١٨\٤\٢٠١١
ئه‌و شه‌ق و بۆکس
و دارانه‌ی بێویژدانانه ده‌وه‌شێندران.
شوان سدیق
ئه‌وان
رۆڵه و گه‌نج و هاونیشتیمانی ئه‌م وڵاته‌ن، ئه‌و نیشتیمانه‌ی که تێیدا
ده‌ژین نیشتیمانی هه‌موومانه، واته ئه‌وان و ئێمه پێکه‌وه له
چوارچێوه‌ی شوێنێکدا کیانێکمان پێکهێناوه و تێدا ده‌ژین. مه‌به‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانی
پارتی و یه‌کێتییه به‌تایبه‌تی له هه‌ولێر.
کاتێک هه‌موومان له‌م کیانه‌دا به‌شداریمان کردوو تێیدا ژیان ده‌که‌ین،
ئیدی ده‌بێ بۆچوون و بیرکردنه‌وه ئایدیایه‌کانی یه‌کمان لاپه‌سه‌ند بێ،
خۆ ناکرێت، یه‌ک ئایدۆلۆژیا‌و یه‌ک باوه‌ڕی ناسیۆنالیستی یان ئیسلامی و
چه‌پ یاخوود هه‌ر بیربۆچوونێکی دی به‌سه‌ر هه‌موو که‌سه‌کاندا له
کوردستان بسه‌پێندرێت.
من نوێنه‌ری گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو پارتی و یه‌کێتیش نییم،
بیرکردنه‌وه‌ی من له‌و رووه‌وه‌یه که ده‌بێ هه‌موو ئینسانێ مرۆڤێک به
هه‌موو قه‌ناقه‌ت و بۆچوونێکی جیاواز مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێ بژێت و
بیربکاته‌وه و سیاسه‌تیش بکات، چونکه وه‌ک وتم ئه‌م وڵاته ته‌نیا
وڵاتی پارتی یان یه‌کێـتی نییه یاخوود به ته‌نیا هی ئه‌و ئیسلامیانه‌ش
نه‌بوو که له هه‌ڵه‌بجه و هه‌وراماندا سیاسه‌تی پارتی و یه‌کێـتی
ئاسا به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا سه‌پاندبوویان.
کاتژمێر 1ی پاش نیوه‌ڕۆی رۆژی دووشه‌ممه 18/ 4/ 2011دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کی
ته‌له‌فۆنیم له‌گه‌ڵ کرا گوایه گرد بوونه‌وه‌یه‌ک ساز ده‌کرێت، وه‌ک
هه‌ڵوێستێک له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و رووداوه نه‌خوازراوانه‌ی ئه‌مڕۆ گۆڕه‌پانی
سیاسی و که‌لتوری و فه‌رهه‌نگی و دینی گرتۆته‌وه. له کوردستان.
منیش به ئه‌رکی خۆمم زانی وه‌ک رۆژنامه‌نووسێک نه‌ک که‌سێکی خۆپیشانده‌ر،
چونکه هه‌میشه باوه‌ڕم به‌وه‌یه ده‌بێ رۆژنامه‌نووس بێ لایه‌ن بێت،
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی هه‌ر به‌شداریکردنێک بکات، له کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه و
خۆپیشاندان و بۆنه جیاجیاکاندا،
دوای ئه‌وه‌ی نزیک بوومه‌وه له گرد بوونه‌وه‌که‌ی شاری هه‌ولێر که
که‌وتبووه نزیک مزگه‌وتی ره‌شاد موفتی له به‌رامبه‌ر وه‌زاره‌تی
خوێندانی باڵا من به‌هیچ جۆرێک تێکه‌ڵ که‌سانی خۆپیشانده‌ر نه‌بووم به‌ڵکو
به دووری (15 تا 20) مه‌تر له دووری ئه‌و که‌سانه‌ی که گردبوونه‌وه‌که‌یان
سازکردبوو، منیش سه‌رقاڵی وێنه گرتن بووم به کامێرایه‌کی نیکۆن له
جۆری مۆدێلی (60).
رووداوه‌که لێره‌وه ده‌ست پێده‌کا هه‌ر ئه‌وه‌نده سه‌یربوو که وێنه‌یه‌کی
گرد بوونه‌وه‌که‌م گرت، کاتێک زانیم له هه‌ر چوار لاوه که‌سه ئه‌منییه‌کانی
"پارتی" به‌ره‌و رووم هاتن، هاتنی ئه‌وان هاتنی کۆتایی هێنان بوو به
ژیانی من، نه‌ک ئه‌وان ته‌نیا مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌بێ کامێرام لێ وه‌ربگرن.
چونکه به ئاسانی کامێراکه‌م پێ ده‌دان له‌به‌رخاتری گیانی خۆم.
کاتێک که خۆمم پێناساندن و باجی ده‌زگاکه‌میان بیینی له ملمدا بوو،
به‌ڵام بێ سوود بوو نزیکه‌ی 15 تا 20 که‌س ده‌بوون، که‌جل و به‌رگی مه‌ده‌نیان
له‌به‌ردا بوو، ئه‌وان به‌شێکیان داریان به‌ده‌سته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی
له ناسنامه‌و که‌سێتی و شه‌خسی من بپرسن که بۆچی وێنه‌ی گردبوونه‌وه‌که‌م
گرتووه، که‌سه ئه‌منییه‌کانی "پارتی" به شه‌ق و بۆگس و دار‌و پێ له‌قه
هه‌رچی مه‌به‌ستیان بوو کردیان، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌سێکی تۆمه‌تباریان ده‌ستگیر
کردبێ و تاوانه‌که‌ی به‌سه‌ردا ساغ بووبێته‌وه.
که‌سه ئه‌منییه‌کانی "پارتی" دوای ئه‌وه‌ی به ئاره‌زوو و خواست و
هێزی خۆیان هه‌موو جۆره لێدانێکیان له‌مندا تاقی کرده‌وه، به چوار
که‌س که هه‌ر یه‌که‌یان قاچ و ده‌ستمیان گرتوو به‌رزیان کردمه‌وه، به
لێدان و سوکایه‌تی جنێودان ته‌سلیمی ئۆتۆمبێلی پۆلیسی فریاکه‌وتنیان
کردم، ئۆتۆمبێله‌که‌ش نزیکه‌ی 20 مه‌تر له شوێنی لێدانه‌که‌وه دوور
بوو.
لێدانی ئه‌و که‌سه ئه‌منیانه‌ی پارتی له لێدانی جه‌لاده‌کانی به‌عس
ده‌چوو لێدانی ئه‌وان لێدانێک بوو که‌مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌بوو ئه‌گه‌ر
کۆتایی به‌ژیانت نه‌هێنن، ئه‌وا شوێنێک له جه‌سته‌ت سه‌قه‌ت بێت به
یه‌کجاری چونکه سه‌ره‌رایی ئه‌وه‌ی ده‌یان که‌س به‌شه‌ق و دار‌و تێڵا
لێیان دام، که‌سێکی باڵا به‌رزی راهێنراوی ئه‌منی هه‌ر له‌و راهێناوانه
ده‌چوو که له به‌ندیخانه‌ی ده‌سه‌ڵاته دیکتاتۆر و تۆتالیتارییه چه‌پ
و ئیسلامی و ناسیۆنالیسته‌کان ده‌چوو، که ئیعتراف به‌که‌سی گومان لێ
کراو ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی ئیعتراف به‌و تۆمه‌ته‌ی بکات که خراوه‌ته‌وه
پاڵی.
ئه‌و که‌سه راهێنراوه کاتێک هه‌ردوو ده‌ست و قاچم به‌ده‌ست که‌سه ئه‌منییه‌کانی
تره‌وه بوو، ئه‌و ده‌ستی خسته بینه قاقام له‌و کاته هه‌ردوو چاوم
پڕبوو له ئاو به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی لێیان ده‌دام به بۆکس و دار
بوورامه‌وه ته‌نیا ئه‌و کاته زانیم فڕیانداومه‌ته ناو ئۆتۆمبێلی
پۆلیسی فریاکه‌وتن.
ئه‌وه‌ی ماوه بیڵێم بوون و وجوودی ئینسان و مافی مرۆڤه له‌م ولاته،
هیچ شتیک قه‌ناعه‌تم پێناکات له کوردستان به‌تایبه‌تی هه‌ولێر شتێک هه‌بێ
به‌ناوی مافی مرۆڤ،، چونکه ئه‌و رووداوه‌ی به‌سه‌ر منیان هینا که‌سه
ئه‌منییه‌کانی "پارتی" هیچی جیاواز نه‌بوو له‌و په‌له‌کێش و لێدان
ئازار دانه‌ی که له ساڵی 1988 دا هێزه ئه‌منییه‌کانی به‌عس به‌خێزانه‌وه
راپێچیان کردین له سلێمانییه‌وه بۆ نوگره سه‌لمان.
ماڵپه‌ڕی شوان سدیق
|