دەستێوەردان و
تۆپبارانی کوردستان، لە لایەن ئێرانەوە بۆچی؟

عهبدوڵا مەحمود
لەماوەی 18 ساڵی ڕابردوودا و بە دیاریکراوی لەو کاتەوەی کە کوردستانی
عێراق لە عێَراق دابڕێنراو پاراستنی سپێردرایە هێزە هاوپەیمانەکان و
un، کوردستانی عێراق دەرگای واڵاکرا بۆ دەستێوەردانی هەمەجۆری وڵاتانی
کۆنەپەرستی ناوچەکە، کە جگە لە دەیان بنکەوبارەگای جاسوسی ڕژێمی
تورکیاو ئێران، کە بەئاشکرا یان لەژێرناوی خزمەتگوزاریدا کرانەوە، بە
بیانووی جۆراوجۆرەوە دەیان جار لەشکرکیشیان کردە ناو کوردستان و
بەسەدان و هەزاران جاریش توپبارانی ناوچە سنوریەکانیان کردو خەڵکیان
توشی زەرەرو زیانی گیانی و مادی کرد.
بەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعسیشدا ئەم سنوربەزاندن و توپباران و
دەستێوەردانە هەردرێژەی پەیداکردووە، ئێستاش ماوەی نزیکەی پێنج مانگە
جمهوری ئیسلامی ناوە ناوە و ئەم ماوەیەش ڕۆژانە خەرێکی توپبارانی ناوچە
سنوریەکانی قەڵادزی و حاجی ئۆمەران و دیانەو...تاد.
لەو نێوەدا ئەوەی جێگەی سەرنجە بێدەنگی ڕاشکاوانەی یەکێتی و پارتی و
حکومەتی مەکەزی عێراقە.
ڕۆژانە خەڵک ئاوارە دەبن لە شوێنی کارو ژیانیان، زەرەروزیانی زۆر بە
خەڵکی ناوچە سنوریەکان دەگات، ترس و دڵەراوکێ زیاد دەکات، کەچی یەکێتی
و پارتی و حکومەتی مەرکەزی مێش میوانیان نییە، وسەرو بنی زمانیشیان
سەروەری نیشتمانی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییە!.
بێگومان بێدەنگی ئەوان و لەوەش واوەتر هەمیشە پیاهەڵدان بەسەر ڕژێمی
ئێران و بەدۆست و هاوکار نیشاندانی گەلانی عێراق، لەلایەن بەرپرسانی
حکومەتی عێراق لەوانە تاڵەبانی و یەکێتی و پارتیەوە، ڕادەگەیەنرێت.
لەوە ئەچێت مەبنای پەیوەندی حکومەتی مەرکەزی عێراق و یەکێتی و پارتی
لەگەڵ ئێران، دەستێوەردان و توپبارانکردنی بەردەوامی خەڵکی کوردستان
بێت! ئەگەر نا هیچ لۆژیکێک نییە دۆست و هاوپەیمان ئاوا بەسەر خەڵکی
دۆست و هاوپەیمانی خۆی بهێنێت.
ئامانجی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی لە دەستێوەردان و توپبارانکردنی
کوردستانی عێراق، بەشێکە لەوهەوڵانەی کە دەیەوێ لە ڕێگایەوە نفوز
ونەخشی خۆی لە کوردستاندا لەهەرچی زیاتر بباتە بەرەوە، لەلایەکەوە بە
پشتیوانیکردنی ئەنسار و ئیسلام و ڕەوتە دینیەکانی سەربەخۆیی و لە
لایەکی تریشەوە بە ملهوری نواندن و نیشاندانی ئەوەی کە جمهوری ئیسلامی
زامنی ئارامی یان پێچەوانەکەیەتی و ئەبێت حساباتی جدی تری بۆ بکرێت.
