ناڵە حەسەن
:
مرۆڤ لە تاراوگەدا وەک ڕەشەبا وایە ،
جارجارە دەردەکەوێ و وون دەبێ.
سازدانی : ڕابەر فاریق و سۆران عەزیز
- بەشی یەکەم -
چەند
مانگێک پێش ئێستە ( ناڵە حەسەن ) ی شاعیر گەڕایەوە کوردستان ، جگە
لەوەی چەند دیدارێکی لەگەڵدا کراو کۆڕێکی شیعری بۆ سازدرا ، کۆمەڵێک لە
شیعرەکانیشی کۆکردنەوە و لە دوو توێی کتێبێکدا بە نێوی ( نیگایەک بەسە
بۆ مردن ) بە چاپی گەیاندن ، دوای گەڕانەوەشی بۆ مەنفا ئێمە حەزمانکرد
کۆمەڵێک پرسیاری ئاراستە بکەین ، سەبارەت بەو کتێبە و هەندێ پرسی تری
گرنگ و پەیوەست بە شیعر . هەندێک لەو پرسیارانەی کەوا لەلای ئێمە
گەڵالەَ ببوون ئەمانەن : شاعیری ڕاستەقینە بۆ ئەوەی زمانێکی مەجازی و
تایبەت و جیاواز و باوگاویکراو بە خەیاڵ و مەعریفە و موزیکی یەکڕیتمی
بخوڵقێنێت ، دەکرێت هاوڕەهەندی هیچ ئایدیۆلۆژیایەک بێت و بە کۆمەکی
ئایدیۆلۆژیا و واقعی ئەبستراکت ، ( بەهەرکلۆجێک بێت ) بتوانن تۆوی
گۆڕانکاری لە تێڕوانینی شاعیردا بچێنن ؟ خاڵە هاوبەشەکانی نێوان زمانی
دەق و زمانی گوتن چین ؟ بۆ ئەوەی پردێک بدۆزینەوە بۆ تەئویلکردن لە
نێوان زمان و دەق ، بۆ نێو دنیای واقع و حەقیقەت ، لەوێشەوە بۆ نێو
دنیای خەیاڵ و فەنتازیا ، پێویستە چیبکەین ؟ چەند پرسیارێکی تری
پەیوەست بە نێوەڕۆکی کتێبەکەیی و پرسگەلی تر ، ( ناڵە حەسەن ) بەم
شێوەیە وەڵامی داینەوە .
کوردستان ڕاپۆرت : جگە لەوەی بەردەوام
گرنگیت بە سیمبوول داوە هاوزەمان وێنەشت فەرامۆش نەکردووە ، لە هەموو
شیعرەکانیشت دا هەماهەنگیەک هەیە لە نێوان زمانی ئاسایی و خوازا . پێت
وایە تەنها شتێک کە گرنکی زۆرت پێنەداوە موزیکی دێرەکان بێت . ئایا ئەم
هۆکارە بۆچی دەگەڕێتەوە ؟ ئایا ڕۆژانە کاتێکی دیاریکراوت هەیە بۆ موزیک
؟ پێتوایە نەبوونی ڕیتمێکی هاوبەش لە نێوان دێربەدێری شیعرێکدا دەبێتە
هۆی کەوتنەوەی بۆشایی ؟ ئایا ئەلتەرناتیفێک هەیە لە شوێنی ( موزیک )
دابندرێت ؟
- ناڵە حەسەن : بە پێی ئەم ئالوگۆڕانەی
بەسەر زمانی شیعری و پێکهاتەی شیعری دا هاتووە ، ئیمڕۆ زمان لە شیعردا
لە پانتاییەکی فراوانتر و بە شێوەیەکی ڕەهاتر کاردەکات . پەیوەندی
نێوان منی شاعیر لەگەڵ زمان پەیوەندییەکی توند و تۆڵتر و فرە ڕەهەند
ترە . چارلس ئۆڵسن شاعیری مۆدێرنیست و هاوچەرخی ئەمریکی لە ساڵی 1950
لە نووسینێک دا بە ناوی ( Projective Verse ) یەکێتی بابەتی لە شیعردا
ڕەتکردەوە و داوای سەربەخۆیی هەر کۆپلەیەک و دێرێکی کرد . ئەم نووسینەی
ئۆڵسن لە ئاستێکی زۆر فراوان لەلایەن شاعیرانی ئەوکاتەی ئەمریکا
پێشوازی لێکرا . ئەمە بۆ مانا دیارە بۆ موزیکیش هەروایە . وا پێویست
دەکات بەم ڕەهاییە لە موزیکیش بڕوانین . موزیکی شیعر پەیوەندی بە
ئاوێتەبوونی هارمۆنیای وشەکانەوە هەیە . دیارە وشەش بۆخۆی چەند دیوێکی
هەیە منی شاعیر هەرجارەی مامەلە لەگەڵ دیوێکیان دەکات . وە هەریەک لە
دیوەکانی وشە هەڵگری هارمۆنیایەکە ، هارمۆنیاکەش تایبەت و دیاری کراو
نیە بە پێی میزاج و چەشە و مەعریفەی خوێنەر دەگۆڕێت . هەندێ جار
هارمۆنیای وشەکان تێکەڵاو و ئاوێتەی یەکتری دەبن لە دێرێکدا یان لە
کۆپلەیەکدا میلۆدێکی دیاریکراو پێکدەهێنن . هەندێ جاریش هارمۆنیاکان
ئاوێتەی یەکتری نابن و لە میلۆدی جیا و سەربەخۆ دەمێننەوە . ئەم
تێکەڵنەبوون و ئاوێتە نەبوونەی هارمۆنیای وشەکان ئەمە کەوتنەوەی بۆشایی
نیە بەڵکو ئەمە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی یەک ڕیتمیە یان ڕیتمێکی تایبەت
و دیاریکراوە لە شیعردا بۆ بەرهەمهێنانەوەی چەندین ڕیتمی جۆراوجۆر و
جیاواز . وە هەندێ جار هارمۆنیا و میلۆدی وشەکان دەکەونە فەزایەکی
نادیارەوە ، خوێنەر لە ئاکامی بەدواداگەڕان پێیان دەگات و
دەیاندۆزێتەوە . دیارە من بۆخۆم چۆن عاشقی شیعرم تا ئەندازەیەکی زۆریش
عاشقی میوزیکم وە زۆریش گوێ لە موزیک دەگرم . من پێموایە زۆریش گرنگیم
بە موزیکی شیعر داوە . ڕەنگە جیاوازییەکان لێرەوە بێت چ ڕوانینێک و
دیدگایەکمان هەیە بۆَ موزیکی شیعری و زمانی شیعری . وە من هیچ
ئەلتەرناتیفێکم پێنیە لە شوێن موزیکی شیعری . لەلای من میوزیکی شیعری
ڕۆحی وشە و ڕۆحی زمان و خەیاڵ پێکدەهێنن لە شیعردا .
- کوردستان ڕاپۆرت : زمانێکی سادە نەک (
ساکار ) بەکار دەهێنیت بۆ نووسینی شیعر ، لەپاڵ ئەمەدا زۆر جار
ڕووبەڕووی وشەی فەلسەفی یاخود واتای قوڕس دەبینەوە لە بەرامبەر
شیعرەکانت . پێتوایە ئەم تێڕوانینەت هەڵگری جۆرێک لە پارادۆکسی بن .
- ناڵە حەسەن : من لەم ساڵانەی دوایی بۆ
نووسینی شیعر زیاتر زمانێکی ئیرۆتیکیم بەکارهێناوە و گرنگیم بە بابەت و
بەها ئیرۆتیەکان داوە . وە ئیشکردن لە سەر خەون و غەریزە و هەستە
نەستیەکانی مرۆڤ ، ئەمە خۆی لە خۆی دا بابەتگەلێکی سایکۆلۆگیستی و
فەلسەفین . ئیشکردنیش لە نێو ئەم ڕووبەرانە بە زمانێکی ئیرۆتیکی و تا
ئاستێک جیاواز لە دوێنێ پێویستی تاڕادەیەک بە سادەیی و شەفافیەت هەیە .
هۆکارەکەش ، ڕەنگە بەشێکی ئەوە بێت ، بۆ ئەوەی خوێنەران بە لەزەتی
زیاترەوە لە کاتی خوێندنەوەی شیعرەکانم دا لە ڕامان و
بەدواگەڕانەکانیان بەردەوام بن . هەر لێرەوەش پارادۆکسەکە مانا پەیدا
دەکات . بەڵام بەدەر لەمانە من لە پڕۆسەی نووسینی شیعریمدا گرنگی زۆرم
بە چەمکی پارادۆکسی داوە . لە نێو شیعرەکانی مندا دەستەواژەی پارادۆکسی
زۆر بەرچاو دەکەوێت . نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر نووسەرێکی بەرێز لە
خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکانم نووسیبووی ( ناڵە حەسەن دەیەوێ لە ڕێگەی
پارادۆکسەوە خۆی بە خوێنەران بناسێنێ ) . وە ئەمانەش هەمووی لە حالەتی
نەستیەوە ڕوودەدەن ڕەنگە من دەسەلاتێکی ئەوتۆم بەسەریانەوە نەبێت .
بەڵام هەرچۆنێک بێت سادەیی و شەفافیەت لە دەربڕیندا ئەوە بە مانای
پێکهێنانی بەربەست ناگەیەنێت لە بەردەم قووڵبوونەوە بۆ نێو پێگە
نادیارەکانی خەیاڵ و فەنتازیا .
- کوردستان ڕاپۆرت : لە دوا کتێبی شیعریت
دا ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) کە پێکهاتووە لە سیازدە شیعر لە چواریان
دا وشەی مەرگ دەبیندرێ .. ئەمە جگە لەوەی وشەیەکی ئەدرێسی کتێبەکەشت "
مردن " ە . جیا لەوانە لە کتێبەکانی تریشتدا هەست بە ئامادەگی چەمکی
مەرگ دەکرێت . ئایا هۆکاری ئەم چەمکە چیە لە شیعرەکانتدا ، چۆن لە مەرگ
دەدوێیت ؟
- ناڵە حەسەن : چەمکی مەرگ لە نێو
شیعرەکانی مندا ، هەڵگری حالەتە سایکۆلۆژییەکانی ناخ و غەریزەکانی منی
شاعیرە . بە مانایەکی تر چەمکی مەرگ ڕەنگەکانی ناخ و دیوی ناوەوەی منە
یان کۆد و نۆتەکانی زمانی کەسێکی ترە لە مندا . من لە نێو شیعرەکانم دا
بە دوای خودە ونەکانی خۆمدا دەگەڕێم ئەو خودەی کە هەمیشە بەدوایدا
گەڕاوم و نەمدۆزیوەتەوە . ڕەنگە لە ئاکامی ئەو بەدواداگەڕانەم وە لە
نێو گەڕانەکانیشم هەوڵەکانم بێهودە ماونەتەوە . بۆیە هەمیشە وا هەستم
کردووە کەوا من ( زیندوویەکی مردووم ) . پەیوەندی ناخ و خودی من لەگەڵ
چەمکی مەرگ پەیوەندیەکی سوریالیستانەیە ، کە ئێستا زۆر زیاتر ناخ و
خەیاڵ و هەستە نەستیەکانمی داگرتووە . وە لەلایەکی تر چەمکی مەرگ لە
نێو شیعرەکان و بینینەکانی مندا : ئەو مانا و کردارە بایۆلۆژی و
فیزیکیە ناگەیەنێت . کە جەستە و پێکهاتەکان لە هەناسەدان بکەون ئیتر
تەواو مردن و کۆتاییان بە بوونیان هات . بەڵکو مەرگ بۆ من بەمانای :
گەڕانەوە بۆ نێو وەرزەکانی یادەوەری و هەناسەدانەوە لە نێو باخچەکانی
ئەبەدیەت . بە مانای : گۆرانی گوتن و سەما کردن و بینین و یاخی بوونی
بە تەنیایی . چەند ساڵێک لەمەوبەر لە شیعری " گۆرانیەکانی بەیاتریس "
نووسیومە ( تەنیایی : گۆشەیەکە لە مردن ) بەڵام ئیمڕۆ بۆ من ( مردن :
گۆشەیەکە لە تەنیایی ) هەروەک بە پێی لێکدانەوەکانی فرۆید ئیرۆس
بەمانای بڕی تامەزرۆیی و شەیدایی بۆ سێکس ، ئەم تامەزرۆیی و شەیداییە
بە هەوڵدانێک بۆ مانەوە ناو دەبات . بە مانای ئیرۆس لە بەرامبەر چەمکی
مەرگ بە مانای هاوارێک بۆ ژیان . بەڵام لە نێو شیعرەکانی من لە نێو
خودی چەمکی مەرگدا ئەم هاوارە ئیرۆسیە دەبیندرێ . لە ئاکامدا دەکرێ
بڵێم چەمکی مەرگ لە نێو ڕوئیاکانی مندا بە مانای : هاوارێکی ئیرۆسیانە
بۆ ژیان و بۆ جوانی ، بەڵام لە نێو گۆشەکانی تەنیاییدا .
- کوردستان ڕاپۆرت : لە هەموو ڕویەکەوە
جیاوازییەکی زۆر بەدی دەکرێت لە نێوان ئەو شیعرانەی لە نیشتمان نوسیوتن
و ئەوانەشی لە مەنفا نوسیوتن .. پێت وایە هۆکاری گۆڕانکارییەکە پەیوەست
بێت بە " شوێن " ەوە ؟ یاخود ئەوە سەفەر و ئاشنابوونە بە کەلتوورگەلیتر
؟
- ناڵە حەسەن : مەنفا وای لێکردووم
هەمیشە فرمێسک بە چاوی خەون و خولیاکانمەوە ببیندرێ . وایلێکردووم لە
نێو خەون و خەیاڵەکانی شیعریم گومانەکانم زیاتر بن ، گومان لە بوونم لە
ئایندەم تەنانەت لە یادەوەرییەکانیشم . وایلێکردووم لە نێو خەون و
خەیاڵە شیعرییەکانم ماندووتر بە دوای پرسیاردا بگەڕێم .. وای لێکردووم
لەزەت لە مردنەکانی خۆم ببینم . دابڕان و تەنیایی زۆر شتیان فێرکردم ،
کیشوەری گەڕان و ڕوانینەکانمیان فراوانتر کرد . باوەڕم بە زۆر شت هێنا
کە پێشتر باوەڕم پێیان نەبوو . ئەمانە هەموو کۆمەکیان کردم بۆ فراوان
بوونی مەعریفەی منی شاعیر و تێگەیشتنێکی تر لە داهێنان و زمانی نووسین
. بێگومان سەفەر و ئاشنا بوون بە مەعریفە و کەلتوورگەلێکی تر ئەمانەش
کاریگەری خۆیان هەیە وەک ئەو کاریگەرییانەی لە سەرەوە باسم کردوون . وە
تا ئەو جێگایەی بە " شوێن " یش دەگەڕێتەوە . لێرەوە شوێن کاریگەری
بەسەرمەوە هەبووەو هەیە کە بێشکەی یادەوەرییەکانمە دابڕانیشم لە کوچەو
کۆڵان و گەڕەک و شار و نیشتیمانی یادەوەرییەکانم ئەمەش وای لێکردووم
ببم بە جەستەیەکی پڕ لە برین و ببم بە ئۆقیانووسێکی پڕاوپڕ لە شەپۆڵی
بێ ئۆقرە . ئەم کاریگەری و گەڕان و گومان و مردن و وونبوونانەی کە باسم
کردوون لە نێو شیعرەکانم ڕەنگیان داوەتەوە و بێ ویستی خۆم پەلکەزێڕینەی
ئاسمانی شیعریکانمیان ڕەنگ کردووە . هەر ئەمانەشن سەرچاوەی
جیاوازییەکان .
|