ئەفیونەکانی
دەسەڵات!

فریاد هیرانی
فەیلەسوف و بیرمەندی گەورەی مرۆڤایەتی(کارڵ مارکس) سەبارەت ئاین،
وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێ :(ئاین ئەفیونی گەلانە!) هێنانەوەی
ئەم نمونەیە مەبەست ئەوە نیە باوەڕمان بەم قسەیە هەبێ یان نەبێ ، بەڵام
ئەم نمونەیە زۆر شتی تری لەم بابەتەمان بیرئەخاتەوە ، کە دەسەڵاتی
کوردی لە جیاتی یەک جۆر ئەفیون ،چەندەها جۆر ئەفیون بەکار دێنێ و وا
خەریکە لەناو ئەفیونەکانی دەسەڵات ئەوەندە بێهۆش دەبین ئاگامان لە
خۆمان و دونیاش نامێنێ!
(ئەفیونی دابونەریت و ئادابی گشتی) ئەمە جۆرە ئەفیونێکە خەڵکیان پێ
هەڵخەڵەتاندووە ،چونکە ئەزانن خەڵکی ئێمە زۆر پەیوەستە بە دابونەریتی
کۆمەڵایەتی و ئاین ، لە پەنای ئەم دەستەواژانەش سەری ئازادی پێ ئەبڕن
و، ئازادییەکانی پێ بەرتەسک ئەکەنەوە ، سەیر لەوەدایە تا ئێستاش
پەرلەمانی کوردستان ،نەیتوانیووە بە جۆرێک وەسفی دابونەریت و ئادابی
گشتی بکا لە ناو یاسای رۆژنامەگەری ،کە نەبێتە مایەی کۆسپ دروستکردن
لەبەردەم قەڵەمی ئازاد و بوێر ، ئەگەریش هەر بەم شێوەیە بڕوا
رۆَژنامەنووس ناوێرێ بە وەزیرێک بڵێ (بۆینباخەکەت بە هەڵە بەستووە!)
چونکە بە بیانوووی پێشێلکردنی دابونەریت وئادابی گشتی رووبەڕووی
قورسترین سزای یاسایی ئەبێتەوە ، تا ئێستاش پڕۆژەیاساکە هەر لە نێوان
پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم (سەفاومەروایەتی) و خۆشبەختانە،بەڕێز
سەرۆکی هەرێم پڕۆژەکەیاساکەی کە پەرلەمان دەنگی بۆ ئیمزای ناکا ،
هیواداریشین ئیمزای نەکا تا وەک یاسایەکی پێشکەووتوو کە ئازادی
رۆژنامەگەری تیا جێگیر نەکرێ.
(ئەفیونی رەقەمەکانی کێشەی کەرکوک) هەر دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق ، کە
سەرکردایەتی سیاسی کورد نەیتوانی (بەبێ بەغدا) کەرکوک بگێڕێتەوە
سەرهەرێمی کوردستان و ، بیکاتە ئەمری واقیع ، ئیتر مادەی 58و پاشانیش
مادەی 140 و خواش ئەزانێ بە چەندین رەقەمی تریش گێژ و وڕمان ئەکەن !
سەیر لەوەدایە پێش تەواو بوونی ماوەی یاسایی جێبەجێ کردنی مادەی 140
چەند سعاتێکی مابوو ، کەچی گوێبیستی لێدوانی وا ئەبووین کە پێی دائەگرت
لە کاتی خۆیدامادەی 140 هەر جێبەجێ ئەکرێ !!
(ئەفیونی رووبەڕوبونەوەی گەندەڵی) لەم چەند رۆژەی رابردوو لەسەر شاشەی
تىلىفزیۆنەکان بینیمان ، کە ناوی چەند کەسێک کە گەندەڵی و دزیان کردبوو
، ئاشکرا کرا کە ئەمە جێگەی دڵخۆشیە حکومەت هەنگاوی وا بوێرانەی هەبێت
،بۆ قەڵاچۆکردنی گەندەڵی ،بەڵام تێبینیەک هەیە ئەویش (ئەم چەند کەسە
پلە و پایەی گەورەیان نەبوو) ئەگەر ئەم هەڵمەتە گەندەڵچی و دزە
زەبەلاحەکان و فیرعەونەکانیش نەگرێتەوە ، بە دڵنیاییەوە ئەمەش ئەبێتە
جۆرێکی تری ئەفیون و چاوی خەڵکی پێ ئەگرن و خەڵک بەوە هەڵئەخەڵەتێنن کە
بە کردەوە رووبەرووی گەندەڵی ئەبنەوە ،هیوادارین ئەمەش نەبێتە ئەفیون .
خوا بە زیادیکا ئەفیون ئەوەندە زۆرە ئەوەندە زۆرە لە ژماردن نایە ...
هەقە خەڵک چاوکراوەتر بێت و هەقە هەموومان بێینەوە هۆش خۆمان و چیتر
بەم ئەفیونانە گێژ نەبین !!
fhirany@hotmail.com
|