په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

دەک سڵاو لە عەقڵتان .



 چرۆ ئیسماعیل محەمەد   

 

ئەوەى کە منى هاندا کە ئەم وتارە بنوسم، زیاتر بیرکردنەوەى هەندێک کوڕە، کە دور لە هەموو عورفێک خەریکى کردەوەى ناشیرین و نا بەجێن دەرهەق بە کچان، من زۆرجار کە گوێبیستى چیرۆکى خۆشەویستى دەبم کە کۆتاییەکەى بە دابڕان یان کارەسات دەبێت هیچ شکێکم نابێت کە تاوانى کوڕەکەیە، چونکە کوڕانى لاى خۆمان زیاتر بۆ تێر کردنى ئارەزوەکانى خۆیان بەرەو کچان دەڕۆن، ئەمەیش نەخۆشیەکى زۆر ترسناکە چونکە خەریکە بەرژەوەندى و لە هەمانکاتیشدا تێر کردنى ئارەزوەکانى خۆیان جێگە بە هەموو خۆشەویستى و ئیحساسەکانى مرۆڤ لەق دەکات، خەریکە درۆ و دەلەسە جێگاى بەڵێنە ڕاستیەکان دەگرێتەوە، کام کچ هەیە کوڕێک بەڵێنێکى درۆینەى پێنەدابێت و دوایش پشتى لە درۆکەى خۆى نەکردبێت.

 

من هیچ کاتێک خەتاى کوڕان ناگرم بەڵکو بە پێچەوانەوە ساویلکەیى کچانم بۆ دەردەکەوێت، کەوا زوو دەکەونە داوى بەڵێنە درۆینەکانى کوڕان، زو بە دواى بەڵێنێکى درۆ و ترسناک دەکەون، کە کۆتاییەکەى بە مەرگى خۆى یان بە ئابڕو بردنى لە لایەن کوڕەکەوە دەبێت، پێویستە لەم حاڵەتەدا کچەکە بە کەمتەرخەم دابنێین چونکە هیچ کاتێک کوڕ بەبێ ئامادەبونى کچەکە ناتوانێت هەنگاوێک بێتەپێشەوە لە هیچ کچێک، کاتێک کچەکەیش دەرگاى دڵى بۆ کردەوە، ئیتر دەبێت چاوەڕێى ئیستیغلالکردنیش بێت لە لایەن ئەو کوڕەوە، بۆیە پێویستە لەسەر کچان زۆر بەگومانەوە لە کوڕان بڕوانن ئەگەر وانەکەن ئەوا خۆیان بەرپرسیار دەبن لە هەر ناخۆشیەک کەلە ئەنجامى تەعامولى هەڵەوە دێتە ڕێیان و دەبێت هەر خۆشیان باجەکەى بدەن.

 

من بڕوام وایە کە هیچ کێشەیەکى کۆمەڵایەتى بەبێ ئامادەبونى ساویلکەیى کچێکەوە رونادات، بە تایبەتى ئەو روداوە کۆمەڵایەتیانەى کە لە ئەنجامى خۆشەویستیەوە روو دەدەن، ئەگەر بگەرێینەوە کەمێک بۆ دواوە و سەیرى ئەو ڕوداوانە بکەین کە لە ئەنجامى خۆشەویتیەوە رویانداوە و لە هەمانکاتیش روداوى مۆبایلەکان بۆمان دەردەکەوێت کە هەموویان نەزانیى ئافرەتان بە دیاردەخەن، بۆچى کچان ئەوەندە ساویلکەن، کە لە گەڵ کوڕێکدا مومارەسەى هەر ئارەزویەکى خۆیان بکەن، رێگا دەدەن بە موبایل وێنەیان بگیرێت، چونکە زۆربەیان دەزانن کە وێنەیان دەگیرێت و دەشزانن کە لەم وڵاتەدا هەر کوڕێک جارێک لە جاران ئەگەر ماچى کچێکیش بکات، دواتر بە چاوێکى سوکەوە سەیرى دەکات و دواتر لە ناو دەوروبەرەکەشیدا هەوڵى لەکەدار کردنى دەدات، نەک ئەو بەڵگەشى پێبێت کە لەگەڵیدا مومارەسەى ئارەزوەکانى خۆیان کردبێت.

 

بۆیە لێرەوە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت کە کوڕان خاوەنى سیحر نین کە لە کچانى بکەن، بەڵکو کچان کەمتەرخەمن لە ئاست کەسایەتى خۆیاندا و بە خەمى کەسایەتى خۆیانەوە نین و نابێت گلەیى لە کوڕان بکەین، بۆ نمونە ئێمەى کچان خەمى گەورەمان ئەوەیە کە بە رۆژ خۆمان بەئاخیر دەرەجەى جوانى بڕازێنینەوە و بە بەرچاوى کوڕانەوە پیاسە بکەین، یان هەندێکمان تاکە هیوایەتمان ئەوەیە کە خۆمان عەرز بکەین، تاکو کوڕان سەراممان بن، بەڵام هەر زویش دەکەوینە داویانەوە و ناتوانین بەرگەى باجە هەڵەکانى خۆشمان بدەین، بۆیە بە هەموو کچانى هاو ڕەگەزى خۆم دەڵێم دەک سڵاو لە عەقڵتان.

 

سلێمانى
chro987s@yahoo.com