دەسەڵات و قەڵەم.
پێشکەشە بە نووسەرانی بەڕێز : ئارام ڕەشید و
مەریوان هەلەبجەیی.

ناڵە حەسەن
لەو ڕۆژەوەی فەرمانڕەواکردنی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە هاتۆتە ئاراوە ، هەر
لەو ڕۆژەش وشەی دەسەڵات داهێندراوە .دەسەڵاتیش لەگەڵ قەڵەم لە تەنگژە و
لە شەڕ و ململانێ ی بەردەوام دا بووە . دەسەڵات و قەڵەم هەمیشە قڵشتێکی
گەورە و فراوانیان لە نێواندا بووە . دەسەڵات هەر دەسەڵاتە ، جا ئەم
دەسەڵاتە لە چ زەمان و مەکانێک دا بێت . پابەندە بە هەمان سیستەم و
یاساکانی زەبروزەنگ و توندووتیژی ، بۆ مانەوە و درێژەدان بە تەمەنی
فەرمانڕەوایەتی و هەرچی زیاتر کەڵەکەکردنی سەروەت و سامان و
فراوانکردنی بازنەکانی هێز . دەسەڵاتی کوردیش وەک هەر دەسەڵاتێکی تر ،
لە هەمان ئاست و شێوەی پەیوەندی دابووە لەگەڵ قەڵەم ( دەکرێت قەڵەم
لێرە پێناسەیەک بێت بۆ ئازادی و بیر و هۆشمەندی مرۆڤ ، واتە کۆمەڵگە )
.دەسەڵاتی کوردیش وەک هەر دەسەڵاتێکی تر هەمیشە لە هەوڵی دەستەمۆکردنی
قەڵەمەکان دا بووە بە تایبەت قەڵەمە ئازادەکان . دیارە لە ڕێگای
دەستبردن بۆ هەموو شێوازەکانی دەمچەورکردن توانیویانە زۆرێک لە قەڵەمە
ترسنۆکەکان لە ژێر سێبەر و لە نێو ئەشکەوتە تاریکەکانی ژێر دەسەڵات (
قوڕقاپیان ) بکەن و قەڵەم و بیرکردنەوەکانیشیان ڕەنگڕێژ بکەن .
بۆیە
لە خۆڕا نەبوو کە ( پۆشکین ) مرد ، قەیسەری سێیەم گوتی ( ڕووسیا مرد !
) . داخ و پەژارەی قەیسەر بۆ ئەوە نەبوو کە کەسایەتیەکی گەورە و
شاعیرێکی ناودار گیانی لە دەستداوە ، داخ و پەژارەکەی لێرەوەبوو ، بە
مردنی پۆشکین دیوارێک لە دیوارەکانی دەسەڵات ڕووخا . چونکە پۆشکین
گەورە پیاو و گەورە شاعیری دەسەڵات بوو . دەسەڵاتی کوردی بەدەرلەوەی
هیچ وەڵامێک و ڕێگاچارەیەکی پێنیە بۆ ستەمی میللی و ئایندەی کوردستان و
بۆ کێشەوگرفتەکانی خەڵک ، لە بەرامبەر سەرەتاییترین خواست و
داخوازییەکانی خەڵک بێدەنگە و بە دژی مافە مرۆیی و مەدەنیە سادەکانی
خەڵک دەوەستێتەوە و سەرکوتیان دەکات .
دەسەڵاتی کوردی بە جیا لەوەی چ دۆزەخێکی بۆ خەڵک هێناوەتە بوون ، خەڵکی
لە زیندانێکی گەورە و لە چاوەڕوانیەکی بێهودەو لە ترس و نیگەرانیەکی
بێوێنە هێشتۆتەوە ! بە جیا لەوەی چ بارێکی دەروونی بۆ قوتابیان و
مامۆستایانی زانکۆ و ڕەوشی خوێندن و مەعریفە خولقاندووە !؟ .بە جیا لە
هەموو ئەمانە دەبینین سەنگەرگرتن لە ئەهلی قەڵەم بە تایبەت ڕۆژنامە و
ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ، سەرکوتکردنیان و زیندانیکردنیان و هەڕەشە و
ڕاوەدونانیان بۆتە سیمایەک و شێوازێک ، دەسەڵاتی کوردی پێ دەناسرێتەوە
.
دەسەڵاتی کوردی دەسەڵاتێکی سەرکوتگەرە و بەرهەمهێنەری کاری فاحیشە و
کاری گەندەلییە . دەسەڵاتێکە لەگەڵ ویست و ئومێد و خواستە مەدەنیەکانی
خەڵک نایێتەوە . خەون وخەیاڵی کارێزمایی و دیکتاتۆریانە لە ڕووبەرەکانی
بیرکردنەوەی دەسەڵاتی کوردی ئامادەیی بەردەوامی هەیە . بە کورتی
دەسەڵاتی کوردی دەسەڵاتێکی مافیاییە و هیچی تر .
لە خۆڕا نەبوو ( جۆرج بۆش ) بە دوای ڕووداوەکەی 11ی سیبتەمبەر بۆ
مەبەستی هێرشکردنە سەر دەسەڵاتی ( بنلادن ) لە ئەفغانستان گوتی ( ئەوەی
لە گەڵم نەبێت ، دەژمنمە ! ) . ئەم هاوکێشەیە هەموو دەسەڵاتێک چ بە
ئاشکرا چ بە نهێنی کاری پێدەکەن .
دەسەڵاتی کوردیش لە بەرامبەر ئەهلی قەڵەم هەمان بیرکردنەوەی هەیە ! بە
مانایەک ، ئەوەی لە گەلیدا بێ و دەمی چەور کردبێ ئەوا نووسینەکانیان
ڕەخنەی بنیاتنەرانەن ، وە ئەوانەیش بە دژیان دەنووسن و ڕەخنەی ڕیشەییان
لێ دەگرن کەسی تێکدەرن و نووسینەکانیان ڕەخنەی ڕووخێنەرانەن ! چ
شوورەییە دەسەڵاتێک بەم شێوەیە بیربکاتەوە و مامەلە لەگەڵ وشە و زانست
و قەڵەم و مەعریفە دا بکات !؟ چ شوورەییە دەسەڵاتێک کە هەموو جەستەی
خۆی پڕاوپڕ بێت لە گەندەلی و کاری فاحیشەیی کەچی لەولاوە ( کۆمەڵگە بە
تەمبەڵ و رۆژنامەنووسان و نووسەران بە سەگ ! ) ناو ببەن و خۆشیان بە
تریفەی مانگ ! ئاخۆ دەبێ ئەم تریفەیە تریفەی چ مانگێک بێت ، مەگەر
تالەبانی هەر خۆی سیحری ئەم مانگە پلاستیکە دەستکردە بزانێت !؟ .
لە خۆڕا نیە زانایان و بیرمەندانی ئیسلام کەوتوونەتە هەلەکەسەماو فتوا
دەردەکەن و یاداشتنامە بە ئیمزای تەزویر دەدەن بە سەرانی دەسەڵات و
ئەمانیش وەک ئەوەی ئەم یاداشتنامانە لە ئاسمانەوە هاتبێتن بە پەلە
ئیمزای لێدەدەن و بە ناوی هێرشکردنە سەر موقەدەسات فوو لە چراکانی
ئازادی دا دەکەن و مۆمەکانی وشە و قەلەم و ئازادی سەردەبڕن !
ئێمەش بە مافی خۆمانی دەزانین بپرسین کام موقەدەسات ؟ ئەوشتانەی لە
دەرەوەی بەها مرۆڤایەتیەکانن کوێیان موقەدەسە ؟ ئایا ( عەبدولخالق
مەعروف ) موقەدەس بوو یان کتێبە ئاسمانیەکەی خودا ؟ ئایا جەستە و ڕۆح و
مرۆڤبوونی ئەو کچۆڵە و ژنانە موقەدەسن یان مۆڕال و شەریعە و یاساکانی
خودا ؟ کە بە نوێژی نیوەڕۆ بەبەرچاوی هەموو دنیاوە بەردباران دەکرێن !
چ شوورەییە ، کە بە مانشێتی گەورە لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامە
ڕووزەردەکانتان دەنووسن ( لەلای هێژا سەرۆک بارزانی ، ژن موقەدەسە ! )
. بەڕێزەکانم کام موقەدەس !؟ دەسەلاتی کوردی دەسەلاتی دژ بە ئازادی و
قەلەم و دەسەڵاتی دژ بە ژنە . چونکە لە سەرەتای تەمەنی دەسەلاتی
کوردیەوە تاکو ئیمڕۆ کێرڤی خۆ سووتاندن و کوشتن و بەردبارانکردنی ژنان
زۆر ڕوو لە سەر بووە . وە مەرجەعی سەرانی دەسەڵاتی کوردی بە تایبەت
هێژا سەرۆک بارزانی بۆ عیلم و مەعریفە کۆڵکە مەلای بەناو زانایانی
ئیسلامی بووە .دیارە نەک تەنها بۆ دەسەڵاتی کوردی بەڵکو بۆ هەموو
دەسەڵاتەکانی دنیا ئایین کۆڵەگەیەکی پتەو و بەهێز بووە بۆ ڕاگرتنی
دەسەڵات و سەرکوتکردن و بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک هەمیشە سوود لە ئایین
وەرگیراوە . بۆیە زۆر ئاساییە کە سەرانی دەسەڵاتی کوردیش یاداشتنامە و
فتوانامەی مەلاکان ئیمزا بکەن و دژ بە ئازادی و قەڵەم بوەستنەوە و
دەرگای دادگا و زیندانەکان بۆ نووسەرانی ئازاد بخەنە سەر گازەرەی پشت .
لە خۆڕا نەبوو لە سەردەمی ڕێنسانس دا بیرمەندان و قەڵەم بەدەستە
ئازادەکان ئەهلی مەعریفە و زانست ، لە گۆڕەپانەکانی فەڕەنسا سووتێندران
. لە خۆڕا نەبوو سکۆلاریستەکان دژی دەسەڵاتی ئایینی تێکۆشان و داوای
جیابوونەوەی ئاینیان لە دەولەت کرد . لە خۆڕا نەبوو ( مارکس و فرۆید و
نێتشە ) دەسەڵاتی خودا و ئاینیان ڕەتکردەوە و گوتیان : بنەمای هەموو
ئاینەکان لەسەر کۆیلەکردنی مرۆڤ پێکهاتووە و مرۆڤەکان لە ژێر دەسەڵاتی
خودا و ئایین ، کائینێکی بێبەها و دیل و گیرۆدەن . لێرەدا پرسیارێک
دێتە پێشەوە ، ئایا بەڕێز فاروق ڕەفیق یان هەر نووسەرێک و خوێندەوارێکی
ئایینی ، خوێندەواریەکەیان ناکەوێتە ژێر پرسیارەوە ، کاتێک بە ناوی
خودا و ئایین ، مەلاکان و ڕێبەرانی ئاینەکەیان فتوای کوشتن و سەربڕینی
وشە و کتێب و قەڵەم و نووسەران دەردەکەن و ئەمانیش بێدەنگی هەڵدەبژێرن
!!
باشە بۆ نایەن حیوار بکەن و ڕەخنە و نووسینەکانی لە سەر ئایین و
کتێبەکانی خودا ، وەڵام پێ بدەنەوە و هەوڵ و ڕەخنەکانیان بێبەها
بخەنەوە ؟
دەسەڵاتی کوردی دەسەڵاتێکی بەهرەدارە لە دەستگرتن بەم جۆرە
موقەدەساتانەو کە بۆ کەسێکیش مەعلوم نیە سەرچاوەکەیان لە کوێوە هاتووە
، وە بەهرەدارە بۆ ژێرپێخستنی قەڵەمی ئازاد و ژێر پێخستنی زانست و
مەعریفە و بەها مرۆڤایەتیەکان .
Nala_hassan@yahoo.ca
|