په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١١\٢٠١٥

دەستووری داعش قورئان و سونەتی پەیامبەری ئیسلام!!

جەمال عەزیز     

 

داعش کورتکراوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق وشام ، وەک گروپێکی تیرۆرستی زۆر ترسناک لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاتۆتە ناساندن، بەڵێ ئەم گروپە زۆر سامناکتر لەڕێکخراوی القاعیدەی ئوسامە بن لادن خۆی نمایشکرد ، لەماوەیەکی کەمدا توانی ببێت بەهێزێکی زۆر فراوان وکاریگەر ، داعش بەهەموو کردەوە جواراوجۆرەکانی دژ بە مرۆڤایەتی توانی جێگە بە بزووتنەوەی تاڵیبان وڕێکخراوی القاعیدە چۆڵبکات ، داعش توانی لەماوەیەکی کەمدا زۆرینەی ئەو ئیسلامیەتووندڕەوانەی ناو القاعیدە ڕابکێشێ و کەمیش نین ئەو ڕێکخراوە تووندڕەوە ئیسلامیانەی دیکە کە بەیعەتیان بە خەلیفەی مسوڵمانان و سەرۆکی داعش داوە.


سەرچاوەی مرۆیی داعش لەزۆربەی وڵاتانی جیهانەوە سەرچاوە دەگرێ ، هەروەها زۆربەی ئەندامانی ئەم گروپە لە گەنجانن ، لەزۆر نەتەوەو ڕەگەزی جیاواز لەناو ئەم گروپەدا جێگەدەگرن ، بەڵام تەنها دینی ئیسلام دینی یەکەم وکۆتایی و قورئان وسونەت تەنها دەستووری ڕێگەپێدراوە ، داعش گەورەترین گروپی تیرۆرستی ئەم سەدەیەو سەدەی ڕابردووشە ، دەبێت ئەو ڕاستیەش بووترێ زۆرن ئەو گەنجانەی لەژیانێکی خۆش و دواڕۆژێکی دابینکراو هاتوونەتە ناو داعش و ژیانی ناو شەڕ و تۆپ و فڕۆکە وبرسێتی و مردنی هەڵبژاردووە.


بۆ ڕاستی تێگەیشتن لەداعش ئەبێت خاڵێکی گرنگ لەبیر نەکەین ئەویش (تێگەیشتن لەمردن و حەزکردن لەمردن) بێزاربوون لەم دنیا سەرچاوەی ئیلهامی داعشە! ، هەروەها ئەگەر بمانەوێ بەبێ دوو دڵی وڕاستگۆیانە پەنجە بخەینە سەر خاڵی جەوهەری هۆکارەکانی زۆر بوونی داعش و ڕۆشتنی پۆل پۆلی گەنجان بۆ ناو ئەم گرووپە دەبێت بەبێ ترس باس لەقورئان بکەین وکاریگەری قورئان بەسەرهەموو ئەندامێکی ئەم گرووپە وەک مانگە شەو دیارە.


لەزۆربەی ئایەتەکانی ناو قورئان بەشێوەیەکی نەگەتیڤ لە مرۆڤ ئەڕوانی ، وەک (غروور ، ترسنۆک) ڕاستە لەقورئاندا باسکراوە کە خودا مرۆڤی لە باشترینی باشەکان دروست کردووە ،(ان اللە خلق الانسان من احسن تقویم) بەڵام دەرکەوت ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەکی ناتەواو بوو ، کاتێک مرۆڤ قورئان ئەخوێنێتەوە تووشی داڕووخان ئەبێت نائومێدی باڵ بەسەر تەواوی ژیانیدا ئەکێشێ ، کاتێک مرۆڤ بۆی ئاشکرا بوو هیچ سودێکی نەبۆخۆیی ونەبۆ چواردەوری نیە ئەوکاتە داڕووخان ڕوودەدات ، زیاتر باری سەرشانی قورس دەبێت و تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت ئەگەر نەتوانێ بەخودا بڵێ کە تۆ ئەتزانی من مرۆڤێکی بێکەڵکم وتوانای جێبەجێ کردنی ئەو کارانەی تۆم نیە ئەی بۆدروستت کردم؟


کارێکی قورس ئەبێت بۆ مرۆڤ کاتێک دەزانێ خودا دروستی کردووە ، هەروەها خوداش پێیبڵێ ئەم دنیا هیچ نیە بێجگە لەخۆبەزل زانین وغرور( وما حیاة الدنیا الی غرور) تێگەیشتن ئاسان نابێ کاتێک مرۆڤ ئاشنابکرێ کەخودا دروستی کردوە و ئەم دنیایەشی لەبەر خاتری ئەو خەلق کردوە ، هەروەها لەهەمان کاتدا هەمان خودا بەهەمان مرۆڤ بڵێ ئەم دنیا تەنها وەک پووشی بەردەم ڕەشەبایەو وەک خەون بینین دێت ووەک خەونیش بەتاڵە!.


قورئان ئەیەوێت ڕوویەکی دیکەی ئەم باسەمان بۆ دەربخات ، پێمان دەڵێ خودا لەماوەی شەش ڕۆژدا ئەم کەونەی دروستکردو پاشان لەسەری ڕاوەستا(‌‌‌ ان اللە خلق سماوات والار‌ض فی ستتة الایام واستوا علیها) پاشان هەمان خودا پێمان دەڵێ کەئەم دنیا هیچ نیە ، دنیایەکی دیم هەیە مرۆڤەکان تێیدا پیر نابن تێدا نامرن( الجنة اللە الذی تجری من تحتیها انهار وانتم فیها فیها خالدون) یان (جنة اللە الذی تجری من تحتیها انهار).


هەموو مسوڵمانێک دەبێت قورئان سەرچاوەی ئیلهام و زانستی بێت، قورئان پێمان دەڵێ خودا داوای پەرستنی دەکات، داوای زەکات ، نوێژ ، شەڕ ، کوشتن و خۆبەکوشتدان دەکات ، ئەگەر بتەوێ بچیتە ئەو بەهەشتەی خودا تایبەت دروستی کردوە ومرۆڤ تێیدا نەمرە و شەرابی هەنگوین دەخواتەوە ، لەم بەشەیدا قورئان خودایەکمان نیشان دەدات زۆر ڕاڕایە ، زۆر خۆی بەزل دەزانێ ، هەروەها پاداشتی دەوێ لەبەر ئەوەی دروستی کردووین ، ئەو خۆی دروستی کردووین پرسی بەکەسمان نەکردووە ،بەڵام داوای چەندین کارمان لێدەکات کەئەشێ لەتوانای ئێمەدا نەبێت.


ئەو کەسەی خۆی بەمسوڵمان بزانێ بێشک دەبێت قورئان وسونەتی پەیامبەر سەرچاوەی ئیلهامی بێت ، هەروەها دەبێت ئەو پرسیارە لەخۆی بکات ئایە خودا چی لەمن ئەوێ ؟ ، لەلای ڕونە خودا کەسی خراپەکاری خۆش ناوێ ، خودا کەسی لەخۆبایی خۆش ناوێ، هەروەها هەموو ئەو کەسانەی کە مسوڵمان نین خودا بە کەسی گومڕاو لەخۆبایی وپیس وبەراز ناویان دەهێنێ !، بەڵام ئەی خودا چی خۆش دەوێ ، خودا کەسێکی خۆش دەوێ کە بیپەرستێ (ان اللە خلق جن والانس لیعبدون)، خودا کەسێکی خۆش دەوێ کە محەمەد بە پەیامبەری خودا بزانێ ، خودا کەسێکی خۆش دەوێ باوەڕی تەواوی بە قورئان هەبێ ، لەهەموو ئەمانە گرنگتر خودا کەسێکی خۆش ئەوێ لەپێناوی خودا بجەنگێ هەموو ئەو کەسانە بکوژێ کە باوەڕیان بەخودا نیە ، هەروەها گیانی خۆشی فیدای خودا بکات، با باش بزانێ ئەم شەڕکردنە لەپێناوی خودا بەبەلاش نیە و خودا چاکەی چاکە کاران ون ناکات، ئەو مسوڵمانەی بێ باوەڕان دەکوژێ چاکەیەو نمرەی کردەوەی (درجةالاعمال) خۆی پێ زیاد دەکات، هەروەها دڵنیاش بێت ئەگەر لەکاتی جەنگدا بەدەستی گومڕاو کافرەکان کوژرا ئەوە شەهیدە و بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک دەچێتە بەهەشت ( لاتحسبنا الذین قوتیلو فی سبیل اللە امواتا بل احیاە عند ربهم یرزقون) لێرەدا خودا باسی دنیایەکی جیاوازمان بۆ دەکات بەڵام نازانین چەند ڕۆژ خەریکی دروست کردنی بوو ، هەرچەند گومان هەیە کە بەهەشتیشی لەگەڵ ئەم کەونە هەر بەشەش ڕۆژەکە تەواو کردبێ، بەڵام لێرەدا خودا لەبیری چۆتەوە کەهەر خۆی ئەوکەسانەی دروست کردووە ، بەڵام ئێستا بەگومڕا ناویان دەهێنێ.


قورئان پێمان دەڵێ خودا مرۆڤی دروست نەکرد بۆ ئەوەی چۆنی دەوێت ئاوەها بژی ، خودا مرۆڤی دروست نەکرد بۆ ئەوەی خۆشی لەژیان وەربگرێ ، بەڵکو خودا بۆیە مرۆڤی دروستکرد بۆ ئەوەی خودا پییبڵێ کە چۆن بژی، خودا مرۆڤی دروستکرد بۆ ئەوەی شەڕی ئەو کەسانەی بۆ بکات کە لەخودا هەڵگەڕاونەتەو گومڕا بوون ، خودا مرۆڤی دەوێت شەڕی کافرەکانی بۆ بکەن ئەوانەی کە باوەڕیان بە محەمەد نیە وەک پەیامبەر، بەڵام ڕاستیەک هەیە پێوویستە تێکڕای مرۆڤایەتی بیزانێ ، ئەوە خودا نیە کەئەم هەموو ئەرکە گرانە ی لەمرۆڤ دەوێ ، بەڵکو ئەوە قورئانە بەو شێوەیە وێنەی خودایەکمان نیشان دەدات کەلەمرۆڤێکی ئەنانی وگومڕا بەدەر هیچ شتێکی دی نیە.


لەم دەلاقانەی قورئان ولەم ئایەتە شەڕەنگێزانەوە کەسایەتی پەیامبەرو کاریگەری پەیامبەر بەسەرقورئانەوە بۆ ئاشکرا دەبێت ، ئەوە پەیامبەرە ئەیەوێ کۆمەڵگا بشێوێنێ ، تۆڵەی دابڕان ، ملکەچی ، ژیانی بێ دایک وباوکی خۆی لەخەڵکی بکاتەوە ، ئەوە تەنها پەیامبەرە دەیەوێ خەڵکی سەرقاڵی شەڕی ناوخۆبکات، ئەگەر بەسەرنجەوە هەڵسەنگاندن بۆ قورئان بکەین دەبینین قورئان دوو ڕوو یان دوو جۆگەی هەیەو هەردوکیشیان دەچێتەوە سەر هەمان سەرچاوە، قورئان پێمان دەڵێ چاکە بکەن ،هاوکاری یەکتری بکەن ، برسیەکان تێربکەن، دەست بەسەر منداڵانی هەتیوودا بهێنن، بەڵام ئەم کارانە بەس نیە بۆ چوونە ناو بەهەشت ، ئەم کارانە تەنها یەک هەنگاوی بچووکە بۆ بەهەشت ، بەڵکو نوکی کەوشەکانیشمان ناگاتە قەراغ دەرگای بەهەشت ، ئەگەر دەتەوێ بۆ هەتا هەتایی لەبەهەشتدا بەنەمری بمێنیتەو ببیت بەهاواڵی پەیامبەر دەبێت جیهاد بکەیت هەموو ئەو کەسانە بە سوک ، پیس ، بەراز بزانیت کە محمەد وەک پەیامبەر قبوڵ ناکەن ، گەر ئەوانەشت کرد کە داوات لیکراوە دەبێت بەو کەسانەی کە لەم دنیادا پەیامبەر مژدەی بەهەشتی پێداون.


قورئان فێرمان دەکات ئەو ڕاستیە بزانین کە خودا هەموو مرۆڤەکان و هەموو سەروەت وسامانیانی کڕیوە، (ان اللە اشتری من المومنون انفسهم و اموالهم) بۆ ئەوەی بمانخاتە بەهەشت، بەڵام ئەم کرین وفرۆشتنە بەس نیە بۆ چوونە ناو بەهەشت ئەگەر باوەڕت بە جیهاد نەبێت ، ئەگەر باوەڕت بەخودا وبە پەیامبەر و بەکتێبەکەی نەبێت، ئەم کڕین وفرۆشتنە سەرناگرێ ئەگەر گومڕاکان و کافران بە سوک ، پیس وبەراز نەزانی، دەبێت ملیان لەلاشەیان جیابکەیتەوە ، خودا مرۆڤەکان وسەروەت وسامانیانی کڕی چونکە دەزانێ ئەم دنیا فانیەو ئەو دنیا باقییە ، شەرابی هەنگوین و ٧٢ حۆری هەیە بۆ هەر مسوڵمانیک ، هەروەها ئەو دەستکەوتانەش بەخۆڕایی نادرێت بەهیچ کەسێک ئەگەر شانازی نەکات بەمردن لەپیناوی خوداو پەیامبەرەکەی، وەک باسمان کرد خودا مرۆڤەکان وسەروەت وسامانیانی هەموو کریووە ، بەڵام ئەم کڕین وفرۆشتنە بەحازر نیە بەڵکو بەقەرزە ، قەرزەکەش بۆ کاتێکی دیاری کراو نیە بەڵکو بۆ ئەو دنیایەو بۆ دوای مردنی مرۆڤەکەیە جاهەرکاتیک بمرێ ، هەروەها ئەو قەرزەش دەکەویتە ژیرپرسیارەوە ، ئایە لەم دنیای فانیەدا هێندەی مسقاڵە زەرەیەک گومانت لە مردن لەپیناوی خودا و پەیامبەرەکەی هەبووە؟ ئەگەر بەڵێ ئەوە بەهەشت بەچاوی خۆت نابینی، ئەگەر جیهادت بەدڵ نەکردووە ، ئەوە کرین وفرۆستنەکە سەرناگری، خودا خۆی دەزانێ کێ دەخاتە بەهەشتەوە! لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت ، چۆن خودا گومان لە بەندەکانی خۆی دەکات ئەی ئەو عالمی غەیب نیە؟ چۆن ئەبێت نەزانێ بەندەی خۆی گومانی هەبووە یان یەقین ؟ دیارە ئەو خودایە محەمەد خۆیەتی نەک ئەو خالقەی کە ئێمە ئەیناسین و خۆشمان ئەویت وەک میهرەبانێک، گومان و شک تەواو نابیت ئەگەر پرسیار نەکەین وبەدوای وەڵامدا نەگەڕێین، ئەگەر خودا مرۆڤەکان دروست ئەکات هەرخۆشی سەروەت وسامانیان دەداتێ ئەی بۆ لێان دەکڕێتەوە؟ ئەگەر ئەیکڕێتەوە بۆ بە حازر نیە؟ ئەگەر خودا خاوەنی هەموو شتێکەو دروستکەری هەموو شتێکە بۆ قەرزئەکا؟


لەڕیگەی شیکردنەوە وتێگەیشتن لە قورئان وسونەتەکانی پەیامبەر دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە قورئان و سونەتەکان دەرگایەکن بۆ ئەوەی هەموو مسوڵمانێکی قاڵ بوو بە بیری قورئان بچێتە ناو داعش ، هەروەها داعش قورئان بەسەرچاوەی ئیلهام و دەستووری خۆی بزانێ ، هەروەها داعش هیچ کاریکی زیادەڕۆی نەکردوە ئەگەر نەگەڕابێتەوە بۆ سەرچاوەکەی کە ئەویش قورئان و سونەتە، شانازی کردن بەمردن ، هەنگاوەکان بەرەو مردن بووە بە کلتوری هەموو مسوڵمانێکی کامڵ و تێگەیستوو لە قورئان ، ئیتر خۆ خەڵەتاندنە ئەگەر بڵێین داعش هیچ لە قورئان ئاگادار نیە. وەک ئاماژەمان بەقورئان وحەدیسەکان کرد بۆ تووندوتیژی لای گەنجان ، ئەشێ کەسێک بپرسێ داعش لە سەدەی تەکنەلۆژیا دروست بووە ، بەڵام محەمەد ١٤ سەدە لەمەوپێش ژیاوە و مردووە چی پەیوەندیەکیان بەیەکەوە هەیە؟! لەوەڵامدا نابێت دەوورو کاریگەری ئەو هەموو مەلا و موفتیە بێ ئیشانەمان لەبیربچێ کە نانی تووندوتیژی دەخۆن، ئەوان گەنجان هانبدەن بۆ تۆڵە ، ئەوان گەنجان فیری سیکسی بێ بڕانەوە بکەن ، ئەوان ٧٢ حۆری ئامادە و چاوەڕوان بهێننە پێش چاوی گەنجان ، ئەوان ئەم شیعاراتانە فێری گەنجان بکەن کە تەنها پەیامبەر سەرکردەیانە،(الرسول قائدنا) تەنها قورئان دەستووریانە (القران کتابنا) جیهاد ڕێگایانە( جیهاد طریقنا) مردن لەپیناوی خودا ئاواتمانە( الموت فی سبیل اللە )ئەوان گەنجان فێر بکەن هەموو غەیرە مسوڵمانێک بە گومڕاو سوک وپیس بزانن کەواتە ئەم سەردەمی تەکنەلۆژیایەش هەمان سەردەمی پەیامبەرە ،ئەو کاتەی گەنجێک یان مسوڵمانێک ئاوات بەمردن ئەخوازێ مانای گەشتۆتە لووتکەی بێ هیوابوون بەو دنیایەی کە خودا لەماوەی شەش ڕۆژدا دروستی کردوە، ئەیەوێت بڕوات بۆ ئەو دنیای کە نازانێ خودا بەچەند ڕۆژ دروستی کردووە ، ئەم بیرکردنەوەیە ، ئەم هەنگاونانە بۆ نادیار تاوانی ئەو گەنجە نیە! چونکە ئەوە پەیامبەرە پێان دەڵێ خودا لە ئێوە زوویر بووە چونکە ژیانتان خۆش ئەوێت ولەمردن ئەترسن، ئەم کارە هاندانێکی ئاشکرایە بۆ مردن ، بەڵام مردنی ئاسایی نا بەڵکو مردنێک تاکو کاتی مردنی دەبێت ئامادە بێت بۆ کوشتن و دەیەوێت خەڵکی بۆ بکوژیت ، هەروەها هەموو جۆرە کوشتنێکی گومڕاو کافرانی ناوی ، بەڵکو جۆرە کوشتاریکی لەدوژمنان دەوێت کە ترس ودڵە راوکێ بخاتە ناو کافرانەوە ، ئەوەتا دەبینین کە داعش داهێنان دەکەن لە چۆنیەتی کوستنی نەیارانیاندا.


