په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٩\٢٠١٦

 

  دواکەوتن لە کەشتیی نووح.

سەباح ره‌نجده‌ر

  لە ئاستانەی فریودا دێمە خوارێ.
 

پێی یەکەمم لەسەر ژیان
زوو زوو ڕەنگی دەگۆڕێ و ئەشقیش دەست پێدەکاتەوە
بەڵام نازانێ لە چی و بە چی دەست پێدەکاتەوە
پێی دووەمم لەسەر مردن
ھەزار و یەک پەیژەی نامۆ و بێ ناونیشانت لە پێش دادەنێ
بەر لەوەی سەربکەوی ئاماژەیە بۆ ھەرەس و کۆتایی
ناشزانم پێی سێیەمم لە کوێ دانێم
ھێند لەسەر بەرماڵی ئەستێرە بەسەرداڕژاودا
بە دەوری شەرابی بێدەنگیدا سووڕامەوە
سەرم سووڕا و سەرم بە ناولەپی جوانێکی بێ ڕوخساردا کرد
ھەقیقەت وەک چەقۆی بەجێماوی دوای کوشتنێک
ھەردوو دیوی فریومان دەدا.


حوزەیرانی ٢٠١٦ - ھەولێر

 


    لە بەرزەخ بەرەو ماڵی خۆم دەبمەوە.


بەو ئاگرە دەسووتێم
کە لە بینینی دەترسێم
شکۆ و شانازیی من ئاگرە
لە ڕازی ڕاماوم و دڵیم لە خۆمدا ھەڵگرتووە
بەرەو ماڵی خۆمم دەباتەوە
لە سووتاندا دەمامک و پەردە نییە و ھیچ شتێکیش ناشاردرێتەوە
سووتان سەد گیانە
ڕێگای ھاتن و ڕۆیشتن دەزانێت
پێڵاوی لە لۆکەی یەکەم بەری کێڵگەیە
ھات و ترپە و تەپەم گوێ لێ نەبوو
کە ڕۆیشت بە چاومدا ھاتەخوارێ
چووە ڕیشاڵی ڕووناکییەکی خاکییەوە و زەوی ترووکا.

 

تەمووزی ٢٠١٦ - ھەولێر

 


  
 جارێکیان بەڕێگای ناوچەواندا ڕۆیشتم.


لەو چۆڵایییەی تەنیا ڕەگی درەخت لەناو خۆڵ ی بەھێزدا ئارامی گرتووە بەبێ ڕاسپاردە و وەسیەت دەمرم سەرم لەناو شکۆی تەشتێک ئاو کە بە منداڵی تێیدا دەشۆرام دەحەسێنمەوە ئاگر داوات لێ دەکەم ڕاسپاردە و وەسیەتم بنووسی بەخشراوێک بووم بە ئاگری دڵ و ناوچەوانم بۆ با کردبووەوە ھێند گەورەبووم چاوی چاودێرەکانم داپۆشت با لەسەر برۆی لالە مەست و پیاڵە لەدەست دڵی گەرم دەبێت و ھەر لەخۆوە دەبێتە بای پاڵە و لە کێڵگەکانمان دەمێنێتەوە ڕەگی ناو خۆڵی بەھێز ڕۆشنایی گەشە بەناو خۆیدا دەگێڕێ دڵ ڕێ دەکات و دەچێتە ناو جیلوەی ڕوخساری خۆڵ و ئاو و ئاگر و با جیلوەی چوار ڕوخسار زۆر نییە کەمیش نییە مانەوەش لەناویان شتێکی گران نییە چۆنم بیرکردەوە گەشتەکەم وابوو لە چیای پارێزراودا دڵ پێش ڕووکار ھاتە لام ئامان بەلای جیلوەی ڕوخساردا بڕۆ دەگەی بە نەرمایی دڵ و دەپشکوێی وا لە ئەستێرەکان دەکەیت بەسەر ڕوخسارەکاندا بڵاوببنەوە کێو جەستەی یاری بێڕەنگە ناتوانم گوێ لە ئاواز و دەنگی ناو کێو نەگرم کە لە ڕوونترین تاسە دەدوێ و پرسیاری یەکەمین جێگا دەکات.


ئابی ٢٠١٦ - ھەولێر

 


 
   تێکەڵبوونی ئاو و ئاگر.


تەنیا منداڵانی ڕاز و ناڵە شەرحکراو دەزانن باڵندە لەناو قەفەس یان لە ئاسمان دەنگی زوڵاڵ و خۆشگۆ ترە و دەڵێت تۆ پێشکەوە و ئومێد دەبینیت قەفەسەوانیش باوەشێنەی دەور دووراو لەدەست ھەڵدەسووڕێنێت و بای سەرباڵی باڵندە بۆ خۆ فێنککردنەوە دەدزێت یەکەمین ھێلانە یەکەمین بەرزبوونەوە بۆ فڕین ڕەگی دەفژەنی و دەست خستنە سەردڵی شەوی بەرات و کپی زەوییە مانگ ھێلانەی باڵندەیە ھەموو شەوێ ھێلکەی دەترووکێ و ئەستێرە بەرزدەبنەوە لە ماوەی بەرزبوونەوەیان ئاو و ئاگر تێکەڵ دەبن شای زەمین لاسایی یەکەمین بەرزبوونەوەی باڵندەی کردەوە و کەوت گیانێکی ھاری تێدا ڕسکا و بووە قەفەسەوان ڕووناکی لەناوەوەی لە دەوروبەری تێپەڕ ناکات و چرایەکیشی لەبەردەمی قەفەس پێ داناگیرسێ بەناو گۆڕستاندا بڕۆ تریفەی مانگت لێ دەدا مانگ دەتوانێت بە برا بچووکی خۆیم بزانێ و دامگیرسێنێت خەمێکی پڕم شەو ماندوو دەکەم ئەرێ تۆ لەکوێ چاوەڕێم دەکەی ئەی خودا لەتۆ چوانتر قەت نەبووە.


ئەیلوولی ٢٠١٦ - ھەولێر

ماڵپه‌ڕی سەباح رەنجدەر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک