په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٩\٢٠١٦

دەروونڕۆشنیی شیعریی.

سەباح رەنجدەر     


لە شیعردا بیرێک ھەیە، تایبەتە بەشیعر خۆی. نە فەلسەفەیە. نە زانستە. نە ئایدیۆلۆژیایە، بەڵام پێکھاتەکانی شیعری ھەموو تێدا ڕسکاوە و زەینی شاعیر دەپارێزێت.


نووسین ژینگەیەکی جوان و ئارامە بۆ ژیان و ئەشق، ئەشقیش باشترین بارودۆخی مرۆڤە بۆ نووسین.ئەشق سەرچاوەی بوونی دەروونیی و پەروەردەکردنی پێویستییەکانە. بەم لا و ئەولا نایەتەدی، بەڵکو دەبێت شاعیر لەم دۆخی بوونی دەروونییەدا بژێت و بتوێتەوە و خۆی دابڕێژێتەوە و ببێتەوە دڵۆپە و بێتەوە ناو سەرچاوەی خوداناسین و خۆناسین و دەروونڕۆشنییەوە. ئەوجا ئەشقییەتی شیعریی خۆی دابڕێژێت. ھەر ئەشقییەتی شاعیرانی ڕۆشندڵیشە شیعریان بە ڕووناکی ھێشتووەتەوە، شیعریش لە دەرکەوتنی خۆی بەردەوامە و بە ھەموو شانازییەکەوە ڕێزێکی تایبەتی لێ دەگیرێت. من ئەگەر بیرێک و ئامادەیی زەینیم نەبووبێ و ڕووداوێک لە ھەستم ڕووی نەدابێت، بەھیچ شێوە و شێواز و بەھانەیەک شیعرم نەنووسیوە، کە خولیای نووسینیش دامدەگیرسێنێت و دۆخم بۆ دەڕەخسێنێت. لەگەڵ دەروونی خۆمدا زۆر تەبا دەبم و بەئارامی ھەڵدەکەم. ھێزی خود ھەموو ھاوسۆزییەکانم بانگھێشتی ڕەخسانی دۆخەکە دەکات. من سەرەتای شیعر بە کۆمەکی سرووشێکی نیمچە ڕوون، بەسادەیی دەکەمەوە و گرانایی و بەھای شێواز و ڕەگەزی کتوپڕی دەخەمە ناوەند و وەک ناوەندێک دایدەمەزرێنم، دووبارە سادەیی سەرەتاکە دەخەمەوە دوا وێنەشەوە. بڕواشم وایە شیعر دێت و خۆم پیشان دەدات. ئەوجا بەدوایدا دەچم و دەگەڕێم و کۆششی بەرجەستەبوونی بۆ دەکەم و وشە زاخاو دەدەم و خوازیاری گەشەسەندن و نوێبەخشی دەبم، ھێڵێکی یەکگرتووی شێواز و زمانی تێدا دەخەمڵێنم. قەتیش ئەو خۆفریودەرە نەبوویمە. ویستبێتم بەھۆی شیعرەوە دنیا بگۆڕم، بەڵام ویستوومە دنیا کۆبکەمەوە و چالاکی خۆمی تێدا پەرە پێ بدەم. شیعری بێگەرد تەنیا لەسەر بنەمای جیھانبینی ڕووناکیی خۆتدا. خوداناسین و خۆناسین و دەروونڕۆشنی، کە لە ئەزموونی ژیانەوە پێی دەگەین دێتە بەرھەم، دوای ھاتنە بەرھەم بەڕەنگ و ڕوخساری خۆتەوە تێکەڵ بە ڕەنگ و ڕوخساری ئەوانی دیکە دەبێت. واتە کولتووری کۆمەڵگای خۆت. ئەم جۆرە دۆخگۆڕین و گواستنەوەیە خەسڵەتی ئەدەبی ئێستێتیکییە و ھێزی دەروونی بە مرۆڤ دەدات. ھەنگاو بەھەنگاو خەسڵەتەکانی خۆی لە دەروونی مرۆڤدا دەپارێزێت و بۆ قووڵترین گۆشەی دڵ دەگەڕێت و باری ھەستیاری دەخەمڵێنێت، گۆڕانیش لەباری کامڵبوونەوە ڕوودەدات.


شیعر جەنگێکی سیحرییە و بە ھۆیەوە گەیشتم بە ماڵی گەورەی ژیان، زیاتر لە بۆچوون و شێواز و حاڵ و بارەکانی تر، ئارەزووم بۆ خوێندنەوەی ئەو شیعرانە گەرم دەبێت و پێیان دەدرەوشێمەوە و بەجۆر و جوانیان دەزانم، کە شاعیرەکانیان لە حاڵ و باری ناڕێکیی سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات لەناو کۆمەڵگای خۆیاندا دووچاری نامۆیی بوونە و پەنایان بردووەتە بەر تاراوگەی ناخ و پەناگا و مەئوای ناخ، ئەم پەنابردنە ئازادییە. ئازادی تەواوی نووسین. لەم حاڵ و بارەدا دەچنە قووڵایی بەسەرھاتەوە و گۆڕانێکی قووڵی نیمچە ڕیشەیی فیکری و ڕۆحی لە شاعیردا خۆ دەردەخات. بەشێک لە خوێنەرانیش پێش ھەموو شتێک بابەتی ئەدەبی بۆ ناوەرۆک دەخوێننەوە، بەڵام من پێش ھەموو شتێک ئەدەب بۆ ئێستێتیکای زمان و ئێستێتیکای ئەدەب دەخوێنمەوەو دەنووسم. ھێزی ئەدەب ھەر لە ناڵە و ھاوار و دەنگی بەرزبوونەوەی کارەسات و نزمبوونەوەی کارەساتدا ھێزی زرینگانەوەی پەیدا ناکات و دۆخ وەرناگرێت، ھەروەھا مانا بە باری یەکئاستی ناخەمە ڕوو، بەڵکو خوێنەر دەتوانێت لە ترپە و ئاوازی شیعرەکەدا، بە دەروونڕۆشنیی شکۆی شیعرییەوە بۆی بگەڕێت، تەشقەکە دەناسێت و مەودای چێژ و بیرکردنەوەی خۆی، بەو مەودای چێژ و بیرکردنەوەی ناسیویەتی بەپیت دەکات.


لە شێوەی دەربڕیندا، ڕووداو و حاڵەت ھێزی زمان وەردەگرن و دەیگوازنەوە بۆ ھێزی ئێستێتیکای ئەدەبی. ھەوڵ دەدەم داوا و داخوازیی شیعر لە زمان بزانم و لە گەنجینەی زمانی دێرینی کوردییەوە وشە و دانەپەیڤ بدۆزمەوە و ئەزموونی خۆمی پێ بەڕێوەببەم و لەگەڵ پێکھاتەی ڕێزمانی نوێشدا بیگونجێنم و ڕایەڵ و پەیوەندیان لە نێوان دروست بکەم. بە تایبەتی زمانی بەیت و شیعری کلاسیکی، مەرجیش نییە وەک ئەو ھەبووەی بەکارھاتووە بەکاری بھێنمەوە، بەڵکو دەیکەمە سرووشی ھێزی زمان و بنچینەی پێکھاتە، دەتوانێت قووڵترین خاڵی ژیان بدۆزێتەوە و بەھرەی لێ وەرگرێت. شیعری بێگەرد لە پێکھاتەی زماندا خۆی دەخاتە ڕوو، زۆر بە کەمی لە ناوەندی شیعری کوردیدا ڕێکەوتی شیعرێک دەکەیت، شیعرییەتی تێدا بێت و بە ئاستێکی کەمی زمان خۆی خستبێتە ڕوو، ھەروەھا بەشێکی ھەرە زۆری شیعری ئەمڕۆی کوردی ناشێت بە ئەدەبیی خاوەن پنج و ڕەگ و ڕیشەیان دابنێین. دەشێت بە مەشقی ئەدەبییان دابنێین.


ھەموو وشەیەک توانا و ھێزی ئێستێتیکیی شیعری تێدایە بۆ دۆزینەوە و دەستنیشان کردن. وشە لە خراپ بەکارھێنانیدا ھێزی ئێستێتیکی دەکەوێت و لە باش بەکارھێنانیشیدا ھێزی ئێستێتیکی دەردەکەوێت. زمانی کوردی زمانێکی شیعریی دەوڵەمەندە و شاعیری لێزان و باڵا بەرانبەری لارەمل و دەستەوەستان نابێت، ھەروەھا وشەش ناڕەنجێنێت، وشە ھێزی شیعر دەپارێزێت و شیعرییەت دەبەخشێت. ھەستی زمان فریای شاعیر دەکەوێت و ھێزی خەیاڵی دەدرەوشێنێتەوە. زۆر پابەندم بە ھێزی ھەست و زمان و ڕێکخستنی پێوەندیی نێوان وشە و دەستەواژە و ڕستەوە، ھەروەھا بنچینەی شیعر ھەست و زمان و مۆسیقایە، ھەست و زمان و مۆسیقاش واتای نوێ لە واقیع و خەیاڵ دروست دەکات. لە ھەندێک ڕستەمدا دەنگی مۆسیقا بە ئاسۆیی دێتە گوێ، لە ڕستەی ترمدا بە ستوونی دەبیسترێت. ئەو مۆسیقایە بەدڵێکی تەواو کوردییەوە لە ناخی خەڵک و قووڵایی زەوییەوە ترپە و ئاوازی وەرگرتووە و ھاوخەمی و ھاوشادیی جیھانی پێکدەھێنێت و فۆرم دەگرێتە خۆی.


ھەست، وزە و تینی کارای نووسینی ئەدەبییە و بنەڕەتی ھەموو چالاکییەکانی شیعرە. شیعری ھەستیش ڕەنگی ژیان دەداتەوە. ھەموو مرۆڤێک خاوەنی ھەموو ھەستە سروشتییەکانی، یان لانی کەم بەشێک لە ھەستە سروشتییەکانی خۆیەتی، بەڵام ھەموویان توانای باش بەکارھێنانیان نییە. جیاوازیی داھێنەر لێرەدا دەردەکەوێت. ئایا بە باشی و سادەیی ئەو ھەستانەی دەھێنێتە ناو نووسین و دۆخێکی گونجاوی بۆ دروست دەکات. شیعری کوردی بەچەندان ناو، کە ھەستە سروشتییەکانی خۆیان باش و بەسادەیی بەکارھێناوە درەوشاوەیە. شیعری سادە وەک شەپۆلێکی ھەستی دەبێت زۆر داھێنەرانە لە دۆخی ھەستیاردا بنووسرێت و خۆی دابمەزرێنێت، زمان و ھەستیش بگەیەنێتە ئەوپەڕی، دەنا ئاسۆ و دوورییەکی نابێت بۆ لێکدانەوەی جیاواز و ئاستدار. نموونە: دوو نامەکەی (نالی) و (سالم)، یان دوو گەشتەکەی ( گۆران)، یان (وەرە خوارێ ئەی خواکەی غەریبان لە کلکەی ھەوری ئاڵەوە وەرە خوارێ)ی ئەنوەر قادر محەمەد، یان (کەوشەنی مەرگ)ی فەرھاد شاکەلی، یان (بتانەوێ و نەتانەوێ ڕۆژێ لە ڕۆژان نالی ھەر بۆ شارەزوور دەگەڕێتەوە)ی لەتیف ھەڵمەت، یان (گورگ)ی محەمەد حەمە باقی، یان (کۆست و چرا)ی شێرکۆ بێکەس، یان (ھەولێر لە یەکی شوباتا)ی عەبدوڵڵا پەشێو،یان (لاوکی ھەڵەبجە)ی ڕەفیق سابیر، یان (باوێشکەکانی مێژوو)ی نەژاد عەزیز سورمێ. لە دەربڕیندا پڕاوپڕن لە تووڕەیییەکی ئاشکرا و ڕووکار و سادەن، بەڵام لە دۆخی ھەستیاری و داھێنەرانە بە سەرچاوەی ژیان و دڵپڕی کۆمەڵگاوە نووسراون و لێکدانەوەی جیاواز و ئاستدار وەردەگرن و ڕوخساریان شکۆی شیعرییەتی تێدا خەمڵیوە. بەوەی ھەم لەسەر زەینییەت و ھەم لەسەر واقیع وەستاون و خوێنەریش ڕووداو و وێنە زەینییەکان قبووڵ دەکات. ئەمە مەترسییەکی گەورەیە و پێویستی بەئاگایییەکی قووڵ ھەیە، لەسەر دوو ئاراستەدا کاربکەیت و خوێنەریش بخەیتە ئەو دۆخە ھەردوو ئاراستەکە لە پلەی جیا جیا و وریاییدا وەربگرێت و بینینی خۆی لەناویدا ڕوون بکاتەوە، ئەم نموونانە بە شێوەیەکی بیندراو و نەبیندراو دەربڕین لە ناوەندی نەتەوایەتی دەکەن و ڕۆحی نەتەوە تێیاندا گەڵاڵەبووە و ڕەنگی ڕشتووە، واتا شیعری بۆنە و ڕووداون. بۆیە ئاماژەم بەو دەقانە دا، چونکە لەم کۆشیعرەمدا (دواکەوتن لە کەشتیی نووح). دوو شیعریان بۆ بۆنە و ڕووداو نووسراون: ١- مەسیحی بچکۆلە لە کتێبی نەرم و نیانیدا، بۆ کارەساتی شنگال. ٢- لەناو چەند ھەواڵێک ھەواڵێک، بۆ کارەساتی کۆبانێ. خوێنەریش زۆرتر بە ھەستی مانا و نەتەوایەتی. نەک زمان و ئێستێتیکی لەگەڵیاندا دەخرۆشێت. من بە بەشێک، بەشێکی دیاریکراوی ھەست پێ کردنەکانم ئاوێتەی ئەو دەقانە بووە، بەمەش خۆم بەشێوەیەک لە شێوەکان بە نووسەریان دەزانم. بەھا و جوانییەکی پێویست و نایاب ھەیە خۆت بە نووسەری دەقی شاعیری جگە لە خۆت بزانیت. ئەو دەقانەی شاعیرانی تر خۆزگەیانە خۆیان بە نووسەری بزانن، بەھا و جوانییەکی بێھاوتایان بەخشیوە و بوونەتە ئەفسوون و زایەڵەیەکی سەیر لە بوونی ڕۆشنبیریدا. ئەوە گەوھەری داھێنانە دەبریسکێتەوە شاعیران بۆی غاردەدەن بیگرن و بە ھی خۆیانی بزانن. ئەو شاعیرەی گەرمایی ئەو خۆزگەیەی لە دڵدا خاو بووبێتەوە، شاعیرێکی کلۆر و مردۆخ و پووخە و دەمچەفت و ھەستنەناس و خوێنتاڵ و وشە قەڵپ و پوختەکار نییە.


لای ئێمە ژمارەیەکی کەم و دیارکراو شاعیرە ھەرە نوێیەکانمان و چەند سەد کەسێکیش بەرھەمی شاعیرە کۆن و ناسراوەکانمان دەخوێننەوە. من باوەڕم بەوە نییە ھونەر بۆ ھونەر، یان ھونەر بۆ دەستەبژێر، یان ھونەر بۆ کۆ و کۆمەڵگا، یان ھەر شتێکی لەم بابەتە و لەمە نزیک. ھونەر، یان دەبێت نەبێ، یان ئەگەر ھەبوو، دەبێت ھونەرێکی پاک و بیرکردنەوەیەکی بنەڕەتی ئێستێتیکیی پەتی بێت. ھونەری پاک و پەتییش لەخۆیدا لەخزمەت و پێناو کولتوور و کۆمەڵگای تەندروستە. ئەوی تر جۆرێک ڕووپۆشکردن و لەخشتەبردنە. بە ھیچ شێوە و شێواز و بەھانەیەک بەئاسانی خوێنەر گیرۆدەی شێواز و گیرۆدەی مانا ناکەم، دەمەوێت خۆی، خوێنەری نموونەیی، ھەڵکۆڵین لە دەق و شێوازی نووسیندا بۆ ھەستناسین و گیرۆدەیییەکانی خۆی بکات. شاعیری ڕاستەقینە سەربەلایەنێکی سیاسی، یان ڕەوتێکی سیاسی کار ناکات، بەڵام دژی ناپاکیی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و ئێستێتیکی کاری ئەدەبی خۆی بەڕێوە دەبات. لەناو جەنگەی ئاڵۆزی سیاسەتدا، لایەنگیری ئاشتی و لێبووردەیی دەکات. شیعری من بە تین و تاوی ھەمەچەشن دەربڕینی لە شەڕی ناوەکی کردووە و لە زۆربەی زۆری ئەزموونیشمدا تیشکدانەوەی ھەیە، بەڵام لە ھەموویان دەرکەوتووتر دەقی: (مەرگی ئاوێنە)یە. ھۆکارەکەشی ئەوەیە، کە شەڕی ناوەخۆیی وێرانکاری لە ڕۆح و فیکری کۆمەڵگای کوردی دروست کرد و ناخی کەواند. ھەمیشە بەو بارەشدا کارم کردووە وێرانکارییە ڕۆحی و فیکرییەکان لە ئێستێتیکای ئەدەبدا گەش بکەمەوە و دۆخی ئاشتی و لێبووردەیی وەک خاڵی پەیوەندی و بینین بھێنمە ناوەوە.


لە شیعردا بیرێک ھەیە، تایبەتە بەشیعر خۆی. نە فەلسەفەیە. نە زانستە. نە ئایدیۆلۆژیایە، بەڵام پێکھاتەکانی شیعری ھەموو تێدا ڕسکاوەو زەینی شاعیر دەپارێزێت.


