکی موسوڵمانێک؛ دروستە سواری ببێت؟
وەڵام: ئەگەر کچ بێت؛ بۆیە هەیە هەر کە بو بە موڵکی؛ سواری ببێت، بەڵام ئەگەر مێرددار بوبێت؛ دەبێت لە حەیزێک پاک ببێتەوە، وەکو لە فەرموەدا هاتوە کە ئەبو داوود لە ئەبو سەعیدی خودریەوە ریوایەتی کردوە کە پێغەمبەر دەربارەی ژنە سەبی‌کراوەکانی هەڵمەتی سەر دۆڵی "ئەوگاس" وتویەتی: "بەسەر ژنێکی سک‌پڕدا مەکەون هەتا سکەکەی دادەنێت، و ئەوەشی کە سکی نیە؛ هەر بەسەریدا مەکەون هەتا حەیزێک دەشوا"
(لا توطأ حامل حتى تضع، ولا غير ذات حمل حتى تحيض حيضة).


٦- پرسیار: فرۆشتنی ئافرەتی سەبی‌کراو دروستە؟
وەڵام: فرۆشتن و کڕین و بەخشینی ئافرەتانی سەبی‌کراو "سبایا" و کەنیزەکان "إماء" بەگشتی، دروستە، چونکە ئەوانە سامان و مڵکی ڕوتن، دەکرێت ئاڵ‌وگۆڕیان پێوە بکرێت ـ بە مەرجێک بۆ مەبەستێک نەبێت کە خراپەکاری یان زیان‌گەیاندنی تێدا بێت ـ.(!!).


٧-
پرسیار: لە کڕین و فرۆشتنیاندا؛ جیاکردنەوەی دایک و منداڵەکانی دروستە؟
وەڵام: دروست نیە لە فرۆشتن و کڕین و بەخشیندا دایک و منداڵەکانی کە هێشتا باڵغ نین جیا بکرێنەوە، بەڵام ئەگەر گەورە و باڵغ بوبێتن؛ دروستە لە دایکیان جیا بکرێنەوە.


کاتێک دەقە یاساییەکانی مانیفێستەکەی داعش " کەلەسەرەوە هاتوون" دەخوێنینەوە مرۆڤ وا دەزانێت خەریکی تەماشاکردنی فلمێکی جەنگی مێژوویی یە لەنیوان مەسیحی و ئیسلامیەکاندا، وا دەزانێت پەرتوکێکی سەردەمی خەلافەت دەخوێنیتەوە، یان وا دەزانیت لە سعودیەیت و خەریکی توێژینەوەیت لەسەر "بزوتنەوەی وەهابی". یان ئەگەر وەجشێکی سێکسی بێت و وەک ئیسلامییەکان هەوەس باز بیت لە ژن دا تەنها سێکس ببێنێت و هیچی دیکە ، ئەوا خۆت ئامادە دەکەیت بۆ جیهادی نیکاح و وەگئی دیلەکان. ئەو دەقانە دەقێکی سەر زەوین، دەقی هێزێکی سیاسی ئیسلامی یەو بە شێوەیەکی پراتیکی و زیندوو پیادەی دەکات و بازاڕێکی گەورەی لەشفرۆشی ژنانی کردۆتەوە کە ئیتر لەمەودوا شەقامی ڕێد لاینی ئەمستردام و شاری "مێدیلینی " کۆلۆمبیا کە یەکێکە لە بەناوبانگترین شارەکانی جیهان لە فرۆشتنی سێکسدا دەبێت چاوەرێی رەقەو موسل بن کە " کاڵا ی ژن"یان بۆ بنێرن. ئەگەر بازرگانە گەورە ئەوروپیەکانی سێکس و کۆمپانیا گەورەکان سێکس پێشتر جار بە جار ناچاربوون کە لە ژێر ناوی دیکەی وەک کاری دانس و فاشیۆن و کاری نێوماڵدا، ژنان راپێچی کاری لەشفرۆشی بکەن، ئەمرۆ سەرمایە لە سایەی ئیسلامی سیاسی دا پێویستی بە هیچ درۆو بیانویەک نەماوە و ڕووی "غەربی ئەباحی" بە تەواوی سپی کردوە، دەتوانیت بە بێ درٶو هەڵخەڵەتاندن ڕاستەوخۆ لە بازاری لەشفرۆشی داعشدا هەزارەها ژن بکڕن و بینێرنە دەرەوە، هەروەک سەرمایەدارە خوێرییەکانی نەوت کڕی داعش نەوتی لێدەکرن و دەینێرنە دەرەوە ... ئەمە خزمەتێکی گەورەی داعشە بە بازاڕی سێکسی جیهانی و بازاڕی سەرمایە. لەهەمانکاتدا خزمەتێکی گەورەیە بە ئابوری سەرمایەداری و سیستەمە سیاسیەکەی. لە هەمانکاتدا هێنانە خوارەوەی ئاستی تەوەقوعاتی کۆمەڵگای بەشەرییە لە مرۆڤ، هێنانە خوارەوەی جێگاو ڕێگای ژنە وەک مرۆڤ لە ئاستی نێو نەتەوەییدا، هێنانە خوارەوەی خواست و هیواو ئامانجی سەدەها ملێون ژنە لە ئاستی جیهانی دا بۆ ژیانێکی باشتر. وە ئەمە مەسەلەیەکە کە سەرمایە لە هەلومەرجی قوڵی قەیرانی ئابوریدا پێویستیەتی، لایەنی کەم بۆ خستنە ژورەوەی جارێکی دیکەی ژنان بۆ نێو ژورە تاریکەکانی ماڵەوە، لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە بەکار‌هێنانی سێکس وەک کارێک بە تایبەت لە ووڵاتی " موسلمان نشیندا" و فراوانکردنەوەی ئەم بزنسە بە تایبەت کە سەرمایە ئەمرۆ ناتوانێت کار پەیداکەر بێت بۆ دەیان ملێون مرۆڤی بێکار لەو وڵاتانەدا. لەمبارەوە بورژوازی گەورەی جیهانی نەک هیج کۆسپێکی نییە لەگەڵ " سەبی" کردنی هەزارەها ژن و منداڵی مەسیحی و یەزیدی دا... بەڵکو بە ئاشکرا بێدەنگە لە بەرانبەریدا. داعش بەم مانفێستەی بە کۆمەڵگا موسڵمان نشینەکان دەلێت، لەشفرٶشی کارێکی ئاساییە.


ئەوە نییە ووڵاتێکی وەک بەریتانیا شانازی بەوەوە دەکات کە قەبارەی بازاری لەشفرٶشی و مادەبێهۆشکەری نا یاسایی لە ساڵی ڕابوردودا گەیشتۆتە ١٦ ملیار دۆلار. وە قەبارەی بازاری لە شفرۆشی بە تەنها نزیک بە ١٠ ملیار دۆلار دەبێت هەمان قەبارەی بزنسی کشتوکاڵە لەو ووڵاتەدا بە ڕێژەی 0.7%.. وە بەم پێیە قەبارەی بزنسی لەشفرۆشی کۆمەکی گەورەی کردوە بە گەشەی ئابوری بەریتانیا، هەروەک توێژەرەوە ئابورییەکان ئاماژەی پێدەکەن. ئەگەر سەرمایەی بەریتانی بۆ گەشەی ئابورییەکی پێویستی بە سێکسی ژنان بێت، ژن وەک کۆیلەو وەک کاڵا لە ووڵاتی لانکەی دیموکراتی دا بەکاربهێنرێت، داعش هەمان بزنس دەکات بەڵآم بە ناوی " خوداوە" بەلام ناوو ئایدۆلۆژییەت بۆ سەرمایە کەی جێگای بایەخ بوە، لە دواجاردا قازانج و کەڵەکەیە کە سەرمایە ملکەچە بۆی نەک ئایدۆلۆژیەت و ئەفکارو ئەخلاق و دین. لەوەش واوەتر دەزگای کاری" جۆب سەنتەر" بەریتانی بە شێوەیەکی فەرمی لەشفرٶشی خستۆتە نێو لیستی کارەوە و مرۆڤێک دەتوانێت لە ڕیگای جۆب سەنتەرەوە بچێت کاری لەشفرٶشی بکات.... ئەوە نمونەی باڵاترین ووڵاتی دیموکراتی و لیبڕالە لە جیهاندا.


داعش هوشیار بێت یان نا نۆکەرێکی گوێ لە مشتی بورژواییە و بزوتنەوەیەکە کە خزمەت تەنها وە تەنها بە سەرمایە دەکات، لێرەوەیە کە حکومەتی تورکیا دەتوانێت لە گەڵیدا مامەڵەبکات و قەتەر کۆمەکی بکات و ئەمەریکا ڕاستەوخۆ و یا ناڕاستەوخۆ یارمەتی بدات... سەرمایە بۆ قازانجی خۆی هەموو کارێک دەکات، ئەخلاقی بورژوایی تەنها پارەیە، قازانجە، ئەوە نییە تورکیا بە ئاشکرا نەوتی داعش دەکرێت ، ئەوەنییە پالەوانانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ژێرەوە مامەڵەی پتڕۆلی لەگەڵ دەکەن... مەسەلەکەش قازانجە. نەوتی داعش هەرزانترە، خێری تورکیا لە مەدایە جا کۆبانی با هەر ئابلوقە بدرێت و تۆپ باران بکرێت، وێژدانی سەرمایە لە کڕینی نەوتە هەرزانەکەدا پشوو دەدات نەک لە کۆمەککردنی خەڵکی کٶبانێ و فریاکەوتنیاندا" بە جیا لە هۆکارە سیاسیەکانی دیکە".... بەڵام سەرمایە کە ئەمڕۆ دەگاتە بۆگەنترین ئاستی خۆی و ئیسلامی سیاسی دەکاتە ئایدۆلۆژیەتی خۆی لە ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراستدا، " لەشفرٶشی ژنان و " ئەباحیەت" کە هەمیشە کۆمۆنیستەکانیان پێ تۆمەت بار دەکرد، دەگەیەننە ئاستێکی ئابروبەری کۆمەڵایەتی.


دەبینین ئیسلامی سیاسی لە بەرگی داعشیدا، هەڵوێستی لەسەر ژن وەک نۆکەر وخزمەتکارو کۆیلەیەو لەوانە قەباعەتتر و بەشێوەیەکی ئەباحی وە تەنانەت ئەباحی بە کۆمەڵی ژن وەک خزمەتکارێکی لەزەت و شەهوەت وروژێنەری سێکسی بەکۆمەلی پیاوان، ڕەنگدانەوەی بۆگەنی و دارزیوی هێزێکە کە ناتوانێت جگە لە کۆیلایەتی هیچ دیاردەیەکی تر پێشکەش بە کۆمەڵگای بەشەری بکات. ئیسلامی سیاسی وەک داعش کاتێک بە شێوەیەکی پراتیکی ژن وەک بونەوەرێکی بێدەسەلات تەنانەت لە کۆیلە بێ دەسەڵات تر مامەڵە دەکات، بە ڕۆشنی لە ئەفکارو ئەخلاقیات و کاڵچەردا ئەوەمان پێ دەلێت کە هیچ پەیوندییەکی بە کۆمەڵگای سەر زەوییەوە نییەو بەم پێ یە خەریکە، لە ڕوانگەی خۆیەوە خولیاکانی دونیای ئەودیو" سەروو سروشت" پراتیک دەکات، ئەمە دەیگەیەنێتە ئەوەی کە هێزگەلی وەک داعش بونیان لە جیهانی ئەمڕۆدا زیادەیە، پێویستە وەک دومەڵی شێر پەنجە ببڕدرێن، ئەوە پراتیکی شٶرشگێڕآنەی پێویستە. کاتێک ژن وەک مرۆڤێک نەک وەک " ژن" دەگەرێتەوە باوەشئ سروشت ئەوکات ژن وپیاو نامێنیت وەکو دوو چەمکی کۆمەلایەتی بەڵکو مرۆڤ لەگەڵ سروشتی خۆیدا دەست لەملان دەبێت. ئەوکات بەڕاستی داعش و مانفێستەکەیان بەکەڵکی نێو مۆزەخانەش نایەن.

 

ماڵپه‌ڕی سامان کەریم

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک