په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئەو کوڕە لێپرسراوەى (لەڤالانتایندا)، ڤێللاکەى کردە دیارى خۆشەویستەکەى!!


گۆران دوکانى    


بمبەخشن....سەرەتا داواى بەخشین لەهەموو ئەو بەڕێزانە بەگشتى و ئەو عاشقە دڵپڕانە دەکەم بە(تایبەتى)،مەبەستم ئەوانەیە کە پێشتر خوێنەرى ئەم بابەتەى من بوون و ئەمساڵیش لەهەمان کاتدا و لەو یادە ناسکەدا بەخوێندنەوەى ئەم بابەتە بۆجارێکى دیکە دووبارە ئازارى ناخیان دەدەمەوە!!.


ئەمەى ئێستا تۆى خوێنەرى ئازیز دەیخوێنیتەوە ئەوبەسەرهاتە واقیعەیە کە(پارساڵ) لەیادى ڤالانتاینا کوڕى بەرپرسێک"ڤێللایەکى"کردە دیارى خۆشەویستەکەى،ڕەنگە ئێستا لاى هەمومان بەخودى خۆشمەوە ئەوپرسیارە دروستبێت (کەواتە دووبارە گەرمکردنەوە و ترشوخوێکردنەوەى ئەم ووتارە لەپاى چی دێت)؟!،بەڵام با هەمووان ئەو ڕاستیە باشتر بزانین لەم نیشتیمانەى کەتۆزقاڵێک ئاسودەى بۆئێمەى گەنج تێدانەماوە هاوکات چینێکى (فیرعەون) ئاسا دروست بوە کەزۆرینەیان وەچەى لێپرسراون جگەلەوەى کەبەوپەڕى ڕەفاهییەتەوە تەمەتوعاتى حەیاتیان دەکەن،هاوکات لەڕوانگەى دەرونیشەوە بەردەوام ناخ وشعورى گەنجانى ئەم هەرێمەبرینداردەکەن بەو ماددە وسەروەت وسامانەى لەبەردەستیان دایە کەجیاوازیەکەى (ئاسمان وڕێسمانە) بەراورد بەگەنجانى ئەم هەرێمە،بەردەوام مناڵى ئەم چینە لاف وگەزاف لێدەدەن بەسەرخەڵکى قوڕبەسەروخێر لەخۆنەدیوى کوردستاندا بەجۆرێک کەوێنەى نیە،ئەم چینە هەموو ژیانیان ئۆرجناڵە لە"تەلار وکۆمپانیا وبەنزینخانە ومەزرەعە وئۆتۆمبێلەکانیانەوە بیگرە تادەگاتە خواردنى ڕۆژانەیان وپۆشاک وئیشکەرى ناوماڵیان وتەنانەت نەستەلەى دەمى مناڵەکانیشیان"،ئەمە جگەلەوەى زۆرینەیان ڕەگەزنامەى چەند وڵاتێکى ئەوروپایان لەگیرفاندایە نەک بەشێوەى خێزانى بەڵکوهەندێکیان بەشێوەى بنەماڵەو هەندێکیشیان ناوچەگەرى.


من لێرەوە دەچمەناوەرۆکى مانشێتەکەى سەرەوە،(14/2) جەژنى (عاشقانە)،ئەوجەژنەى دواى (224) ساڵ پێش زاین کەلەئەوروپاى ڕۆژئاوا ولەوڵاتى ئیتالیاوەلەسەردەستى قەشە(ڤالانتاین) سەریهەڵدا،ئێمەى کورد چەندساڵێکە وەک سەرەتایەک بەم جەژنە ئاشنابوین،ساڵ لەدواى ساڵیش ئەویادە ناسکە کەتەعبیرلە ڕەهاترین بەها جوانەکانى مرۆڤەیەتى دەکات لەسەرئاستى جیهاندا ،لاى عاشقانى ئەم هەرێمەش بەشکۆداریەوە پێشوازى لێدەکرێت، ئەوعاشقانەى کەتائەمڕۆسادەترین مافى ژیانیان بۆدەستەبەر نەکراوە،بەڵام هەمیشە بەفانتازیایەکى پڕلەمیهرو ئالودەبونیان بەعیشقەوە وایلێکردون هەردەم لەبەرزترین و ڕەهاترین لوتکەکانى ژیاندا گوزەران بکەن.


لێرەوە ئەوچیرۆکە دەستپێدەکات کە(پارساڵ)لەیادى ڤالانتایندا هەژاندمى!،ڕۆژێک پێش ئەو یادە واتە(13/2) تەلەفونم بۆهاوڕێیەکم کرد کەخوێندکارى پەیمانگاى هونەرە جوانەکانە(بەشى موزیک/ئامێرى کەمان)، تاکوبۆبەیانى بانگێشتم بکات بۆپەیمانگا بەمەبەستى ئەوەى لەویادە ناسکەدا وەک ڕۆژنامە نووسێک لەوپەیمانگایەى کەپڕەلە(دەرونى پاک ،پڕەلەماچ ،پڕەلەهەست ،لێوان لێوە لەگۆرانى)ڕێپۆرتاژێک ئامادەبکەم ولەویادەیا هەستى خوێندکارەکان وەرگرم،بەڵام دواى ئەوەى هاوڕێکەم بەتەواوى لەمەبەستى من تێگەیشت،پاش کەمێک وەستان بەدەم هەڵکێشانى هەناسەیەکى ساردەوە پێى گوتم:ئەرێ بەڕاست ئەى بۆنایەیت لەسەرچیرۆکى عەشقى من ڕێپۆرتاژێک ئامادەبکەیت، کەعیشق لاى من چ دونیایەکى پڕلە لالەزارە،بەڵام هاوکات پارەى گوڵێکى سورى نایلۆنى بێبۆنم لەگیرفانا نیە تاکوبەیانى وەک هەمووعاشقانى سەراپاى جیهان بیدەم لە یەخەى هاوسۆزەکەم،هاوکات بەبەڵگەى ڕون وئاشکرا کوڕى لێپرسراوێکى ناسیاوى خۆمانت پێدەڵێم وابەنیازە کەبەیانى لەجیاتى گوڵ،(ڤێللایەکى)تاپۆکراوى خۆى پێشکەش بەخۆشەویستەکەى بکات!!بێگومان ئەوەى ئێستا خوێنەرى ئەم بابەتەبێت ئەوڕاستیە تێدەگات کەئەم جیاوازییە گەورەیە منى ڕۆژنامەنووس دەهەژێنێت و، واملێدەکات بەدواداچونێکى وورد لەسەرئەم باسەى هاوڕێکەم بکەم ،بەڵێ ئازیزان وازم لەڕێپۆرتاژەکەى پەیمانگاى هونەرە جوانەکان هێناو لەڕێگەى هاوڕێکەمەوە بەشێوەیەکى ووردو زانستى ولەسەربنەماى ئیتیکى ڕۆژنامەوانى دەستمکرد بە بەدواداچوونى ئەوهەواڵەى کەجارێ لاى من تەنها قسەیەکەو بەس،بۆبەیانى واتەڕۆژى ڤالانتاین ئەنجامى بەدواداچوونەکەم بەمشێوەیە دەرچوو،


لەمەراسیمێکى ڕەمزى خنجیلانەدا کاتژمێر(1:50)دەقەى دوانیوەڕۆ ئەو(بەڵێن نامەیە)ئیمزاکرا کەڤێللاى کاکى کوڕە لێپرسراو کرابەناوى خۆشەویستەکەیەوە،بەئیمزاى هەردوو شاهید(ڕ،ع،ل)ى هاوڕێى کوڕە بەرپرسەکەو(س،ک،ک)ى هاوڕێى کچەکە وبەحزورى پارێزەرێک کەهاوڕێى خۆیبو واتە هاوڕێى کوڕە بەرپرسەکەبوو لەگەڵ چەندمیوانێک!.


ئەمەش زانیارى ووردى ڤێللاکەو چۆنیەتى وەرگرتنی زەویکەوچەند ووردەکاریەکى دیکەیە.


زەویەکە لەشوێنێکى دوورەشارى دڵگیردایەو لەلایەن باوکیەوە لەڕێگەى واستەوە بۆى وەرگیراوە،بەرلەوەى کەبیکاتە ڤێللا تاپۆکراوە ماوەى سێ ساڵوشەش مانگە کراوە بەڤێللا و لەگەڵ تەواوبونیشیدا پڕکراوە لە تەئسیسى ناوماڵ و (حەسحەسێکیش) مانگانە بەبڕى(700)هەزاردینار لەسەر بودجەى گیرفانى کوڕەکەو!موچەى پۆلیسێکى بندیوار کەلەلایە باوکى کوڕەکەوە تەعینکراوە وەک (حیمایە)پاسەوانى ئەوڤێللایەیە!وەتە کاکى پاساوانیش دووموچەى پڵاوى بۆدابین کراوە!.


من لێرەوە بەوکوڕە لێپرسراوە دەڵێم:ئەگەردنیابو سودفەى ئەوەت کرد نیوکاتژمێرت لەکاتى خۆت بەخشى بەخوێندنەوە و ئەم بابەتەى منت بەرچاوکەوت ،من دڵنیام دووهەستت لادروست دەبێت:


1.یان پێکەنینت بەنووسینەکەم دێت وگاڵتە بەعەقڵم دەکەیت.
2.یان ئەوەتا ئەم بابەتە کەمێک دڵگرانت دەکات وڕەنگە بڵێیت ئەم کوڕە تەداخولى شتە زاتیەکانى منى کردوە.


بەلاى منەوە هیچکام لەم بیرکردنەوانەى تۆ گرنگ نیە،بەڵکوتەنها ئەوە بەگرنگ دەزانم کەلەڕێگاى ئەم ووتارەوە بە خۆت ونموونەى کەسانى وەک خۆت و بە باوکت و نموونەى باوکەکانى جەنابت و بەعاشقە دڵشکاوەکانى نیشتیمانەکەم بڵێم تەنهامەبەستم لەم نووسینەدا ئەوجیاوازیە گەورەیەى نێوان تۆو هاوڕێ بەدبەختەکەى خۆمە،مەبەستمە لەوگۆشەنیگایەوە ئەوەبڵێم خۆت وباوکت وهەرچى وەچەى لێپرسراوینى ئەم هەرێمە هەیە کۆیان بکەیتەوە ناتوانن (لەزمەیەک یاخودڕونتر بڵێین تۆنێکى موزیک)بژەنن،کەچى تۆلە ڤالانتایندا هاوسۆزەکەت دەکەیتە خاوەن ڤێللایەکى خانومان و هاوڕێکەى منیش هاوسۆزەکەى چاوەڕوانى گوڵێکى سوورى نایلۆنى لێدەکات!!.


هەروەها ئەو ڕاستیە تاڵەى مەبەستمە بە تۆو هەمووبەرپرسان و تەنانەت سەرکردەکانیش بڵێم ،دوورنییە لەدواڕۆژدا هاوڕێکەى من وەک هونەرمەندێکى خاوەن ئەزموون ولێهاتوو لەڕێگەى کەمانەکەى دەستیەوە سەرنجى دونیا بەلاى خۆیدا ڕابکێشێت و ببێتە هۆى سەربەرزى بۆم نیشتیمانە،کەهەموان ئەوڕاستیە باش دەزانین تەنها هونەرە ناسنامەو زمان حاڵى هەموونەتەوەکان،بەڵام ڤێللاکەى تۆ کەپێش(14/2/2008)خاوەنى بویت!لەگەڵ تەواوى ڤێللاوتەلارى فیرعەونەکانى ئەم هەرێمە بکەونە بەرغەزەب و بەردبارانى عاشقە دڵپڕەکانى نیشتیمانە کەساسەکەى من!!.


________________________________________________
* تەواوى زانیاریەکانم لەڕێگاى کەسێکەوە دەستکەوتوە کەلە"ئاهەنگەکەدا " بەشداربوو، بەهاوکارى بەردەوامى هاوڕێکەم ، هەروەها تەواوى مامەڵەى زەویەکەوچۆنیەتى تاپۆکردنى لەبەردەستدان، بەڵام بەپێویستم نەزانى بڵاویان بکەمەوە، چونى بڵاویان بکەمەوە، چونکە هەموومامەڵەکانى(یاسایین) ولەڕێگەى زیادکردنى ئاشکراوە پێشتر زەویەکەى پێدراوە،(بەڵام)! لەبەرامبەر بڕێک پارەى ڕەمزى کەمدا، ئەویش تەنها بۆ بە یاساى کردنى کارەکە، هەروەها بێئاگادارکردنەوەى"راگەیاند نەکانیش"واتە بێ ئیعلانکردنى زەویەکە ئەوکارە کراوە، بەڵام ئەو کەسە بە هەرجۆرێکبێت لەجۆرەکان لەڕێگاى(یاساوە)بۆتە خاوەنى ئەو (ڤێللایە)، بۆیە بە پێى هەموو پێوەرەکانى ڕۆژنامەوانى ناوهێنانى ئەوکەسەدەچێتەخانەى تەشهیرەوە.

 


Goran.dukani@yahoo.com