لەهەمانکاتدا بێدەنگی و تەنانەت هاوکاری ئەمنی ئەمریکا بە ڕژێمی تورکیا
لە ژێرناوی لێدان لە پەکەکە و بەرگرتن بە تیرۆر یەکێکی ترە لەو
هۆکارانەی کە دەستی جمهوری ئیسلامی ئاوەڵاتر کردووە،تا ئەویش لەژێرناوی
پاراستنی سنورەکانی و بەرگرتن بە چالاکی هێزەکانی ئۆپۆزیسۆن، هێرشی
هەموو رۆژەی خۆی بۆسەر کوردستان بکات.
جمهوری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای ئەم دەستێوەرانەوە، هەوڵی بۆ ئەوەیە کە
دەخالەتگەری خۆی بکاتە کارتێکی گوشاری تر لە کێشمەکێشی خۆی لەگەڵ
ئەمریکا، و ئەمەش بەدەستەوەبگرێت لەو سازان و کێشمەکێشەی کە ئێستا لە
ئارادایە. هاوکات بۆ ئێران مەلەفی چونەدەرەوەی ئەمریکا لە عێراق
پەروەندەیەکی ترە کە ئێران دەیەوێت لەحالەتی پاشەکشەی ئەمریکا شوێن
پێیەکی زیاتر و وەزنەیەکی سیاسی تر لەبەرامبەر بە تورکیادا لە عێراق و
بەتایبەتی لە کوردستان زامن بکات.
ئەگەر ئەمانە هۆکاری دەستێوەردانی ئێران و بوردومانی بەردەوامی ئێرانن
لە کوردستانی عێراق لە پاڵ تورکیادا، ئەوا بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی و
بۆ خەڵکی ناوچە سنوریەکان بەمانای کوێرەوەری و ئاوارەیی و ماڵوێرانی و
لەدەستدانی کارو کاسبی و ژیانکردنە.
خەڵکی کوردستان و هەرهێز وحزبێکی جدی کە بانگەشەی بەرگری لە خەڵکی
کوردستان بەرزکردۆتەوە، پێویستە بەکردەوە لە بەرامبەر ئەم ملهوری
نواندنەدا بێنە مەیدان کە تورکیاو جمهوری ئیسلامی گرتویانەتە بەر.
خەڵکی شارەکانی کوردستان ئەبێ هاوکاری هەمەلایەنەی خەڵکی ئاوارەی
سنورەکان بن، پێوستە بڕژێنە سەرجادەوشەقامەکان و بە خۆپیشاندانی
ملیۆنیەوە دەنگی ڕەسای "نا" ووتن بەدژی لەشکرکێشی و دەستێوەردان و
تۆپبارانکردنی وڵاتانی ناوچەکەدا بەرزبکەنەوە، یەکێتی و پارتیش ناچار
بەدەستهەڵگرتن بە سازش لەگەڵ ئەم دەوڵەت کۆنەپەرستانە بکات و لانی کەم
ڕێگەی ئەم دەستێوەردانە نەدەن. دیارە ئەگەر یەکێتی و پارتی بانگەشەی
حکومەتکردن ئەکەن بەر لەهەموو شتێک بۆ ئەوەی خەلک ئەم بانگەشەیان جدی
لێوەربگرێت دەبێ ڕێگە نەدەن خەڵکی کوردستان ببێتە ئامانجی تۆپباران و
سیاسەتی پشتی ئەم تۆپباران و دەستێوەردانە هەمەلایەنەی وڵاتەکانی
ناوچەکە.
ئۆپۆزیسۆنی وڵاتانی ناوچەکە، و پەنابەرانیان ئەبێ لە کوردستاندا ئازادی
بێقەیدو شەرتی سیاسی هەڵسوڕان و چالاکیان و بۆ زامن بکرێ و پارێزراوبن
و کەس بۆی نییە، ئەم مافە سەرەتاییە لەوان زەوت بکات. هەرچەشنە زۆر
بۆهێنان و گوشارێک بۆسەر ئۆپۆزیسۆنی وڵاتانی ئێران و تورکیاو سوریا...تاد،
لە ژێر هەربیانویەکدا دەبێ بکەوێتە بەردەم نەفرەتی جەماوەری
ئازادیخوازی کوردستان و دنیای شارستانی سەردەم.
15-7-2008
|