په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١\٢٠١٦

دوای شەڕی داعش، بۆنی شەڕێکی گەورەتر دەکەم لەم دەڤەرە.


ئیحسان فەتاح  
  


کاتێک چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر عێراق، سەربازانی لەشکری عێراق بێ ھیچ بەرگرییەک، بێ سێودوو قوچاندیان، قارەمانترین سەربازی عێراقی، ئەو سەربازە بوو کە لەو ماراسۆنەدا خێرا ڕابکات و زوو بۆی دەرچێت و ملی خۆی لە شمشێرەکانی داعش دور بخاتەوە.


بە بێ شەڕ و بە بێ شەرم ھەڵھاتن، بە بێ پرتە و بۆڵە و شەڕیش، زۆربەی ناوچە دابڕاوەکانی خاکی کوردستان کەوتە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەوە.


وەکوو کاربەدەستانی بەغدا و ھەندێک لە برا عەرەبە چاوڕەشەکانمان دەیانفەرموو مادەی ١٤٠ ئێکسپایەر بووە، ئەوا ئێستا ھاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە، گەر ئێستا کورد بڵێت ( مادەی ١٤٠ ئێکسپایەر بووە)، لەوانەیە ئەوان پێیان خۆش نەبێت.


لەو شکستە گەورە یە و لە ناکاوەدا، بۆ سەرەک وەزیرانی پێشوو(نوری مالکی) ئاشکرا بوو، کە ئەوان لە دە ساڵی ڕابردودا لەشکریان دروست نەکردووە، بەڵکوو ئەوان لە یەک دەیەی ڕابردوودا، تەنھا ماڵە باجێنەیان کردووە و بەخۆڕا بودجەی عێراقیان کردووە بە دەم ھەندێک مشەخۆرەوە. چونکە دەرکەوت کە لەشکری عێراق لە شوشە ناسکترە و لە کچی سوڵتان بەنازترە، نەک ھەر ناتوانێت بەرگری لە عێراق بکات، بەڵکوو ناتوانێت بەرگری لە خۆیشی بکات.


ھێرشەکەی داعش ھێندە بێ بەربەستبوو، تەنانەت بەغداش کەوتە بەر مەترسی و ھەڕەشەی داعشەوە، چەند کیلۆمەترێکی کەمی مابوو کە پایتەختی عێراقیش بە دەردی موسڵ بچێت. گەر کۆماری ئیسلامی ئێران فریای شیعەکانی ئامۆزایان نەکەوتبایە، کار لە کار ترازابوو.


کارەساتەکە ھەر ئەوەندە نەبوو کە ٨٠% ی لەشکری عێراق لە ڕەگەوە ھەڵتەکا، لە گەڵ ئەو شکستە گەورەیەدا ھەرچی جبەخانەی ئەو لەشکرە گەورەیە ھەیە، لە چەکی ئەمریکی پێشکەوتوو، ھەمووی بە مۆڵی کەوتە ژێر دەستی چەکدارانی داعشەوە. مالکی دەیزانی، کە چی جۆرە چەکێکی پێشکەوتووی پێشکەشی دوژمنێکی سەرسەختی وەکوو داعش کردووە.


ھەر بۆیە ھاواری لێ بەرز بووەوە و کردی بە (عەشرەت ھاوارە). ھەموو سەرنجەکان چونە سەر حەشدی شەعبی، بۆ ئەوەی ھەر ھیچ نەبێت بەرگری لە بەغدا و نەجەف و کەربەلا بکەن و بە جارێ ئابڕویان نەچێت.


ھەرچەندە لە سەرەتای بنیاتنانەوەی لەشکری عێراقەوە ، ئەوە خەونی ھەندێک لە شیعەکانی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێرانبووە، کە سوپایەکی تایبەت سەر بە شیعەکانیان لە عێراقدا ھەبێت(ھاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێران)، سوپایەک کە بە تەواوەتی لە ژێر ڕکێفی شیعە و مەرجەعیەتدا بێت و ستراتیژی و بەرژەوەندییەکانی شیعە لە عێراق و ناوچەکەدا بپارێزێت. بۆیە لە ١٣/٦/٢٠١٤ ئایەتوڵا عەلی سیستانی بە پەلە داوایەکی ئاراستەی گەلی عێراق کرد بۆ چەک ھەڵگرتن و ڕوبەڕوبونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق، ھەرچەندە ئەو بانگەوازە ئاراستەی تێکڕای گەلانی عێراق کرابوو، بەڵام داواکارییەکە لە مەرجەعیەتی شیعەوە دەرکرابوو، نەک لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، بۆیە تەنھا لە لایەن شیعەکانی عێراقەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.

