په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

دوو فاقى سیاسەتى ئەمریکا و ئایندەى نزیکى عێراق .

                                                                                                 محەمەدى مشیر

 

لەوەتەى مالیکى بووەتە سەرۆک وەزیرانى ئەو حکومەتەى دەرەنجامى دوایین پڕۆسەى هەڵبژاردن هاتە سەرکار لە عێراقدا، حکومەتەکەى بۆش هەر رۆژەو بە جۆرێک رەفتارى لە گەڵدا دەکات. هەر لە خودى (جۆرج بۆش)ەوە بگرە تا دەگاتە بەرپرسە سیاسى و سەربازییە جیاوازەکانى حکومەتەکەى هەر یەکە و بە شێوازێ ئەداى حکومەتەکەى مالیکى هەڵدەسەنگێنن و مامەڵەى لە گەڵدا دەکەن. جارێکیان هاوپەیمانى و پشتگیرى تەواوى خۆیان بۆ کارنامەکانى مالیکى نیشان دەدەن و جارێکى تریش گوشارى دەخەنە سەر و لە کارەکانى رازى نین. نۆرەیەکیان بەڕێوەچوونى پڕۆسەى سیاسى لە عێراقدا بە پۆزەتیڤ لە قەڵەم دەدەن و نۆرەیەکى دیکەیان پڕۆسەکە بە چەقبەستوو ئەژماردەکەن. لە لایەکیان بانگەشەى ئەوە دەکەن کە تا چارەسەرکردنى یەکجارەکى بارودۆخى ئاسایش و سیاسى هێزەکانیان هەر لە عێراقدا دەمێنێتەوە و لە لایەکى دیکەدا باس لە کەمکردنەوەى ژمارەى هێزەکانیان دەکەن، جارێکیان گوشار دەکەنە سەر ئێران و تۆمەتبارى دەکەن بەوەى رۆڵێکى خراپ دەگێڕێ لە عێراق و پشتیوانى گرووپە چەکدارەکانى شیعە دەکات، جارێکى دیکە رایدەگەیەنن بەبێ رێککەوتن لە گەڵ ئێراندا دۆخى عێراق چارەسەر ناکرێ.. ئەمانە و دەیان هەڵوێستى دیکەى حکومەتەکەى بۆش لە سەرەتاى هاتنە سەرکارى حکومەتەکەى (مالیکى)یەوە تا ئەمڕۆکە لە جیاتى ئەوەى هاوکارو هاندەر بووبن بۆ باشترکردنى بارودۆخى عێراق و رزگارکردنى هەرچى زووترى گەلانى عێراق لە تیرۆر و کوشتن لە سەر ناسنامە و سیاسەتى بەرتەنگى تایفەگەرى و کاولبوونى زیاترى ژێرخانى ئابوورى وڵات و...، بە پێچەوانەوە رێگر و کۆسپى زەق بوون لە بەردەم ئارامبوونەوەى بارودۆخەکە و پڕۆسە سیاسییەکەیان ئاڵۆزتر و پڕکێشەتر کردووە. ئەمەیان تەوەرێکى گرنگى کاریگەرى ئەو سیاسەتە دوو فاقیەى ئەمریکایە لە عێراقدا، تەوەرەکەى دیکەیان کە لەم ماوەیەى دواییدا بە چڕى لە لایەن حکومەتەکەى (بۆش)ەوە پیادە دەکرێت لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە وێڕاى دڵنیاکردنەوەى بەردەوامى مالیکى و حکومەتەکەى، ئەمریکا خەریکە بەرنامەیەکى دیکە دادەڕێژێت بۆ چۆنیەتى بەڕێوەچوونى پڕۆسەى سیاسى لە عێراقدا و هەرچى زووترى دەربازکردنى خۆى لەو گێژەنگەى ماوەى پتر لە چوار ساڵە تێیکەوتووە، ئەویش ئەوەیە کە خەریکە لە دەرەوەى پڕۆسەکەدا بە تایبەتیش لە گەڵ ئەو هێز و لایەنانەى پاشەکشەى یەکجارەکى خۆیان لە حکومەتەکەى مالیکى راگەیاند بگاتە رێککەوتنێک بۆ پێکهێنانى حکومەتێکى نوێ لە عێراقدا کە تائێستا سەرۆکەکەى بە شێوەیەکى یەکجارەکى ئاشکرا نەبووە. رەنگە باشترین بەڵگە بۆ سەلماندنى ئەو بیرۆکەیەى سەرەوە ئەوە بێت کە کەسێکى وەک عەلاوى، دواى راگەیاندن و ئاشکراکردنى کارنامەکەى بۆ ئایندەى نزیکى عێراق و هەوڵەکانى بۆ وەدەستگرتنەوەى دەسەڵات و لاوازکردنى حکومەتەکەى مالیکى، لە دیدارێکى کورتى راستەوخۆدا (لەم هەفتەیە) لە گەڵ کەناڵى ئەلعەرەبییە راشکاوانە رایبگەیەنێ کە بۆ جێبەجێکردنى کارنامەکەى بە راسپاردەى ئەمریکا و وڵاتێکى عەرەبى کە نەیویست ناوى ئاشکرا بکات لە گەڵ کۆمەڵێک کەسایەتى کۆنە بەعسى دیدارى کردووە و لە گەڵیاندا کۆبووەتەوە. ئەم جموجۆڵەى عەلاوى هاوکاتى بانگهێشت کردنى بەرەى تەوافوقى سوننى و بەرەى دیالۆگى نیشتمانییە، کە ساڵح موتڵەگ سەرکردایەتى دەکات، بۆ ئەمریکا و کۆکە لە گەڵ سەردانە کتوپڕەکەى (بۆش) بۆ ناوچەى ئەنبار و سەردانى شێخ و سەرۆک هۆزەکانى سوننە کە ماوەیەک پێشتر لە لایەن هێزەکانى ئەمریکاوە چەکدارکراوون. رازیکردنى سوننە بەرهەڵستکارەکانى پڕۆسەى سیاسى ئێستاى عێراق و رەواندنەوەى مەترسییەکانى کەوانى شیعى لە سەر وڵاتانى سوننە مەزهەبى ناوچەکە لە میانەى ئەو هەوڵ و جموجۆڵە خێرا و کتوپڕانەى ئەمریکادا دێن کە ماوەیەکە خەریکى جێبە جێکردنیانە .

رەنگە لە کۆتایى ئەم وتارەدا بشێ ئەوە بڵێین کە ئایندەى نزیکى عێراق لە چوارچێوەى ئەو کارنامەیە تازەیەى ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەدەر نییە و زۆربەى ئاماژەکان تەئکید لەو ئاراستەیە دەکەنەوە، ئەگەرچى تا ئێستاش ئەمریکا پشتیوانى بەردەوامى خۆى بۆ حکومەتەکەى مالیکى رادەگەیەنێ و لەولاشدا عەلاوى زۆر بە پەلە بەدواى رازیکردن و دەستەبەرکردنى دۆست و هاوپەیمانى تازەدایە بۆ جێبەجێکردنى کارنامە راگەیاندراوەکەى .

 

راستى و چەوتى ئەم بۆچوونەى سەرەوە پێویستى بە رۆژگارى داهاتووە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەرەنجامێکى چاوەڕوانکراوى سیاسەتى دووفاقییانەى دێرینى ئەمریکایە و پیادەکردنى ئەو رێسایە ئەمریکاییە کۆنەیە کە دەڵێ:" ئەگەر زانیت یارییەکە دەدۆڕێنى یاریزانەکان بگۆڕە". بەش بە حاڵى خۆشم لەو باوەڕەدام کاتى ئەوە نزیک بووەتەوە ئەمریکا یاریزانەکانى بگۆڕێ، ئەتۆ بڵێى یاریزانە تازەکان کامانە بن؟!