(
المال السائب یعلم السرقە ).

ستار محەمەد قادر
ئەگەر چاوێک بە دیرۆکی نەتەوەی کوردا بگێڕین، دەبینین بە درێژایی مێژوو
کوردستان داگیر کراو و گەلی کوردیش ستەملێکراو بووە، بە واتایەکی دی
داگیر کەرانی کوردستان هیچ جۆرە مافێکیان بۆ کورد لە سەر زێدی خۆی بە
رەوا نەزانیوە، هەر کاتێکیش ئەگەر گۆڕان یان هەلێکی زێڕین بۆ ئەم
نەتەوە ستەم دیدەیە لە هەر وڵاتێک لە وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان
هاتبێتە ئاراوە، ئەوا لە بەراییەوە بە کۆمەڵێک پەیمانی وەهمی کوردیان
لە خشتە بردووەو لە کۆتایشدا بە مایەی خۆیەوە لە هاوکێشەکە وەدەریان
خستووین، نموونەی لەو جۆرەشمان زۆرە، دەتوانین زیندووترینیان رووخانی
رژێمی شاو هاتنە سەر حوکمی رژێمی ئاخوندەیی ئێران بە نموونە وەربگرین.
وەکو دەڵێن مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، ئەمڕۆیش وەکو لە هەواڵەکاندا
بەر گوێمان دەکەوێت، لە ئێراقی دیمۆکراس و فیدراڵدا، حەزرەتی مالیکی
خودا بیپارێزێ و دەست بە عومرییەوە بگرێت، کە بە یارمەتی ئێمەی کورد
تووانی ئەو کورسییە لە ژێر "جافەری" رابکێشێ و خۆی لە سەری ببێت بە
حاکم، لە دووای ئەوەی ئێستا لە بارتەقایدایە لە سەر پێکانی دوور لە
ئەژنۆ لەرزین رابووەستێت، یەکەم ئەرک لە ئەجێنداو بەرنامەی کاریدا،
کردنەوەی ریسەکەی کوردە بە خوری!
ئەمەش ئەوەمان بۆ دوو پات دەکاتەوە کە ئێمەی کورد ئەزموون لە
رابردوومان وەر ناگرین و ئەگەر مار بۆ چەند جارێکیش بمانگەزێت، هەرگیز
لە گوریس ناسڵەمینەوە!
مانشێتی ئەم بابەتە گوزارشت لەوە دەکات کە ماڵی بە جێ هێڵراو یان بێ
خاوەن، دز بەر هەم دەهێنێت، بۆیە لێرەوە ئەوەمان بۆ پشت راست دەبێتەوە
کە کورد یان راست تر سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان هەرگیز خۆیان بە
خاوەنی راستەقینەی ئەو پاناتییە جوگرافیایە نەزانیوە کە لە سەر نەخشە
بە کوردستان دێتە ناساندن، بۆیە لە دەرەنجامی بێ دەربەستی ئەوان و
پەراوێز کردن و فەرامۆش کردنی بەشێک لەو پانتاییەو خۆ گێل کردنیان لە
ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەدا، کە ساڵانێکە کۆمەڵانی خەڵک،
رۆڵەکانی ئەم میللەتە لە سەر بانگەشەی ئەوان خەباتی بۆ دەکەن و لەو
پێناوەشدا قووربانییەکی زۆریان بەخشیوە، دەبینین مالیکی لە رێی
گەمەیەکی گاڵتە جاڕییانەوە دەیەوێت بۆ جارێکی دیکە خەونی کوردو ماددەی
"140" لە زاکیرەی سەرکردایەتی کورد و بنکردایەتییەکەیدا بسڕێتەوە!
ئەمڕۆ ئێمەی کورد دەبێت زۆر بە راشکاوییانە دان بەو راستییانەدا بنێین،
کە ئەوە ئەوان نین تاوان دەرهەق بە ئێمە دەکەن، بەڵکو ئەوە ئێمەین لە
کاتی هەلە زێڕینەکاندا دەرگای ماڵی خۆمان دەخەینە سەر پشت و بەوان
دەڵێین فەرموون خۆتان خاوەنی دووا بڕیار بن لە سەر ئایندەو مافە
چارەنووس سازەکانمان!
دەنا هەر میللەتێکی دیکە لە جێی ئێمەی کورد ببوایە، لە دووای ئەوەندە
کارەسات و ماڵکاولی، هەرگیز ئەوەی پێ هەزم نەدەکرا لە سەر بنەمای تەنها
ماددەیەک لە دەستوورێکدا کە قابیلی هەموار کردنە بە لایەنە سلبییەکەیدا
ئەگەر بوواریان بۆ بڕەخسێت، ریفراندۆم لە سەر زێدی خۆیان بە دەسکەوت
بدەنە هەژماردن!!
ئەمڕۆ ئەو گەمەیەی کە مالیکی لە بەرنامەیدایە لە گەڵ سەرکردایەتی
سیاسیی کوردا بیکات، راست ئەو پەندە کوردییەمان وەبیر دەهێنێتەوە کە
دەڵێت: " تا خاوەن ماڵ دزی گرد، دز خاوەن ماڵی گرد"! من لەو بڕوایەدام
کە دەبێت سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان بە خۆیاندا بچنەوەو کارەساتی
کیمیا بارانی هەڵەبجەو ئەنفال لە بەر چاو بگرن و حزووری جیددییان لە
ماڵی خۆیاندا هەبێ و وریا بن، بۆ ئەوەی نە بە کەس بخەڵە تێن و نەش
دەرگا بۆ کەسی دز بخەنە سەر پشت!!!
بە داخێکی زۆرەوە زۆرێک لە لێکۆڵەرو سیاسییەکانی کورد ئەوە دووپات
دەکەنەوە کە لە ئێراقدا تەنها رژێمی بەعس گۆڕاوە، دەنا ئەقڵییەتی بەعس
حزووری هەیەو بە هەمان تێڕوانین دەیانەوێت مامەڵە لە گەڵ کورددا بکەن،
تا ئێستا هیچ کام لە ئێمە باسی ئەوەمان نەکردووە ئەی چی لە ئێمەدا
گۆڕاوە؟! ئایا ئەو رەخنانەی ئاراستەی ئەوانی دەکەین، ئەوەمان بۆ
ناسەلمێنێت بە راشکاوی دان بەو راستییەدا بنێین کە "ئاشی نەزان، خودا
دەیگێڕێت"؟!
کاتێک کە ئێمە تەنها باس لە زاراوەی "دیمۆکراسی" دەکەین، ئایا
توانیومانە لە کوردستاندا بە راستی دیمۆکرات بین؟! یان دەسەڵات لە سەر
ستایلی دیمۆکراسی راستەقینە بوونیات بنێین؟! یان زۆر دوور نەڕۆین
تووانیومانە هۆشیاری دیمۆکراسی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا تەوزیف بکەین؟
تا ئەو وڵاتەی کە ئەوان بە گلەیین لێی لە ماوەییەکی زەممەنی کەمدا و لە
ژێر باری داگیرکاریی و شەڕی مەزهەبیی و تابووریی پێنجەمی وڵاتانی
ئێقلیمی کە لە سەر ناو مرۆڤ سەری لە لاشەی جیا دەکرایەوە، دیمۆکرات بێت؟!
ئایا بە راشکاوی توانیومانە دان بەو راستییەدا بنێین کە دیمۆکراسی لە
دەرەنجامی هۆشیاریی و رۆشنبیریی گەلانەوە لە سەر ئەرزی واقیع بەر جەستە
دەبێت؟! بە واتایەکی دیکە دیمۆکراسی بەرهەمی هۆشیاریی گەلانە بۆ
دەسەڵات، نەک لە دەسەڵاتەوە بۆ میللەت!
بۆیە تا کورد چاوی لە رەحمەتی ئەوان بێ و ماڵ و ئیرادەی بخاتە ژێر
دەستی ئەقڵییەتێکەوە کە بەم زووانە قابیلی گۆڕان نییە، دەبێت چاوی لە
مەرحەمەتی خودا بێت، تا دەرگایەکی دیکەی بۆ بکاتەوە!
من لێرەدا ئەوە دەخەمە پێش چاوی خوێنەران، ئەگەر مالیکی لە
بەرنامەیدایە لە "اماکن المتنازع علیە" "مجالس الاسناد" درووست بکات و
دەسەڵاتی ناوەند بەهێز بکاو لە دەسەڵاتی هەرێمەکان کەم بکاتەوە؟! دەبێت
ئێمە ئەجێنداو پلان و کارتەکانی دەستمان چی بن تا ئەو خەونەی لە بار
ببەین و نەهێڵین جارێکی دیکە جاشایەتی لەم وڵاتەی ئێمەدا تۆوی بەر
بگرێت؟! یان ئەم جارەشیان هەموو هەڵەکانی خۆمان دەخەینە ئەستۆی ئەوان و
بۆ جارێکی دیکە ئەوە بۆ هەموو لایەک دەسەلمێنین کە " ماڵی خۆ نەخۆر، بۆ
چەکمە بۆر" ەو ماڵی بەجێ هێڵراویش یان دز بەرهەم دەهێنێت، یانیش بێ
خاوەن سەر دەنێتەوە!!!!
کەرکوک
2008/11/18
star_qadr@yahoo.com
|