په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

ئەنقەرە و تیرۆر و وڵاتانى دراوسێ .

 


محەمەدى مشیر     


لە راگەیاندراوى کۆتایى کۆنگرەکەى 2/11/2007 ى ئەستەمبۆڵ، کە وڵاتانى دراوسێى عێراق تێیدا ئامادە و بەشداربوون، ئاماژە بەوە کراوە کە هەموو لایەک هەوڵ دەدەن خاکى عێراق ( هەرێمى کوردستان) نەبێتە یا نەکرێتە بنکەیەک بۆ هێرشى تیرۆریستى بۆ سەر وڵاتانى دراوسێى عێراق.


رەنگە ئەم خاڵە یەکێک لەو خاڵە گەوهەرییانە بێت کە دەرهاویشتەى ئەو گۆنگرەیەن و لە کۆمەڵێک لایەنەوە پێویستى بە هەڵوەستە و لێوردبوونەوە بێت.


لەوەتەى رووخانى رژێمى دیکتاتۆرى بەعس و دوابەدواى هەڵبژاردنەکانى ساڵى 2005 کە نزیکەى 70% ى دەنگدەرانى عێراق بەشداریان تێدا کردو لە مێژووى هاوچەرخى عێراقدا دیموکراسییانە یەکەمین حکومەت و پەرلەمانیان هەڵبژارد و بە هەمان شێوەش یەکەمین دەستوورى هەمیشەیى وڵاتیان پەسندکرد، ئا لەو کاتەوە تا ئێستا رۆژ لە دواى رۆژ کردارى تیرۆریستى لە سەرتاسەرى عێراقدا تەشەنەى کردووە و گیانى هەزاران هاووڵاتى کردۆتە قوربانى، بۆیە سەرەتا پێویستە بگوترێ ئەوە ئێمەین لە عێراق و هەرێمى فیدڕاڵى کوردستاندا ساڵانێکە داوا لە (دراوسێکانى) عێراق دەکەین سنوورەکانیان بەڕووى تیرۆریستانەوە دابخەن و رێگا نەدەن لە خاکى ئەوانەوە تیرۆریستان دزە بکەنە نێو خاکى عێراقى فیدراڵ.. ئەوە ئێمەین بە درێژایى ئەو چەند ساڵەى رابردوو لە جیاتى بنیاتنانەوەى کوردستان و عێراق لە سەر بنەماکانى دەستوورى هەمیشەیى نوێى عێراق، ناچارکراوین شەڕى تیرۆر بکەین و ئارامى بگەڕێنینەوە وڵات.. ئەوە ئێمەین بەردەوام داوا لە وڵاتانى دراوسێ دەکەین دەست لە کاروبارى ناوخۆى عێراقى تازە وەرنەدەن و لێمان گەڕێن با درێژە بە ئەزموونە تازەکەى عێراقى فیدڕاڵ بدەین .. ئەوە ئێمەین چەندین جارە داواتان لێدەکەین یارمەتى تیرۆریست و گرووپە چەکدارە تونددڕەوەکان مەدەن تاکو بارى ئاسایشى عێراق هێور و ئاسایى ببێتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانى عێراق تاوێک بە ئارامى چاوبنێنەوە و لە ئاشتیدا بژین...


سەیرە دواى ئەو ماوە درێژە لە هەڵویستى چەوت و نادروستى وڵاتانى (دراوسێ) ئەڵڵا قۆیماسن تورکیا دەیەوێت گلۆرەکە بخاتە نێو یاریگاى ئێمە و حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق بەوە تاوانبار بکات کە گوایە لە خاکى عێراقەوە( لە کوردستانەوە) تیرۆریستان هەڕەشە دەکەنە سەر وڵاتانى دراوسێى عێراق. زۆر سەیرە دز بیەوێ خاوەن ماڵ تۆمەتبار بکات لە کاتێکدا حکومەتى تورکیاى( دراوسێ) دەیەوێت هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق بەوە تاوانبار بکات کە گوایە پشتیوانى لە تیرۆریستان دەکەن، کەچى ساڵانێکە خۆى زۆر بێشەرمانە و بە شێوەیەکى بەردەوام پشتیوانی لە بەرەى بەناو تورکمانى کردووە و دەیان جاریش هەڕەشەی لە کورد و حکومەتى هەرێم کردووە، وێڕاى ئەوەى کە حکومەتى هەرێم هەمیشە خوازیارى رێگاچارەى ئاشتیانە و دیپلۆماتیانە بووە. گەر تورکیا بە نیازە لەم رێگایەوە قەیرانەکانى ناوخۆى بخاتە ئۆباڵى وڵاتانى دراوسێ ئەوا باشترە سەرەتا ئەوەبزانێ کە هەبوونى PKK دیاردەیەکى تازە نییەو لە هەمان کاتیشدا دەرەنجامى خودى ئەو سیاسەتە عەسکەرتارى و هەڵوێستە سیاسییە شۆڤینستانەیە کە پتر لە سەدەیەکە حکومەتە یەک لە دواى یەکەکانى ئەو وڵاتە دەرحەق بە بوونى پتر لە 25 ملیۆن کورد ئەنجامى دەدەن.


ئەوەى مایەى نیگەرانى حکومەتى تورکیایە لە پەناى پەکەکەدا ئەزموونى تازەى عێراق و حکومەتى هەرێمى فیدڕاڵى کوردستان و جێبەجێکردنى ماددەى 140 ى دەستوورى هەمیشەیى عێراقى فیدڕاڵە، هەر ئەمەش بووەتە کابوسێک کە خەو لە چاوى ژەنەڕاڵەکانى تورکیا دەزڕێنێت نەوەکو هیچى تر. تورکیایەک کە جگە لە زمانى زەبروزەنگ و داپڵۆسین هیچ رێگایەکى دیکە ناگرێتە بەر بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى ناوخۆى پشتیوانى لە تیرۆر دەکات و هەڕەشەیە بۆ سەر وڵاتانى دراوسێى یان حکومەتى کوردستان و عێراق کە هەمیشە خوازیارن وڵاتانى دراوسێ دەست لە کاروبارەکانى ناوخۆى عێراق وەرنەدەن و هەرکێشەیەکیش هەبێت لە رێى دیالۆگ و رێگا چارەى ئاشتیانەوە لە نێوان دراوسێکان چارەسەر بکرێت؟؟ کامەیان لەوە نزیکترە خاکى خۆى بکاتە بنکە بۆ تیرۆریستان، کەسێک بە دواى ئاشتى و تەباییدا بگەڕێت یان کەسێک جگە لە چاوسوورکردنەوە و نیشاندانى هێز هیچى دیکە نەزانێت؟