٣٠\٣\٢٠١٢
دوعا و سەردەشت
ویستیان چی بکەن و چی بڵێن!

تاھیر حەسەن
خۆشەویستی و ئازادی دوو چەمکن ناتوانن بێ یەکدی بژین. لە کۆمەڵگایەکدا
ئەم دوو چەمکە بونی نەبێت یان ئاستی تێگەیشتن لێیان ھێندەی ئەو ئاستە
بێت کە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆردا دێتەوە، دیسانەوە
دەکەوینە نێو ڕەھەندی تێگەیشتنێکی ناکامڵ لەم دوو چەمکە.
دوعا ئەو مرۆڤە سادەیە بوو، ویستی بەبێ ئاوڕ دانەوە لەو دیوار و
کۆسپانەی کە دین و عەقڵیەتی خێڵی پیاوسالاری بەرگری لە مانەوەیان دەکات،
بیان بەزێنێت و بە ئارەزومەندانەی خۆی خۆشەویستی بکات. بۆ خۆشەویستی
کردن کۆی سنورەکان بێمانا دەبن، ئیتر سنوری ئاین بێت یان نەتەوە و
نیشتمان. خۆشەویستی کردن پەیوەستە بە ھزر و ئیرادەی تاکەوە نەک پەیوەست
بێت بەوەی لەلایەن کۆمەڵگاوە یان دەسەڵات و خێڵەوە بێن سنورەکانی بۆ
دیاری بکەن. ٧/٤/٢٠٠٧، ئەو چرکە ساتە پڕ لە شەرمەزاریەیە کە عەقڵیەتی
تەسک بینی دینی و خێڵ نایەنە نێو تەوێڵی خۆیانەوە. کاتێک بەپێی خواستی
سەرۆک خێڵ و سەرۆک عەشیرەت، لە ڕێی پیاوە گوێ لەمست و کۆیلەکانیانەوە
بەر بونە ھەنجڕ کردنی جەستەی پاکی دوعا بەبلۆک و بە بەرد، ھەر ئەو ساتە،
ھێزی دەسەڵاتیش ئامادە بوو لە نەخشاندنی ئەو مێژوە پڕ لە شەرمەزاریەدا.
پۆلیس ھەمیشە ھێمایە بۆ دەسەڵات، بونی ئەو پۆلیسانەش لەوێدا، وە
بێدەنگە کردنیان بەرانبەر ئەو مەرگەساتە سریالییە، نیشانەی ڕەزامەندی
دەسەڵاتی کوردی دەگەیاند لەو نێوەدا. ئاخۆ گەر پۆلیس کاری بەرگری کردنە
لە حورمەتی تاک و ئازادیەکانی تاک و کۆمەڵگاش، ھۆکار چی بوو وانەیان
توانی جەستەی دوعای پەپولە لەو دیمەنە قێزەونەی تێی کەوتبوو ڕزگار
بکرێت؟ کاتێک دەڵێین چەمکی خۆشەویستی کردن دەبێت ئازادانە بێت، لێمان
دێنە دەنگ پیاوانی سەربە دینەکان و پیاوانی سەربەخێڵ و دەسەڵات، دەڵێن
ئێوە دەتانەوێت کۆمەڵگا بەرەو بەرەڵایی ببەن. ئاخۆ ئەوە بەرەڵایی و بێ
ڕەوشتی پەروەردەی کۆمەڵگای پیاو سالاری نیە کە ڕۆژانە گوێبیستی کوشتنی
ژنان دەبین؟ ئاخۆ کێن ئەوانەی ژنان بەگروپ و بە تاک بەرە و ڕێی
لەشفرۆشی ھاندەدەن؟ ئایا گەر تاکەکان بە ئارەزومەندانەی خۆیان
خۆشەویستی بکەن و بەھرەمەند بن لە پێداویستیە ئابوری و خۆشیەکانی
ژیانیان، دیاردەی لەشفرۆشی بونی دەمێنێت؟ کاتێک خۆشەویستی ئازادانە
بونی نەبێت ئیتر ھیچ مانایەک نیە بۆ ئەو کۆمەڵگا و دەسەڵاتەی بنی زمانی
و سەری زمانی لێدوان بێت لە ئازادی تاک و پاراستنی حورمەتی کەسایەتی
تاک.
کاتێک دیمان، پیاوانی ڕق ئەستوری کەللە پوت، چۆن بلۆک و بەرد دەگرنە
جەستەیەک کە بێجگە لە خۆشەویستی و ڕێز ھیچ بەدکاریەکی پێنەبوو بۆ
تێکدانی بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوە وکۆمەڵگا!؟ ھەر لەو چرکەساتەدا،
شەرمەزاری دەبێتە پەرچەمی دیار و ڕونی پەروەردەی باوی کۆمەڵگا! لە
کۆمەڵگایەکدا تا ئێستا لە پێش مێژوی بەردەباران کردنی دوعا و دوای ئەو
مێژوەش حیکایەتی کوشتن و سەربڕین و سوتاندنی ژنان ھەر بەردەوامی ھەبێت،
بە چ پێوەرێک دەسەڵات کە بەرپرسە لە گیانی ھاوڵاتیانی دەتوانێت بۆ
چرکەیەکیش باس لە مافەکانی ھاوڵاتیان و پاراستنی ئازادیان بکات؟ ئاخۆ
ژنان لە دیدی دەسەڵاتەوە مرۆڤێکی خاوەن کەسایەتی تایبەت بەخۆیانن یان
نا، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارە واقعیەیەی دەیبینین لە پەروەدردەی
ڕۆژانەی کۆمەڵگادا! دیارە ژنان تا ئەو ساتە بونیان ھەیە لە لایەن چەمکی
دین و دەسەڵاتەوە کە ژێر دەستەیی بن، نەک بەھرەمەند بن لە ئازادیە
ئینسانیەکانی خۆیان؟ دوعا دەیویست بە خێڵ و کۆمەڵگا بڵێت؛ لێم گەڕێن
باخۆم بتوانم چارەنوسی ئایندەی خۆم دیاری بکەم لەوەی کێم خۆش دەوێت؟
دوعا، بۆیە بوە بە سیمبولێک، تا لەو ڕێگایەوە کۆی کچان و کوڕانی
کوردستان، لەو ڕۆژەدا تەحەدای کۆی ئەو فەرھەنگ و کەلتورە قێزەونە باوە
بکەن و خۆشەویستی ئازادانە بخەنە سەر و کۆی پیرۆزی گەلێک کە لە مەینەتی
زیاتر ھیچ بەھایەکی نیە بۆ کۆمەڵگا و ئازادیەکانی تاک. ئاخۆ ئەوە
پیرۆزی دینەکان و سنور بۆ دیاری کراوەکانی نەتەوە و نیشتمان نین ،
ھەمیشە لە پشت دیاری کردنی شوناسەوەن بۆ تاک کە سەر بە چ ئاین و نەتەوە
و ڕەگەزێکە!؟ گەر لە کوردستاندا یاسایەک ھەبوایە بۆ بەرگری کردن لە
ھاوڵاتیان و کەرامەتیان، حەتمەن نەدەبوو بەم ئەندازەیە ئیھانە بە
کەسایەتی ژن بکرایە. بۆ دەسەڵات ئامادەیە فیشەک بە ھاوڵاتیانیەوە بنێت
بەڵام ئامادە نیە بەرگری لە مافەکانیان بکات؟
کاتێک دوعا و سەردەشت عوسمان دەبن بە ھێما بۆ جیھان بینی خۆشەویستی
ئازادانە و ئازادی دەربڕین، لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرن، کە دەسەڵات پشکی
ھەیە لنێو ئەو دوو مەرگەساتەدا. ٥/١/٢٠١٠ ڕۆژی تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنوس
و خوێندکاری زانکۆ سەردەشت عوسمانە. ئایا ئەم گەنجە دەیوسیت چی بە
کۆمەڵگا و دەسەڵات بڵێت؟ ئاخۆ ئومێدەکانی تەنھا لە نێو چونی ئەو جیھانە
نایەکسانیخوازیە نیە کە ئێستا لە نێو کۆمەڵگای کوردستاندا ھەیە؟
سەردەشت تەنھا خواستی گەر لە شێوازێکی فەنتاسیانەشدا بێت لە ڕێی
نوسینەکانیەوە دەردەبڕی، دەربڕی نەبونی جیھانێکە کە چینی ھەژاری
کۆمەڵگا بێبەریە لە خواست و ئازادیەکانی خۆی. نوسینەکانی ھیچ کات
بێحورمەتی کردن ناگەیەنێت بە ھەیکەلەی خێزانی چینەباڵاکان لە کۆمەڵگادا،
ھێندەی دەخوازێت گەر ئەو دابەش کردنە چینایەتیە نەبوایە ئەوا ئێوەی
دەسەڵاتداریش دەبوا لەگەڵ خەڵکی ڕەشوڕوتی کۆمەڵگادا، ھاو باڵا بن. ئەو
مرۆڤە ئازادیخوازە، ھاوشێوەی خۆشەویستیە سادەکەی دوعا، دەیویست بە
ئازادانەی خۆی بدوێت و کۆی سنورە حەرام و ھێڵە سورەکان تێک بشکێنێت.
شێوازێک لە خەبات کردن کە لە ڕێگای تواناکانی تاکێتی خۆیەوە دەیبردنە
پێشەوە، تا ئەوەی لە کۆمەڵگادا ھەلومەرجێک دروست بێ، چیتر مرۆڤ سنوری
بۆ دیاری نەکرێت، چیتر مرۆڤێک نەبێت دەوڵەمەند و سەردار وە مرۆڤێک
ھەژار و ژێر دەست. پێم وایە جوانترین و پیرۆزترین ئومێدی ھەبوو ئەو
مرۆڤە ئازادیخوازە. بەڵام ئەوە دەستی ڕەشتی دواکەوتوی و پیرۆز کردنی
سنورەکانی ھەیبەتی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و ناعەدالەتیە کە چاویان بە مرۆڤ
گەلێکدا ھەڵنایە کە بیانەوێت بە خۆشەویستی و بە ئازادی ژیان بەرنە
پێشەوە.
لێک گرێدانی ئەو دوو مێژوە وە نزیکایەتیان پێکەوە، لەو دەرئەنجامەوە
دێت، کە ئەم دوو مرۆڤە ھەڵگری جوانترین و پیرۆزترین شت بوون لە ھزری
خۆیاندا. ئەویش خۆشەویستی ئازادانە و جیھانی ئازادی ئینسانە. جیھانێک
کە ترس و تۆقاندن و سنوردانان بونی تێدا نیە. جیھانێک پڕاوپڕ لە ماف و
یەکسانیخوازی. یاد کردنەوەی ئەم دوو مێژوە، گەیاندنی کۆی ئەو مێژوە پڕ
لە مەرگەساتانە دەگەیەنێت، کە ڕۆژانە مرۆڤە بێدیفاعەکانی کوردستان
تێیدا لەلایەن دەستی دواکەوتوی و نەبونی ئازادیوە، دەبن بە قوربانی.
ئاخۆ لە ھەلومەرجێکدا تارمایی ترس لەوپەڕی توانایی ڕەشی خۆیدایە،
ئازادی ھیچ مانایەکی ھەیە لەو نێوەدا؟ ئایا دەسەڵاتی کوردی کە ھەردەم
باس لە سەروەری یاسا و پاراستنی مافەکانی ھاوڵاتیان دەکا، چ
پێویستیەکیان بە پاراستنی جیھان بینی ترس ھەیە؟ بۆ دەبێت مرۆڤە سادەکان
وا پەروەردە بکرێن ھەمیشە ئاگایان لە خۆیان بێت و ڕێگە ترسناکەکان
نەگرنە بەر؟ کامەن ئەو ڕێگا ترسناکانە کە تاکی پێگۆش دەکرێت، لەوەی
ھەمیشە ملکەچی ڕێسا و نەریتە باوەکان بێت لە کۆمەڵگادا؟ ئاخۆ کۆی یاسا
و ڕێسا و نەریتەکان بە قازانجی جیھانبینی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی
دەسەڵات و ئاینەکان ناشکێتەوە؟ کاتێک مرۆڤێک تیرۆر دەکرێت لەسەر ئەوەی
دەیەوێت ئازادی و خۆشەویستی لە کۆمەڵگادا بچەسپێت، ڕۆشنتر لەم پەیامە
چیە؟ ئاخۆ بونی ئەو دوو چەمکە دەبنە ھۆکاری ڕوخانی دەسەڵات و نەریتی
باو لە کۆمەڵگادا؟ ئەگەر ببنە ئەو ھۆکارەش، بەڵام لەکاتێکدا بە قازانجی
بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگا تەواو ببێت بۆ ئەوەی ڕزگریان ببێت لەو ژیانە
بێ خۆشەویستی و بی ئازادیە، ئیتر بۆ خەبات نەکرێت لە پێناو بەدەست
ھێنانی ئەو دوو ئامانجە بەرز و پیرۆزەدا؟ ئایا کاتێک دەسەڵات بۆخۆی
دەبێتە بەشێک لە بەردەم لە خوێن ھەڵکێشانی خۆشەویستی و ئازادیدا، ئەو
دەسەڵاتە دەبێتە دەسەڵاتی کۆی کۆمەڵگا، یان تەنھا بۆ قازانجی بەرەیک و
چینێک کار دەکات، کە دوژمنی سەرەکییان جیھانێکە کۆی مرۆڤەکان تێیدا
بەیەکسانی و بەڕێزەوە بژین؟
دوعا و سەردەشت بوون بە دوو سیمبولی ڕێگای خۆشەویستی و ئازادی. بۆ
کۆمەڵگاش گەر دەخوازێت ڕێزێک بەو دوو چەمکە بدات، دەبێت ھەموو ببنە
ھەڵگری ئەو دوو چەمکە! بە پێچەوانەوە تا ئەو ساتەی چەمکی خۆشەویستی
ئازادانە و ئازادی بونی نەبێت، ھەردەم خۆمان لەبەردەم دوبارە بونەوەی
دیمەنەکانی تیرۆرکردنی دوعا و سەردەشتدا دەبینینەوە؟؟؟؟؟؟؟
٢٨\٣\٢٠١٢
ماڵپهڕی تاهیر
حهسهن
|