خودای ناو قورئانەکەی پەیامبەر ئەڵێ شەر بەسەرتاندا فەرزکراوە(ان اللە فرض علیکم القیتال) ئەگەر وایە کەواتە خودا و پەیامبەرەکەی ڕقیان لەئەو مرۆڤانەیە کە ژیانیان خۆش دەوێ ، هەموو باش ئەزانین مرۆڤ ژیانی خۆش دەوێ ، ئەوەتا خۆی دەپارێزێ لەلافاو ، لەهەرەسی شاخ، لەڕووداوی ئۆتۆمبێل ، لەهەموو جۆرە مردنێک چونکە سایکۆلۆژیەتی مرۆڤ ئاوەهایە کە زۆر شتی بۆ خۆی دەوێ، بەڵام قورئان مرۆڤەکان بەژیانێکی دی لەخشتەئەبات ، تەنها ئیسلام دژ بەنەیارەکانی درووشم (شیعارات) ێکی بەرزکردۆتەوە کەپڕاوپڕە لەرق وکینە بەرامبەر بەهەموو شتێک ، تەنها ئیسلامە سیاسیە تووندڕووەکان دەڵین( سوێند بەخودا هێندەی حەزی ئێوە بۆ ژیان حەزمان لەمردنە) ئەم بیروباوەڕە بۆتە داهێنان لای خۆکوژەکان ، دەبینین چەند بەخوێن ساردیەوە خۆیان دەتەقێنەوە و لەهەوڵی ئەوەدان تابتوانن زۆرترین خەڵک بکوژن.


ئەو مسوڵمانانەی ناو ڕیزەکانی داعش تەنها نەخوێندەوار یان کچ وکوڕی فەقیر نین ، بەڵکو زۆر کەسی تێدایە کە خوێندەواری بەرزیشیان هەیە و زۆر کەسیشیان لە خێزانیکی دەوڵەمەند یان مامناوەندەوە چۆتە ناو داعش، بەڵام ڕۆچوون بەناو قورئاندا خواستی مرۆڤ بۆ جێبەجێ کردنی هەموو داواکاریەکانی قورئان و خودا و پەیامبەرەکەی، مرۆڤەکان ئەگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کە بەڵێ وایە ئەم دنیا فانیەو ئەو دنیا باقییە، هەروەها باسکردنی قورئان لە خراپی ئافرەتی ئەم دنیا و پاکی ئافرەتی ئەو دنیا ، ڕێژەی بەلێشاوی ئافرەتی سپی ، حۆری و ڕوباری شەراب و سێکسی خۆڕایی هەتا هەتایی و یاساغ بوونی لەم دنیای ئیسلامیەدا کارێکی هێندە ئاسان نیە کە مرۆڤێکی مسوڵمانی دابڕاو لە خۆشیەکانی ئەم دنیا بتوانێ خۆڕاگربێت و هەوڵ نەدات بەزووترین کات خۆی بگەیەنێتە ئەو دنیا ئەویش بە خۆکوشتن.


١٥\١١\٢٠١٥

ماڵپه‌ڕی جه‌‌مال عه‌زیز
 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm



 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک