په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١١\٢٠١١

دەسەڵات راستەوخۆ بەرپرسە لە دروستکردنی

ئەو دۆخەی ھۆکار و پاڵنەری گەنجانە بۆ خۆکوژیی!

 


ئامارەکان نیشانی دەدەن کە لە چەند مانگی ڕابردوودا خۆکوشتن لە ناو گەنجانی کوردستان بە شێوەیەک پەرەی سەندووە, بۆتە دیاردەیەکی مەترسیدار و جێی نیگەرانییە.


رۆژنامەی رێوان لە ژمارەی (٢٤٣ ی بەرواری ١٦ ی سێپتەمبەری ٢٠١١ سەرژمێریەکی بڵاو کردۆتەوە کە لە ھەشت مانگی رابردوودا (٧١) حاڵەتی خۆکوشتن لە لایەن پۆلیسی پارێزگای سلێمانی‌یەوە تۆمار کراوە.


بەپێ‌ی ھەواڵەکانی ڕۆژنامەی ئاوێنە تەنھا لە ماوەی ٢ ھەفتەدا لە مانگی ئۆکتۆبەر ی ٢٠١١دا، ٤ گەنج کە تەمەنەکانیان لە ١٤-٢٠ ساڵیدا لە شارەکانی کوردستان خۆیان کوشتتوە.


ھەموو ئاگادار بووین "بەناز جەواد" بەھۆی بێکاری و ھەژاری، وەک ناڕەزایەتی بە دانەمەزراندنی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و گیانی لەدەستدا. زۆرن ئەو بەنازانەی بەسەد قاچ لەم بارودۆخەی ئێستای کوردستان ڕا ئەکەن. ماوەی چەندین ساڵە گەنجانی کوردستان، سەد قاچ قەرز ئەکەن و بە نێو ھەزار ئاگرو چەندین سەرزەمین و سنوری دڕکاوی و مەترسی دەریاکاندا لەم دۆخ و دۆزەخەی کوردستان ڕائەکەن.


ئەم دۆخە فشارێکی ڕاستەوخۆی خستۆتە سەر خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی گەنجان. گەنجان کە ناسکترین و ھەستیارترین توێژی کۆمەڵگان، زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و ئەکەوێت. ھۆکار و پاڵنەری سەرەکی خۆکوژیی گەنجان ئەگەرێتەوە بۆ نائومێدی و ڕەشبینی کە دەرئەنجامی بارودۆخی کوردستان و سەرکوت و بێمافی گەنجان و نەبوونی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکە.


خۆکوشتنی گەنجان پەیامی ئەوەمان پێدەدات کە سیستم و دەسەڵاتدارەتی کوردستان لە قەیراندایە. قەیرانێک دوای سەرکوتی خۆپیشاندانی سەراکانی ئازادی دۆخێکی سەرکوتگەرانەی ھێنایە ئاراوە، دۆخێکی نائارام و نالەبار، دۆخێکی قەرەباڵغ بە سیناریۆ و ڕووداوی شێواو. بە واتایەکی تر بارودۆخەکە گەیشتوتە ئاستێک کە زۆربەی کێشەکان بە ھەڵواسراوی و بێچارەسەرکردن ماونەتەوە . خەڵکی کوردستان لە چاوەڕوانییەکی تاقەت پڕوکێن نادیاردا ماونەتەوە ژیان بەسەر ئەبەن.


حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارەتی پارتی و یەکێتی ڕاستەوخۆ بەرپرسن لە دروستکردنی ئەو ھەلومەرجە و پاڵنانی گەنجان بۆ دۆزەخی مەرگ و خۆکوژیی. لێرەدا حکومەت و دەزگا بەرپرسەکان ئەرکیان فەراھەمکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانە بۆ ژیانی گەنجان و مافەکانیان.
بۆ پێشگرتن بەو دیاردە مەترسیدارەی کە ھەڕەشەیە لەسەر ژیانی گەنجانی کوردستان. ئەم پێداویستی و مافەسەرەتاییانە بە ئەرکێکی دەستبەجێی دەسەڵات دەزانین:


• دەستەبەرکردنی مافە سەرەتاییەکانی لاوان لە خوێندن، کارکردن، مومارەسەکردنی ئارەزووەکانیان لە وەرزش و ھونەر و زانست، ئازادیە تاکەکەسیەکان و فەراھەمکردنی شوێنەکانی سەرگەرمیی و ناوەندەکانی بڕەودان بە تواناکانیان و حەساندنەوەیان.
• پەیداکردنی کار بۆ لاوانی بێکار، یاخود فەراھەمکردنی بیمەی بێکاریی و بەرنامەی بردنە سەری کارامەیی و توانای لاوان لە بواری کاردا.
• ئازادی دەربڕین بە ھەموو شیوازەکانیەوە. ھەڵوەشاندنەوەی یاسای خۆپیشاندان، دانانی یاسایەکی نوێ بۆ دابینکردنی ئازادی خۆپیشاندان.
• کۆتایی ھێنان بە ھەموو جیاوازیەک لە بواری خوێندندا، وەک قبول خاس و تاد... مامەڵەی یەکسان لەگەڵ ھەموو خویندکاران بێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای سیاسی و حزبی، ئاینی، نەتەوە، ڕەگەز..تاد.
• کۆتایی ھێنان بە گوشار و ھەڕەشە و ترساندنی ڕۆژنامەنووسان و سزادانی یاسایی ھەموو ئەوانەی ئەشکەنجە و ئازاردانی ڕۆژنامەنووسان و ھاوڵاتیان دەستیان ھەبووە. قەرەبووکردنەوەی ھەموو ئەوانەی دووچاری ئەو جۆرە مامەڵەیە بوون.
• پاراستنی کەرامەتی گەنجان، کۆتایھێنان بە سوکایەتی، بێڕێزی و شکاندنی کەرامەتی گەنجان لەلایەن دەزگای ئەمنی و حزبیەکانەوە لە شارەکان.
 


رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی
١٠\١١\٢٠١١
serdasht.osman@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک