٣\١٠\٢٠١٠
ئەو گۆڵەى پارتى
لە لێکۆڵینەوەى تیرۆرکردنى سەردەشت عوسماندا کردى.

گەرمیانی حەمەى پوور
ڕاگەیاندنى ئەنجامە نامەنتقییەکەى لیژنەى لێکۆڵینەوە لە شەهید کردنى
سەردەشت عوسمان، بۆ خەڵکى کوردستان و بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و
ڕۆشنبیران شتێکى نائاسایی بوو و چاوەڕوانى وەها دەرئەنجامێکیان نەدەکرد
بەتایبەت ناساندنى سەردەشت بە تیرۆریست و هاوکار یا ئەندامى گروپێکى
تیرۆریستى وەک ئەنسارلئیسلام، بەڵام لاى من ئەوەى کە جێگەى ناڕەحەتى و
نیگەرانییە ئەنجامەکانى لێکۆڵینەوەو ڕێکخستنى سیناریۆ و بە تیرۆریست
ناوبردنى شەهید سەردەشت نییە، بەڵکو نیگەرانى من لەو بێ هەڵویستییەى
شەقام و بە تایبەتیش ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیرانە کە ئەو سیناریۆیەى
پارتییان بەسەر دا تێپەڕى.
تیرۆر کردنى ئەو تەنها تیرۆر کردنى مرڤێک نەبوو، بەڵکو تیرۆر کردنى ئەو
بەو شێوەى کە ڕوویدا، تیرۆر کردنى مرۆڤێکى ئازادى خواز و هاوکات
تیرۆرکردنى قەڵەم و ئازادى بیرو ڕاو و چاو ترساندنى ڕۆژنامەنووسان و
هەوڵدان بۆ بەرتەسک کردنەوە ئازادى کارى ڕۆژنامەنووسى و ڕاگەیاندن بوو
لە هەرێمى لە هەرێمى کوردستان، ئەگەر تەنها لە بەر ئەمەبوو تیرۆر کردنى
سەردەشت عوسمان بە جارێک شەقامیی کوردى و ناوەندەکانى خوێندن بە تایبەت
زانکۆو پەیمانگاکانى وورووژاند و شەپۆلەکانى ناڕەزایەتى و دەربڕینى بە
شێوەى خۆپیشاندان و وتنەوەى دەیان دروشم ناوەوەو دەرەوەى وڵاتى هەژاند،
ئەوە دەبوو ئەو ئەنجامە گاڵتە جاڕییەى لیژنەکەى لێکۆڵینەوە
ڕاگەیاندووەو شەهیدێکى قەڵەم بە تیرۆریست تاوانبار دەکات، دەبوو نەک
هەر لە زانکۆکان و چەند شوێنێکى دیارى کراوى وەک ئەوەى شەهید بوونى ،
بەڵکو دەبوو شەپۆلى ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانەکان تەنانەت لادێکانی ئەم
وڵاتەشى بگرتایەتەوە، هەر وەک دەبوو ڕۆژنامەنووسان داینەمۆى ئەو شەپۆلە
ناڕەزایەتییە بوونایە، چونکە ئەگەر تیرۆر کردنى کاکە سەردەشت لە سەر
چەند پارچە نوسینێک مەرگى پێ ڕەواببینرێت بە ماناى تیرۆر کردنى ئازادى
بیرو ڕا بێت، ئەوە ئەنجامى لێکۆڵینەوەکەى ئەو لیژنەیە ئەوەمان پێ ئێژێت
کە ئیتر هەر کەسێک "زمان درێژیی" بکات و دەست بۆ "بڤە"کان ببات و "پیرۆزییەکان"
بخاتە ژێر پرسیارو دەستیان بۆ ببات و "هێڵە سورەکان" ببەزێنێت نەک هەر
تیرۆر دەکرێت و ناو دەمى بەر گوللە دەدرێت، بەڵکو ئەوە تیرۆریستەو
ڕەواش نییە کەس پشتیوانى لە تیرۆریست بکات، مەگەر تەنها تیرۆریستان و
هەر کەسێکیش دژى بڕیار بێت بێگومان پشتیوانى تیرۆرە.
بەداخەوە کە ئەمە بەسەر ڕۆژنامەنووساندا تێپەڕى بەتایبەت ڕۆژنامە ئەهلى
و ئازادەکان، بەڵام دیارە پارتى زۆر لەوە دوور بین ترەو وەک یاریزانێکى
بە ئەزموون لە گۆڕەپانەکەدا دەستى بەیارییەکانى کرد و لە ڕێگەى
سکرتێرەکەى مەکتەبى سیاسییەوە بە تۆمار کردنى چەند سکاڵایەک کە ڕەنگە
بۆ خۆشیان پێکەنینیان پێ بێت داواى قەرەبووى خەیاڵییان کرد، بەڵام
ئاشکرایە کە پارتى مەبەستى وەرگرتنى ئەو قەرەبووە نییە، ئەوەندەى کە
مەبەستى مراوغەو سەرقاڵکردنى میدیاى ئەهلى و ئازاد بوو بە کێشەکانى
خۆیانەوە تا نەیان پەرژێتە سەر دۆسیەى لێکۆڵنەوەى تیرۆر کردنى سەردەشت
و بە کێشەکانى خۆیانەوە سەر قاڵ بن، ئەویش بۆ خۆى ئەو ئەنجامە
ڕابگەیەنێت کە ڕایگەیاند و هەمووشمان بینیمان کە وەک یاریزانێکى بە
ئەزموون چۆن گۆڵى خۆى کردو بەفریودانى گۆڵچییەکانى میدیاى ئازاد
نازناوەکەى بردەوە.
ماڵپهڕی گهرمیانی حهمهی
پوور
|