٥\٦\٢٠١٣
دەقی ھەشتەم
چێژوەرگرتن لە سەفەری هزر، بۆ سەرەتای شیعر.
- (حرکة
الحداثة في
الشعر الكردي)ی وەکو موسافیرێکی ئەو سەفەرە
-

بڵند رۆستەم
(ئەبیکۆر):
چێژی راستەقینە ئەو چێژەیە کە بۆ مودەتێکی زۆر
بەردەوام دەبێت.
(حرکة الحداثة
في الشعر الكردي)ی
کتێبێکی تازەی (د.سەروەر عەبدوڵا)یە کە لێکۆڵینەوەیە لە رەوتی
تازەکردنەوەی شیعری کوردی .
ئەو لێکۆڵینەوەیە رووبەڕووی سیاقێکی ناتەقلیدی و فەزایەکی کراوەی شیعری
و ھەناسەیەکی درێژی بڕیاردانمان دەکاتەوە ، چونکە ئیش لەسەر عاتیفە
نەکراوە ، ئیشکردن لەسەر عاتیفە لە جەوھەردا دوورکەوتنەوەیە لە شوناس :
(مەبەست لە عاتیفەیەکی خاڵییە لە عەقڵانیەت ،چونکە بەگشتی پێموایە
عاتیفە بەشێکی دانەبڕاوە لە عەقڵ ) .
ئەو لێکۆڵینەوەیە دانانی خاڵێکە لە کۆتایی ئەو رستەیەی کە دەکرێ لە
وشەیەکدا کورتی بکەینەوە ، ئەویش وشەی( دانپیانانە) .
ئەوەی گرنگە بۆ لێکۆڵەرەوە ھەڵسەنگاندنی بابەت نییە بەو جۆرەی خۆی
دەیبینێ ، بەڵکو بینینی بابەتەکەیە بەو جۆرەی ھەیە ، ئەو کردارەش کامڵ
نابێت تا بە چاوی وشەی نێو دەقەکان ، سەیری دەقەکان خۆیان نەکەین .
ئەوەی دەبێتە سەنتەر وشەگەلی نێو تێکستە . دواجار یەکگرتنی وشەکان
رستەگەلی لێدەکەوێتەوە :
(ھەڵبەت مامەڵەی لێکۆڵەرەوە لەگەڵَ وشە و رستە ، دوو مامەڵەی جیاوازە )
.
دەرەنجامی یەکگرتنی رستەکان، ھاتنە کایەی تێکستە بە ژانرە
جیاوازەکانیەوە ، ھەموو تێکستێک رووبەڕووی چەند رێگایەکی بێ کۆتایی
دەبێتەوە ، لە دیارترینی ئەو رێگایانەش لێکۆڵینەوەیە وەکو رێگایەک بۆ
گەڕانەوە بۆ ناخ و دڵی دەق : (لێرەدا لێکۆڵینەوەمان بە رێگا چوواند ،
ئەگینا خودی لێکۆڵینەوەش تێکستە) .
بەگشتی (حرکة الحداثة
في الشعر الكردي)ی
قسەکردن و لێکۆڵینەوەیە بە زمانی عەرەبی لەبارەی کۆمەڵێک دەقی
شیعرییەوە کە بە زمانی کوردی نووسراون ، ئەمەش دووبارە وێناکردنەوەی
زمان و جیاکردنەوەی وەزیفەی زمانە لە وەزیفە تەقلیدییەکە ،ھاوکات
جیھانبینییەکی فراوانیشە بەو مانایەی رۆشنبیرە عەرەبەکانیش دەتوانن لە
رەوتی نوێکردنەوەی شیعری کوردی ئاگاداربن ، ئەو ئاگادارییەش چەند
سوودێکی ھەیە کە دەکرێ لەو دەربڕینانەی خوارەوە کورتیان بکەینەوە :
١- بەریەککەوتنی زیاتری دەقەکان .
٢- کۆنتاکت .
٣- کورتکردنەوەی رێگا بە ئامانجی گەیشت بە رێگایەکی فراوان .
ئەو کتێبە پێمان دەڵێ:
دەشێ لەنێوان( زمانی دەق ) و ئەو زمانەی قسە لەسەر زمانی دەق دەکا ،
جۆرێک لە بەریەککەوتنی زمانەوانی ھەبێت لە فەزا گەورەکەی زماندا .
دواجار ئەو فەزا گەورەیەی زمان لە پاڵ فەزای مانا و جوانی و چەند فەزای
تردا ، دەبێتە پاشکۆی شتێکی گرنگتر کە خودی ئەدەبە .
ئەو لێکۆڵینەوەیە گرنگی خۆی ھەیە بۆ نووسەرێک کە بە زمانی کوردی شیعر
دەنووسێ و لە رێگەی ئەو زمانەوە مەبەستە زمانەوانییەکانی خۆی ئاڕاستە
کردووە .
ئەو نووسەرە وێنای گشتی خۆی و شیعرەکانی لە دوو توێی کتێبێکدا
دەدۆزێتەوە کە بە زمانی عەرەبی نووسراوە و مەعریفەیەکی کوردی کە لە
شیعردا چڕ بۆتەوە ، گوازراوەتەوە بۆ فەزایەکی تری زمانەوانی کە فەزای (زمانی
دووەم) ە ، ئەگەر دەربڕینی (زمانی یەکەم) بۆ زمانی کوردی کە زمانی
شیعرە نووسراوەکانە ، درووست بێت .
(د. سەروەر عەبدوڵا ) بە زمانی عەرەبی لە دوو توێی کتێبەکەیدا
پۆلێنکارییەکی تازە بۆ شیعری کوردی دەکا ، پۆلێنکارییەکی جیاواز لەو
پۆلێنکارییانەی تر کە بۆ شیعری کوردی کراون .
واتە :
(گۆڕانی زمان رێگر نەبووە لە بەردەم نیشاندانی فۆڕمێکی تری لێکۆڵینەوە
و بڕیاردان ) ، ئەمە سەرەڕای دیاریکردنێکی وردی قۆناغەکان و ھۆکار و
پاڵنەرەکانی ھەریەکە لەو قۆناغانە .
نووسین بەو زمانە جیاوازە (زمانی دووەم) ، رێگر نەبووە لە بەردەم
بینینی شاعیرە جیاوازەکان و شوێنە جیاوازەکان ، واتە ئەم لێکۆڵینەوەیە
قسەکردن نییە لەسەر بازنەیەکی تەسک و دیاریکراو ، بەڵکو ئیش کراوە
لەسەر خودی تێکست ، جا ئەگەر لە ھەر شوێنێکی کوردستاندا نووسرابێت .
من لێرەدا نامەوێ بە وردی قسە لەسەر ئەو قۆناغانە بکەم کە لە
لێکۆڵینەوەکەدا ھاتوون ، ھاوکات قسە لەسەر پاڵنەر و ھۆکار و
شێوازەکانیش ناکەم ، ئەمانە ھەمووی بۆ خوێنەر جێدێڵم کە بە خوێندنەوەی
کتێبەکە دەتوانێ بەشێک لە وەڵامەکانی دەستبکەون .
دەمەوێ لە دەرەوەی دەق قسە لەسەر دەق بکەم ، ئێستا من تێکستەکەم
خوێندۆتەوە (خوێندنەوە تەنھا مانای خوێندنەوەی وشەکان ناگەیەنێ ) ،
بۆیە ئاساییە بێمە دەرەوەی و لە دەرەوەی دەقەکەوە قسە لەسەر ھەمان دەق
بکەم ، دەقێک لە لەحزەیەکدا لە سەنتەرەکەیدا گیرساومەتەوە .
لە روانگەیەکی فکرییەوە قسە لەسەر ئەو تێکستە ئەدەبییە دەکەم ،چونکە
ئەو لێکۆڵینەوەیە ناڕاستەوخۆ و بەبێ ئاگایی نووسەرەکەی ، ھەوڵی بەخشینی
وەزیفەیەکی تازە دەدات بە فکر لە ئاست دەقی ئەدەبیدا ، واتە ھەندێ لەو
پنتانەی لە لێکۆڵینەوەکەدا ھەن و لە دەرەوەش ھەستیان پێدەکرێ ، قابیلی
ئەوەن لە روانگەیەکی فکرییەوە قسەیان لەسەر بکەین ، من لێرەدا بە تەنھا
باسی یەکێک لەو پنتە فکرییانە دەکەم کە ئەویش (ئاکار)ە:
ئاکاری دەق (ئاکاری شاعیران لە شیعر)دا و ئاکاری نووسەر (ئاکاری دکتۆر
سەروەر لە بەرامبەر دەقەکان ) ،لە فەزایەکی ئاکاریی ئەدەبیدا (لێکۆڵینەوە)
قسەکردن لەسەر ئاکار دوو جۆر لە ئاکار دێنێتە
پێشەوە:
١- ئاکاری کردەکی تایبەت.
٢- ئاکاری تیۆریانە .
ئەو دوو جۆرەی ئاکار کە دوو جۆری ئاکارن لە روانگەیەکی رووتی فکرییەوە
، دەبەستینەوە بە ئەدەبەوە کە مەبەست لە ئەدەب لێکۆڵینەوەکەی (د.سەروەر
عەبدوڵا )یە .
دەرەنجامی ئەو بەیەکبەستنەوەیە ، کەوتنەوەی دوو جۆری تری ئاکارە ،
قسەکردن لەسەر ئەو ئاکارانەش قسەکردنە لەسەر دەقی ئەدەبی ، دوو جۆرەکەی
ئاکاریش ئەمانەن :
١- ئاکاری( فکری- ئەدەبی)ی لێکۆڵەرەوە لە بەرامبەر کۆمەڵێک دەقی
شیعریدا .
٢- ئاکاری (فکری - شیعری)ی لێکۆلەرەوە لە بەرامبەر کتێبێک کە قسە لەسەر
کۆمەڵێک تێکستی شیعری دەکا .
.
واتە:
ئێستا کە من قسە لەسەر ئاکاری (د.سەروەر) دەکەم ، وەک ئەوە وایە قسەم
لەسەر لێکۆڵینەوەکەی کردبێت ، ئەگینا ئیشی منی ئەدیب نییە لە چوارچێوە
دەقێکی ئەدەبیدا قسە لەسەر ئاکاری مرۆڤێکی تر بکەم ، مەگەر لە سیاقی
دەقێکی وەکو (رۆمان و چیرۆک و شانۆنامە و....ھتد)دا نەک لە بازنەی (لێکۆڵینەوەی
ئەدەبی) و (خوێندنەوەی ئەدەبی ) دا .
تا ئێستا پۆلێنبەندییەکی دیاریکراو نەکراوە بۆ (ئاکاری ئەدیب) ،
قسەکردن لەسەر ئاکاری ئەدیب ھەمان ئەو قسەکردنەیە کە پێشتر لەسەر
ئاکاری مرۆڤ بەگشتی کراوە ، بەستنەوەی ئەدیب بە گشتاندنەوە ، خنکاندنی
ئەدیبە ، ئەوەتا دەبینین ھەندێک لەو پۆلێنبەندییانە لەسەر بنەمای
سەردەمەکان بوونە :
١-سەردەمی کۆن .
٢- سەردەمی ناوەڕاست .
٣- سەردەمی نوێ .
٤- سەردەمی ھاوچەرخ .
تەنانەت ھەندێ لە بیرمەندان ، راستەوخۆ ئاکاریان بەستۆتەوە بە رێبازە
فەلسەفییەکانەوە :
- ئاکاری بوونگەرایی
- ئاکاری مارکسیزم
- ئاکاری پڕاگماتیزم .
لێرەدا لە بەرامبەر دەقێکی ئەدەبیدا قسە لەسەر ئاکارێک ناکەم کە بۆ
پۆلێنکردنی پشت بەستراوە بە سەردەمەکانەوە ، ناشمەوێ نزیکی ئاکارێک
بکەومەوە کە رووت رووت بەستراوەتەوە بە فکرە فەلسەفییەکانەوە ، بە
پێویستیشی نازانم ئەو دوو جۆرە تازەیەی ئاکاری ئەدەبی کە لە دیدی
خۆمەوە خستمنە روو زیاتر شی بکەمەوە ، ئەمەش پەیوەندی ھەیە بە سادەیی
ئەو ئاکارە ئەدەبییانەوە کە ھەر لە یەکەم لەحزەوە ھەست بە جیاوازی
نێوان (ئاکاری ئەدیب ) و (ئاکاری فەیلەسوف) دەکەین .
ھەڵبەت لەنێو دەقی ئەدەبیشدا فەلسەفە وجودی ھەبێت ،تێکستەکانی (کافکا)
نموونەیەکن لەو بوارەدا کە ھەڵگری فەلسەفەیەکی بەئەدەبیکراون ، لە
رۆژھەڵاتیش (سادقی ھیدایەتی) نموونەیەکی زەقە و ناکرێ نکوڵی لێبکرێ .
لە رێگەی ئەو پۆلێنبەندییەی خوارەوە کە بۆ ئاکار کراوە ، قسە لەسەر
لێکۆڵینەوەکەمان دەکەم:
١- ئاکاری ھەستەکی
٢- ئاکاری سۆز
٣- ئاکاری ژیری .
ئەم پۆلێنکردنە رێگاکەمان بۆ کورت دەکاتەوە و وامان لێدەکا باشتر
دەستمان بە شتەکان رابگا ، چونکە (د.سەروەر عەبدوڵا) لەو
لێکۆڵینەوەیەدا ھەستی کردووە دەبێت بە جۆرێکی تر لێکۆڵینەوە بکا لەسەر
شیعر و سۆزی جوڵاوە بۆ شیعری کوردی و لە روانگەی ئەو سۆزەشەوە کە
سۆزێکە خاڵی نییە لە پنتی عەقڵانیەت ، عەقڵی خۆی دەکاتە کەرستەیەک و
بوێرانە رووبەڕووی عەقڵەکانی تر دەبێتەوە کە بە جۆرێکی تر لە
قۆناغەکانی شیعر گەیشتوون ، ئەو رووبەڕووبوونەوەیەش ئاساییە و لە
چوارچێوە سروشتییەکەی ئەدەب بەدەر نییە .
١- ئاکاری ھەستەکی:
(ئەبیکۆر)ی فەیلەسوفی یۆنانی پێش زاین ، نموونەیەکە دەکرێ وەکو رەمزێکی
دیار و ئاشکرای ئاکاری ھەستەکیی وەریبگرین و تێیڕامێنین .
ئەو تێڕامانەمان لە (ئەبیکۆر)، تێڕامانە بە ئاڕاستەی جیاواز لە چەند
گۆشەنیگایەکی لێکۆڵینەوەکەی (د. سەروەر عەبدوڵا ) . سەرەڕای جیاوازییان،
ئاڕاستەکان لە دوورەوە سەلام لە یەکتری دەکەن و ئاشنان بە یەکتری .
سێ گۆشە نیگا دەخەینە روو :
گۆشەنیگای یەکەم:
لای (ئەبیکۆر)، فەرد بەھۆی پاڵنەری غەریزەییەوەیە کە شوێنی چێژ دەکەوێت
، یان بۆ پێویستی بایۆلۆجی خۆرسک .
لە لێکۆڵینەوەکەشماندا ،فەرد کە ئەمجارە فەردێکی تایبەتمەندە بەوەی
شیعر دەنووسێ و تایبەتمەندییەکەی لە وشەی (شاعیر)دا گیرساوەتەوە ،
شوێنی چێژ دەکەوێ .
ئەوەتا (گۆران) لە لێکۆڵینەوەکەدا کراوە بە سەرەتای تازەگەریی لە شیعری
کوردیدا ، (گۆران) شوێنی چێژ دەکەوێ بەوەی گۆڕانکاری دەکا لە کێش و
سەروادا ، دواجار (گۆران) سەرەڕای گەڕانی بەدوای چێژدا ، بۆ خۆشی
دەبێتە وەسیلەیەک بۆ چێژ وەرگرتن ، بێ سۆ چێژ وەرگرتنیش لە (گۆران)،
چێژ وەرگرتنە لە تێکستە شیعرییە نوێخوازەکانی نەک لە (گۆران)ێک کە
یەکسانە بە (خوێن + گۆشت + ئێسقان) ، قسەی ئێمە لەسەر (گۆران)ێکە کە
یەکسانە بە (تێکست) .
گۆشەنیگای دووەم:
(ئەبیکۆر) چێژ پۆلێن دەکا بۆ :
- چێژە سروشتییە پێویستەکان
- چێژە سروشتییە ناپێویستەکان
- چێژە ناسروشتی و ناپێویستەکان .
لە لێکۆڵینەوەکەشماندا چێژ کە ئەمجارە چێژێکی ئەدەبی و شیعرییە و
بەستراوەتەوە بە شیعر خۆیەوە ، پۆلێن دەکرێ بۆ چوار جۆر لە چێژ ، ھەر
جۆرێکی چێژیش تایبەتە بە قۆناغێک .
واتە :
چێژ لە قۆناغی یەکەمدا (١٩٣٢- ١٩٦٨) کە دەکرێ بە قۆناغی (گۆران)
ناوزەندی بکەین ،جۆرێکە و لە قۆناغی دووەمدا(١٩٦٩- ١٩٨٣) کە دەکرێ بە
قۆناغی گروپی (روانگە و کفری) و (عەبدوڵا پەشێو) ناوزەندی بکەین ،
جۆرێکی ترە ، جۆری چێژەکانیش بەستراونەتەوە بە جۆری دەقەکانەوە .
چێژ لە قۆناغی سێیەمدا (١٩٨٤-٢٠٠٠) کە (شاعیرانی پێشڕەو) لە ھەولێر لە
دیارترینەکانن، جیایە لە قۆناغی کۆتایی کە ساڵی (٢٠٠١) تا ئێستا
دەگرێتەوە.
جیاوازی پۆلێنکردنی چێژی ئەدەبی(چێژی لێکۆڵینەوەکەمان) و چێژی فەلسەفی
(چێژی ئەبیکۆر) لە دوو خاڵدایە :
- چێژی فەلسەفی پۆلێن کردنێکی سەربەخۆ پۆلێندەکرێ ، وەک ئەوەی (ئەبیکۆر)
بۆ سێ لق دابەشیکردووە، چێژی ئەدەبی پۆلێنکردنێکی پەیوەست و بەستراوە
پۆلێندەکرێ (بەستنەوە بە قۆناغەکان) ...
- دەکرێ چێژی فەلسەفی بە دیاریکراوی لەسەر کاغەز بنووسرێتەوە ، وەلێ
چێژی ئەدەبی چێژێکە لە تێکست جیاناکرێتەوە و دەبێت لەنێو تێکستەکاندا
بەدوایدا بگەڕێین .
گۆشەنیگای سێیەم:
لای (ئەبیکۆر) چێژی راستەقینە ئەو چێژەیە کە بۆ مودەتێکی زۆر بەردەوام
بێت و ترس و بیمی تیا نەبێت و ئارامی رۆحی تیابێت و دووربێت لە ئازار .
لە لێکۆڵینەوەکەشماندا (د. سەروەر) ،(ئەبیکۆر)ئاسا رەفتار دەکا ،
ئەوەتا پێگەیەکی بەھێزی داوەتە (وریا مەزھەر) بەھۆی ئەو چێژە
بەردەوامەی (وریا) تا ئێستاش و دوای مردنیشی پێمان دەبەخشێ، یان ئەو
چێژە بەردەوامەی (گۆران) تا ئێستا پێمان دەبەخشێ ، سەرەڕای گۆڕانی
ئەدەبیات و فۆڕمەکانی نووسینی شیعر .
٢- ئاکاری سۆز:
بۆ قسەکردن لەسەر (ئاکاری سۆز) ، (بیرگسۆن)ی بیرمەندی فەڕەنسی دەکەمە
نموونە ، چونکە:
١-(بیرگسۆن) بۆچونێکی تایبەت بەخۆی ھەیە بۆ چێژ ،ئەو پێیوایە کە دیرۆکی
مرۆڤایەتی دەرکەوتنی کۆمەڵە کەسێکی تایبەتی بەخۆوە بینیوە لە وێنەی
پاڵەوانەکان کە سۆزیان جۆشی خواردووە ، لە بانگھێشت بۆ ئەخلاقی تازە و
بەھاگەلی ئەخلاقی تازە ، گوزارشتی لە خودی خۆی کردووە .
٢- (بیرگسۆن) پێغەمبەرەکان و (سوقرات)یش بە پاڵەوان دادەنێت کە ئەوان
ئەگەرچی مردووشن ، بەڵام بازنە تێکدەشکێنن (ئەمەش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ
ئەو چێژە بەردەوامە ئەدەبییەی لە سەرەوە باسمان کرد و وریا مەزھەر و
گۆرانیشمان کردن بە نموونە ) .
لە لێکۆڵینەوەکەی دکتۆردا ، چێژ چێژێکی دەستەجەمعی نییە و بەستراوەتەوە
بە دەرکەوتە تازەکان و چەند شاعیرێکی دیاریکراو کە دواجار بە بەراورد
لەگەڵ شاعیرانی تری سەردەمی خۆیان وەکو پاڵەوان دەردەکەون .
بۆ نموونە :
لە سەردەمی (گۆران ) و ( شێخ نوری شێخ ساڵح) و (کامەران موکری)دا ،
دەیان و سەدان شاعیر ھەبوونە بوونە بە کەفی سەر دەریا .
ئەگەر دوورتر بڕۆین :
لە سەردەمی (ناڵی)و(سالم)و(کوردی)دا ، دەیان شاعیر ھەبوونە کەس ناویان
نابا و پەراوێزخراون لە لایەن خودی شیعرەوە ، ئەوەی ماوەتەوە ئەو
سێکوچکەیەی شیعرە کە بەردەوام باسدەکرێ ...
ئیتر ئەو دیدە بۆ ھەموو قۆتاغ و سەردەمێکی شیعر راستە تەنانەت بۆ
رۆژئاواش .
لە فەڕەنسا ئەوەندەی باس لە (رامبۆ)و (بۆدلێر)و (تی ئێس ئیلیۆت) دەکرێ
، باسی ئەو دەیان و سەدان شاعیرە ناکرێ کە لەسەردەمی ئەواندا شیعریان
نووسیوە .
لە ئێران ئەوەندەی باسی (سوھراب)و (فروغ)و (شاملۆ) دەکرێ، باسی
شاعیرۆکەکانی تر ناکرێت .
(ھەڵبەت من ئەو چەند ناوەم تەنھا وەکو نموونە ھێناوەتەوە ، ئەگینا
شاعیری باشی تریشمان ھەن لە سەردەمی ئەو شاعیرانەدا)....
٣- ئاکاری ژیری:
ئەو کاتەی لە لێکۆڵینەوەکەدا (عەبدولڕەحیم ھەکاری ) دەکرێتە سەردەستەی
یەکێک لە قۆناغەکانی شیعری سەدەی بیستەم ،راستەوخۆ پاساوێکی ئەقڵانی بۆ
دەھێنرێتەوە ئەویش ئەوەیە کە :
( عەبدولڕەحیم ھەکاری لە بونیادی کۆنی زمانەوانی دەرچووە )
بوونی پاساوێکی عەقڵانی ئاماژەیە بۆ بوونی عەقڵێک کە ئەقڵی (د.
سەروەر)ە ، ئەو عەقڵەش دەبێتە سەرچاوەی کرداری ئاکاری ، ئەمەش ھەمان
روانگەی (ئاکاری عەقڵانییە) .
بەگوێرەی ئەو ئاکارە ، مرۆڤ کائینێکی ژیرە ، عەقڵیش تاکە ھۆکاری
تێگەیشتن و زانین نییە ، بەڵکو بنەمای فەزیلەتیشە و ئەگەر بارودۆخ بە
ئاقارێکی جیا لەوەی مرۆڤ دەیەوێ بڕوا ، ئەوا دەکرێ مرۆ ویستی خۆی بەھۆی
مەعریفەی عەقڵییەوە بگونجێنێ .
(زینۆن ئەلاکتیومی)ی فەیلەسوفی یۆنانی دامەزرێنەری (قوتابخانەی
ریواقیەت ) ، دەکەینە نموونەیەک بۆ ئەم پۆلە رێبازە ئاکارییە ، چونکە :
(زینۆن) و ریواقییەکانی شوێنکەوتووی، کۆک بوون لەسەر بنەمایەک :
(عەقڵ رێکخەرە)...
لێرەوە خاڵێک دادەنێم لە بەرامبەر (ئاکاری عەقڵانیدا) و چیتر
قوڵنابنەوە تیایدا ، چونکە لە بازنەی بابەتەکە دەردەچین و خودا دەکرێتە
باس و ئەوەی ئاکار بریتییە لەوەی مرۆڤ لە تەبابووندا لەگەڵ سروشتدا بژی
و دەکرێ تەبایی ھەبێت لەنێوان ئەوەی عەقڵی مرۆڤ دەیەوێ و ئەوەی خودا
بڕیاری داوە لە میانەی مومارەسەی فەزیلەی عەقڵییەوە کە لە زاڵبوون
بەسەر نەفس و پاکردنەوەی رۆح و...ھتد ، خۆی دەنوێنێت .
ئەنجامەکان:
١- ئەم لێکۆڵینەوەیەی (دکتۆر سەروەر عەبدوڵا) ھەڵگری ھێزی دانپیانای
ئەدەبییە …
٢- بەسەنتەرکردنی عاتیفە نامانگەیەنێتە حەقیقەتی ئەدەبی ، بەڵکو ئەو
حەقیقەتانەشی ھەن کاڵدەبنەوە .
٣- چێژ و گەمە چێژبەخشەکان دەکرێ بگوازرێنەوە بۆ نێو ھەموو ژانرێکی
ئەدەبی بە (لێکۆڵینەوە)شەوە .
٤- ئاکاری ئەدیب جیایە لە ئاکاری مرۆڤەکان بەگشتی ، واتە ئەوکاتەی قسە
لەسەر ئەدیب دەکرێ لە بازنەی ئەدەبدا ، دەبێ رەچاوی (چێژی
ئەدیببوون)ەکەی بکرێ .
٥- ئەو لێکۆڵینەوەیە کردنەوەی دەرگایەکی جیاوازی جۆری لێکۆڵینەوەیە و
داخستنی پەنجەرەیەکی تەقلیدی لێکۆڵینەوەیە ..
_____________________________________
سەرچاوەکان:
١- (حرکة الحداثة
في الشعر الكردي/
د. سرور عبدالله/ من مطبوعات : مركز جاودیر
/ ٢٠١٢).
٢- Mi mostra lo sporetello dei telegrammi ,
rachele formica, Italia,1994.
٣- voglio vedere il distributore della posta ,
Marko di maio, Italia , 1975.
٤- La ringrazio di tutto il cuore , Mirea corto,
Italia , 2000.
٥- ادبیات و اندیشه ، مصطفى رحیمى ، نشر : كتاب به زمان
٦- ما هیه الفلسفه ، جیل دولوز ، فلیكس غیتارى ، ترجمه : مطاع صفدى
و فریق مركز الانما القومى.
•
ئەم کتێبە ئیتاڵییە زۆر گرنگە بۆ
دیاریکردنی چێژ و جۆرەکانی و پەیوەندی (ئەبیکۆر) بە چێژەوە:
(Lo pren do questo/ rachele formica /
Italia/1991).
• ئەم کتێبەش
باشتر حاڵیمان دەکا لە زمان و ئەو فەزایانەی زمان کاڵیان دەکاتەوە و
درووستیان دەکاتەوە:
(posso pre n ta re/ Antonino torre / Italia/1992).
ماڵپهڕی بڵند رۆستەم
|