دەسەڵات، دەسەڵاتسالاری، یان دەسەڵاتسەروەرییەک شتی لە شیعر و شاعیرە سیاسەتخواز و ڕەسمییەکان داوایە، کە لە بەرژەوەندیی ئەودابن و ئەدەبێکی مەبەست سیاسی بەرھەم بھێنن. ئەدەبی مەبەست سیاسیش کاردانەوەیە بەرانبەر ھۆکار. شیعری بێگەردیش یەک ئەرک کرۆکی بێگەردی دەستنیشان دەکات،کە لە پێناو ئێستێتیکای زمان و ئێستێتیکای پەتیدا کاری خۆی بەڕێوەببات. ھێزی ھەستی مرۆڤانەی بەھۆی ھێزی زمان لە ھێزی وێنەدا پێشان بدات. زمان و مۆسیقا و وێنە سێ گۆشەی ڕووناک و گرینگن بۆ شیعری بێگەرد و خوداناسین و خۆناسین و دەروونڕۆشنیی شاعیر. دەسەڵات زۆر بەڕێکوپێکی و لێزانانە و بەمەرام کار لەسەر ھەڵکۆڵینی کرۆکی شاعیری ملنەرم دەکات بۆ مەرام و ئەو تێگەیشتنەی خۆی. ھەر شاعیرێک خراپ بنووسێت و زمان خراپ بەکاربھێنێت، خیانەتکارە لەگەڵ خاک و کولتوور و کۆمەڵگادا، چونکە زمان تاکە بەروبووم و سەرچاوەی خاک و کولتوور و کۆمەڵگایە. شاعیری داھێنەر ڕووداوە ورد و دیاردەکانی ڕۆژانە دەگوازێتەوە ناو ھەستیاریی زمان و لە شیعرییەتدا دایدەمەزرێنێت. لە ئەدەبی ئێمەدا زۆر شاعیر ھەن زۆر ملنەرم و سیاسەتخواز و دەسەڵاتین. بەوەی لە پۆستی بەرز داندراون.ئەگەر ئەو پۆستە بەراورد بکرێت بەوەی ئایا بەھۆی ئاست و توانای ئەدەبی وەری گرتبێت. ئەوەتبۆ دەردەکەوێت سەدا سەد لە جێگای شیاوی خۆیدا نییە و زۆر نابەجێ و لاسەنگیشە، چونکە شاعیری لەو زۆر بەتواناتر، لە ڕووی ئێستێتیکای زمان و ئێستێتیکای پەتیدا ھەن لە پێچانەوەی دەسکە سڵقێکیشدا جێگایان نابێتەوە. ئەم کردە و کار بۆکردنە، بوونەکەی لەسەر شێوازی تاکتیکی سیاسەت و دەسەڵاتسالاری، یان دەسەڵاتسەروەری وەستاوە و بەڕێوەدەچێت. نەک ڕۆشنایی بەرھەم و بوونی ئەدەبی و پاراویی ئەزموون. بڕواشم بەو شاعیرانەی شیعری مەبەست سیاسی دەنووسن نییە، کە دەڵێن: ئەگەر گۆڕانێک لەناو کۆمەڵگا ڕوونەدات و ژیان بەرزی و نزمی تێنەکەوێت، شیعر شتێکی نابێت بیدۆزێتەوە. ئەدی لەم حاڵ و بارەدا کاردانەوەی ھێزی نامۆکردنی زمان و ھێزی خود و ھێزی خوداناسین و خۆناسین و دەروونڕۆشنی چییە.


لە دنیادا تەنیا یەک شت نایەتە دی. ئەویش ئەو شتەیە، کە لە دڵەوە کۆششی بۆ ناکەیت. مرۆڤ گەردوونێکی بچووکە لە نووسیندا کۆمەڵگا گەردوونەکەی دەناسێت و دەیکاتەوە.لەو کاتەوەی ڕاست و چەپی خۆمم ناسی و ھەستم کردووە چی دەمخاتە سەر دۆخی خۆدەستنیشانکردن. دەسەڵاتی ڕووناکیی شیعر بانگی ناوخۆی کردم و ھەستم کرد مانەوە لەناو ئەو ڕووناکییەدا، مانەوەی بوونی منە وەک مرۆڤێکی ھەستی و خوداناس و خۆناس و دەروونڕۆشن. بۆیە تەواوی وزەی خۆم بۆی تەرخان کرد و ھەموو شتێک و خولیا لاوەکییەکانم پەراوێزخست و چوومە ناو دەسەڵاتی نووسینی بێگەردەوە.


ئەم بڕیارە و چرکەساتی ئەم بڕیارە، ئاکام و ڕووداوێکی زۆر گرینگە بۆ نووسین و خۆدەستنیشانکردن و بەردەوامی و خستمیە سەر دۆخی نووسین و مانەوە و جۆرێک بەرپرسیاریەتی ئێستێتیکیی ئەدەبی. ھەموو شیعرێکی ئێستێتیکی جۆرێکە لە بیرکردنەوە و ئاکامی بیرکردنەوە، بیرکردنەوەش وەک ناوەندێک وەردەگرێت و ھەست دەخاتە جێگای ھێما و مەجاز، ھەروەھا ئەدەبی ئێستێتیکی دەربڕین لە دڵەڕاوکێ دەکات و ڕووبەڕووی بوون دەبێتەوە، دڵەڕاوکێ بەرانبەر بەرزی و نزمییەکانی ژیان، لە ھەندێک حاڵ و باردا مانا لە ژیان وەردەگرێتەوە و دەیکات بە شتێکی ھیچ و پووچ و بێبایەخ، لە ھەندێک حاڵ و باریشدا دەیکات بە سەرچاوەیەک و پلەیەکی درەوشاوەی شیعرییەت و دۆزینەوەی گەوھەری نادیاری. ئەگەرچی دڵەڕاوکێ لە ئەدەبی کارادا پرسێکی دێرینە و بەردەوام لە بوونی شاعیردا بەرانبەر شتێکی نادیاریکراو، یان ئایندەیەکی میتافیزیکی دووبارە دەبێتەوە، ھەروەھا ھانا و پەنایەکی ئەزەلییە بۆ شاعیری ھەستی. من زۆر لەگەڵ دەقەکانمدا دەمێنمەوە. لێرە وشەیەکی دەگۆڕم و لەوێدا جێگۆڕکێ بە ڕستەیەکی دیکەی دەکەم و پێکەوەیان دەبەستمەوە و بیر لە ھێزی زمانەوانییان دەکەمەوە. پاشان بیر لە پێوەندیی وێنەکان دەکەمەوە و بیر لەوەش دەکەمەوە بزانم ئەوەی بیرم لێی کردووەتەوە ئەم دەقە ئەوەیە، یان دەقێکی ترە و ئەفسوونی زمان و ھەست لە کاتی خورپەی نووسیندا خۆی زاڵ کردووە، بەڵام دامەزراوەکە ئەو بناغەیەیە، کە یەکەم خورپە لە شیعردا بە ڕوونی ھەست پێدەکرێت و وەک ناوەندێک دەمێنێتەوە و ڕەگ بە تەواوی جەستەی دەقەکەدا شۆڕ دەکاتەوە، وەک ھێزێکیش ڕایدەکێشێتەوە ناوەوەی خۆی و زاخاوی دەدات. ڕەشنووس لەسەر مێزی نووسینمدا زۆر دەمێنێتەوە و کەڵەکە دەبن، چەند بمێننەوە ڕەنگیان جوانتر دەخەمڵێ و ھۆگریم بۆیان زیاتر دەبێت. دەقم ھەیە دە جار زیاتر نووسیومەتەوە. لە دوا پاکنووسدا بە ھەموو ڕەشنووسەکاندا دەچمەوە، بەیەکیان دەگرم و سوودی زۆر لەم پێداچوونەوە و پێکگرتنەدا وەردەگرم. وێنە ھەیە دوای ئەم ھەموو ئاڵوگۆڕییە، وێنەی یەکەم ڕەشنووس دەھێنمەوە و لەسەر ئەو سەقامگیر دەبم و ئەوانی تر دەخەمەلاوە، بۆشم دەردەکەوێت یەکەم داڕژان لە شیعردا زۆر گرینگە، پێداچوونەوە و پێکگرتنی دەقیش بۆ مشتوماڵکردن و جوانکاریی ھێندەی نووسین گرینگە. نووسین خۆی پێداچوونەوەیە بە خوداناسین و خۆناسین و دەروونڕۆشنی، ھەروەھا پێداچوونەوە پشووی دوای نووسینە و خۆشیبەخشترین چرکەساتی شاعیرە و ھەموو خۆشحاڵییەکانی تێدا کۆ دەکاتەوە.


زیاتر لە پەنجا ساڵ بەسەر مەرگی (گۆران)دا تێپەڕیوە، کە (١٨/١١/١٩٦٢)ە. تا ئێستاش لێتۆژینەوە گرینگەکانی لەبارەی شیعری نوێی کوردی پێشکێش کراون. ئەوانەن، کە لەبارەی گۆرانەوە نووسراون، ھەروەھا خوێنەریش. یەک لەوانە من بەتەواوی ھەستەکانمەوە گوێ لە ترپەی دڵ و ناخی بەھێزی دەگرم و سرووش لە ڕۆحی گەرم و درەوشاوە و ژیان تێگەڕاوی وەردەگرم. کەواتە تاکو ئێستا ڕێبازی گۆران، ڕێبازێکی دان پێدانراوە و قۆناخی حەفتا و ھەشتاکان و ئەوانی دیکە بە شێوەی دامەزراوی گۆران دان پێدانراو نین، یان خەسڵەتە گرینگە زمانی و ئێستێتیکایییان دەستنیشان نەکراون، یانیش شاعیرێکی گۆڕانکار و بەزەبر لە کێشی گۆران پەیدا نەبووە، یان قۆناخەکان قۆناخی بە کۆن و چەند کەسانێک لە بنیادنان و سیما داڕشتنیان ھاوبەشن، بۆیە بایەخدانەکە دابەش بووە بەسەر کەسە ھاوبەشەکان، تاک وەک دیاردە و ڕووداو دەرنەکەوتوون.


ئەگەرچی من بڕوام وایە شیعری بێگەرد سەر بە ھیچ قۆناخ و قوتابخانە و ڕێباز و بزووتنەوەیەک نییە، بەرھەمی ئەزموونی تایبەتیی شاعیری ڕاستەقینەیە لە بەھرەی ئەدەبی و چێژی ئەدەبی و دۆزینەوەی ئێستێتیکای ئەدەبی و نامۆکردنی زمان، ھەروەھا بڕواشم بەوەیە دەبێت شیعرێکی تر، واتا شێوازێکی تر لە شیعری کوردیدا سەرھەڵبدات. شیعرێک ببێتە سەرکێشییەکی درەوشاوە بۆ ئەو جۆرە شیعرەی ھەیە و لە ناخەوە ڕایوەشێنێت و ئاگایییەکی ئێستێتیکی و نامۆکردنی زمانی بداتێ. ئەم سەرکێشییە پێویستە لە ھەموو سەردەمەکان سەرھەڵبدات و بەردەوامی ھەبێت. زۆر لەگەڵ ئەوەدام سەرکێشییەک سەرھەڵبدات و شیعری نەوەی ئێمەش ڕاوەشێنێت. ببێتە ئاماژەیەک بۆ گۆڕانکاریی شیعری. ھەڵبەتە ئەم گۆڕانکارییە بە چێژی زمان و چێژی ئەدەب دێتە ئاراوە. نەک وەک گۆڕانکارییەکی مەبەستدار و نەخشە و پلان بۆ دانراو. واتە ئەزموونی ئەدەبی زاخاوی بدات. شاعیری گۆڕانکار لە خۆڕا و بەڕێکەوت و ئەڵڵاخودایی نابێتە گۆڕانکار، بەڵکو پێویستی بە ڕێکخستنی سیستەمی ناخ ھەیە. من جیاوازیی زۆر جوان لە نەوەی دوای خۆم دەبینم. لە ھەندێکیان وەک جیاوازی و لە ھەندێکیشیان وەک داھێنان. ھەمیشە بە بینینی ئەم جۆر و جیاوازییانە دڵخۆش دەبم. بەھیوام ئاگری خۆدەستنیشانکردنیان بە بەخششتربێت بۆ بەخشینی ڕووناکیی شیعرییان و مستەکۆڵەیەکی ئێستێتیکیش بن بۆ ئێمەمانان. شاعیری جیاواز: (ئاریان ئەبووبەکر) لە ساڵی ٢٠١٣ لە سلێمانی لە حەڤدەیەمینفێستیڤاڵی گەلاوێژدا شیعرێکی بە سەرناوی (قاچ، ئوتۆمبێل) خوێندەوە (من و ئیسماعیل حەمەئەمین) لە شکۆی ئەم شیعرەدا لەناو جەماوەر ھەستاینەوە و بەپێوە وەستاین تا شاعیر لەسەر شانۆکە ھاتە خوارەوە لەناو ھۆڵدا لەسەر کورسی خۆی دانیشت، یان یەکەم کۆشیعری چاپکراوی ئەم دوو شاعیرە لاوە: (بە ١٤ ڕێگادا: ڕێبین ئەحمەد خدر- ٢٠١٢، حکایەتی قوڕ بە قەڵەمی خەوننووس: دلاوەر ڕەحیمی- ٢٠١٣)، کە ڕوونکردنەوەی شیعرییمان دەدەنێ و خۆدەستنیشانکردن تێیاندا ڕوونە و دەمانبەنە ئەم دیو و ئەو دیوی میتافیزیکا و واقیعەوە. ئاماژە و دەنگ و ئاوازی زیندووکردنەوە و زیندوو ڕاگرتنی زمان بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە دەخەنە زەینی ڕستەوە و لە وێنەکاندا کۆدەبنەوە، پاشان دەبن بە خودی ڕووداوە وێنەیییەکان و بنەماکانی تێگەیشتن و خۆدەستنیشان کردن.


جا نازاندرێت دوای ئەم دەقانە، پەرە بە بەھرە و توانایان دەدەن و لە ھەر لایەکیانەوە تێیان بڕوانین سەدا و ئاوازی جیاوازی تایبەتی خودی خۆیان، ئێمە وەک لایەنگری داھێنان دەھێڵنەوە، یان لە ڕووبەرێکی دیاریکراودا دەمێننەوە و خاڵی پەیوەندیی داھێنان دەپچڕێنن، خوێنەری نموونەییش بە دوایاندا ناچێت و پەیوەندییان پێوە ناکات.


بەدرێژایی ئەو سی و چەند ساڵەی سەرقاڵی شیعرم، خۆم لە دوو شت بەدوورگرتووە و لێیان دەسڵەمێمەوە.
یەکەم: چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی.
دووەم: وەڵامدانەوەی ئەو نووسینانەی بە ھەڵە لە ئەزموونی من دواون.


تەلیسمی ئەم نھێنییەشم بۆ ناشکێت. باشیش لەوە گەیشتووم ھەڵەی کوشندەی نووسەر ئەوەیە خۆی سەرقاڵی ھەڵەی نووسەرێکی تر بکات. ڕەنگە ھەر ئەم تێگەیشتنەشم بێت تەونی نھێنیی ئەم ترسەی بۆ چنیبم.


یەک لە چێژە ئەدەبییەکانم بێ ئەوەی خۆم ھیچ ویست و دەسەڵاتێکم تێیدا ھەبێت، ھەڵدەبزڕکێت. بەوەی ھەرکاتێک شیعرێک بۆ گۆڤار، یان ڕۆژنامەیەک دەنێرم، دوای ماوەیەک بڵاودەکرێتەوە. ھێندە بە بڵاوکردنەوەکە دڵخۆش دەبم و دەکەومە حاڵ و باری ئارامییەوە. ھێندەی تریش دڵگران و سەغڵەت دەبم بەوەی دەبینم وەک ھاوتایەک ھێڵکاری لەگەڵ بڵاوکراوەتەوە و چووەتە کۆڵی شیعرەکەوە. ھەندێک جاریش ھێڵکارییەکە زۆر نایابە و وەک بابەتێکی سەربەخۆ چێژی لێ وەردەگرم و لە ھێڵ و ھێمای ورد دەبمەوە و دەچمە ناو کەشێکی ئێستێتیکیی زۆر تایبەت و سیستەمی بیرکردنەوەی ناسینی زمان و زمانناسی ھێڵکارییەوە.


من بڕوای تەواوم بەوەیە شیعر خۆی ھێڵکارییەکی ھەستییە و تێیدا خودێکی خوداناس و خۆناس و دەروونڕۆشن دەردەکەوێت. نەشیاوە ھێڵکارییەکی تری بخرێتە پاڵ و قەرەباڵغ بکرێت و لەبەریەکیان ڕابگریت، چونکە ھیچ پەیوەندییەکی گرینگ و جووڵە و ژیانێکی تازە و ئاشکراکردنی ھێڵ و ھێمایەکی شاراوە نادەن بە شیعرەکە. شیعر و ھێڵکاری ھەریەکەیان خاوەن گۆشەی بەھێزکردنی تیشکی چاو و نیشانە و پێکھاتە و ناوەندی ڕوانین و ھەست و فامکردنی خۆیانن، بەھۆیەوە زمان و ئاخاوتن و ھێڵ، کە بوونەتە بابەت دەستنیشان دەکەن.


لە ھێزی دەربڕینی خۆیاندا، ھەریەک سەربەخۆیی خۆیان لە پێشکێش کردندا دەپارێزن. ھیچیان بەھۆی ئەوی تریانەوە ھێزی دەربڕین و ئێستێتیکی وەرناگرن و ڕووناکییان داناگیرسێت. ھەرچەندە بۆچوونم بەرانبەر ھێڵکاری ڕوون و ڕەوانە و پەنھان و شاراوە نییە، بەڵام ڕۆشندڵ دەبم بزانم شێوەکارەکە تێگەیشتنی بۆ شیعر چییە و چ پەیوەندییەکی پێیەوە ھەیە. شیعریش لە چاوی ئەودا چۆن دەردەکەوێت. شیعر ھەیە لە چەندان وێنە و دەربڕین و بیروبڕوا و فەنتازیادا پێکھاتووە. ئایا ھێڵکارییەک دەتوانێت ببێتە دەربڕینی بیروبڕوا و ئێستێتیکیی ھەموو ئەو وێنانەی شیعرەکەیان پێکھێناوە. تکام وایە لەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی شیعریان تێدا بڵاو دەکەمەوە، تا بکرێت ھێڵکاری لەگەڵ دانەنێن، چونکە نەشیعر و نەھێڵکارییەکە دنیا ناخەنە ناو لەپی دەستمانەوە، بەڵکو نیشانەکانی ئەم دنیایەن.


لە شیعردا بیرێک ھەیە، تایبەتە بەشیعر خۆی. نە فەلسەفەیە. نە زانستە. نە ئایدیۆلۆژیایە، بەڵام پێکھاتەکانی شیعری ھەموو تێدا ڕسکاوە و زەینی شاعیر دەپارێزێت.

 

ماڵپه‌ڕی سەباح رەنجدەر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک