ئەو ترسەى میدیاى کوردی دروستى کردووە
ترسە لەدیموکراسیەت ، یان لاوازیە لەدیموکراسیەتدا ؟

محهمهد حوسێن
هەموو کەس مافی ئاگاداربون و زانینی هەیە لەبارەى ئەو پێشهات و
ڕوداوانەى پەیوەندى بەژیانیەوەهەیە ، هیچ پاساوو بیانویەکیش بایى ئەوە
نیە ئەم مافەى لەپێناودا فەرامۆشکرێت ، بۆئەوەى ئەم مافەیش پارێزراو
وفەراهەمکراو بێت ئازادی ڕادەربڕین پێویستە ، بەبێ فەزایەکی ئازادیش بۆ
کەناڵەمیدیاییەکان و میدیاکاران ئەم ئازادیە ناتوانێـت بژى .
گەر ئەو پەراوێزە ئازدەى میدیاکارە بوێرەکانی کوردستان دروستیان کردووە
لەم وڵاتەدا نەبوایە ، هیچ شتێک نەبوو پینەو پەڕۆى دیموکراسیەتە
کۆڵەوارەکەی پێ بکرێت ، هیچ ئەگەرێک نیە بۆهەر کەسێکی گەشبین بیەوێـت
ئومێدی خۆى لەسەر بینا بکات ، ئەگەر چى ئەم بوارەیش بە شوێنەوارە
یاساییەکانی بەعس و دەیان گرفتی تر مینڕێژکراوە ، کەچى تەنها ڕویەکی
جوان بووە لە ئەزمونی حوکمڕانی هەرێمی کورسدتاندا ، بەبێ ئەم پەراوێزە
بەرتەسکەیش بەهەر کەسێک بڵێیت لەکوردستاندا هەوڵەکانی دیموکراتیزە کردن
و پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی لەئارادایە ، دورنیە بەدرێژایی یەک
هەفتە پێ بکەنێت . بەڵام وادیارە گەیشتوینەتە دۆخێک کە ئەم پەراوێزە
بچوکەیش بۆخەڵکی کوردستان بەزۆر ئەزانرێـت ، یاخود بەرژەوەندی
دەسڵاتداران و مافی هاووڵاتیان لەزانین و ئاگادار بوون کەوتونەتە
ناکۆکیەکەوە دورنیە ئەنجامکەى بەخنکاندنی دەنگە ئازادەکانی ناو
ڕۆژنامەگەرى کوردی کۆتایى بێت . گەر هەوڵ و تەقەلایەک لەلایەن
دەسڵاتدارانی کوردستانەوە بۆدەمکوت کردنی کەناڵە ئازادەکانی میدیاى
کوردی دەستى پێکردووە ، یان لەداهاتودا چاوەڕێ ئەکرێت ، تەنها لەسۆنگەى
ئەم ناکۆکیەوە ئەشێت لێی تێ بگەین . نەگبەتی ئەم ئەزمونە سەقەتەیش
لەوەدایە ئەوەى دەسڵاتدار نەیوست تۆ نابێت بیزانیت ، یاخود میدیاکارى
ئازادی ( سەرەڕۆ ) ى بێ هیچ پشت وپەنایەکی یاسایى و دەستورى نابێـت
بیکاتە هەواڵ و لەلاپەڕەکەى خۆیدا بلاًوی کاتەوە . کێشەکە ئەوەنیە
پێویستمان بە میدیاى ئازادە بۆئەوەى هەست بکەین لەکەشێکی
دیموکراسیدائەژین ، بەڵکو هەر لەسەرەتاوە قسەو باسێکی لەم جۆرە فشۆڵى و
دەستکورتی ئەو ئەزمونە ( بەناو دیموکراسیەمان ) نیشان ئەدات کە هەمیشە
تارمایى و هەڕەشەکانی وەک مۆتەکەیەک بووە بۆ دەنگە ئازادەکانی میدیاى
کوردی . ئێمە ساڵانی ڕابردوویش هەوڵى جۆربەجۆرى دەم کوتکردنمان بینیوە
، بەڵام لەوە ئەچێت ئەم جارەیان ڕێکخراو تر و بەرنامەڕێژکراو تر
هەڵمەتێک بەڕێوە بێت .
ئەزمونی وڵاتانی ترى دراوسێ نیشانی داوین کە ترسی هەر دەسڵاتدارێک
لەگەلەکەى خۆى سەرەتا لەو ترسەوە دەست پێ ئەکات بەرامبەر کەناڵە
ئازادەکانى میدیا هەیەتی ، بەتایبەتی ئەو کەناڵانەى ئەیانەوێت دەنگی
زۆرینەی هاووڵاتیە بێدەنگەکان بێت . کەشى ڕۆژنامەگەرى کوردی لەگەڵ ئەم
پەراوێزەیشدا گرفتی خۆى هەر هەبووە ، میدیاکارى کورد پێش ئەوەى
کەلەپچەکە بکرێتـە دەستى گەلێک ئاستەنگی ترى لەبەردەمدایە ، ئاستەنگی
ئەو یاسا کۆنانەى جێ پەنجەکانی بەعسى پێوە دیارەو تائێستایش بەکار
ئەهێنرێت بۆجڵەو کردنیان ، ئاستەنگی شاراوەیى ئەو زانیارى و داتانەى
پێویستە میدیاکار دەستى پێى بگات و کەچى ناگات ، ئاستەنگی نەبونی
یاسایەک بە دەسڵاتدار و بەرپرس بڵێت ئەمە مافی ڕۆژنامە نوسەو ناکرێت
کەى میزاجت نەبوو دەرگاکانی لێ دابخەیت ... هتد ، بەڵام لەوە ئەچێت ئەو
بەرپرسانەى کە دەنگە فریلانس و بوێرەکانی میدیاى کوردی ترساندونی پێیان
وابێـت دیموکراسیەتەکەیان نەپێویستى بەشەفافیەت هەیە و نە
بەڕۆژنامەگەرى ئازادیش !!
لەم نێوەدا ئیشکالیەتەکانی میدیاى ئیلکترۆنی کوردی زیاد لەپێویست زەق
کراوەتەوە ، ڕاستە سنوردارى بەکارهێنانی ئینتەرنێـت لەکوردستاندا هێشتا
ڕێگرە لەوەى کە ئەم بەشەى میدیاى کوردی بەئاسانی بڕواتە هەموو ماڵێکەوە
، بەڵام بێگومان ترسە گەورەکە لێرەوە دروست بووە ، ئەم فەزا ئەلکترۆنیە
بەڕادەی جڵەو شکێنی و سنور نەناسیەکەى ترسیشى دروست کردووە ... لەهەموی
زیاتر ترسی ئەوەى کە هەرکات ویستیان ناتوانن دایخەن ، ناتوانن ڕایکێشنە
دادگاو ناچارى کەن بۆئەوەى سەرچاوەى زانیاریەکانی ئاشکرابکات . ئەزانین
هەموو گەندەڵیەکانی ناو ڕۆژنامەگەرى کوردی هاتۆتە ئەم بوارە
ئیلکترۆنیەوە ، ئەو کەڵچەرە ناشیرنەى جنێوبازی کە لە شەڕى ناوخۆدا
داهێنرا لێرەوە جارێکی تر زیندوو کراوەتەوە ، بەڵام دەنگە پۆزەتیڤە
ئازادەکانیان هێندە بیستراون کە بتوانن بەسەر ئەم گەن و گۆتاڵەى
ڕابردووى ڕۆژنامەگەریى کوردیدا زاڵبن .
ئەم ترسەى ئەمڕۆ بەرامبەر دەنگە ئازادەکانی میدیاى کوردی دروست بووە
چەند ڕاستیەکی تاڵمان نیشان ئەدات :
هەر لەسەرەتاوە ئەو خەیاڵە نەخۆشەى سیاسیەکانمان نیشان ئەدات کە
ئەیانەوێـت خەڵکی کوردستان بێ بەشکەن لەزانینی لانی کەمی زانیارى
بەرامبەر ئەو ڕوداو و پێشهاتانەى ڕاستەخۆ پەیوەندی دارە بەژیانیانەوە ،
بێبەشکردنی هاووڵاتیان لەزانینی باکگراوەندی ڕوداو و کێشەکانی ناو
گۆڕەپانی کوردستان جگە لەوەى سەرەتاى دروستبونی زۆر کێشەى تریشە ،
بەڵام بۆخۆى مردنێکی کارەساتاوی ئەو پەراوێزە ئازادەیە تائێستا
میدیاکارەکانی کورد بەترس و وریاییەکی زۆرەوە هەڵسوکەوتیان تیا کردووە
.
ئەگەر خەڵکانێک هەر لەبەر ئەوە ئازادی ڕادەر بڕینیان قبوڵە کە وێنەیەکی
کاریکاتۆرى دیموکراسیەتەکەى هەرێمی کوردستانی پێ نیشانى دەرەوە بدەن ،
ئەوا بۆهەموو ئەو دەنگە میدیایى و ڕۆشنبیرى و سیاسیە ئازادانەى خەونی
دروستکردنی کەشێکی لەبارتر و ئازادتریان هەیە بۆئەم وڵاتە ، ئەم کێشە
زۆر لەوە چارەنوسسازترە تەنها هەر گرفتی بەرتەسککردنەوەى ئازادی
ڕادەربڕین بێت . کە میدیاى ئازادی کوردی سەرکوتکرا و بەسەرمانا تێپەڕى
، ئیتر ڕێگە خۆش ئەبێت بۆسەرکوتکردنی هەموو ئازادیە کانی تریش .
muhemedhusen@yahoo.com
|