په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١٠\٢٠١٦

ئەزموونی ھە‌ست لە شیعری ژنانەی (کەژاڵ ئیبراھیم خدر)دا.

 

 رەحاب حوسێن سائیغ

وەرگێڕانی: خالیدە مەجید

کاغەزەکانم ھەڵگرت و چوومە پەنایەکەوە بۆ ئەوەی حەز و ئارەزووم بۆ خەونی شاعیر (کەژاڵ ئیبراھیم) وێنا بکەم، یاری لەگەڵ جەستەی قەسیدەی (شەوێکی بێ تۆیی) بکەم. بینیم پیرۆزترین ھەست و سۆزی ھەڵگرتوە ھاوکات لەگەڵ دنیایەک جوانیی.. دوو ھێڵ تاسەی دەرون و فیکرێکی تەبا لەگەڵ بیری ئەم خانمەدا دەخوێنینەوە کە پەیوەندییەکی مرۆیی لە خۆدەگرێت نەک ئەوەی لە واقیعدا ھەیە، بەڵکو وەکو بیرێکی بەرچاو و بەرجەستە.


شاعیر (کەژاڵ ئیبراھیم) وەکو دەنگێکی پڕلەخۆشەویستی ھەڵگری شکۆی دیدێکی گوزارشت کار، دێتەبەرگوێ. کەلەڕێگەیەوە نیشانەکانی ژیان دۆستی ھەڵدەقوڵێت و چەکەکەیشی ئەو ھەستە ھەڵقوڵاوەیە وەکو چریکەی بولبولی ئاسمانێکی عاشق بە کرانەوەی خونچەی گوڵان و قوڵپی ئەو ھاوارەیە کە ناخیدا خۆی مەڵاس داوە "ئەو لە کاتێکدا دەست و پەنجەی ھەتاو لەسپێدەیەکدا بەری دەکەوێت و بەناسکی و نەرم ونیانی خانمێک شەپۆل دەدات ئەوەتا ئەم شاعیرە ھەست ناسکە. لە قەسیدەی (شەوێکی بێ تۆیی)دا دەڵێ:


ئەمشەو بێ تۆم
لە تەنیایی تەنیا ترم
دەنگێک نیە گوێ لەر ازەکانم بگرێت
سەردەمانێک
بەدەم شنەی ئازارەوە
تۆ گۆرانیت بۆ دەووتم


شاعیر (کەژاڵ ئیبراھیم) سیمای گلەیی و گازاندەکانی زۆر ڕوون و قوڵن ،دەبینین بەجوانی درێژە بە شیعرەکانی دەدات و لەناکاو ھەستدەکەین کە ئەو بەو جۆرە ھێمن و ئارام نیە کە دەردەکەوێت، چونکە ھاوڕێی تەمەنی ئێستای لێی دوورە. بە ھەستێکی مرۆییانە ھاوار دەکات وداوا لە گەردون دەکات کە ھاوڕێکەی بۆ بگەڕێنێتەوە، چونکە ھیچ شتێک ھەستی تەنیاییەکانی پڕ ناکاتەوە ئەو نەبێت "کەژاڵ کە ھەمیشە راشکاوانە ھەستی خۆی دەردەبڕێت لەم کۆپلەیەدا پێمان دەڵێ:


ئەمشەو بێ تۆم
مردنە ئەم بێ تۆییە
نیوە شەوەو کەس نھێنی دڵی بەژانم نازانێ
ھەر بەتەنیا کاتژمێرەکەی سەر رەفەی دڵم نەبێ
ئەویش واخەریکە دەنوێ
یادەکانت تەزوویەکن
لە خەیاڵما دێن و دەچن


ئەو، گوێ لەترپەکانی ژیان لەجەستەیدا دەگرێت و چونکە مرۆڤبوونی لەگەڵ یادگارییەکانی ڕۆژگاردا وون کردوە ولە گەڕانەکانی بە دوای ئەودا ھەمیشە ھەست و سۆزیدا و لە ئەوانەشیدا کە لێی بەجێماون چەکێک ووشە دەھۆنێتەوە"ئەوەتا ئەم شاعیرە پڕ لە تریفەی مانگەشەوە پێمان دەڵێ:


ئەمشەو بێ تۆم
گرێی ھەگبەکەم دەکەمەوە
ئەو ھەگبەییەی
بیرەوەری و یادگاری
تۆم تیا ھەڵگرتوون
ووشەی پەمەیی رۆحت و
خونچەی کراوەی دەمت و
ئاوێنەی روونی روخسارت و
دووتاڵ قژی تۆی تیایە


شاعیر (کەژاڵ ئیبراھیم) لە دوای چوونی ئەو خۆی بەتەنھا دەبینێتەوە ھیچ شتێک لای ئەو بەھای نییە، ژیان تام و بۆنی خۆی لەدەستداوە ئەو ئێستا لێرە نەماوە ژیانیش بۆ کەژاڵ ھیچ بەھایەکی نیە و" دەڵێ:


خونچە کەوا بەدەممەوە
ئاوێنەکە بەرۆحمەوە
تاڵە قژەکانیشتم
لە سێبەری برژانگەکانما شاردەوە
دەرگای بەھەشتی خەیاڵە بەرینەکەت دەکەمەوە


ئازار و ترس و ئارەزوو، سێ گۆشەیەکی یەکگرتوون لە گۆشەی تەنیاییەکانیدا. ھەربۆیە بە یەکگرتوویی ناوەڕۆکی قەسیدەکەیدا زۆر بەوردی توانیویەتی وشەکان ئازارەکانی بنوسێتەوە ولە سەر گۆشەی یادگارییەکانی واتای جودایی ھەڵبکۆڵێت، بۆ ئازیزێک کە ئێستا لە ئەم جودایە. ئازیزێک کە ڕۆژگارێک مانای بە ژیان دەبەخشی لە ساتەکانی پێکەوەبوونیاندا.


واتایەکی جوان لە دووتوێی ئەم قەسیدەیەدا ھەیە کەلە دڵەوە ھەڵقوڵاوە ، و بەنێو سێبەرەکەیدا ئاوازێکی غەمگین و ڕاستگۆ بڵاوبۆتەوە.


شاعیر ھەوڵیداوە ئازاری تەنیایی شەوە درێژەکانی لە دووری ئەودا سووک بکاتەوە و ھیچ مەودایەکی بۆ ئارەزووە داگیرساوەکانی نەھێشتۆتەوە و ھیچ کەسێکیش لە دەوروبەرەکەی لە مەینەتیەکانی ئەم تێنەگەیشتوون. بە بێدەنگی ئازار و مەینەتییەکانی بەسەر کڵپەو دڵڕەقییەکانی ژیاندا ھەڵگرتوە. ژنان زۆرجار وەھا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت کە گوایا لەدەستدانی ئازیزەکانیان یان ئەو کەسانەی تەمەنێک لەگەڵیاندا ژیاون ، کارناکاتە سەر ھەست وسۆزیان، ھەربۆیە بەبێ دەنگی ، یادگارییەکانی لەگەڵ خۆیدا بەشدەکات و ھەربە بێدەنگیش لە گەڵیدا دەکەوێتە چرپە.

_____________________________
سەرچاوە:

دیوان ئەلعەرەب: www.diwanalarab.com/spip.php?page=article&id_article=12868

 

r.h_sag@yahoo.com

 

       ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک