٩\١٠\٢٠١٤
داعش و کۆبانی و
گەشەی ناسیونالیزم!

سامان کەریم
داعش وەک ڕەوتێکی تیرۆریستی، لە پێناو خەلافەتەکەیدا هەموو کارێک دەکات
کە شایستەی مرۆڤ نەبێت، لە سەربڕینەوە بگرە تا دەگاتە خۆ تەقاندنەوە و
لاقە کردن دەستدرێژییکردنی بە کۆمەڵ بۆ سەر ژنان بە ناوی "جیهادی
نیکاح"ەوە. داعش نمونەیەکی تیرۆریست و لغاوبەربووی ئیسلامی و
سەرمایەداریی ئەم سەردەمەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست. هەر لایەنێک
بەرانبەری ڕابوەستێت و سەروچاوی خوێناویی بکات "جگە لە ئەمەریکا و
تورکیا و کەنداو" لای خەڵک خۆشەویست دەبێت. لێرەوە هەم پەکەکە و پەیەدە
خۆشەویست بوونە و پێگەی سیاسیان زۆر بەرز بۆتەوە هەم یەکێتی نیشتمانی
کێرڤی چۆتە سەرەوە.
بەرگری لە کۆبانی و خەڵکی کۆبانی و کۆمەککردنی مەعنەوی پێیان ئەرکی هەر
کەسێکی مرۆڤدۆست، چەپ و کۆمۆنیستیشە. بەڵام رووبەڕووبونەوە و بەرگرییەک
کە لە کۆبانی دەکرێت سەرەڕای ئەوەی کە لە ئاستێکی بەرز دایە و
بەرگرییەکی بوێرانەیە بەرانبەر بە تیرۆریزمی داعش و پەلامارەکانی، لە
چوارچێوەی بیر و سیاسەت و شێوەکاری باڵێکی تایبەتی ناسیونالیزمی کورد
دایە کە ناسیۆنالیزمێکی پۆپۆلیستی سەرسەختە، مۆدێلێک لە ناسیونالیزم کە
هەلپێکانی قۆناغی خەباتی شاخ و شار پێکەوە لە سایەی پۆپۆلیزمدا جۆش
دەدات بە روکالێکی چەپ و تێکەڵکردنی چەمکی کۆمۆنیستیەوە، لە دوا
لێکدانەوەدا وەک باڵی چەپی بزووتنەوەی کوردایەتی جێکەوتوە، لەم بارەوە
هەندێک فەرهەنگ و سوننەتی خەباتکارانە هەیە کە جیای دەکاتەوە لە
هێزەکانی دیکەی نێو بزووتنەوەکەی خۆی لەم قۆناغەدا.
ناسیۆنالیزم وەک بزووتنەوە و هێز و حیزبەکانی و وەک نووسەر و
رۆشنبیرەکانی .. بزووتنەوەی خۆیانە و لە ڕاستیدا "کۆبانی" بۆ ئەوان،
مەسەلەی مان و نەمانە، مەسەلەی"شەرەف و کەرامەت"ە هەروەک خۆیان دەڵێن.
ئەوان دەتوانن چی یان لە دەست بێت بیکەن کە تا ئێستا بە شێوەیەکی
کردەیی نەک نەیانکردووە بەڵکو ناسیونالێزم خۆی لە باری سیاسی و
جیهانبینیەوە بۆ ئایندەی بزووتنەوەی بورژوایی کورد بوون بە دوو کەرتەوە
لە ئاستی هەموو کوردستانەکاندا... لە ئێستادا پارتی و گۆڕان جیهانبینی
خۆیان هەیە و پێیان وایە بورژوازیی کورد ئهگهر لەگەڵ ئەمەریکا و
بەرەکەی بن لە ناوچەکەدا، واتە لەگەڵ تورکیا و کەنداو بن، دەتوانێت
بەرژەوەندییەکانی خۆی باشتر بەرێتەوە پێشەوە. بەم هۆیەشەوە لەگەڵ
تورکیان و بە ئاشکرا لە ڕێگای کەناڵەکانیانەوە، بە تایبەت ڕووداوەوە،
دژ بە کۆبانی و پەکەکە و پەیەدەن و بە حسابی خۆیان لەگەڵ تورکیادا موو
بە بەینیانا ناچێت، بەڵام تورکیا پارەی نەوتەکەیان ناداتەوە و دەستی
بەسەردا گرتوە، ئەگەر ئەمە ڕاست نەبێت ئەوە خۆیان پارەکەیان لووش داوە.
هەرچی پەکەکە و پەیەدە و یەکێتی نیشتمانی کوردوستانە، ئەوان ئەگەر چی
ڕایەڵ و پەیوەندیان هەیە لەگەڵ هێزە ڕۆژئاوایەکان، وه بەتایبەت یەکێتی،
بەڵام ئەوان بەرژوەندییەکە لە ڕێگای جێبەجێکردنی ستراتیژی ڕووسیاو و
بەرەی ئێران - سوریە دەبینن.. بەم هۆیەشەوە ئەوان لە گەڵ کۆبانین و دژی
تورکیان و ئەمرۆ سەرۆکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ڕیزی پێسەوەی
خۆپیشاندەراندا بوو لە سلێمانی. بۆ ئەم هێزانە ئەم دابەشبوونە جێگیر
نییە و بهپێی بهرژهوهندیهکانیان شیاوی گۆڕانه. کوردستانی چوار
پارچە و باکوور و باشوور کە ئامراز و چەمکی پڕوپاگەندەی هێزەکانی
بزووتنەوەی کوردایەتی یە هەمووی بۆ گێلاندنی خەلكی کوردستانە، ئەگەر نا
پارتی دیموکراتی کوردستان ئەردۆگان بە سەد ئٶجەلان نادات.
بەجیا لەوەی هێزەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی چی دەکەن و بهسهر کام لهو
دوو بەرەیەدا دابهش بوون و خهریکی بردنه پێشهوهی چ نهخشهیهکن،
ناسیونالیزم و هەستی ناسیونالیستی و بیر و شێوازی کاری ناسیونالیستی
گەشەی زۆری کردووە بە هۆی کۆبانیەوە. کۆبانی بۆتە جەمسەری لێکهەڵپێکانی
سیاسەت و شێوازی کار و شێوازی خەباتکارانەی پۆپۆلیستی و کاری سیاسی و
سەربازی. کوبانی ههموو ئهمانهشی لەگەڵ هەست و سۆزی نەتەوەییدا
پێکەوە تێکەل کردووە و لە یەک تابلۆی بەرگرییدا نەخشاندویەتی کە
ناسیونالیزمی بردۆتە جێگایەکی دیکە و کۆمۆنیستەکانی لەگەڵ خۆیدا قاو
داوە.
بۆ کۆمۆنیزم، مەبەستم کۆمۆنیزمێکە کە هەڵگری فەرهەنگ و نەریتی مارکس و
مەنسوری حیکمەتە، ئەم بەرگرییە سەرسامی ناکات، سەری لێ تێک نادات.
کۆبانی لای ژمارەیەکی یەجگار زۆر لە کادرانی سەر بە حیزبەکانی ک. ک
بۆتە چرای ئازادی بۆ ڕابەر و تەنانەت "ڕابەرمانی" بۆتە ئاسۆ و بۆتە
دەنگ و ڕۆژی ئازادی بۆتە سۆما .... کەم نین ئەو وتار و دەق و
تێبینیانەی ئەو کادرانە و ئهمهش هەموو حیزبەکانی ئەم بزووتنەوەیهی
گرتۆتەوە و تایبەت نییە بە حیزبێکیان....ئەگەر مهسهلهکه
خۆپیشاندانە، ئەوا دەکرێت کۆمیتەیەک لە دەرەوە یان لە سلێمانی یان لە
بەغدا یان لە سنە ڕۆژێک بۆ بەرگریی لە خەڵکی کۆبانی خۆپیشاندانێک بکات
دژ بە دەوڵەتی تورکیا یان خۆی چۆن بە باشی دەزانێت و ڕاستەوخۆ بە ناوی
کۆمۆنیزم و حیزبەوە، هەروەک لە کاتی خۆیدا کۆمۆنیزم دژ بە زیندانیکردنی
ئۆجەلان پیادەی کرد بە خۆپیشاندان ... بهڵام ئەوەی کە کۆبانی بووبێتە
مەڵبەندی ئازادی و ڕێنیشاندەر و ناسۆی ئێمە، ئەوە ئیتر ناسیونالیزمە و
پەیوەندی نامێنێت بە کاری سیاسییەوە و دەچێتە باری هزرەوە. هەندێ لەو
وتار و وتە و و دەقانە تۆزێک بیانگوشیت، "ئەی کوردینە، ئەی مەردینە"
یان لێ دەچۆرێت.
بەڵام لە کوردستان چەندین مانگە مووچە نییە، دەیان خۆپیشاندانی
جۆراوجۆری کرێکاران، مامۆستایان، فەرمانبەران کرا، ڕێگای نێوان شارەکان
داخران و خەڵک کوژراو بریندار کرا... هیچ باسێک نەبوو، شارێکی بچووکی
وەک ئامرلی (شارێکی تورکمان نشینی بە مەزهەب شیعە!!) دوو مانگی تەواو
لە ژێر گەمارۆی داعشدا بوون بەرگرییەکی باشیان کردو داعش هەر بۆی
نەگیرا ... بەڵام کەسێک نەیوت دەستان خۆش بێت.. کۆمۆنیزمێکی ئاوا
ناتوانێت لە ناسیونالیزم خۆی بپارێزێت. لە دوا لێکدانەوەدا کۆمۆنیزم
تەنها کردەوەیە.. هەموو تیۆری مارکس بۆ کارە، لە کاردا کۆمۆنیزم خۆی
نیشان دەدات. کۆمۆنیزمێک کە نەخشەی کێشابێت بۆ شۆڕشی کرێکاریی پێویستە
لە سەری لە هەموو کات و قۆناغیکدا هێڵی سیاسی- کردەیی خۆی بە شێوەیەکی
ئێجگار ڕۆشن لە بورژوایی نیشان بدات و بۆ هێزەکەی ڕۆشن بکاتەوە و خەڵکی
پێ هوشیار بکاتەوە و بیکاتە ململانێیەکی سیاسی کۆمەلایەتی. هەر هێزێکی
کۆمۆنیستی و دواتر هەر کادرێکی کۆمۆنیست دەبێت بزانێت و هوشیار بێت بۆ
هەر کارێک کە دەیباتە پێش و بزانێت کە چ بەرژەوەندییەکی تێدایە بۆ
بزووتنەوەکەی، بزووتنەوەی کرێکاریی و هاوکات بۆ حیزبەکەی حیزبی
کۆمۆنیستی کرێکاریی. لەپەیوەست بە مەسەلەی کۆبانیەوە کۆمۆنیزم
نوێنەرایەتی ناکرێت، لە ئاستی کردەییدا. کە ئەمە خۆی ئاکامی تەنگەژنە و
کۆسپی گەورەترە.
وەڵامی داعش بە ناسیونالیزمی کورد نادرێتەوە. ڕووخان و هەرەسهێنانی
داعش تەنها بە چەک و بەرگریی چەکدارانە ناکرێت، وە تەنها بە داڕووخانی
هزریی و تیورە ڕزیوەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی و داعش فەراهەم
نابێت، "کە ئەمەیان هەر باس ناکرێت بە تایبەت لە نێو بزووتنەوەی
کۆمۆنیستی دا". داڕمانی داعش و تیرۆریزم بە گشتی پێویستی بە ئاڵوگۆڕێکی
بنچینەیی و کۆمەڵایەتی هەیە، من لە چەند نووسینی تردا وتوومە ئەم کارە
کاری چینی کرێکارە، و تەنها ئەم چینەیە لەم هەلومەرجە مێژوییەی ئێستادا
کە دژایەتی توند و بناغەیی هەیە لەگەڵ تیرۆریزمدا. ناسیۆنالیزم دهتوانێت
بەشێک بێت لە پرۆسەی لاوازکردنی داعش وەک ئەوەی پەکەکە و پەیەدە و
یەکێتی نیشتمانی دەیکەن، وە یان دەتوانێت کۆمەکی داعش بکات وەک ئەوەی
پارتی لە سەرەتاوە پەنای بۆ برد، هەرچەند ئەویش ئێستا پەیوەستە بە
سیاسەتی ئەمەریکاوە بۆ لێدانی داعش. کەواتە ناسیونالیزمی کورد وەک
بزووتنەوەیەکی بورژوایی مامەلەیەکی سیاسیانە لەگەڵ تیرۆر دەکات.
دەتوانێ لەگەڵی هەڵکات و لە پەیوەندیدا بێت لە گەڵیدا. ئەوەتا ڕەوتێكی
بورژوایی مۆدێرنی وەک ڕەوتی "موستەقبەل"ی لوبنان بەشێوەی جۆراجۆر کۆمەک
بەم تیرۆریستانە دەکات لە دژی حیزبوڵا. مەبەستم ئەوەیە بورژوایی وک
چینێک لەم هەلومەرجەدا پێویستی بە تیرۆریزم هەیە وەک ڕەوتێک. گۆڕەپانی
کاری کۆمۆنیستی "کۆبانی" نییە، ئەگەرچی خەڵکی کۆبانی خەڵکیکی جەنگاوەر
و خەباتکارە و پێویستە پشتیوانی لێبکرێت، بەرگریی ئەوان جێگای رێز و
پشتیوانییە بەلام بۆ ئەوان بۆ ناسیونالیزم دەنووسرێت. دواجار پرسیارێکی
سادە ئەوەیە ئەگەر کۆبانی سەرکەوت کۆمۆنیستەکان چییان دەست دەکەویت و
چییان کۆکردۆتەوە؟! و ئەگەر کۆبانی داگیر کرا دیسان ئازایەتیی و بوێریی
هەر بۆ ناسیونالیزم دەنووسرێت، جا پەیەدە بێت یان هەر حیزبێکیان. کار و
کردەوەیەک کە ئێستا پیادە دەکرێن و وتار و شیعرێک کە ئێستا دەنووسرێن،
هیچ جیاوازییەک نیشان نادەن لەگەڵ ئالایەکەی ئۆجەلاندا.
٧\١٠\٢٠١٤
ماڵپهڕی سامان
کەریم
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|