![]()
|
پڕۆژه‌یه‌کی پێشنیارکراو بۆ ده‌ستووری کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ و سکۆلاریست له‌گه‌ڵ چه‌ند تێبینییه‌كی ره‌خنه‌گرانه له پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان.
دارا ئه‌حمه‌د
له‌به‌رئه‌وه من به چاکی ده‌زانم ئێستا دووباره ئه‌م په‌رتووکه‌م که ده‌رباره‌ی ده‌ستووره له چه‌ند به‌شێک بۆ سوودمه‌ندبوونی خوێنه‌ران بڵاوبکه‌مه‌وه که پێشتریش له سه‌ره‌تای (٢٠٠٧) له چه‌ند ماڵپه‌ڕێک و هه‌ر له (٢٠٠٧)یش به (٥٠٠) دانه به ناوی (ده‌ستوور - پڕۆژه‌یه‌کی پێشنیارکراو بۆ ده‌ستووری کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ و سکۆلاریست له‌گه‌ڵ چه‌ند تێبینییه‌كی ره‌خنه‌گرانه له پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان.) خستبوومه به‌رده‌ستی خوێنه‌ران و خودی په‌رله‌مانیش، هاوکات بۆئه‌وه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتیشی بسه‌لمێنم که به‌پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی خۆیان که گوایه پێشنیاری هه‌موو که‌سێک وه‌رده‌گرن و لێیده‌کۆڵنه‌وه بۆ ده‌وله‌مه‌ندکردنی پڕۆژه‌که‌یان که‌چی نه‌ک هه‌ر راوبۆچوونی هیچ که‌سێکی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ناخوێننه‌وه ته‌نانه‌ت تا ئێستا به نامه‌یه‌کیش ئاگاداریان نه‌کردمه‌وه که په‌رتووکه‌که‌یان به‌ده‌ست گه‌یشتووه، ئیدی با خوێنه‌ران خۆیان سه‌رپشک بن له بڕیاردان له به‌راوردکردنی ئه‌م پڕۆژه پێشنیارکراوه‌ی به‌رده‌ستیان و ئه‌و به‌ناو پڕۆژه‌یه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان که به‌بێ ئه‌وه‌ی چاوێک به‌و سه‌دان تێبینیی و پێشنیارانه‌ی که بۆیان چووه دابخشێنن به هه‌مان نێوه‌رۆک و به‌شێوه‌یه‌کی رووکه‌شیانه هه‌ندێک ده‌ستکاریی لاوه‌کییان تێدا کردووه و ده‌یانه‌وێ به زۆری زۆرداره‌کی ده‌رفه‌تێک بڕه‌خسێنن بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر به به‌ڵێ ده‌نگی له‌سه‌ر بدا و وه‌ک ده‌ستوورێکی فه‌رمی به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستانی دابسه‌پێنن. ١\٧\٢٠٠٩
- به‌شی یه‌که‌م -
به‌شی یه‌که‌م
پڕۆژه‌یه‌كی پێشنیاركراو بۆ ده‌ستووری كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و سکۆلاریست
به‌رایی
ئه‌م پارچه‌یه‌ی كوردستانی مه‌زن كه پێیده‌گوترێ ( كوردستانی باشوور یان کوردستانی عێراق) تا ئێستا له مێژووی دوورونزیكی خۆی هه‌رگیز وه‌ك ووڵاتێك نه ده‌ستوورێكی تایبه‌ت به خۆی هه‌بووه و نه سه ربه‌خۆییه‌کی ته‌واویشی به‌خۆیه‌وه بینیووه ، به‌ڵام ئێستا له‌پاش ئه‌و نیمچه ئازادییه‌ی كه جه‌ماوه‌ری گه‌ل وه‌ده‌ستیهێناوه .. هاوکات له‌گه‌ڵ هه‌بوونی بزاڤێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی به‌رده‌وام له‌نێو كۆمه‌ڵ بۆ گه‌یشتن به ژیان و گوزه‌رانێکی باشتر و ئاسووده‌تر .. ئاواتی دامه‌زرانی ووڵاتێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ بۆته گرنگترین و سه‌ره‌كییترین ویست و ئامانجی گشتیی گه‌لانی ووڵات ، هه‌ربۆیه منیش جگه له‌وه‌ی ده‌مه‌وێ به خستنه‌ڕووی ئه‌م پڕۆژه‌یه وه‌ك شێو‌ه خه‌باتێکی هانده‌ر ته‌كانێك به ره‌وتی تێكۆشانی ره‌وای گه‌لانی سته‌مدیده و بێبه‌شی نێو ئه‌م نیشتمانه داگیركراو‌ه بده‌م - هه‌روا ده‌مه‌وێ ئه‌م پڕۆژه‌یه وه‌ک کۆششێکی تایبه‌تیی و تاکه‌که‌سیی له‌گه‌ڵ چه‌ندین پڕۆژه‌ی‌تر كه له لایه‌ن كه‌سان و لایه‌نانی‌تر ئاماده‌كراون یان ئاماده‌ده‌كرێن بخرێنه به‌ر باس و لێكۆڵینه وه و تاوتوێكردن و .. سه‌رئه‌نجامیش له لایه‌ن لێژنه‌یه‌كی هه‌ڵبژێردراوی تێكڕای گه‌ل كه له خه‌می رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی و ئازادیی و یه‌كسانیی و ژیانێکی باشتردان پڕۆژه‌یه‌کی پوخت و تۆکمه‌یان لێهه‌ڵبهێنجێندرێ ئه‌نجا بخرێته به‌رده‌م راپرسییه‌كی جه‌ماوه‌ریی گشتیی بۆئه‌وه‌ی به بڕیاری زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ری گه‌ل وه‌ك میكانیزمێكی بنچینه‌یی و گشتیی بۆ جۆر و شێو‌ه و شێواز و به‌ڕێوه‌بردنی سیسته‌می ده‌سه‌ڵات و كارگێڕیی كۆمه‌ڵایه‌تیی و تێكڕای لایه‌نه‌كانی ژیان ببێته ده‌ستووری ووڵات و له لایه‌ن په‌رله‌مانێک که به‌ڕاستیی نوێنه‌ری راسته‌قینه ی گه‌له - ئه‌گه‌ر هه‌بێ!- بڕیاری له‌سه‌ر بدرێ و بچه‌سپێندرێ . حه‌زده‌که‌م هه‌ر لێره‌شدا به خوێنه‌ران رابگه‌یه‌نم که من له نووسینی ئه‌م پڕۆژه‌یه هه‌وڵمداوه ئه‌و زمانه پڕ ته‌مومژه پلاستیکییه بێ واتایه باوه‌ی ئێستا به‌کارنه‌هێنم که ده‌ستوور و یاسا و رێساکانی پێداده‌ڕێژدرێ به‌ڵکه به زمانێکی روون و ئاشکرا و ره‌وان - زمانی زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵک - بکه‌وێته به‌رده‌ست جا چه‌ند درێژ ده‌رده‌چێ با ده‌رچێ گرنگ ئه وه‌یه زۆربه‌ی زۆری خوێنه‌ران به ئاسانیی لێیتێبگه‌ن چونکه بۆ خۆێندنه‌وه‌یه نه‌ک بۆ داگیرکردنی گۆشه‌یه‌کیتر له په‌رتووکخانه فه‌رمۆشکراوه‌کان .. جا بۆیه ئه‌گه‌ر درێژ‌ه‌دادڕییه‌کیشی به‌خۆوه‌گرتبێ هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یه که باسمکرد .. یان ئه‌گه‌ر له ده‌قی پڕۆژه‌یه‌ک بۆ دانانی ده‌ستوور ده‌رچووه و ده‌رفه‌تی ( ئه‌مه به یاسا رێکده‌خرێ) ی ته‌سککردۆته‌وه ئه‌مه بۆئه‌وه‌یه که ویستوومه ماده‌کان به ناته‌واویی و وه‌ک چه‌ند مه‌ته‌ڵێک نه‌خرێنه‌ڕوو و به روون و ئاشکرایی خۆبه‌ده سته‌وه‌بده‌ن..نه ک هه‌رکه‌سێک بیه‌وێ به‌پێی ویست و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی لێکیانبداته‌وه و یاسا و رێسای پلاستیکیی و دژه‌مرۆییان لێدابتاشێ .
ده‌روازه‌ی یه‌كه‌م :
1- پێكهاته‌كانی نیشتمان:
ماده‌ی 1 : ( كوردستانی باشوور) ناوی نیشتمان و ووڵاته . ماده‌ی 2 : هه‌موو شاره‌كانی هه‌ولێر ، سلێمانی ، كه‌ركوك ، دهۆك ، به‌شێكی نێو نه‌ینه‌وا و شارۆچكه‌كانی ئاكرێ و شێخان و شه‌نگار و ته‌له‌عفه‌ر و ته‌لكێف و قه‌ره‌قۆش و كۆمه‌ڵگه‌كانی زومار و باشیقه و ئاسكی كه‌له‌ك ، شارۆچكه‌ی به‌دره و كۆمه‌ڵگه‌ی جه‌سان، هه‌ردوو شارۆچكه‌ی خانه‌قین و مه‌نده‌لی ده‌که‌ونه نێو سنووری نیشتمان . ماده‌ی 3 : هه‌ولێر پایته‌ختی ووڵاته. ماده‌ی 4 : ده‌كه‌وێته نێوان هه‌رسێ پارچه‌که‌یتری كوردستان و عێراق. ماده‌ی 5 : كوردستانی باشوور له رووی مێژوویی و جوگرافیی و... هتد پارچه‌یه‌كه له نیشتمانی پارچه‌پار‌چه‌كراوی كوردستانی مه‌زن . ماده‌ی 6 : نیشتمانی هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکانه‌یه که له‌سه‌ریده‌ژین : كورد، توركمان،(كلدان- ئاشوور- سریان)،عاره‌ب، ئه‌رمه‌ن،... هتد. ماده‌ی 7 : هه‌موو زمانه‌كانی نێو نیشتمان به‌بێ جیاوازیی له هه‌موو شوێن و ناوچه‌یه‌کی ووڵات فه‌رمیین .
2- بنچینه‌كانی دامه‌زرانی ووڵات:
ماده‌ی 8 : سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی حوکم کۆماریی و په‌رله‌مانییه له چوارچێوه‌ی ووڵاتێکی سکۆلاریی و فره‌نه‌ته‌وه‌یی مرۆڤپه‌روه‌ر. ماده‌ی 9 : ده‌نگی گه‌ل بنچینه و سه رچاوه‌ی تێكڕای ده‌سه‌ڵاته‌كانه. ماده‌ی 10 : ئاشتیی و ئازادیی و دیموكراسیی و یه‌كسانیی و ئاسووده‌یی و سه‌ربه‌خۆیی و مافی مرۆڤ پرانسیپه بنچینه‌ییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتن. ماده‌ی 11 : کۆبوونه‌وه‌ی ئاشکرا، راپرسیی گشتیی ، هه‌ڵبژاردن ، كاری به‌كۆمه‌ڵ،ره‌خنه و ره‌خنه‌له‌خۆگرتن، فره‌لایه‌نیی، ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات، جیاكردنه‌وه و پۆڵێنی ده‌سه‌ڵاته‌كان، سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاته‌كان.. رێچكه‌ی سه‌ره‌كیین بۆ كاری ده‌سه‌ڵاته‌كان . ماده‌ی 12 : سیسته‌می گشتیی ژیانی كۆمه‌ڵ - سه‌رمایه‌داریی یان سۆشیالستیی یان تێکه‌ڵاو - له رێگای هه‌ڵبژاردنێكی جه‌ماوه‌ریی به مانگێک به‌ر له هه‌ڵبژاردنی هه‌ر په‌رله‌مانێکی نوێ دیارده‌کرێ. ماده‌ی 13 : 1 – بنیاتنانی ژێرخانێكی ئابووریی به‌هێز و هه‌رده‌م گه‌شه‌سه‌ندوو له رێگای شێوازه ئابوورییه سه‌ركه‌وتووه كۆن و نوێكانی سه‌رده‌م و هاندان و وه‌گه‌ڕخستنی ئه‌و كه‌رته ئابوورییانه‌ی كه به‌رهه‌می كار و قازانجه‌كانیان زیاتر خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵ ده‌كه‌ن به مه‌رجێك به هۆیانه‌وه ئابووریی نیشتمانیی زیاتر گه‌شه پێبده‌ن و شتومه‌ك و كه‌ره‌سته و پێداویسته‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵ به‌رهه‌مبهێنن و گرنگیی زیاتر به به‌رهه‌مهێنانی خۆماڵیی بده‌ن . 2- نابێ هیچ ماده و چه‌كێكی قه‌ده‌غه‌كراوی جیهانیی به‌رهه‌منه‌هێندرێ و به‌رهه‌مهێنانی چه‌كه‌كانی تریش ته‌نیا بۆ پێداویستییه‌كانی هێزه چه‌كداره‌كانی نێوخۆ‌بێ نه‌ك بۆ کڕین و فرۆشتن . 3 - رێگا به قۆرخكردن و گه‌نده‌ڵیی ئابووریی و دادۆشینی به‌كاربه‌ر و چه‌وسانه‌وه‌ی كرێكاران و جۆتیاران و ره‌نجده ران و فه‌رمانبه‌ران و چین و توێژه زه‌حمه‌تكێشه‌كانی تری كۆمه‌ڵ نه‌درێ و به گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی كۆنترۆڵی كێبڕكێی بازاڕ و ئابووریی ئازاد بكرێ. 4 - له‌نێوبردنی دیارده‌ی مافیایی و قاچاغچیێتیی و كۆنترۆڵكردنی هه‌ناردن و هاوردنی هه‌رجۆره شتومه‌كێك .. به‌ڕێوه‌بردنی گومرگ له رێگای بیرۆی ده‌زگا و دامه‌زراوه بازرگانییه حكومییه‌كان ده‌بێ .. هه‌رجۆره چه‌ك و ده‌رمانێکی قاچاغ و هاوردنی چه‌كه قه‌ده‌غه‌كراوه‌کان و ده‌رمانه قاچاغه‌كان قه‌ده‌غه ن . ماده‌ی 14 : 1 – دین به‌زۆر نییه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك جیایه له ووڵات و نابێ پشت به رێبازی هیچ دینێک ببه‌سترێ بۆ دانانی ده‌ستوور و یاسا و رێساکان .. هیچ دین و مه‌زهه‌بێکیش فه‌رمیی یان نافه‌رمیی نییه و هه‌ر‌که‌س ئازاده هه‌ر دینێکی هه‌بێ یان بیگۆڕێ .. مافی به دین و بێدینه‌کانیش وه‌کویه‌ک پارێزراوه . 2 - هیچ توانایه‌كی مادیی و مه‌عنه‌ویی ووڵات بۆ دامه‌زرانی شوێن و داموده‌زگا و کار و کارگێڕییه دینییه‌كانی هیچ دینێک خه‌رجناكرێ . 3 – وه‌ستانه‌وه‌ی توند دژ به هزر و سیاسه‌تی شۆڤێنیی و فاشیی و توندوتیژیی و خورافه و دابونه‌ریتی کۆنه‌په‌رستیی و جینۆساید و گۆڕینی باری دیمۆگرافیی و جیاوازیی و ره‌گه‌زپه‌رستیی - نێوان ژن و پیاو، جیاوازیی دینیی ، نیشتمانپه‌رستیی ، نه‌ته‌وه‌په‌رستیی ، ناوچه‌گه‌ریی، خێله‌كیی، جیایی ره‌نگ ...هتد - و کاری تیرۆریستیی و سته‌می چینایه‌تیی و چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان و منداڵان و به‌ساڵاچووان و لاوان و فه‌رامۆشکردنی په‌ککه‌وته و که‌مئه‌ندامان و پێشێڵکردنی هه‌ر مافێکی مرۆڤ و تێکدانی ژینگه و پێشێلکردنی مافه‌کانی گیانله‌به ران. ماده‌ی 15 : 1- هێزی به‌رگریی نیشتمانیی - پێشمه‌رگه - به‌شێوه‌ی خۆبه‌خش ده‌بێ و هه‌موو بنكه‌كانیان ته‌نیا له سه‌ر سنووره‌كان داده‌نێن. ئه‌م هێزه ته‌نیا بۆ دوو مه‌به‌ست داده‌مه‌زرێ ؛ یه‌كه‌م : به‌رگریكردن له نیشتمان ته‌نیا له‌و كاتانه‌ی ووڵاتێكیتر شه‌ڕ به ووڵات ده‌فرۆشێ. دووه‌م : یارمه‌تیدان و پاراستنی خه‌ڵک له كاره‌ساته سرووشتییه‌كان . 2- هێزی به‌رگریی نێوخۆ- پۆلیس - به پێشكه‌وتووترین په‌روه‌رده‌ی مرۆیی و ئاستێکی رۆشنبیریی به‌رزه‌وه تاكه هێزی پاراستنی خه‌ڵکه له تیرۆر و كوشتن و ئازاردان و هه‌موو توندوتیژییه‌كی جه‌سته‌یی و ده‌روونی .. به په‌یڕه‌وکردنی یاسا و رێساکان به‌رپرسه له ئارامیی و ئاسایشی نێوخۆ و پاراستنی ماف و ئازادییه‌کانی هاوڵاتیان و ته‌نیا له كاتی پێویستیشدا چه‌كدار ده بێ . 3 - هیچ هێزێكیتری چه‌كدار نابێ هه‌بێ و هیچ كه‌سێكیش - كه‌سانی نێو حیزب و ده‌سه‌ڵاته‌كان یان جه‌ماوه‌ر - نابێ به هیچ جۆرێک هیچ جۆره چه‌كێكی هه‌بێ و سه‌رپێچییکه‌ر به توندیی سزا ده‌درێ. 4- هیچ جۆر و شێو‌ه ده‌سته و رێکخراو و داموده‌زگا‌یه‌كی سیخوڕیی و هه واڵگریی بێ چه‌ک یان چه‌کداری حیزبیی و حكومیی و جه‌ماوه‌ریی - بۆ نێوخۆ یان بۆ ده‌ره‌وه – رێگه‌پێدراو نیین و نابێ هه‌بن . 5 - رێگرتن له دروستکردن و به‌کارهێنانی چه‌کی نیوکلیاریی و کۆکوژ و هه‌رجۆره چه‌کێکی قه‌ده‌غه‌کراو و کۆششکردن بۆ له‌نێوبردن و بنه‌بڕکردنیان له هه‌موو جیهان . ماده‌ی 16 : 1 - گه‌لانی کوردستان تاکه خاوه‌نی هه‌موو سامانێکی سرووشتیی - به‌کارهاتوو و به‌کارنه‌هاتوو - و هه‌موو سامانێکی گشتیی- پاره و پوڵ و شتومه‌ک و که‌لوپه‌ل و... هتد - ن له رێگای ده‌سه‌ڵاته‌کانی ووڵاته‌وه سه‌رپه‌رشتییان ده‌که‌ن و به‌ڕێوه‌یان ده‌به‌ن . 2 - کۆی ئه‌م سامانانه ده‌بێ هه‌رده‌م به سوود و قازانجی گشتیی به‌کارببردرێن و هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ به یه‌کسانیی سوود له به‌کاربردن و قازانجه‌کانیان وه‌ربگرن .. به هیچ شێوه‌یه‌کیش نابێ و ناکرێ بۆ هیچ که‌س و لایه‌ن و ووڵاتێک ده‌ست له هیچ به‌شێکیان هه ڵبگیردرێ .. ده‌بێ به به‌رده‌وامییش به گوێره‌ی ژیانی ئێستا و داهاتووی پێشکه وتووتر و به له‌به‌رچاوگرتنی ویست و به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌وه‌کانی ئێستا و داهاتوو نه‌خشه و پلانی جیاجیای وه‌به‌رهێنان و به‌کارهێنانێکی گونجاویان بۆ بکێشرێ . 3– ده‌بێ هه‌رتاکێکی جه ماوه‌ر به‌هره‌مه‌ند بێ له هه‌ر میکانیزمێکی گونجاو بۆ ئه‌وه‌ی به رێکاری یاسایی رێگا له‌و که‌سانه بگرێ که ده‌یانه‌وێ سامانه‌کانی گه‌ل به فیڕۆ بده‌ن یان بۆ سوود و قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییه خۆپه‌رستییه تایبه‌تییه‌کانیان به‌کاربهێنن جا ئه‌و که‌سانه له‌نێو ده‌سه‌ڵات یان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بن .
درێژه‌ی هه‌یه
|