په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٢\٢٠١٥

داعش لە ئینگلستان!!؟؟

کارۆخ       

 

مانگی ڕابردوو لە ٢٢\١\٢٠١٥ کۆبوونەوەیەک لە سەر کێشەی داعش لە لەندەن پێک هات و ژمارەیەک وڵات تێیدا بەشدار بوون. کورد و سەرکردایەتیەکەی بە سەر سوووڕمانەوە ئەوەیان لێ ئاشکرا بوو کە کورد لەو کۆبوونەوەدا ، بە مەبەست لە بیرکرا و ئەوە بوو کە سەرکردایەتی کورد دڵ نگەرانی خۆی لە مەر ئەو کەمتەرخەمی یە بە مەبەستەی ، دەربڕی و بە تایبەت لەندەنی لەوە ئاگادار کردەوە کە ئەو هەڵس و کەوتەی ئەوان لای کورد پەسەند نیە و کورد ئەو مافە بە کەس نادات کە لە جیاتی ئەوان لەو جۆرە خڕبوونەوانەدا بپەیڤن. هەر لەم پێکیەش لەم مانگەدا و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆبوونەوەیەک لەو بابەتە بە پەلەپەل دوای کۆبوونەوەکەی موونشن لە ئالمان ، لە ئامریکا ساز کرا و دژ بە و بە پێچەوانەی جڤینی تەناهی ئاڵمان ، کورد لەمەش دا بەشدار نەبوو. پاکانەی ئامریکایەکان لۆ کەمتەرخەمی و خەمساریان لە مەر کورد ، گوایە کێشەی ڤیزا و هاتووچووکردن بووبێت کە پتر وەک جەفەنگێکی سیاسی و دیپلۆماسی خویا ئەبێت تاوەکو پەیڤێکی سەر ڕاست و جێگەی باوەڕ و پەسەند . ئەم هەڵوێست و کار و کردانەی ئینگلیس و ئامریکاش لە کاتێک دایە کە بە گوێرەی پێ لێ نانی خۆیان ، کورد و هیزی پێشمەرگەی کورد ،تاکە هێزی کارامە و کاریگەرە کە لە جیاتی هەموو جیهان شەری هۆڤانەکانی داعش ئەکات و تەسی داونەتەوە.


ئەوەی کە لەم بابەتە هەڵوێستانەی ئینگلیس و ئامریکاوە دەرئەکەوێت ئەوەیە کە ئەوان لە شەڕی دژی داعشا زۆر سوور نین و لەوانەیە کە نەیانەوێ بە خێرایی پەتای داعش لەناو بەرن و بەرەو ئەوەی بەرن کە خۆیان ناوی " شەڕی سەدە " یان لێ ناوە . وەک ئەبینرێ ، شەڕەکەشیان و ئاستی بەشداریان هەر لە ئاستی ڕاگرتنی داعشە لە چوارچێوەیەک کە لەوانەیە بەرژەوەندی کاتی و درێژخایەنیان بپارێزێ . ڕۆژئاوا ئەتوانێ هەر زۆر بە ئاسانی دەزگای بانگەشەکەری داعش لە ڕێگەی ئینترنێتەوە بە خێرایی دابخات و دەنگی داعش و داعشیان بە تەواوەتی کپ بکات . ئەمە بۆ ناکەن ، پرسیاری خەڵکێکی زۆرە بە ڕۆژئاوایی یەکانیشەوە.

 
ئەزموونی داگیرکردنی عێراق و ئەفغانستان زراوی سپای ئامریکاو ئینگلیزیان تۆقاندوە و ناوێرن خۆیان لە قەرەی داعش بدەن و تەنیا کوردکەو ماچۆ بە دوورە تەقەی ئاسمانی یەوە بەسیان کردوە . زۆریشیان لێ ناگیرێت چوونکە سیاسی یەکانی پێشوویان ئەوەندە درۆ ودەلەسەی سووک و چرووکیان دەرخواردی خەڵکەکەی خۆیان دا لە مەڕ چەکی کۆمەڵ کووژی بەعسی ، کە ئێستا بۆیان ناچیتە سەر کە ڕای گشتی ئەڕای شەڕێکی تەواو لە دژی داعشێکی تەیار و پڕچەک و هۆڤانە ، ئامادە بکەن لۆ قوربایەکانی.


خەڵکی ئاگادار لە کەین وبەێنی ئابووری ئەزانن کە ژمارەیەکی بەرچاو گرێ بەستی ئابووری لە نێوان دەوڵەتی عێراق وکۆمپانییە نێونەتەوەی وجیهانی یەکانا واژۆ کراوە و بەستراونەتەوە بە عیراق و دەولەتەکەی بە یەک پارچەیی و دەسەلاتی تەواوی بە سەر سامان و داهاتی ئەو وڵاتە . ئائەم هۆکارە ئابووریەیە کە بنەمای هەڵوێست و هەڵس و کەوتی ناتەبا و نەگونجاوی سیاسی یەکانی ئامریکا و ئینگیسی ، بە نموونە ، لی ئەکەوێتەوە . دەوڵەتە لەرزۆک و شەق وشڕەکەی عیراق ، وەک دەستی رژیمی عەجەمان و لە ناو بازنەی دەسەڵاتی ئەواندا ، ئەم یارییە سیاسی وئابووری یەی لە دژی کورد بە کار هێناوە و کۆسپێکی سووری خستوەتە سەر ڕیگای ڕەوتی ڕوو لە گەشەی بزاڤی کوردێنی بە تایبەت لە باشوور.

 
لە مانەش فرەتر ئەوەیە کە داعش و هاوپێڕەکانی ، ڕۆژئاوا وەک " پشتی بەرەی شەڕ"ی خۆیان بە سەرکەوتوویی یەوە بەکار ئەهێنن و کردوویانە بە سەرچاوەیەکی گرینگی دارایی و مرۆڤی و سیاسی و بانگەشە لۆ مەبەستە دژە مرۆڤانەکانیان ، سەرڕای بوونی ئەو هەمکە دام و دەزگا سیخوڕی و ئاسایشانەی کە لە ڕۆژئاوادا چالاکن . داعش و هاوپێڕەکانیان ئەوەندە دەرەتانیان هەیە کە بە ڕواڵەت بە دوو برای بە ڕەچەڵەک ئەلجەزائیری فەرانسەیی بتوانن پەڵاماری فەرانسە بدەن بە شێوەیەک کە لە کێشی دوو کەس زۆر زۆر فرەترە . هەر لەم پێکیەش تاکە کەسێک کە گوایە تەنیا یەک حەفتە پێشتر لە زیندان بەردرابوو ، توانی نەک هەر چەک و تەقەمەنیبەڵکو گەڵالەی هێرش بۆ سەر کۆبوونەوەیەک بکات لە دانمارک کە ئەشی ئەو بە وردی ئاگاداری بووبێت تەنیا لە ماوەی یەک حەفەتەدا. دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاواییش وا لە خەڵکەکەی خۆیان ئەگەێنن کە ئەو پیاوکوژ و ڕەشەکوژە تاک و تەرانەهەر ئەوە بوون و ئیترئەوەی کە کێیان لە پشت بوون و چلون ئەو کارە تروریستیانە ڕێکخراون، دێزە بەدەرخۆنە ئەکرێ ولە بیر ئەچێتەوە و دەزگەهێن تەناهی و ئاسایش ئەمێننەوە خۆیان و خوای خۆیان.


داعش و داعشیان و هۆگرانیان ئەبی بە بینینی ئەو وێنەیەی لێرەدا دامان ناوە ، شاگەشکە بن و دە قوونی خۆیان هەڵدەن . کابرایەک بە سەر وسیما و هێمای دەق داعشیەوە لە یەکێک لە کێ بەرکێ وەرزشی یە گرینگەکانی ئینگلیستاندا نەک هەر بەشدارە و کەوتووەتە بەرانبەر بە ڕۆنی ئۆسوولیڤان (Rinnie O’Sullivan) پاڵەونی هەرە ناودار و پلەی یەکەمی جیهانی و مێژوویی ئەو یاریە، بەڵکو مۆرکی داعش (ISIS)ی لە سەر سینگ و دڵی داناوە . دەزگای سێخوڕی ئینگلیس بە MI5 و MI6 و کەرتی دژە تێرۆری سکاتلەندیارد و دەیان لق و پۆپی دیکەیان ، ئەبی لە گوێی گادا نوستبێتن کە داعش توانیبێتی خۆی بگەێنێتە ئەو ئاستە و ئەو جێگەیە. هاوشان لەگەل ئەوانیش ، یاریکەران بەئۆسوولیڤانیشەوە و ڕیکخەرانیکێ بەرکێکە و میدیاکاران و هەموو ئەوانەی کە بە جۆرێک دەو یاریەی کە لە وێلز (Wales) ساز کرابوو ، بەشداربوون ، خڕ تێکڕایان کوێر بوون و ئەو دەست تەڕیەی داعشیان نەبینیوە کە نە ئەچیتە مێشکی هیچ مرۆڤێکی ساخەوە و نە لە ئینگلیزیان ئەوەشێتەوە.


جا ئەگەر ئەم بەزم و پەنە (پەنگە - سلێمانیانە)ی داعش بە ئینگلیزیان داوە ، خۆی بەس نەبێت ئەوە پاکانەی کابرا لە تاوانەکەی پیستر و خراپترە . بە گوێرەی وتەکانی کابرای داعش پۆش بێت، ئەو داعشەی سەرسینگی بۆ ماوەی ١٤ ساڵ ئالیکاری بووگن . هەویری ئەم ١٤ ساڵە ئاو زۆر هەڵ ئەگرێ پەی ئینگیزیان . داعش دیاردەیەکی نوێ یە و ١٤ ساڵ لەمەوبەر وشەکە نەبینرابوو و نە بیسترابوو . جا ئەگەر ١٤ ساڵ لەمەوبەر داعش ( دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام = Islamic state of Iraq and Syria) هەر بەو ناوەوە لە Wellingborough و Northamptonshireی ئینگلستانا هەبووبێت و چالاکێش بووبێت لەو ئاستەی دا کە بتوانی هاریکاری وەرزشکارێکی لە بابەتی ئەوەی کە ئەبینرێ بکاتن ، ئیتر ئەوە ئەبێ خەڵک تۆزکاڵیک بە خۆدا بچنەوە و سەری مارەکەی داعش لەو شوێنانەی ئینگلستانا وەبینن.


تێکەڵی گەرم و گوڕی پاشایەتی ئینگلیس وەگەرد زوڕیەت یەل وەهابی عەبدولعەزیز لە حیجاز ئەشێ ئەو هۆکارە بێت کە بواری تەشەنە کردنی ئیسلامی وەهابی لە ئینگلیس دا بە رەهایی ڕەخساندبێ . وەهابیە یەل روخساری زۆربەی شارەکانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئینگلیسیان گۆڕیەوە ، پاش پەلاماری ١١ ی سێپتامبری ٢٠٠١ . لە خۆڕاییش نەبوو کە یەکەم سەربڕین لە بەرچاو خەڵکا لە لەندەن ڕووی دا و پاشان بوو بە شێووازی دیاری داعش . وەهابی یەل لە ڕۆژئاوا دەستیان فرە ئاوەڵایە لۆ پەروەردەکردنی جیلی داعشی بۆ ئێستا و دواڕۆژیان و ئەگەر ئاواش بڕوات ئەو ئیتر بۆ گرتنی ڕۆما پێویستیان بە شەڕ نامێنێ . ئەم دیاردە نامۆیەی وەهابی لە ڕۆژئاوا بووەتە و بە مسۆگەریشەوە لە داهاتوودا ئەبێتە هۆی سەرهاڵدانی ڕاستە ڕەگەزپەرەستەکان وەک ئەوەی ئێستا لە ئالمانا ئەبینرێ . ئەوەش کە ڕەشەکوژەکان بە مەبەست پەلاماری جوولەکەی ڕۆژئاوایی ئەدەن ئەشێ وەک شێوە تێرۆری بژاردەی وەهابی پەی مەبەستی ورووژاندنی بیرۆکەی نازیانە لە دژی جوولەکەی ڕۆژئاوا تواشای بکرێتو لێک بدرێتەوە.


تۆ بێژی ئەمەش گەمەیەکی ئینگلیسیانە و وەهابیانە بێت کە داعشیان بەردابێتە کوردستان و چڕچیڵی مل چرچی ( گوتەی مام هەژار) کۆنمان لێ زیندوو بووبێتەوە کەبۆمبای ناپاڵم ، درووسکراوی پاش شەری جیهانی یەکەم ، بۆ یەکەم جارلە کوردستانا ، سلێمانی و بارزان، تاقی بکەنەوە وەک لە نامەکانی نەهرۆ بۆ ئیندیرای کچی تۆمار کراوە. کێ هەیە گومانی لەوەدا بمێنێ کە پشت گوێ خستنی کورد لە کۆبوونەوەکەی لەندەن هەمان سیاستی قرێژی کۆنی ئیستعماری و ئیمپریالیستی ئینگلیزی نیە کە ئامیانی هەموو گێرە و کێشەی دەیان ساڵەی ڕابردووی عیراق بوو . پاشەڵ پیسی ئینگلیزیان لە هەر شوێنی کە بووبێتن ، وەک هێند وچین و بڕێک لە وڵاتانی ئافریقایی و مسر و عیراق و ئێران و... ، ئەوەندە بۆگەن و قرێژە کە بە دەیان ساڵ پاش وەدەرنانیان هێشتا ئازاری خەڵک ئەدات . هەر دوێنێ بوو کە کامەرۆن لە ئینگلیستان و سارکۆزی هاوحاشیرەتی لە فەرانسە بوونە هۆکاری سەرهەڵدانی داعش لە لیبی و تەشەنەکردنی ئەو پەتا گڵاوە بۆ ناو دڵی ئافریقا و بە تایبەت ئەو شوێنانەی بۆنی نەوتیان تیا ئەکرد و ئەمرۆش کە قێبتیە بەستەزمانەکانی مسر بوونە قوربانی ئەو سیاسەتە گڵاوە ، هێشتا داکۆکی لەو کارەیان ئەکەن و گیانی مرۆڤ لۆیان نرخێکی نیە.


سەیریش لەوەدایە کە میدیای ڕووداو لە کوردستانا بواری بە کابرایەکی وەک گاری کێنت (Gary Kent) داوە کە ناوبەناو لە پەنجەرەیەک بۆناوپارلمانی ئینگلیسەوە (window on Westminster) لۆ کوردان بدوێ و باسی کەبابەکەی وەستا ڕەجەب لە چەقەخانە و چاخانەکەی پارلمانمان لۆ بکاتن کە چۆن چۆناهی ڵۆبی کوردان بە کەبابی ( ترشیات و بە تایبەت ماستاوەکەی لە بیر چووە ) وەستاکانی سلێمانی و هەولێر، دۆزی کورد بەرەو پێش ئەبەن . گاری کێنت جار و باریش بە خۆدا ئەپەرمی کە ئامۆژگاری کوردان بکات لە مژاری دیمۆکراسی و ئەنجومەنی نوێنەران و مێژووی ٧٠٠ ساڵەی دیمۆکراسی یە سەقەتەکەی ئینگلیزمان بە چاودا ئەداتەوە . ئانکو ئەوەتا لە کاتێک دا کە ئینگلیزیان کوردیان لە کۆبوونەوەکەی لەندەن بێ بەش کرد لە دۆخیکدا کە دەبا کورد یەکەم بەشدار بووبا ، مەلحەکەی لەندەن، بۆریس جانسۆن (Alexander Boris de Pfeffel Johnson) بە ڕەچەڵەک نیوە تورک، شارەداری لەندەنیان ناردە هەولێر پەی گەمە و شانۆی سووک وچرووکی بازرگانی سیاسی و بە قات و قراواتەوە ، لە تەنیشت پێشمەرگەیەک ڕاکشا ( ئەبی ژێرەخەرێکیشیان لۆ ڕاخستبێ) لە بەردەم کامیرای میدیاکانا . جەنابی گاری کێنتیش لە سەری نووسی کە یەک وێنە بە قەدەر هەزار وشە ئەدوێ . دەبا گاری وێنەی داعشی ئینگلیزیشمان لۆ باس بکات و کە هەر بە وتەی خۆی بە قەدەر هەزار وشە ئەدوێ لە ماک و ناوەرۆکی سیاسەتی ئینگلیزیان.

 

٢٠\٢\٢٠١٥

ماڵپه‌ڕی کارۆخ

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک