په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٢\٢٠١٦

ئەزموونێکی ئەوان، وانەیەک بۆ ئێمە.

ئیسماعیل تەنیا    


مەولانا ئەبوکەلام ئازاد،لە(١١/١١/١٨٨٨)،لە شاری(مەککە)ی عەرەبستانی سعودیدا،لە دایک بووە. سەرەتا ناوی(فەیروز بەخت)بووە.لە لاوێتیدا بە (محیەدین ئەحمەد)ناسراوە.بە رەگەز موسڵمانی ھیندە. بنەماڵەکەیان،لە بنچینەدا ئەفغانین و لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتی ئیمپراتۆر(بابر)ی دامەزرێنەری دەوڵەتی مەغۆڵ لە ھیندستان،لەساڵی(١٥٢٦)ی زایینیدا،ھاتوونەتە ھیندستان و لەوێدا نیشتەجێ بوون. (مەولانا خەیرەدین)ی باوکی،لە ئەنجامی شۆڕشی ساڵی(١٨٥٧)،بۆ شاری (مەککە) کۆچ دەکات و ھەر لەوێش(ئەبوکەلام ئازاد)،لەدایک دەبێت.پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر لەدایکبوونیدا،دەگەڕینەوە بۆ ھیندستان و لە شاری (کەلکەتا)،نیشتەجێ دەبن.لە بنەماڵەکەیاندا،چەندین زاناو فەرمانبەری پلە باڵای دەوڵەت،ھەڵکەوتووە.(ئەبو کەلام)،لەسەر دەستی باوکی و مامۆستای تایبەتەوە،فێرە خوێندن و نووسین دەکرێت.سەردانی عێراق و میسرو فەڕەنسای کردووە.پاش ئەوە،وردە وردە تێکەڵ بە کاری سیاسی و ڕۆژنامەگەری دەبێت.لەساڵی(١٩١٢)،لەشاری(کەلکەتا)،ھەفتەنامەی(ھیلال)بەزمانی ئۆردو،دەردەکات. لەم ھەفتەنامەیەدا،بەتوندی دژی داگیرکردنی ھیندستان لەلایەن(بەریتانیا)وە،دەینووسی و ھانی خەڵکی دەدا خۆیان ڕێک بخەن و دژی ئەم داگیرکاریە بوەستنەوە.کاتێک کە شەڕی یەکەمی جیھانی لەساڵی (١٩١٤)دا،ھەڵگیرسا،رۆژنامەی (ھیلال)یش وەستا.پاش ئەوە،لە نۆڤێمبەری ساڵی(١٩١٥)دا،ڕۆژنامەی (بەلاغ)ی ھەر بە زمانی ئۆردو،بڵاوکردەوە.تەمەنی ئەم ڕۆژنامەیەش زۆر کورت بوو،ھەر تەنھا چوار پێنج مانگی خایاندو ئەویش وەستا.ھەر لەم کاتانەی کە تێکەڵی کاری سیاسەت و ڕۆژنامەگەری دەبێت، بە(مەولانا ئەبوکەلام ئازاد)،دەناسرێت.پاش قەدەخەکردنی (بەلاغ)،ئیدی ئەبوکەلام دوورخرایەوە،بەڵام ھیچ کام لە حکومەتە ناوخۆییەکانی(بۆمبای،پەنجاب،دەلھێ)،نەیانگرتە خۆی.پاش ئەوە لە (ڕانیشی)، زیندانی کراو لە ڕێکەوتی(١/١/١٩٢٠)دا،ئازادکرا.پاش ئازادبوونی،زۆر پۆستی گرنگ و کاریگەری گرتۆتە دەست،وەک؛(سەرۆکی لیژنەی خەلافەتی ھیندستان،سەرۆکی لوتکەی یەکگرتن لە دەلھێ، سەرۆکی موسڵمانە نیشتیمان پەروەرەکان لەساڵی ١٩٢٨ ،سەرۆکی کۆنگرەی نیشتیمانی ھیندی لەساڵی ١٩٢٣،کە دووبارە لە ساڵی ١٩٤٠دا،بۆ ھەمان سەرۆکایەتی ھەڵبژێردرایەوەو تاساڵی ١٩٤٦،لەم پۆستەدا مایەوە).پاش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ھیندستانیش لە (١٥/٨/١٩٤٧)،لەیەکەم حکومەتی (ھیندستانی ئازاد)دا،بووە وەزیری(پەروەردەو فێرکردن).تاکۆچی دوایی کردنی لە(٢٢/٢/١٩٥٨)،ھەر لەم پۆستەدا مایەوە.بێجگە لەکاری سیاسی و ڕۆژنامەگەریش،چەند کتێبێکی چاپکراوی ھەیە،وەک؛ دوو کتێب لەبواری تەفسیری قورئانی پیرۆزدا،بەناوەکانی(بەیان-١٩١٥)و(تەرجومانی قورئان-١٩٣٣)، کتێبی(تژکرە-١٩١٦)،کە لەبارەی یاداشتەوەیە.کتێبی(غبار الخاگر-١٩٤٣)،کە بریتیە لە کۆمەڵیک نامەی تایبەتی.ھەروەھا یاداشتەکانی خۆی بەناوی ھیندستان بەئازادبوون سەردەکەوێت،نووسیوەتەوەو لەساڵی (١٩٥٨)دا چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.بەڵام لەم چاپەیدا بەشێک لە بڕگەی یاداشتەکانی قرتێندراوەو قەدەغە کراوە.لەسالی (١٩٨٨)دا،لە چاپی دووەمیدا،تەواوی یاداشتەکانی بڵاوکراوەتەوە.(د.نبیلە یوسف الزواوی)،ئەم یاداشتانەی کردۆتە عەرەبی و لە کتێبێکی(٣٥٠)لاپەڕەییدا بەناوی؛(الھند تڤفر بالحریە)، لەساڵی(٢٠١١)دا،بڵاویکردۆتەوە.

پاش زیاتر لەسەدەیەک لەژێردەستی بەریتانیادا،دەوڵەتی (پاکستان)ی لێ جیابۆوەو لە(١٤/٨/١٩٤٧)دا، سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند.رۆژێک دواتر،لە(١٥/٨/١٩٤٧)دا،ھیندستانیش سەربەخۆیی ڕاگەیاند. (ئەبو کەلام ئازاد)،زۆر دژی ئەم لەتبوون و جیابوونەوەیە بوو.ئەو دەیویست ھیندستان بەیەک پارچەیی بمێنێتەوەو لەیەک ئاستدا رێز لەھەموو نەتەوەو ئایین و ئایینزاکان،بگیرێت.ئەو، پێیوابوو گەورەیی و بەھێزی وڵاتەکەی لە یەکپارچەییدایە.بەڵام ناکۆکی نێوان موسڵمان و ھیندۆسەکان،ڕەگێکی قوڵی ھەبوو، ئاڕاستەکان تەواو دژ بۆ بۆچوونەکانی ئەبوکەلام بوون.ھەر لەگەڵ سەرھەڵدانی بیروباوەڕی رزگاری خوازانەی گەلانی ھیندستاندا دژ بە داگیرکەری بەریتانی،ناکۆکی و دووبەرەکیش لەنێوان پێکھاتەی (ھیندۆس و سیخ و موسڵمان)ەکاندا،سەریھەڵداو تا دەھاتیش فراوانتر دەبوو.کاردانەوەکان،توندوتیژی لێدەکەوتەوە،نموونەی ئەم کوشتوبڕە خوێناوییەی ساڵی(١٩٤٦)ی شاری (کەلکەتا)،کە دواتر شارەکانی (نواخالی و بیھار)یشی گرتەوە.لەبەرئەوەی موسڵمان و ھیندۆسەکان بەتەواوی ھیندستان و ئەم خاکەی کە دواتر بە وڵاتی(پاکستان) ناسرا،بڵاوببوونەوە،پاش سەربەخۆیی پاکستان،زۆربەی (ھیندۆس و سیخ)ەکان،بڕیاری مانەوەیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی ھیندستاندا دا،موسڵمانەکانیش چوونەپاڵ دەوڵەتی تازە ڕاگەیەنراوی پاکستان.زۆر پۆستی باڵایان لەدەست بوو،بەڵام بەناچاری بەھۆی ھاندانی ڕێکخراوی یەکگرتووی ئیسلامییەوە،لەدەستیانداو،بۆ پاکستان کۆچیان کرد.ئەم (سیخ و ھیندۆس)انەی کە کەوتنە ژێر دەسەڵاتی پاکستان،لەلایەن موسڵمانەکانەوە بەتوندترین شێوە دەچەوسێندرانەوە. لە بەرامبەر ئەمەشدا،بۆ تۆڵە کردنەوە،ھیندۆسەکان ئەم موسڵمانانەیان ئازار دەدا کە لەژێر دەسەڵاتی ھیندستاندا مابوونەوە.زۆر بنەماڵەی موسڵمان ھەبوو،ببوونە دوو بەشەوە،بەشێکیان لە ھیندستان و بەشەکەی تریان لە پاکستان.ئەو بەشەی کە کەوتبوونە پاکستانەوە،لەلایەن دەوڵەتەوە ھەڕەشەی ئەوەیان لێدەکرا کە دەبێت خزمو کەسوکاریان لە ھیندستانەوە بگەڕێنەوە ئێرە(پاکستان).گەر وا نەکەن تووشی لێپرسینەوەو ئازاردان دەبنەوە.لەژێر ئەم ھەڕەشەیەدا،زۆربەی موسڵمانە ھیندستاننشینەکان،لەپێناو سەلامەتی کەسوکاریان،بەناچاری ھیندستانیان بەجێھێشت.ئەم دابەشبوونە تەواو دژی خواستی سیخ و ھیندۆسەکان بوو.پێش دابەشبوون،ڕێکخراوی(کۆنگرەی نیشتیمانی)،گوزارشتی لە ھەموو ھاوڵاتییەکی ھیندستان دەکرد،بەڵام بەپێچەوانەوە،(ڕێکخراوی یەکگرتووی ئیسلامی)،لەلایەن موسڵمانەکانەوە، پاڵ پشتی لێدەکرا.

ئەبو کەلام، ھەر چەندە موسڵمانیش بوو،بەڵام زۆر دژی ئەم جیابوونەوە بوو،بۆیە دەپرسێت؛ مادام ھەموو ھیندەکان بەم دابەشبوونە دڵگران و خەمبار بوون،بۆچی وا بەئاسانی چوونە ژێرباری و پێی ڕازی بوون؟ بۆچی بەشێوەیەکی ھێمنانە دژی نەوەستانەوە؟ بۆچی بەم خێراییە ئەم بڕیارەیان پەسەند کرد؟کە دەیانزانی بڕیارێکی ھەڵەیە،بۆچی بۆی خەمبار دەبن؟ ھەروەھا دەنووسێت؛(چەندین جار گوتوومەو دووبارەی دەکەمەوە کە باشترین چارەسەر ئەوەیە کە چاوەڕوان بکەین تا چارەسەرێکی گونجاو بە دیالۆگ و ئاشتی و یەکتر قبوڵکردنەوە،دەدۆزینەوە).بەرنامەیەکی تایبەتی بۆ ڕۆژی (بەیانی ئازادی لە ١٥/٨)،لەلایەن لیژنەی سەرپەریشتکارەوە ئامادەکرابوو.بەیانی کاتژمێر نۆ،لەلایەن ئەنجوومەنەوە کۆبوونەوە کرا.کاتژمێرچواری ئێوارەی ھەمان ڕۆژیش،ئاڵای ھیندستان بەرز کرایەوە. ھەموو خەڵکی لەنێو خۆشی و نەشئەی ئازادیدا،مەندەھۆش بوون،بەتەواوی ئەم دڵگرانی و خەمگینییەی دابەشبوونیان لەبیرچوبۆوە.ئەم خۆشیە،ھەر تەنھا (٤٨)کاتژمێری خایاند،پاش ئەوە،ھەواڵی ناخۆش و جەرگبڕی کوشتن و بڕین،بەتەواوی پایتەختدا،بڵاوبۆوە.لەھەواڵەکاندا ھاتبوو؛(چەند گروپێکی توندڕەوەی سیخ و ھیندۆسەکان،ھێرشیان کردۆتە سەرگوندێکی موسڵماننشین لەڕۆژھەڵاتی پەنجاب و ماڵەکانییان ئاگر تێبەرداوەو خەڵکەکەشیان کوشتوبڕ کردووە).لەھەواڵێکی تردا ھاتووە؛(لە ڕۆژئاوای پەنجاب،موسڵمانەکان،بەبێ جیاوازی،قەتل و عامی سیخ و ھیندۆسەکانیان کردووەو ھەتا دەستیان لە پیرو منداڵ و ژن و پەککەوتەش نەپاراستووە).ئەم کاتە پەنجاب بە ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاواوە،ببووە گۆڕستانێک بۆ مرۆڤە سڤیلەکان.وەزیرەکان(بە ھیندۆس و موسڵمانەکان)ەوە،یەک لەدوای یەک لەترسی کوشتن و تۆقاندن،پەنجابیان جێدەھێشت وبەرەو (دەلھێ)،ھەڵدەھاتن.

توندوتیژی و پشێوی،(دەلھێ)شی گرتەوە،گروپێک لە سیخەکان،ھێرشیان کردە سەر موسڵمانەکان.(ئەبو کەلام ئازاد)پرسیار دەکات و دەنووسێت؛(ئەگەر موسڵمانەکان لە ڕۆژئاوای پەنجاب بەقەتل و عام کردنی سیخ و ھیندۆسەکان تاوانبارن،بۆچی دەبێت لەتۆڵەی ئەوانە،لە دەلھێوە موسڵمانە ئاشتیخوازو بێ گوناھەکان بکرێنە ئامانج و قەتل و عام بکرێن؟تۆڵە کردنەوەو بەبارمتە گرتن،کاردانەوەیەکی ئەوەندە قێزەوەنە ،ھیچ مرۆڤێکی ئاشتیخوازو ژیر ناتوانێت تەنھا بە وشەیەکیش پاساوی بۆ بھێنیتەوەو بەرگری لێبکات).ئیدی لەمەبەدواوە(دەلھێ) بووە دۆزەخێک بۆ موسڵمانەکان...بەتەواوی ورەیان بەردابوو.زۆر لە خانەوادە ناودارو دەوڵەمەندەکان،جگە لەگیانی خۆیان و دەستە جلێک بەملاوە،نەیاندەتوانی ھیچ شتێک لەگەڵ خۆیان ببەن.ئەبو کەلام دەنووسێت ؛(لەم ساتانەدا،خانەوادەیەکی موسڵمان بۆ پاراستنی گیانیان،پەنایان بۆ ماڵی ئێمە ھێنابوو....ئیدی وردە وردە لە خانەوادەیەکەوە بووە دوان،سیان،دەیان...تا وایلێھات تەواوی ماڵەکەمان بە دەوروبەریشیەوە،پڕبوو لە خەڵک و ناچار بووین لەدەوری ماڵەکەمان، لەژێر چاودێریەکی توند،چادریان بۆ ھەڵبدەین و لە دەستدرێژیەکانی سیخ و ھیندۆسەکان،بیانپارێزین.لەم بارە ئاڵۆزکاوەدا،کە کوشتن و تۆقاندن باڵی بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا کێشابوو،بە دڵێکی پڕ لەخەمەوە،جەواھێر لال نەھرۆ گوتی؛لەمە زیاتر ناتوانم بەرگەی ئەم ھەموو زوڵم و زۆرە بگرم کە ڕۆژانە بەبەر چاومەوە لە دەلھێ موسڵمانەکان وەک سەگ و پشیلە دەکوژن.ھەست بە شەرمەزاری دەکەم کە ناتوانم سنوورێک بۆ ئەم تاوانانە دابنێم...بەڕاستی ویژدانم ناھێلێت ئاسوودە بم و بە دڵنیایی بژیم).ئەم کاتە (ساردار باتڵ)،وەزیری ناوخۆ بوو.بەشی زۆری لێپرسراویەتیەکە بەر ئەو دەکەوت.ئەبو کەلام لە یاداشتەکانیدا دەنوسێت؛من تەواو بێزار ببووم،بۆ دانانی سنورێک بۆ ئەم کوشتن و بڕینە،سەردانی (غاندی ١٨٦٩-١٩٤٨)م کرد.ئەویش تەواو بێزار ببوو،ئەم دەسەڵاتەی جارانی نەمابوو. کەس وەک جاران،بەگوێیان نەدەکرد،بۆیە لە نائومێدی بوونەوە،وەک پاڕانەوەو ناڕەزاییەک بڕیاری بەڕۆژو بوون،یان مانگرتن لە خواردنی دابوو.چەندین ڕۆژ بوو خۆی کەنارگیر کردبوو،تەنھا لە خودا دەپاڕایەوەو نزای بۆ کۆتایی ھاتنی ئەم کوشتن و بڕینە دەکرد،ئەوەی دەخواست کە تەواوی دڵەکان پاک ببنەوە لە بوغزو ڕق و گیانی تۆڵە کردنەوە.لەم ڕۆژانەدا،لەبەر مانگرتن لەخواردن،تەواو بێھێزو لاواز ببوو،لە وەزیری ناوخۆ(ساردار باتڵ)تووڕە ببوو،کە نەیدەخواست ئەم ڕەوشە کۆتایی پێبھێنێت...لەم سەردانەمدا دەمویست ڕۆژوو بە (غاندی) بشکێنم،چونکە تەواو داھێزرابوو،بەرگەی زیاتری نەدەگرت. داواکەم خستە بەردەمی،لە وەڵامدا غاندی گوتی؛(ڕۆژوو ناشکێنم،گەر گیانی خۆشم لەسەردانابێت،تا ئەو کاتەی ئەم داوایەم جێبەجێ نەکەن؛داوام ئەوەیە،تەواوی ئەم موسڵمانانەی کە لەلایەن سیخ و ھیندۆسەکانەوە،ناچار کراون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبھێلن و دەلھێیان جێھێشتووە،بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بە ئاسوودەیی،بێ جیاوازی بژین).

ئەبو کەلام دەنووسێت؛ کە سەیرم کرد،جێ بەجێکردنی ئەم داوایەی غاندی زۆر قورس و زەحمەتە، چونکە بە ملیۆنان پەناھەندەی ھیندۆس لە ڕۆژئاوای پەنجابەوە ھاتوون،بە پێچەوانەشەوە،بە ملیۆنان کەس ڕۆژھەڵاتی پەنجابیان بەرەو پاکستان جێھێشتووە.ھەروەھا ھەزاران خانەوادەی ھیندۆسەکان چوونەتەسەر ماڵ و حاڵی موسڵمانەکان لە دەلھێ و خۆیان کردۆتە خاوەنی ڕاستەقینە...زۆر لە غاندی پاڕامەوەو داوام لێکرد لەم داوایەی پاشگەز ببێتەوە،چونکە لەم کاتەدا جێبەجێکردنی مەحاڵە،یان کارێکی ناکردەیە.داوامکرد لەبری ئەوە،داوای ڕاوەستاندنی بێ مەرجی کوشتن و بڕین بکات....غاندی بە داواکەم ڕازی بوو بەڵام بەم مەرجانە:

یەکەم: پێویستە سیخ و ھیندۆسەکان،دەست بەجێ واز لە دەستدرێژیەکانیان بۆسەر موسڵمانەکان بھێنن. ھەروەھا دڵنیایان بکەن کە سەرو ماڵیان پارێزراو دەبێت.
دووەم: دەست بەجێ ھەموو جۆرە ھێرشێک بۆسەریان بوەستێندرێت،بەتایبەتیش بۆسەر ئەم ماڵە موسڵمانانەی کە لەنزیک گۆڕو مەزاری پیاوچاکانی وەک (نیزامەدین ئەولیا،خواجە قوتبەدین بەختیار کاکی،نەسیرەدین شیراگ دەھلەوی)،نیشتەجێن.
سێیەم: مەزاری قوتبەدین بەختیار تێکدراوە،دەبێت وەک سزایەک خودی سیخ و ھیندۆسەکان، چاکی بکەنەوە.
چوارەم: دەبێت تەواوی دڵەکان لە ڕقوقینە پاک بکرێتەوە.لەسەر سەرکردەو ڕێبەری سیخ و ھیندۆسەکان پێویستە لەوە دڵنیام بکەنەوە کە جارێکی تر کاری لەم جۆرە دووبارە نابێتەوە،کە ناچارم بکەن پەنا بۆ ڕۆژوو گرتن و گۆشەگیری ببەمەوە.

ئەبو کەلام دەنووسێت؛ دەستبەجێ لای غاندی ھاتمە دەرەوە،بینیم زیاتر لە بیست ھەزار کەس لە چاوەڕوانی مندان.ڕووم لە خەڵکەکە کردو پێمگوتن؛غاندی بە جێبەجێکردنی ئەم چوار مەرجە ڕۆژوو دەشکێنێت و دەتوانێت بژیت....ئەگەر نا،دڵنیابن ھەر چەند ڕۆژێکی تر بەرگەی ئەم وەزعە ناگرێت و دەمرێت.ھەموو خەڵکەکە بە یەک دەنگ ھاواریان کرد؛(تەواوی داواکاریەکەی جێبەجێ دەکەین.پەیمان لەدڵەوە بە ژیانمان دەدەین کە ناھێلین جارێکیتر خەمبارو دڵگران بێت)...ھێشتا قسەکانم تەواو نەکردبوو کەچی بینیم خەڵکی خەریکی ئیمزا کۆکردنەوەن،داواکارییەکیان بۆ سیخ و ھیندۆسە توندڕەوەکان دەنووسی کەواز لە توندوتیژی بھێنن...بۆ بەیانییەکەی،داوام لەخەڵکی کرد،خۆیان بڕۆنە لای غاندی و پەیمانی ئەوەی پێبدەن...خەڵکەکە چوونە لای غاندی و پەیمانی خۆیان پێدا...دوای ئەمە،غاندی پەرداخێک شەربەتی پرتەقاڵی خواردەوەو ڕۆژووەکەی شکاند.بەڵام بەداخەوە توندڕەوەکان،بەردەوام بوون لە کردەوەکانیان،تا وایلێھاتبوو کۆمەڵێک توندڕەو بانگەشەی ئەوەیان بڵاودەکردەوە کە؛غاندی بۆتە دۆستی نزیکی موسڵمانەکان و دوژمنایەتی سیخ و ھیندۆسەکان دەکات...بەڵام غاندی بەردەوام بوو لەکاری ئاشتیخوازانەی خۆی،ھەفتانە موسڵمان و مەسیحیەکانی کۆدەکردەوەو ئایەتی قورئان و چەند بڕگەیەک لە کتێبی پیرۆزی(پەیمانی کۆن و نوێی)،بۆ دەخوێندنەوە،داوای بەیەکەوە ژیانی لێدەکردن. غاندی بەردەوام بوو لە مەراسیمە ئاشتیخوازیەکەی،وردە وردەش تەندروست بەرەو باشی دەڕۆیشت.

رۆژی(٣٠/١/١٩٤٨)،کاتژمێر دوو و نیوی پاش نیوەڕۆ چوومەلای.پاش گفتوگۆ کردن جێمھێشت... لەڕیگادا بیرم کەوتەوە کە چەند شتێکم لەبیر چووە لەگەڵیدا باسی بکەم.بۆیە کاتژمێر پێنج و نیوی ھەمان ڕۆژ گەڕامەوە لای،کە نزیک(بیرلا ھاوس) کەوتمەوە،لەدەرەوە ھەزاران کەسم بینی کە لەسەر گژوگیا دانیشتوون و تەواوی شەقامەکانیان گرتووە.تەواوی دەرگاکانیش داخراون.دەرگاوانەکە کە منی بینی، دەرگای کردەوە.بەسەیارەکەمەوە چوومە ژوورەوە.لە پەنجەرەوە یەکێکم بینی،بەگریانەوە ھاتە لام و پێکەوە چووینە لای غاندی...بەدەم گریانەوە پێی گوتم؛(تەقەیان لە غاندی کرد.ئەوە غاندییە کە بێ ھۆش کەوتووەو لێرەدا ڕاکشاوە).ئەبو کەلام دەنووسێت؛(ئەمەیە کابوس...بەڵێ ئەمە غاندییە کەوا مردووە).

پاش لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕ،دەرکەوت کە یەکێک لە ھیندۆسەکان بەخۆیی و دەمانچەکەیەوە لە چاوەڕوانی غاندیدا دەبێت.کە غاندی دەگاتەجێ،تاوانبارەکە پێی دەڵێت؛(ئەمڕۆ درەنگ ھاتی؟).غاندیش لە وەڵامدا دەڵێت؛بەڵێ...پێش ئەوەی ھیچ وشەیەکی تری لەدەم بێتە دەرەوە،تاوانبارەکە سێ گوللەی پێوە دەنێت و غاندی دەکەوێتە سەر زەوی.پاش ئەوە ھیندۆس و سیخە توندڕەوەکان لە خۆشیان ئاھەنگ دەگێڕن و شیرینی دەبەخشنەوە...بەڵام ئەم خۆشییەیان بەردەوام نابێت و دەزگا ئەمنیەکان لە ماوەی دوو سێ ھەفتەدا،تەواوی سەرکردەکانی ھەردوو ڕێکخراوی توندڕەوی سیخ و ھیندۆسەکان؛(ماھاسابھا و ڕاشتریا سوایامسیفک)یان دەستگیر کردو لێنەگەڕان لەماڵ بچنە دەرەوە...تاوانبارو بکوژی غاندی ناوی (جودسی)بوو،دەستگیر کرا.دۆسیەی بۆ کرایەوەو لێکۆڵینەوە چەند مانگێکی خایاند.(جودسی)،دانی بە تاوانەکەیدا نا.پاش ئەوە چەند خانەوادەیەکی دیار داوایان لە دادگا کردو نامەیەکیان بۆ جەواھێر لال نەھرۆ نارد کە (جودسی) لە سێدارە نەدەن،چونکە ئەم کاردانەوەیە لەگەڵ مەبادیئی غاندی ناگونجێت کە تەواوی ژیانی خۆی لەم پێناوەدا بەخت کردووە.ئەم داوایە پشت گوێ خراو دادگاو یاسا ڕێڕەوی خۆی وەرگرت،(جودسی) لەسێدارە درا..

لە خوێندنەوەی ئەم یاداشتەدا،ئەوەم بەبیردا ھات؛ئێمەش چەند ملیۆن کوردمان ھەن کە لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستانەوە دەژین،دڵنیام ئێمەش ڕۆژێک دادێت سەربەخۆ دەبین.دەبێت چارەنوسی ئەم کوردانە چییان لێبێت؟ئایا بە دەردی موسڵمانانی پەنجاب ناچن؟ئایا سەرکردە،ڕێبەرێکی ئایینی ھەڵدەکەوێت لەپێناو پاراستنی ئەواندا رۆژوو بگرێت و خۆی بکاتە قوربانی ئەوانە؟ئایا سەرکردەو ڕێبەرەکانی ئێمە پێشتر بیرێک لە چارەنووسی ئەوان دەکەنەوە؟ئایا ئێمە ھەر ئەوانە بە کورد دەزانین کە لە ھەرێمدا دەژین؟ئەمانەو دەیان پرسیاری تر،لای من بێ وەڵامن،ھەر ھەموویان بەدواڕۆژو قەدەر دەسپێرین... خۆزگە ئێمەش دەرسێک لە ئەزموونی گەلان وەردەگرین و دەیکەینە سەرمەشقی ھەنگاوەکانی داھاتوومان
 

ھانۆڤەر

ماڵپەڕی ئیسماعیل تەنیا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک