په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

دەست لە کارکێشانەوە.

     نیاز عەبدوڵا  


وەکو رەوشتێکى کارى رۆژنامەوانى بە پێوستى دەزانم دەست لە کار کێشانەوەم وەکو بەڕێوەبەرى نووسین لە رۆژنامەى (میدیا) بۆ خوێنەران بخەمە روو، چونکە سەرەڕاى ئەوەى بەشێوازێکى زارەکى و نووسراو دەست لە کارکێشانەوەکەم ئاراستەى رۆژنامەى (میدیا)کرد، بەڵام ئەوان دوور لە رەوشتى کارى رۆژنامەوانى نەک هەر بەشێک لە نووسراوى دەست لە کار کێشانەوەکەم بەڵکو تەنیا ناوەکەمیان لابرد و بەهیچ شێوەیەک باسى دەست لە کار کێشانەوەکەیان نەکرد. بۆیە بەو هۆکار و بەهۆى ئەو پەیوەندییە زۆرەى کە بۆ ئەو مەبەستە لە لایەن خوێنەران و رۆژنامەنووسان و هاوڕێیان بۆ هەمان مەبەست بە من دەکرا بە پێوستم زانى دەقى ئەو دەست لە کار کێشانەوەیەى کە ئاراستەى جێگاى ناوبراوم کردووە بۆ چەند دەزگایەکى بخەمە روو، ئەمەش دەقى دەست لە کار کێشانەوەکەیە.


بۆ بەڕێز خاوەن ئمتیازى رۆژنامەى (میدیا).
بابەت/ دەست لە کارکێشانەوە.


دواى کارکردنم وەکو بەڕێوەبەرى نووسینى رۆژنامەى (میدیا) لە ماوەى نزیکەى ساڵ و نیوێک، لەبەر چەندین هۆکارى دوور لە کارى رۆژنامەوانى رۆژنامەکە بڕیارى دەست لە کارکێشانەوەم دا. ئەمە لە کاتێکدا کە بە دەروون ئارامییەکى زۆرەوە ئەو رۆژنامەیە جێدەهێڵم چونکە بە ئەندازەى زیاتر لە پێویست لە هەر ژمارەیەکدا کارەکانى خۆم جێ بەجێ کردووە و هەوڵمداوە جێگاى نەبوونى ستاف و ئەو دەستەى نووسەرانەش پڕ بکەمەوە کە تاوەکو ئەم ساتە هیچ یەکێکیان وەکو رۆژنامەنووسێکى راستەقینە لە هاوکاری کردنم و ئەنجامدانى ئەرکى سەر شانیان رۆڵیان نەبینى.


کەچى سەرەڕاى نەبوونى ستافیش کەموکوڕییەکى زۆر لە ئەداى جێ بەجێ کردنى کارى سەرنووسەر هەبووە بەڵام ئامادەبووم بە هێندەى دەرفەتدان بە من کەموکوڕییەکانى ئەویش لە رووى تەحریر و کارى رۆژنامەوانى پڕ بکەمەوە، لە کاتێکدا هەوڵى زۆریشم لەو پێناوەدا کە سەرنووسەرى ئەو رۆژنامەیە تەحەیوز بۆ لایەنێک یان چەند لایەنێک نەکات، بەڵام وا دیارە ئەو هەوڵانە بەفیڕۆ چوون چونکە کارى رۆژنامەوانى بەر لە هەموو شتێک ئەخلاقە و هەر رۆژنامەنووسێکى راستەقینە دەبێ هەڵگرى پێکهاتە و رەفتارەکانى کەسێکى رۆژنامەنووس بێت.


لەو دەمەى لە رۆژنامەى (میدیا) دەست بەکار بووم وەکو رۆژنامەیەکى جددى لێم روانى بۆیە دەست بەکار بووم، بەڵام دواى ئەوەى ئەم رۆژنامەیە ئەو رێککەوتنە ئەخلاقییەى کە بۆ کارکردن لە نێوان هەردوولامان هەبوو لە لایەن سەرنووسەرەوە رەچاو نەکرد و پۆستى سەرنووسەرى رۆژنامەکە بە ناوى ستافى رۆژنامەکەوە بۆ بروسکەى پیرۆزبایى و ماتەمینى لە حیزبە کوردستانییەکان بەکارهات و هەمان پۆست بۆ وەرگرتنى مۆڵەت لە فەرمانگەى کشتوکاڵ کە تیایدا سەرنووسەر فەرمانبەرە و تەکلیف کردن بۆ ئەم مەبەستە لە بەرپرسى لقێک. جگە لەوەش بە هۆى هەست کردن بەکەموکوڕى خودى نەتواندرا دەرفەت بە کەسێکى ئەکادیمى بدرێت و وەکو پێویست سوود لە پێشنیارە جدییەکانى لە بوارى رۆژنامەوانى وەربگیرێت، بۆیە میزاجى شەخسى لە برى کارى ئەکادیمى زیاتر رۆڵیان لە لایەن هەمان کەس لە رۆژنامەکە بینى، بەتایبەت لەم چەند ژمارەیەى رابردوودا زۆر بە روونى بەدى دەکرێت، کە تیایدا بەبێ ئەوەى گرنگى پێگەى خوێنەر لێکبدرێتەوە کارەکان ئەنجامدراون.


لەگەڵ ئەوەش بە هۆکارى ئەم میزاج پەرستى و تەحیوز و ناپرۆفیشناڵیەتە لە لایەن کەسى سەرنووسەر تیراژى ئەم رۆژنامەیە کەم بووە وە، تەنانەت فرۆشى رۆژنامەکەش گەیەندرایە ئاستێکى نزم، کە بە درێژایى ماوەى کارکردنم خودى خاوەن ئمتیاز و سەرنووسەرم لەو کەموکوڕیانە ئاگادارکردەوە کە پێویستە بە ستافى کارا و بەهۆى لێزانین لە کارى رۆژنامەوانى و دەرفەتدان ئەنجام بدرێن، بەڵام بەداخەوە لە ئەنجامدا (میدیا)ى ئێستا دەبیندرێت کە هەیە، تەنانەت بەپێى ستانداردى جیهانى هەر سەرنووسەرێک کە ئاراستەى باشى رۆژنامەکەى بەرەو خراپى برد و تیایدا سەرکەوتوو نەبوو دەست لە کار دەکێشێتەوە و بوارەکە بۆ کەسانى پرۆفیشناڵ بۆ بەرەو پێش بردنى رۆژنامەکە چۆڵ دەکات، لەگەڵ ئەوەش هەر کاتێک رۆژنامەیەک لە 15% تا 20%ى لێنەفرۆشرا ئەوا رۆژنامەکە دادەخرێت یان بە دیوێکى تر هەوڵى چاککردنى دەدرێت چونکە ئەو رۆژنامەیە دووچارى ئیفلاسى ماددى دەبێتەوە، بۆیە بەپێى ئێستاى فرۆشى (میدیا) پێویستە چاوێک بەو خاڵانەدا بخشێندرێتەوە کە کارى رۆژنامەوانى لەو رۆژنامەیەدا بەرو پێش دەبات.


من لە 2 ژمارەى رابردووەوە کارێکم لەو رۆژنامەیەدا نەکردووە بەناوى بەڕێوەبەرى نووسین، چونکە لە ژمارە (385)دا بابەتەکانم لە لایەن سەرنووسەر بەشێوەیەکى نائەخلاقیانە و دوور لە کارى سەرنووسەرێک و کەسێکى رۆژنامەنووس لێشاردرایەوە، کە ئەمە جگە لە گوزارشت کردن لە نەزانین، گوزارشت کردن بوو لە پابەندنەبوون بەو بەڵێنەى کە لە نێوان ئێمە دا هەبوو، ئەگەر هەر بیانوویەکیش بۆ ئەمە هەبووبێت دەبێ ئەوە زۆر باش بزاندرێت کە کارەکە تەنیا ئەوەندەبوو خودى ئەو هەستى بە بچوکى دەکرد بۆیە پێى وابوو ئەگەر کەسێک دایکى نەخۆشبێت و ماوەى بە جددى کارکردنى ساڵ و نیوێک نەکاتە رەچاوى تەندروستى مرۆڤێک و تاکە گلەیى سەرنووسەر ئەوە بێت بڵێت نایەت و حیساب بۆ من ناکات و من بە موقەبا دەزانێت... (خودى ئەم قسانە لە زارى خاوەن ئمتیازەوە بە من گەیەندرا)، کە ئەمە جگە لە خۆ بە بچوک زانین و هەرەس هێنان لە کار شتێکى دیکە نییە، بۆیە 2 رۆژ کە بریتى بوون لە رۆژانى چوارشەممەو پێنج شەممە و کاتى دەرچوونى رۆژنامەکەش نەبوو و من نەمتوانى لەو 2 رۆژەدا سەردانى نووسینگە بکەم، ئەمە لە لایەن ئەو تەنیا هەست کردن بوو بەو بۆشاییەى کە لە خود و کارکردنیدا هەیە. ئەمە لە کاتێکدا من تاکە کەس بووم لە ستافى ئەو رۆژنامەیە بە درێژایى کارکردنم لەوێ مۆڵەتى بێ مووچەم وەرگرتبێت و لەبەر کارى رۆژنامەکە لە داهاتى شوێنێکى ترم خۆش بووبم کە خودى سەرنووسەر ئامادەى ئەم بەخششە نەبوو.


هەر چەندە لە زۆر ژمارەى تریشدا بەهۆى دەرفەتنەدانى ناوبراو هەندێک بابەت بەبێ کارى وردبینى و تەحریرى من رۆیشتوون کە دواتر رەنگدانەى ناشرین و پڕ لە هەڵەیان بەسەر رۆژنامەکەوە پێوە دیار بووە، تەنانەت لە ژمارە (386)دا دیمانەکەى د.نیکۆلاوس لە لایەن سەرنووسەرەوە ره‌شنووسه‌که‌ی ئەو دیمانەیە لەسەر رووپەڕى رۆژنامەکە داندرابوو، ئەمە لە کاتێکدا سەرەڕاى وازهێنانم لە رۆژنامەکە بەڵام وەک کارێکى ئەخلاقى بەشى دووەمم بۆ ناردبوو کە دەقە تەحریر کراوەکە.


بۆیە دووپاتى دەکەمەوە کە من بە هیچ شێوەیەک لەو 2 ژمارەیەى رابردووى رۆژنامەکە بەرپرس نیم و دەمەوێ لەم ژمارەیەوە ناو و ژمارە تەلەفۆن و ئیمێلەکەم لەسەر ئەو رۆژنامەیە هەڵبگیرێت و من چى دى بەڕێوەبەرى نووسینى ئەو رۆژنامەیە نیم.


بەڵام ئومێدى سەرکەوتن و باش بوون بۆ ئەو رۆژنامەیە دەخوازم و من بۆ لەمەودوا هەوڵدەدەم وەکو خوێنەرێک ئەو رۆژنامەیە بەهى خۆم بزانم.
لەگەڵ رێزم.

وێنەیەک بۆ:
رۆژنامەى (میدیا)
دۆسیەى تایبەتى خۆم
سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان
دەزگا راگەیاندنەکان

 

4/5/2009