باڵەکانی حەشدی شەعبی.


تا ئەمڕۆ زیاتر لە ٤٢ گروپی حەشدی شەعبی ھەیە لە عێراقدا، بەشێوەیەکی گشتی لە چەکدارانی شیعە مەزھەب پێکھاتون، ھەندێکیان پێش فەتواکەی ئیمام سیستانی بونیان ھەبوو و ھەندێکیشیان لە دوای بانگەوازەکەی مەرجەعییەتەوە دروستبوون.


یەکێک لە گەورەترین ھێزەکانی حەشدی شەعبی (سرایا السلام)ە، ئەمان لە بنەڕەتدا (جیش المھدی) بوون کە سەر بە موقتەدا سەدرن، لەساڵی ٢٠٠٧ بە بڕیاری سەدر ئەو لەشکرە سڕکرا. دووبارە دەستبەکاربونەوەی ئەم ھێزە لە ١١/٦/٢٠١٤ ڕاگەیەنرا، واتا دوو ڕۆژ پێش فەتواکەی ئیمام سیستانی، کە ژمارەیان بە سەدان ھەزارە، چەکەکانیان بچوک و مامناوەندین، بۆیە پشتیان بە ھێزی پیادە بەستووە. سەرایا ئەلسەلام کۆڵەگەیەکی گەورەی حەشدی شەعبییە، گوشارێکی زۆریان لە سەر حکومەتی عێراق و ئەمریکا دانا بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ھەروەھا پێوەندێکانیان لە گەڵ ئێران سنوردارە، جگە لە پەیوەستبونیان بە مەزھەبی شیعەوە، عێراقچێتیش بە سیاسەتیانەوە دیارە، بۆچونیان بەرامبەر بە کێشەی کورد میانڕەوانەیە.


پێوەندی کورد و شێعە پێوەندییەکی دێڕینە، بەتایبەتی کاتێک بارزانی نەمر لە ٦/١٠/١٩٥٨ لە یەکێتی سۆڤییەتەوە بەسەر شاری بەسرەوە گەڕایەوە کوردستان، شیعەکان پێشوازییەکی گەرم و بێ وێنەیان لێکرد، دەیانزانی ڕێبەرێکی قارەمانە و ھەوێنی برایەتییە.


ھەروەھا کوردستانی باشور ببووە ھێلانەیەکی ئارام بۆ ئۆپۆزیسیۆنی شیعە لە سەردەمی سەدامدا، لە ھەمان کاتدا کوردستان بنکەیەکی گرنگبوو بۆ شیعەکان بۆ ئەوەی چالاکێکانیان لە دژی ڕژێمی بەعس درێژە پێ بدەن .


لە چەند ھەفتەی ڕابردوشدا موقتەدا سەدر ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە ئاسایی کردنەوەی گرژی و شەڕەکانی دوزخورماتوو لە نێوان حەشد و پێشمەرگەدا، پێوەندییەکی زۆری بە سەرۆکی ھەریم و سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانەوە کرد ، تا لە ١٤/١٢/٢٠١٥ وەفدی ناوبژیوانی ناردە دوزخرماتوو و ئاوێکی کرد بە ئاگرەکەدا. ئەگەر نا.. حەشدی شەعبی نیازی ھێرشکردنیان ھەبوو بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە. موقتەدا سەدر بەرامبەر بە کورد نەرمی زۆری نواندووە، تا ئەو ڕادەیەی کە دەڵێت: گەر کوردەکان سەربەخۆیی ڕابگەیەنن، ئێمە پیرۆزباییان لێ دەکەین، پێویستە وەکوو دوو وڵاتی دەرھاوسێ وەکوو برا پێکەوە بژیین.


ھەروەھا ڕێکخراوی بەدر بە سەرکردایەتی ھادی ئەلعامری وەزیری پێشوو، ڕۆڵێکی گەورەیان ھەیە لە ناو حەشدی شەعبیدا، ئەم ڕێکخراوە لە بنەڕەتدا لە ناو مەجلیسی باڵای ئیسلامی عێراق (المجلس الڕعلی الڕسلامی) یدا بوون لە ساڵی ٢٠١٢ جیابونەوەی خۆیان ڕاگەیاند، ھۆی جیابونەوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ پاڵپشتی کردنیان لە نوری مالیکی. بە دەیان ھەزار چەکداریان ھەیە، و پڕچەک کراون بە چەکی پێشکەوتوو، سەرۆکی بەدر ھادی عامری پێوەندییەکی پتەوی ھەیە لە گەڵ عەلی خامەنەیی و قاسم سولەیمانی فەیلەقی قودسدا، ھەروەھا پێوەندییەکی پتەویان ھەیە لە گەڵ ئەفسەرانی ناو لەشکری عێراقیشدا، لە ژێر کاریگەری سیاسەتەکانی ( نوری مالکی)یدان، بۆیە بەرامبەر بە کورد توند و تیژن و نەرمیان نەنواندووە.


مێلیشیای (کتائب حزب اللە العراق) کە بەشێوەیەکی زۆر نھێنی کار دەکەن و تا ئێستا نازانرێت سەرکردەی ئەم ھێزە کێیە، بەڵام ناسراون بەوەی کە تەنھا و تەنھا پەیوەندیان لە گەڵ ئێراندا ھەیە، چەکەکانیان سوک و مامناوەندین بەڵام ھەردەم لە شەڕەکاندا ئێران پشتگیرییەکی تەواویان لێ دەکات بە چەکی قورس.


(عصائب اھل الحق) ھێزێکی گەورەی بە ئەزمونە لە شەڕدا، لە ساڵی٢٠٠٧ لە لایەن شێخ قەیس خەزعەلی و شێخ ئەکرەم کەعبییەوە دامەزراوە ، ئەمان بەشێکبوون لە لەشکری مەھدی (الجیش المھدی). کاتێک جیابونەوەی خۆیان ڕاگەیاند کە موقتەدا سەدر (جیش المھدی) سڕ کرد، ئەمان بەو بڕیارە ڕازی نەبوون. درێژەیان بە چالاکێکانی خۆیاندا و شەڕی ئەمریکایان کرد لە عێراق، خەزعەلی لە لایەن ئەمریکاوە زیندانی کرا تا لە ساڵی ٢٠١٠ ئازادکرا، ئەم ھێزە کارگەی دروستکردنی موشەکی ئەشتەری ھەیە و ھەروەھا لە کارگە سەربازییەکانیاندا چەندیین موشەکی تریش دروست دەکات. لە شەڕی ئامرلی و جەرف ئەلسەخەر ڕۆڵێکی گەورەیان ھەبوو.


گروپەکانی حەشدی شەعبی لە گەشەکردنێکی بەردەوامدان وەکوو (حرکە حزب اللە النجباء، کتائب سید الشھداء، سرایا الجھاد والبناء، کتائب التیار الرسالی، سرایا الخراسانی، سرایا عاشوراء، سرایا العتبات، فیلق الوعد الێادق، لواء ڕسد اللە الغالب، کتائب انصار الحجە، لواء القارعە، سرایا الزھراء، سرایا ڕنێار العقیدە، کتائب الغضب، حرکە الڕبدال، لواء المنتظر، کتائب درع الشیعە، جیش المختار و حزب اللە الثائرون.) زۆری تریش. ھێزی زۆریان تێدایە کە تا ئێستا دژایەتییەکی ئەوتۆی کوردیان نەکردووە، بەڵام دوای ھاتنی داعش گروپگەلێکی زۆر دروستبوون بە ئاشکرا دژایەتی مافە ڕەواکانی کورد دەکەن.


ئایە سەرکردایەتی کورد چۆن ھەڵسوکەوت لە گەڵ حەشدی شەعبیدا دەکات و چۆن لێکیان جیا دەکاتەوە ئەوە ناڕونە، بەڵام گەر لە کۆتاییدا لایەنە میانڕەوەکانی ناو حشدی شەعبی دەستبگرن بە سەر ھەرەمی حەشدی شەعبیدا ئەوا بۆ کورد ئەرێنییە و ڕەنگە ئەو کاتە کێشەکانی نێوانمان بە دیالۆگ چارەسەربکەین ، بە پێچەوانەوە ئەوا شەڕێکی خوێناوی تر چاوەڕوانی کورد دەکات.

بۆنی شەڕێکی تر دێت.


لە وڵاتێکی وەکوو عێراقدا گەر تەنھا حەشدی شەعبی ٤٢ گروپی جوراو جۆری ھەبێت و ھەر گروپێک لەو گروپانەش بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ھەبێت، ناکرێت چارەنوسێکی باش چاوەڕێی ئەم وڵاتە بکات.


بەلای چاودێرانی سیاسی و سەربازییەوە ئەمە شتێکی ئاسایی نییە، کە ھەر سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی بەجیاواز، ھەوڵی پلە و پایەی سیاسی دەدات لە نێو دەوڵەتدا، ھەروەھا دەستتێوەردانی ئێران لەناو ھەرەمی حەشدی شەعبیدا بە دیاردەیەکی ترسناک لە قەڵەم دەدرێ، جگە لەوەی کە ئەم دەستێوەردانە، وڵاتانی عەرەبیشی قەڵسکردووە، بەتایبەتی شانشینی عەرەبی سعودی.


ھەرچەندە وەزیری بەرگری عێراق خالید عوبەیدی ڕایگەیاند کە حەشدی شەعبی بەشێکە لە سیستەمی لەشکری عێراق و ملکەچی فەرمانەکانی ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراقن. بەڵام تۆمەتی زۆریان لە سەرە بە کوشتن و ڕفاندنی خەڵک و ئەشکەنجەدانی نەیارەکانیان، بەردەوام حکومەتی عێراق ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەو تاوانانە لە لایەن چەند لایەنێکی ترەوە ئەنجام دەدرێن، لەژێر ناوی حەشدی شەعبیدا، ئەوە بۆ ناوزڕاندنی حەشدی شەعبییە.


موقتەدا سەدر کە خۆی گەورەترین ھێزی حەشدی شەعبی پێکھێناوە بە میلیشیایەکی پیس ناویان دەبات و دەڵێت: (ھەرچەندە ئەو ھێزانە لەگەڵ حەشدی شەعبیدا کاردەکەن بەڵام پەیوەست نیین بە ڕێنماییەکانی مەرجەعییەتەوە، ھەڵدەستن بە سەربڕێنی ھاووڵاتیانی بێتاوان کە ھیچ پێوەندییەکیان بە گروپی تیرۆریستی داعشەوە نییە، ئەمانە ناوی حەشدی شەعبی ڕاستەقینەیان خراپ کردووە، بۆیە دەبێت سنورێکیان بۆ دابنرێت و دوور بخرێنەوە.) ئەمە بەبۆچونی موقتەدا سەدر.


ھەروەھا (ھیومن ڕایتس وتش) پێی وایە ئەوەی حەشدی شەعبی دەیکات لە ناوچە سونێکان دەچێتە نێو تاوانەکانی جەنگەوە. لە لایەکی ترەوە سەرۆکی پێشوی (سی ئای ئەی) ئەمریکی دیڤید بترۆس لە رونکردەوەیەکدا بۆ واشنتۆن پۆست ڕایگەیاند: مێلیشیاکانی حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، لە پاشەڕۆژدا مەترسیەکی گەرە تر لە مەترسی داعش دروست دەکەن بۆ سەر ئاسایشی عێراق.


سونەکان دەڵێن ئەوەی تا ئێستا حەشدی شەعبی کردویەتی لە دژی دانیشتوانی دیالە و تکریت و بێجی جێگەی قبوڵکردن نییە، تاوانباریان دەکەن بە کوشتن و بڕین و دزیکردن و ماڵ سوتاندن.


ھەرچی پەیوەندی بە کورد و ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، جگە لە بەگژداچونەکانی شەڕەکانی جەلەولا و قەرەتەپە لە گەڵ پێشمەرگەدا، لە شاری دوزخورماتوش پەیامی حەشدی شەعبی ھاوڕێیانە نەبوو بۆ پێشمەرگە و ھەرێم. ڕونە ئەو ھێزانەی کە لە لایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن زمانیان زبر ترە و دوژمن ئاسا ڕەفتار لە گەڵ کورد دەکەن، خەریکە تەپڵی شەڕێکی تر لێدەدەن لە کوردستان، بەتایبەت ئەو ھێزانەی کە سەر بە سەرەک وەزیرانی پێشووی عێراق نوری مالکین.


لێرەدا ڕوون نییە ئایە حکومەتی بەغدا دوای شەڕی داعش پلانی چییە بۆ ناوچەکانی مادەی ١٤٠؟ چونکە پێشمەرگە بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نییە پاشەکشە بکات لە ناوچە دابڕاوەکان، کە بەخوێن پاراستونی. لێرەدا دوو ڕێگە لە پێش حکومەتی بەغادا ھەیە، یان واز لە ناوچە دابڕاوەکان بێنێت و دانی پێدا بنێت کە کوردستانیین (کە ئەمە ئەگەرێکی لاوازە). یان دەبێت خۆی لە شەڕێکی خوێناویدا تاقی بکاتەوە.

 

 

Ihsan_fatah@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک