١٠\٥\٢٠١٠
ئەمجارەیان بکوژان
خراپ تێئاڵاون.

سەڵاح مەزن
تیرۆر دیاردەیەکە لە لایەن ئەو کەس،گروپء دەزگایانە پێڕەو دەکرێت، کە
هیچ دەرقەتێک بۆ لەیەکترحالیبون لەگەڵ بەرانبەرەکەیان ناهێڵنەوە، لە
پێناو بەرژەوەندى تەسکى ئایدۆلۆژى ، سیاسىء براگماتیکى خۆیان بڕیارى
کردەیەکى دڕندانە دەدەن، تیرۆرى سیاسى دیارترین جۆرەکانیەتى کە چ لە
رابردو یان لە ئەمرَدا پیادە دەکرێت، لە ناوەراستى سەدەى رابردء
دواتریش لە وڵاتانى رۆژاواى سەرمایەدارىء بە ئەمەریکاوە، هەروا لە
وڵاتانى سۆسیالستى پێشوشدا دژ بە تێۆشەرانى سیاسىء رۆژنامەوانء
بیرمەندانى ئازادیخواز وەک دیاردەیەک دەبینرا، دیارە لە وڵاتانى جیهانى
سێیەمى سیستەم سەربازىء توتالیتارى ئەو دیاردەیە تا بە ئەمڕۆ دەگات
درێژەى هەیە، بە پێى راپۆَرتى دەزگاکانى ئازادى رۆژنامەوانىء مافەکانى
مرۆڤ، کە ساڵانە وەک ئامارێک بڵاوى دەکەنەوە، تیرۆرکردنى رۆژنامەوانان
زیاتر لە وڵاتانى پاشکەوتوء دیکتاتۆرى دۆسیەى ئەستورى هەیە.
کەواتە وڵاتێک یان هەرێمێکى سەربەخۆخوازى وەک کوردستان، کە خۆى دەباتە
ریزى وڵاتانى پێشکەوتوو شارستان لە پیادە کردنى دیموکراسىء
دەستەبەرکردنى ئازادییە گشتییەکان لەوانەش ئازادى رۆژنامەوانى!! بەڵام
وا خەریکە لەو هەرێمە ( بێ وێنەیە لە دیموکراسى !! ) دیاردەى توندو
تیژى لە بەرانبەر رۆژنامەوانانء تیرۆرکردنیان رۆژ لە دوایى رۆژ
مەترسیدارتر دەبێت.
بە پشت بەستن بە راپۆرتەکانى نێونەتەوەیى لە ساڵى رابردوو دۆسیەى هەرێم
لە تەنگ هەڵچنین بە ئازادى کارى رۆژنامەوانىء نەبادا تیرۆرى
رۆژنامەوانان لە چاو عێراقء وڵاتانى وەک کولومبیا، مەکسیک روسیا ،تورکیا،
ئیسرایل، ئێرانء مەغریبءزۆرانى دیکەش لە وڵاتانى ناشارستانء دادیموکرات،
تا رادەیەک دۆسیەى هەرێم قسەى زۆرى لەسەر نەبو، بە تایبەتیش کە لە ژێر
فشارى رۆژنامەوانانى ئازادیخواز یاساى کارى رۆژنامەنوسى لە لایەن
پەرلەمانء سەرۆکى هەرێم واژۆ کرابو!! تەنانەت داواى پەیمانى
رۆژنامەوانى لە رۆژنامەوانان دەکرا.
راستە یاساکە واژۆکرا، پەیمانەکەش ریکخرا ، بەڵام ئاخۆ زەمانەتى
دەستورى هەیە بۆ جێبەجێکردنى ، کە ئەو یاسایە لەسەر ئەرزى واقیعء لە
لاى دامەزراوەکانى پۆلیس، ئاسایشء دادوەرى رێزى لێبگیرێت، بەو پێیەى کە
سەرۆکى هەرێم باڵاترین دەسەڵاتە لە هەرێمدا، چونکە هەرێم دەستورێکى
تایبەت بە خۆى نییەو دادگایەکى دەستورى نییە تا چاودێرى جێبەجێکردنى
یاساکان بکات، دەبوایە رۆژنامەوانان هەر زوو ئەو زەمانەتەیان لە سەرۆکى
هەرێم داوا بکردایە، ئەگەرچى بێ ئەو داواکردنەش ئەو ئەرکەى لە ئەستۆ
دەبێت، چونکە ئەو یاسایە لاى خۆیان بڕیارى کۆتایى لەسەر دراوە.
تیرۆرکردنى ( سۆران ) ى رۆژنامەوان ، دواتر فراوانبونى شێوازى
توندوتیژى لە بەرانبەر رۆژنامەوانان لە گەرمەى هەلبژاردنەکانى 25ى
تەموزى 2009ء 7ى ئادارى 2010دا، زەنگێکى مەترسیداربو، ئەوەتانێ وا لە
کاتێکا هەر لەم ماوەیەدا، یادى جەژنى 112مین ساڵەى رۆژنامەوانىء رۆژى
رۆژنامەوانى جیهانى بەرز راگیران، کە ئاکام ئا لە وەختێکى ئاوادا ء بە
بە رۆژى رۆژانء لە بەردەم حەرەمى زانکۆ (سەردەشت) ى خوێنکارء
رۆژنامەوان لە لایەن بکەرى نادیار دەڕفێنرێء بە پێى پلانێکى پێشوەخت
داڕێژراو لە بەینى دەبردرێ، دیارە لە دنیاى ئەمڕۆدا، گەمەکان زوو
ئاشکرا دەبنء بکەرى نادیاریش درەنگ یان زوو ئاشکرا دەبێت.
بەڵام ئەمجارە بکوژان، باش تێئاڵاونء هەڵەیەکى زەقیان کردوەء زەحمەت بە
ئاسانى لێى دەربازبن، چونکە تیریۆرکردنى رۆژنامەنوسێکى گەنج، خوێنکار ء
ئازادیخواز، لە سەرێکەوە تەواوى رۆژنامەوانء نێوەندەکانى مرۆیىء بگرە
راى گشتى نێوخۆیىء نێونەتەوەیى وروژاندوە، وا پێشبینى دەکرێت، کە ئەو
تاوانە وەک تاوانەکانى پێشو بەسەر نەچێء فشارء بەدواداچونى لەسەر
پێکدێت، چونکە لەسەرێکى دیکەوە تەواوى رۆژنامەوانى خوێندکارى کوڵێژو
پەیمانگەکانى راگەیاندنء زانکۆکانى کوردستان لەشکرێکە لە ژمار نایەن ،
حەتمەن لە گەڕانء بەدواداچونى دۆسیەى ئەو تاوانە ناڕەواو دژە مرۆییە،
بە هەقى رۆژنامەوانێکى گەنجى خوێنکارو ئازادیخوازى هاوڕێیان ء ئاشکرا
کردنى بکەرانى تاوانەکە ، سرەوتن نازانن.
بۆ ئەوەى دۆسیەى ئەو تاوانەش وەک دۆسیەکانى پێشو بە بەیاننامەو
ناڕەزایى و مەراسیمى فرمێسک دابەراندن کۆتایى نەیێ، با رۆژنامەوانانى
ئازاد، پارێزەرو یاساناسە سەربەخۆکانء دامەزراوەکانى مەدەنىء زانکۆکانى
کوردستانء تەواوى راى گشتى کوردستانى لە ناوەوەو دەرەوەدا، لەمەڕ ئەو
روداوەو مەترسییەکانى بۆ سەر داهاتوى پرۆسێسى دیموکراسىء مافء ئازادى
سیاسى، مەدەنىء رۆژنامەوانى هەماهەنگى بکەنء هەلویست وەرگرن ء وەک
هێزێکى فشار دەربکەون، جارێ بەر لە هەمو کارێک و هەرچى زووە ، بکوژانى
کاکە سەردەشت بدۆزرێتەوەو رادەستى دادگایەکى سەربەخۆ بکرێت، ئەگەر ئەو
دادگایە لە هەرێمء عێراق بونى نییە یان دەسەڵاتى لاوازە، با را دەستى
دادگایەکى نێونەتەوەیى بێلایەن بکرێن، ئەگەر نەوەى کۆنء سونەتى ئەو
کارەى پێ هەڵناسوڕێت ، با چیتر ئاستەنگ لەبەردەم هاتنە پێشەوەى نەوەى
نوێى ئازادیخواز نەنێتەوە.
selahmezin@yahoo.com
|