په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٦\٢٠١٥

داعشی چەتە یان ئیسلامی راستەقینە؟!

هێمن عەباس    


لەوەتای گروپی تیرۆریستی داعش سەریهەڵداوە لە سوریا و عێراقدا و دەستی کردوە بە ئەنجامدانی دڕندانەترین و قێزەونترین تاوان دژ بە سەربازانی شەڕ و دیل و ژن و منداڵ و پیر و خەڵکی مەدەنی و بیتاوان وەک خۆیان ڕایدەگەیەنن بە پێی بنەماکانی ئاینی ئیسلام و ئایەتەکان و حەدیسەکانی پێغەمبەر، قسەوباس و مقۆمقۆیەکی زۆری لە ناو ناوەندە ئاینی و مەزهەبی وحکومی و سیاسی و میدیایی و ڕۆشنبیریەکاندا دروستکردوە کە ئایا لە ڕاستیدا ئیسلام ئەمەیە کە داعش دەیڵێت و دەیکات یان ئاینی ئیسلام بێبەرییە لەم کردەوانە؟!


ئاین ئەمڕۆ بۆتە دەزگایەکی پیشەسازی و پول و قازانج کەڵکە دەکات و چەندەها خاوەنی هەیە. چەندها کەس و لایەن و ڕێکخراو نانی لێدەخۆن و بۆتە سەرچاوەی کەڵەکەکردنی پول و بەهێزکردنی پلەوپایەیان، بۆیە نایانەوێ بەهیچ جۆریک لەتمەی بەرکەوێت و لاواز ببێت و پایەکانی ئەو خورافەیە بلەقێت. بەهیچ شێوەیەک نایانەوێت ئەم خورافەیە ڕوی ڕاستەقینەی لە ڕێگەی ڕەخنە ولێکدانەوەی زانستییەوە بۆ خەڵک ئاشکرا ببێت. هەر لەم سۆنگەیەشەوە زۆربەی حیزبە کوردیەکانی ناوەوە و دەروەی دەسەڵات و حکومەتی هەرێم و دامەدەزگا ئاینی و ئیسلامییەکان و مەلا و وتاربێژی ئاینی وئیسلامی خەریکی پاکانەکردن و جوانکردن و پاراستنی ئاین و ئیسلامن. دەیانەوێ ئەوە بە خەڵک بڵێن و نیشان بدەن کە ئیسلام ئاینی ئاشتی و پێکەوەژیان ولێبوردەییە و ئەو تاوانانەی داعش ئەنجامی دەدات دورە لە ئاینی ئیسلام و حوکمڕانی دەسەڵاتی پێغەمبەر وخەلیفەکانی ئیسلام. ئەمەش بۆ ئەوەیە کە درێژە بە هێشتنەوەی پایەکانی ئەم خورافەیە بدەن و موفتەخۆری خۆیان لەسەر حسابی خەڵک لەژیر پەردەی دینەوە درێژە پێبدەن.


بەڵام ئەگەر تەنانەت نەگەڕێینەوە بۆ ئایەتەکانی قورئان و حەدیسەکانی پێغەمبەر، کە پڕیەتی لە فەرمان و دەستەواژەی هاندان و ئامادەکردنی موسوڵمانان بۆ کوشتن و دەستبەسەرداگرتن وتاڵانی لە چەشنی (جیهاد و غەنیمە) تا وەک بەڵگە بەکاریانبهێنین بۆ سەلماندنی ئەوەی کە داعش دەیکات ڕێکوڕەوان هەر ئەوەیە کە ئیسلام و قورئان دەیڵێت، بگەڕێینەوە بۆ ئەو شەڕانەی کە لەسەردەمی پێغەمبەر و خەلیفەکانی ڕاشدیندا ئەنجامدراون بەڕۆشنی ئەوە دەسەلمێنین کە ئیسلامی داعش هەر هەمان ئیسلامەکەی سەردەمی پێغەمبەرە لە کاتێکی تردا.


محەمەد سەرەتا کە لە مەککەوە دەستیکرد بە بانگەشەی ئیسلام زۆر زانانە بەهۆی ئەوەی کە دەسەڵات و لایەنگری زۆر نەبوو بە ئارامی و ئاشتیانە بانگەشەی بۆ ئاینی ئیسلام دەکرد. ئەو ئایەتانەی کە بە ئایەتەکانی(مەکی) ناسراون باسی توندوتیژی و شەڕ و (جیهاد) ناکەن و دەڵێ (لکم دینکم و لی دینی) واتە ئێوە دینی خۆتان و منیش دین خۆم. هەر ئەمەشە کە زۆرێک لە مەلا و شێخ و دامودەزگا ئایینیە سونەتیەکانی تێکەڵ لەگەڵ دەسەڵاتی حیزب و حکومەتە نەتەوەییەکاندا بۆ نیشاندانی ئاشتیانەی ئیسلام ئاگاهانە تەنها ئەم ماوەیە لە میژوی ئیسلام باس دەکەن و ئەو مێژوە خوێناوی و شەڕ وتاڵانییەی لە دوای ئەم ماوەیەوە دەستپیدەکات و محەمەد کۆچ دەکات بۆ مەدینە و هێزپەیدا دەکات و ئەو ئایەتانەی قورئانیش کە لەو ماوەیدا وتراون کە بە ئایەتەکانی (مەدینە) ناسروان پڕن لە دەستەواژەی توندوتیژی و شەڕو جیهاد و غەنیمە باس ناکەن و پەردەپۆشی دەکەن و دەیشارنەوە تا درێژە بە فریودانی خەڵک و موفتەخۆری خۆیان بدەن.


بەڵام دەورەی چارەنوساز و کاریگەر و دڕندانەی ئیسلام و محەمەد لە دوای ئەوە وە دەستپێدەکات کە کۆچ دەکات بۆ مەدینە و لەوێ هێز و لایەنگری زۆر پەیدا دەکات و هەر بۆیە زمانی ئایتەکانی قورئان و حەدیسەکانی محەمەدیش لە ئارامی وئاشتیەوە دەگٶڕێت بۆ توندوتیژی وجیهاد و ڕەنگدانەوەی ئەو هێز ولایەنگرییە زۆرەیە کە پەیدا دەکات لە مەدینە. هەر بۆیە لە گەڵ زیادکردنی ژمارەی شەڕکەرەکانی و پەرەسەندنی هەژمونی ئیسلام لە مەدینەدا، سەرەتا دەستدەکات بە بیانوگرتن بە هۆزە یەهودیەکان و دواتریش هێرشکردنە سەر هۆزی (بەنو قرەیزە) و هەموو پیاوەکانیان دەکوژێت وژن وسەروەت وماڵ وحاڵیشیان بەتاڵان دەبات ودەیانکاتە غەنیمە و جاریە بۆ خۆی و بۆ موسوڵمانەکان. قەتڵوعامکردنی هۆزە یەهودیەکان لە مەدینە محمەد و ئیسلام هێزی زیاتر پەیدا دەکات و بەمەش دەیەوێ هێرش بکاتە سەر هۆزی قوڕەیش کە دەسەڵات وبازرگانی شاری مەککەیان بەدەستەوە دەبێت، هەر بۆیە پپیلان دادەنێت بۆ هێرشکردنە سەر کاروانی بازرگانی قوڕەیشیەکان و ئەنجامدانی شەڕی بەدر و بەدەستهێنانی دەسکەوت و تاڵانی و غەنیمەی زیاتر کە ئەمە هاندەرێکی بنەڕەتی بوو بۆ موسڵمانەکان بۆ ئەوەی شەڕی دڕندانە و زیاتر بکەن لە پێناو بەدەستهێنانی دەسکەوت و غەنیمەی زیاتردا. دواتریش شەڕەکانی ئوحد و خەندەق و دواجاریش داگیرکردنی شاری مەککە و کردنی دانیشتوانەکەی بە ئیسلام بە زەبری شمشێر و شەڕ. ئەمە کارنامەی حوکمڕانی و دەسەڵاتی ئیسلامە لە کاتی خودی دەسەڵاتی محەمەددا بە دوای ئەمیشدا ئەم دڕندەیی و تاڵانی و داگیرکردنی ناوچەکانی تر بە زەبری شەڕ و شمشێر لە سەردەمی خەلیفەکانی ڕاشدین و سەجەم خەلیفەکانی تردا بەردەوام بوە و درێژەی هەبوە تەنانەت لە نێوان خودی خەلیفەکانی ئیسلام و مەزهەبە جیاوازەکان خۆشیاندا.


بۆیە ئەوەی داعش دەیکات لە ڕاستیدا هەر هەمان ئیسلامی سەردەمی محمەد و خەلیفەکانە چ بە پێی ئایەتەکانی قورئان و حەدیسەکان وە چ بەپێی شەڕ وتاڵانی و کوشتوکوشتارەکان، خەریکی جیبەجێکردنی هەمان پەیام و شێواز ونەریتی حوکمڕانی خەلافەتی ئیسلامن کە لەسەرەتاوە دەستیپێکرد.

 


٢\٦\٢٠١٥
aryan78@hotmail.co.uk

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک