په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٣\٢٠١٢

ئەم گاڵتەجاڕیی و سیناریۆیە بەسە!

بەکر عوسمان     


ھەفتەیەک لەمەوبەر بە تەبلیغی فەرمی چەند کەسێک لە ئەندامانی خانەوادەکەم ئاگادار کراونەتەوە کە بەشداری بکەن لە دانیشتنی دادگای دۆسیەی سەردەشت عوسمان. تا ئەمرۆش ڕۆشن نەبووە کە ئەو پرۆسەی بەناو دادگاییە چۆنە؟


ئەوەی ئەمڕۆ ئەیبینین درێژە پێدانی ھەمان سیناریۆی گاڵتەجاری لێژنەی لێکۆڵینەوەیە.


ئەم نمایشە بەشێکە لە ھەوڵ و کۆشش بۆ شاردنەوەی قەزیەکە نەک ئاشکراکردنی. تەقەلایە بۆ داپۆشینی تاوانی تیرۆری سەردەشت، ھەر لەسەرەتاوە ھەڵسوکەوتەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە تاکو ئێستاش کاربووە لەدژی قوربانیەکە "واتە سەردەشت" نەک لە دژی بکوژان و تیرۆرستان. ڕاپۆرتەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە تاکو دوایین سیناریۆ گاڵتەجاریەکەی لە ھەمان بازنەی چیرۆکسازی و پیلانگێڕیدا دەخولێتەوە. ھەمووی کارکردن بووە لەسەر دادگاییکردنی سەردەشت و ڕۆژنامەنوسان و ئازدیخوازانی کوردستان. بەکردەوەش پەنادانی تیرۆستان و بکوژانی سەردەشت بووە.


ئەم دادگاییە سیناریۆیەکی بێزراوە، بەڕەسمی ناناسین و ئیدانەی ئەکەین. قەبولی ھیچ ئاکامێکی ناکەین. تیرۆرکردنی سەردەست وەکو کەیسێکی کراوە لای ئێمە و تەواوی ئازادیخوازان و نوسەران و رۆژنامەنوسان و خەڵکی کوردستان دەمێنێتەوە تائەوکاتەی لەلایەن لیژنەیەکی بێلایەن‌و بە سەپەرشتی لایەنی نیودەوڵەتی لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت. ئێمە جارێکیتر دەیڵێینەوە و لە وتنەوەی ماندوو نابین: پێویستە لیژنەیەکی پسپۆڕی بێلایەن بە بەشداریی نوێنەرانی ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیەکان‌و ڕۆژنامەنووسان‌و نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنیەکان پێک بێت، کە لە لیژنەیەکی واشدا نوێنەرایەتی ئێمە وەک خانەوادەی سەردەشت مانا‌و جێگای دەبێت.

بەڵام پرسیارە کە بۆچی لە ئێستادا سەردەشت ھێرشی ئەکرێتەوە سەر؟ مەسەلەی دادگایی کەیسی سەردەشت ھاوکاتە لەگەڵ مەسەلەی بانگکردنی رێکخەرانی خۆپیشاندانی ١٧ شوباتی پار. ئاشکرایە کە ئەمە دادگایی کردنی خەڵکەو ھێرشە بۆسەر خەڵک لەلایەن دەسەڵاتەوە.


ئەو دوو مەسەلەیە دوو تەوەرەو خاڵی وەستانەوەی خەڵک بوون دژی دەسەلات‌و سەرکوت‌و ناعەدالەتی و زوڵم، لەم ھەلومەرجەدا کە دەسەڵات بە خەیاڵی خۆی توانیویەتی پاشەکشە بە ناڕەزایەتی خەڵک بکات و ھاوکێشە سیاسییەکە بەجۆرێک بگۆرێت کە ئەم جارە ئەو ھێرش بکاتە سەر خەڵک و تۆڵەیان لێ بکاتەوە.


دادگایی کەیسی سەردەشت و بانگکردنی بەشدارو ئەوانی تر وەکو ئەوەی ئاسایاشی ھەرێمیان تێکداوە بە مادەی ٤٧٧ ی یاسای سزادانی عێراقی مانای ئەوەیە کە ھەمان پرۆسەی تیرۆری سەردەشت درێژەی پیدەدرێ و ئەمجارە لە سەرکوتکردنی ھەر دەنگێکی ناڕازی لەسەر ئەو کەیسەو تۆڵەکردنەوە لە ئەندامانی خێزانەکەی وەکو رەمزێکی وەستانەوە و ریسواکردنی ئەو تاوانە دڕندانەیە, درێژەی پێ دەدرێت.


دەبێ خەڵکی کوردستان وەکو چۆن لە روداوی تیرۆری سەردەشتدا ناڕەزایەتی خۆی دژی ئەو دەسەڵاتە نمایش کردو چۆن بەدوای ئەودا ١٧ی شوبات بووە ویستەگەی دوەمی بەڕەنگاربوونەوەی خەڵک لەگەڵ ستەم و سەرکوت و ناعەدالەتی، ئاواش سیناریۆسازی دادگایی سەردەشت و رێکخەرانی خۆپیشاندانی ١٧ی شوبات وەکو ھێرش بۆسەر خۆیان و ئومیدو خواستەکانیان، بۆسەر خەباتی خۆیان بۆ ئازادی و یەکسانی و کۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی- میلیشیایی، تەماشاو مامەلەی بکەن.


ئەمە ھێرشە بۆسەر خەڵک، بۆسەر ئازادی و ھەموو سەردەشتەکانی کوردستان، ھێرشە بۆسەر ئەوەی خەڵکی نارزای کوردستان بترسێنن و تەسلیمی سەرکوت و تیرۆری بکەن. بۆیە چاوەڕوانی لە ھەموو خەڵکی کوردستان‌و ئازادیخوازان و ھێز و لایەنە سایسیەکان کە داکۆکی لە خەڵک دەکەن، ئەوەیە کە دژی ئەم گاڵتەجاریە بوەستنەوە. دژی ئەم سیناریۆیەی حکومەت بوەستنەوە بۆ تاونبارکردنیان لەرێگای تاوانبارکردنی سەردەشت‌و (ڕۆژنامەی ئەھلی و ڕۆژنامەنووسانی ناڕازی) و ھەروەھا ئەوانەی ١٧ شوباتەوە.


٢٧\٣\٢٠١٢
ماڵپه‌ڕی به‌کر عوسمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک