١٢\٧\٢٠١١
ئه‌و
رێیانه‌ی به‌ره‌و گه‌ڕه‌ک ده‌گه‌ڕانه‌وه...
خوناو سمایل
له‌و هه‌یوانه، له بریسکه‌ی چاوه زەقە بێخه‌وه‌کانی وی بترازێ، هیچی
دیکە نادرەوشێتەوە. لە ناو تاریکایی ئەو درەنگەشه‌وە هەر دێ و دەچێ و
ناحه‌جمێ... وه‌ک ورشه‌ورشی ئه‌و ره‌شه‌بایه‌ی
وا به‌ر داروباری ره‌زه دووره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی
شارەکە ده‌که‌وێ و ئارام ناگرێ، ئەوها ئۆقرەی لێهه‌ستاوه..
خۆی به دار و دیواران هه‌ڵده‌په‌سێرێ و ئه‌وسه‌ر تا ئەوسەری حه‌وشه
گه‌وره‌که ده‌کوتێته‌وه.
ئێ به‌و شه‌وه‌ش هاوار بۆ کێ ببا ؟! هه‌ر ئەوها باشتره.. ژانەکان
قووتی هه‌ناوی خۆی داته‌وه و جارێ دەنگی هاواران هەر بە "مممم ...
ئممم" لە گەرووی بزرکا. گه‌ر ئێستا له
گه‌ڕه‌ک بووایه، له
ناو خه‌ڵکه یه‌ک ماڵ و یه‌ک بەر و
خوانه‌که‌ی جاری جاران، به‌و ته‌نیاییە چاوه‌ڕوان
ده‌بوو!؟ هاوارانی قووت ده‌داوه !؟... ئه‌و
هه‌موو ناهه‌موارییه‌ی بەو دوایەی دووری
گه‌ڕه‌ک.. تاکه ساتێکیش سه‌رودڵی به‌رناده‌ن.
چۆن دەکرێ هزری گه‌ڕه‌ک نه‌کا!
جاران، له شه‌وه دوورودرێژه‌کانی وه‌ک ئه‌وشۆی، ده‌رودراوسێیان تا
سه‌رله‌سبه‌ینان وه‌ک که‌ژاوه له‌گه‌ڵی ده‌هه‌ژان.
هێنده‌ی خۆی ژانیان ده‌کێشا و ده‌بوونه
سێبه‌ری و به ده‌وره‌ی ده‌سووڕانه‌وه.
به‌و شه‌وه‌ی وا دێ و راده‌کشێ و تاریکییه‌که‌ی
به دواوه‌یه... مه‌گه‌ر داڵغه‌ی گه‌ڕه‌ک جار جاره به چریکه‌ژانی
وه‌ک گه‌زه‌ی مار تووڕبدرێن، ده‌نا ئه‌وشۆ..
سۆزێکی یەگجار زۆری بۆ ناو گەرەک هەستاوە و مەگەر
لەگەڵ ئازاری ژانان رایانماڵیتە
خوارەوەی ...جار جارە نەترەی رۆیشتنیش بەردەدا
و ئارەقە هەموو جه‌سته‌ی دەکا بە ئاو
و ژانەکانیش هەرەسی قورس دەخەنە بەر و
موسڵدان و هەردوو کەلەکە و لاقەکانی.
که ئازاره‌کان ده‌پسێن و هێورتر ده‌بنه‌وه، تینەک وە بەر خۆی ده‌داته‌وه
و دەڵێ "ده‌ی ده‌ی... شه‌وی له‌وه‌ش
ناخۆشترمان دیتیە... قاتی ئه‌وەش سبەینەکی رۆناکی لە دووە...".
ئومێد ده‌خوازی که خوا کردبای و به ده‌م و
دوعای زاری دۆستانی ده‌بێ و ئه‌و جاره‌یان " کوڕەکی" پێ بی.
ده‌ستی نه‌رم نه‌رم به‌سه‌ر زگه داته‌پیوه‌که‌ی ده‌خشاند و ده‌یزانی
وا ته‌واوەک شۆڕی ناو لینگانی بوویته‌وه.
بایه‌که‌ی ئه‌و شاره بچووکه‌ی که هه‌رقەت
بۆی نه‌بووه به سه‌بووریی و... سۆزی به
دوای گه‌ڕه‌کی له یاد نه‌بردیته‌وه، وا خه‌ریکه
وه‌ک جۆلانه هه‌موو شتەک بهه‌ژێنێ... دار و
دیوار و تەنەکە
زبڵه‌کانی بەر دەرکی ماڵە دوورەکان و
تەلە بێ کارابایەکانیش وا تێک ئالۆزاون و شەقەشەقیانە... که قاچه‌کانی
رێی گه‌ڕانی لێ دەگرن... له
لایه‌ک له‌سه‌ر چینچکانی وێک دێته‌وه
و هه‌ناسه‌ی قووڵتر هه‌ڵده‌کێشێ و
دەیەوێ هه‌ناوه گه‌رمه‌که‌ی خۆی بە هەناسەی فێنکی بایە سارده‌کە
فێنک کاته‌وه....
ئێستا ژانه‌کان وا به ته‌واویی
روو له دامەنینە. له تاوان و لە
دەست ئەو ئازارە لەپڕ و نەبڕاوانە بە
توڕه‌ییەک له سەر و کەلله‌ی
خۆی راده‌خوڕی و ده‌یه‌وێ قاڕی ئه‌و هه‌موو
داڵغه و خه‌یاڵانه‌ی دایگرتووە، بدا. له‌به‌ر
خۆی ده‌پرتێنی ده‌ڵێ "گه‌ڕه‌ک و مه‌ڕه‌کی چ".
ئێ هه‌ر ئەوان نه‌بوون به ده‌ریان نان!!
دیمه‌نی به زۆره‌ملێ بارکردنه‌که‌ی ئه‌و
رۆژه‌ی وه‌ک قیڕوجفت له
مێشکیداا تاوایته‌وه. زۆرجاریش له دڵ و له
په‌نای دڵ گله‌یی له ده‌رودراوسێیانی ده‌کا... نه‌ک هه‌ر له‌وانیش،
به‌ڵکو له هه‌ر هه‌مووان. هه‌موو ئەوانەی
"شه‌ڕه‌که"یان نایه‌وه، سه‌رباری پفکردنی
ئاژاوه... به هه‌مووان دڵه باشه‌کانیشیان
کرمن کردن و خه‌ڵکه‌که‌شیان له یەکتر کرد به دوژمن.
هیچ خوانێکی ته‌با و تفاق نه‌ما، ته‌ڕ
و هیشک به یه‌که‌وه سوتێنرا، میرات
و میراتگریی زه‌ق کرایه‌وه و شار
و گه‌ڕه‌ک و کۆڵانانی پێ دابه‌ش کرا...... هاتن و
بڕوبزگوڕه‌کانیشیان په‌له‌خشه پێ‌کرد
و گوتیان "بارکه"، " برۆن"!
ژانه‌کان وا توند و توندتر ده‌کا. له ده‌ست ته‌نیایی
ئه‌و شه‌ویشی سۆزی پتر
هه‌ڵده‌ستی و دیسان راپێچی
ناو جاری جارانی ئەولای ده‌دا.... که‌ی گه‌ڕه‌ک جاران وه‌ک ئیستا
ئەوها بوو؟ ئا.. ڕاسته، پێیان دەگوت گەڕەک،
به‌ڵام راستیه‌که‌ی هه‌موو لە خاوخێزانی یەک
ماڵ ده‌چوون...
خۆی جگه له مه‌مکه‌کانی دایەی، فرچکی به شیری یەک دوو دایکی
دیکه‌ی دانیشتووی ئه‌و گه‌ڕه‌که گرتووه.
وه‌ک زۆرینه‌ی منداڵانی ئه‌وێش زۆربه‌یانی
به خوشک و به برا ناوده‌بردن.
دەستەکی دیکه‌ی بە
سەر ورگە تەپیوەکەی داهێنا و بیری
لەو قسانە کردەوە کە لە یەک دووانەکی
بیستووە کە گوایە زگه‌که‌ی ئه‌و جاره‌ی له زگی کوڕان
ده‌کا. به‌ڵام ئەوەتە ژان و به‌ره‌ژانەکانی ئێستای هه‌ر له زگه‌کانی
دیکه‌ی ده‌چی... هه‌مووی له به‌ر
و موسڵدان و پانتایی زگەکەیە....
خۆزگه کوڕ ده‌بوو، مزگێنی بۆی ده‌نارد و پێی ده‌گووت "هه‌وارت چۆل
نییه".
له‌و ڕۆژه‌ی جێی هێشتووه ته‌نیا
یه‌ک نامه‌ی وی پێگه‌ییووه... جا له‌و ئاگربارینه‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌ش چاوه‌ڕوانی
چی پتری هەبی؟!.... سنووره‌کانه گیراون...
دایه‌ره‌کانه، له‌کارکه‌وتوون... خه‌ڵکه‌که‌ش بێ بڕوان و جێی متمانه
نه‌ماون.
که بوزگوڕه‌کانیان تێهه‌ڵده‌دان...پێی گوتن "لێره نه‌ماوه و سه‌ری
خۆی هه‌ڵگرت و ڕۆیشت" هاواری کردنێ گوتی "ئه‌و
نه‌یویست به دۆر و ته‌پری درۆ
و دەلەسە هه‌رپه‌ڕی ". گوتی "دەرچوون
و گیانکوژیی هه‌نده‌رانی
لا باشتر بوو له شه‌ڕی براکوژیی" .گوێیان
نه‌دایێ و باوه‌ڕیان نه‌کرد. گه‌ڕه‌ک پشتی خۆی تێکرد
و خۆی و منداڵه‌کانی ئه‌وه‌تە ماوه‌ی چه‌ند مانگێکه له‌و ته‌نیاییه‌ی
ئێره ژیان ده‌که‌ن، سه‌رباری هه‌موو خراپه‌کاریی
و دڵڕه‌نجاندنێکی لەو گەڕەکە، ئێستاش بۆ دووریان هه‌ناوی وه‌ک ته‌ندووری
گه‌رم ده‌سووتێ.
ده‌نگی بایه‌که به تینتر ده‌که‌وت و دەنگە
دوورەکان نزیکتر دەبوونەوە... شه‌وهکە
بە نیوە ببوو ... رۆناکیی
چراکانی بێ کاره‌بایی له چه‌ند شوێنێک داده‌گیرسان. غه‌ڵبه غه‌ڵب له
دیوی دیواره نزمه‌کانی به‌روحه‌وشه‌ی نزیکی کۆنه حه‌ساره گه‌وره‌که‌ی،
کە شاربەدەرکراوەکانی وه‌ک خۆی... ئاوه‌دانیان کردۆته‌وه
و لێی نیشته‌جێن، ده‌بیسترا. چه‌ند رمبه‌یه‌کی
دوور ده‌نگی دایه‌وه، رێژنه و
شریقه‌ی دوور و درێژ ده‌ستی پێ‌کرد و
دەنگی بایه‌که قه‌ڵه‌باڵغتر بوو.
خورپه و ترس و ژانی لێ تێکه‌ڵ بوو...
زانیان هێرشه‌کان ده‌ستیپێکردۆتەوه... لە ترسان ناو ده‌رپێکه‌ی به ته‌واویی
ته‌ڕ بوو، زگه‌که‌ش ته‌واوەک خۆی خزانده ناو
هەردوو لاقانی... ئیدی له
قووتدانی ترس بترازێ، شوێنی قووتدانه‌وه‌ی
هیچ ژانێکی نه‌ما و که‌وته زاک و زریکه و
هاواران.
یه‌ک دووەک پێیڕاگه‌یشتن و منداڵه‌کانیش له زریکه‌ی دایه‌یان وه‌ئاگاهاتنه‌وه...
له ژوورەکەی بنەبانێ ژنەک ده‌یخوڕیێ " قووه‌ت که ده‌ی... مه‌یپسێنه..
ده‌ی وا هات... ئه‌وه سه‌ریتی، مه‌یپسێنه، وەخت نەما... پارده... وا
هات " ههه... ههه... قوه‌تی ده‌کرد
و دوایین زریکه‌ی له‌گه‌ڵ واقه‌ی ساواێک تێکه‌ڵی یه‌کبوون و نه‌جاتی
بوو.
که ئاسۆیه‌کی زێڕین شه‌وه‌که‌ی دادڕی...
دایه و هه‌ر
چوار کچه‌که‌ی و مه‌لۆتکه ساواکه له پاڵ یه‌کدی
دانیشتبوون. رمبیه‌کی زل حه‌وشه‌که‌ی
له‌رانده‌وه... هه‌ر له ژێر هه‌یوانه‌که به سه‌ر
و سیمایەکی پێچراو و ده‌م و لێوەکی وشک به دوودڵیی
له دانیشتوانه‌که‌ی ده‌ڕوانی که خه‌ریکی خۆتێکنانی
رۆیشتن و راکردن
بوون.
هه‌مووان تێک ده‌قژقژان و په‌له‌په‌لیان بوو...
خێرومه‌ندێکیش په‌لی یه‌که یه‌که‌ی منداڵه‌کان و خۆی و مه‌لۆتکه تازه‌که‌ی
کێشایه ناو" لۆری"ه
گه‌وره‌که‌ی کە هەر بابا بوو هەر
یەک جێگەی خۆی تێدا دەکردەوە. به‌ره به‌ره شاره بچووکەکەیان
بەجێدەهێشت. خه‌ڵکەکە هه‌ر هه‌مووی روویان
له پێشه‌وه‌ی رێگه‌کان
بوو و بەرەو
پێشەوەیان ده‌ڕوانی و پەلەپەلیان بوو
تا زووتر دوورکه‌ونه‌وه و ده‌ربازی
هێرشه‌کان بن.
ته‌نیا خۆی نه‌بێ... پێچه‌وانه‌ی هەر
هه‌مووان دانیشتبوو. مه‌لۆتکه‌که‌ی بە ئامێزوە
گرتبوو... بە دوو چاوی بێخەو و روخسارێکی
ماندوو و مه‌لوول... چاوه‌کانی ئه‌و رێیانه‌یان
ده‌پشکنیه‌وه که بەرەو گه‌ڕه‌ک ده‌گه‌ڕانه‌وه و
دەنگی مەرەق و ئاخ و ئۆفانی لە
کەلەنی لێوان دەردەدا...
٢٣\٥\٢٠١٠
- دارمن
ماڵپه‌ڕی خوناو
سمایل مامه
|